پرۆسه‌ی شیعر نووسین و خوڵقاندنی ده‌قێکی شیعریی له‌زۆر ڕووه‌وه
له‌یه‌که‌مین ڕۆژی خوڵقاندنی دونیا ده‌چێت ..!
دیدارێک له‌گه‌ڵ دلاوه‌ر قه‌ره‌داغی
سازدانی: زانیار محه‌ممه‌د
شیعر بۆ هه‌ر به‌رده‌وامه؟ ئه‌و جادووه چییه
له شیعردا وایکردووه که ئینسان هێشتا شته تایبه‌تییه‌کانی خۆی ده‌باته‌وه ناو
دنیای شیعر و له‌وێڕا به دوای خودی خۆیدا ده‌گه‌ڕێت؟ بۆ پرسکردن ده‌رباره‌ی شیعر و
جادووه‌کان و ئه‌و ڕۆحه چاویدانه‌گییه‌ی که له شیعردا خۆی حه‌شارداوه، دلاوه‌ر
قه‌ره‌داغییمان دوواند. ئه‌و گه‌ڵێک هێمنانه ده‌دوێت و قوڵاییه‌کانی دونیای
شیعرمان بۆ باسده‌کات.
زانیار:
ورده‌كارييه‌كانى هه‌روه‌كو ""پيكابى سمۆره‌يه‌كى مه‌ست، دووكانى په‌پوويه‌كى
گوڵ‌فرۆش، كۆترێکی رِه‌شبين، باخێکی خزمم، نێو مستى نوقاوى گوڵێكى ژێوان، ژێر پوشێك
له‌به‌ر هه‌يوانى ماڵى له‌قله‌ق، نێوان ده‌نووكى زه‌رِنه‌قووته‌يه‌ك........"" له
كوێوه سه‌رچاوه‌يان گرتووه، به‌رهه‌مى رِامانى قووڵن، يان هه‌ڵچوونى شاعيرانه،
يا ئيليوت گووته‌نى هه‌ڵهاتنه له هه‌ڵچوون، يان هه‌ستييارييه‌كى به‌رده‌وام،
ياخود ئه‌مه تايبه‌تمه‌ندييه‌كه و هه‌موو ئينسانێك خاوه‌نى نييه، به‌ڵكو ئه‌وه
ته‌نها شاعيره‌كانن خاوه‌نى رِاسته‌قينه‌ی وه‌ها تايبه‌تمه‌ندييه‌كن؟
دلاوه‌ر قه‌ره‌داغی:
ده‌کرێ لێره‌دا له‌و چاوانه بدوێین که هه‌ر یه‌کێک له ئێمه ژ‌یان و دونیای
پێده‌بینێ ئیتر ئه‌و چاوانه هی شاعیر بن یان هه‌ر که‌سێکی تر. جیاوازییه‌که به
ڕای من ته‌نها له‌وێدایه که شاعیر که‌سێکه له تافی زمان پژاندا و ڕووبه‌رێکی
بۆ ده‌ربڕین به ده‌سته‌وه‌یه و بواری ئه‌وه‌ی هه‌یه که گه‌مه خودییه‌کانی خۆی
له‌سه‌ر ئاستی زماندا بئه‌زموونێ و کاری جیاوازتر به که‌ره‌سته‌کانی نووسین بکا.
پرۆسه‌ی شیعرنووسین و خوڵقاندنی ده‌قێکی شیعریی به‌م مانایه له زۆر ڕووه‌وه
له یه‌که‌مین ڕۆژی خوڵقاندنی دونیا ده‌چێ، ئه‌وه‌ی هه‌یه و نییه وشه‌یه و
ئه‌وه‌ی ده‌مێنێته‌وه یه‌ک فه‌زای گه‌وره‌ی سه‌رمه‌دییه له ئاژاوه و ته‌پۆتۆز
و ته‌نیایی و نائومێدیی و بێسه‌روبه‌ریی. به‌ڕای من ئه‌وه‌ی له‌و پرۆسه‌یه‌دا
جێگه‌ی له‌سه‌ر وه‌ستان و سه‌رنجه بریتییه له قه‌باره‌ی ئه‌و مه‌ئلوفییه‌ت و
غه‌ڕابه‌ته‌ی که شاعیر (ئه‌فرێنه‌ر) له یه‌ک کاتدا ده‌یبه‌خشێت به دونیا،
بریتییه له‌و هاڕمۆنییه‌ته‌ی که شاعیر له پرۆسه‌ی ئیشکردنیدا به ئه‌کسیری زمان،
ده‌یبه‌خشێت به مانا و وێنه دژه‌کان، ده‌یبه‌خشێت به‌و بوونه‌وه‌رانه‌ی که تا
له‌حزه‌یه‌ک له‌وه‌وبه‌ر نه‌بوون و ئێستا هه‌ن و وه‌ک به‌شێکی پیرۆز له خودا
خۆیان مانیفێستێره ده‌که‌ن. لێره‌دا گه‌ر ته‌نها ئه‌رکێک که شاعیر هه‌یبێت
(بێگو‌مان ئه‌رکێکی گه‌ردوونی) ئه‌وه‌یه که چۆناوچۆنی له‌و مافه که‌و‌نییه‌ی خۆی
له دروستکردنه‌وه و ده‌سکاریکردنی دونیادا به‌هره‌مه‌ند ده‌بێت. من گه‌ر له‌م
باره‌یه‌وه که‌مێک پڕکێشی بکه‌م و پێی لێهه‌ڵبڕم ده‌مه‌وێ بڵێم که خودا شه‌ش ڕۆژ
ئیشی له‌سه‌ر دروستکردنی دونیا و بوونه‌وه‌ره‌کانی کرد و ئیدی له ڕۆژی حه‌وته‌مدا
که ڕۆژی پشووی خۆی بوو، ئه‌رکی ده‌سکاریکردن و ته‌واوکردن و ئه‌وه‌ی که خۆی
نه‌یتوانی ته‌واویکا یان لانی که‌م ئه‌وه‌ی که گومانی هه‌بوو له ئه‌نجامه‌کانیدا
و ئیدیش هیچی بۆ لێنه‌ده‌کرا، به یه‌ک هه‌گبه‌ی گه‌وره له گومانه‌وه، به‌خشییه
شاعیران تا به درێژایی سه‌ده‌کان مه‌حکوم بن به ته‌واوکردن و ده‌سکاری کردن و
ژ‌یان به‌خشین به شتگه‌لێک که له بنه‌ڕه‌تدا له جینسی خۆی، واته له جینسی
ته‌م و ته‌نیایی بوون. سه‌رنج بده که مه‌بده‌ئه‌که هه‌مان شته، به‌ڵام گه‌ر
جیاوازییه‌ک هه‌بێ، ئه‌وا له ڕێژه‌ی هه‌ڵگرتنی به‌رپرسیاریی و
به‌رهه‌مهێنانه‌وه‌ی سه‌رله‌نوێی گومانه‌کاندایه. باوه‌ڕیش ناکه‌م که خودا و
شاعیر له مه‌سه‌له‌یه‌کی ئاوها چاره‌نووسسازدا هێند ناکۆک بن و له‌سه‌ر شتێکی هێند
گچکۆکه‌یش له‌یه‌کتر زویر بن. به‌هه‌رحاڵ گه‌ر خه‌وشێک له دونیا و گه‌ردووندا
هه‌بێت ئه‌وا هه‌ر به ته‌نها خودا لێی برپرسیار نییه، به‌ڵکو شاعیر به‌شێکی
زیندووی ئه‌و به‌رپرسیارێیتییه‌ی ده‌که‌وێته ئه‌ستۆ.
زانیار:
ئايا شيعر بوونه‌وه‌رێكى چێژبه‌خش، يان ئامرازێكى چێژ به‌خش، ياخود فه‌زايه‌كى
چێژبه‌خشه؟ ده‌كرێت خوێنه‌ر له شيعردا به دووى چيدا بگه‌رِێت؟ ئايا شيعر كۆمه‌كى
ئه‌وه‌مان ده‌كات كه خوێندنه‌وه فيكرييه‌كانمان هه‌رس بكه‌ين؟ شيعر كۆمه‌كى
خه‌ياڵمان ده‌كات؟ ئه‌دى شيعر ده‌بێت چى بێت؟
دلاوه‌ر قه‌ره‌داغی:
گه‌ر خوێنه‌ر به ته‌مای ئه‌وه بێت له شیعردا به‌دوای شتێکدا بگه‌ڕێت و
بیدۆزێته‌وه، ئه‌وا بێگو‌مان قه‌ت نایدۆزێته‌وه، به‌ڵکو ئه‌وه شیعره ئه‌و شتانه
ده‌داته خوێنه‌ر که ده‌کرێ به‌دوایانا بگه‌ڕێت یان شتگه‌لێکی بۆ هه‌ڵبگۆزێت که
ده‌کرێ ڕۆژێک له ڕۆژان به دوایاندا بگه‌ڕێ یان له‌دووی که‌شفکردنیان بێت. به‌م
مانایه شتێک له گه‌ردووندا هه‌یه و نوقستانه، شتێک هه‌یه و له‌گه‌ڵ مه‌زه‌نده
و دونیابینیی ئێمه‌دا که‌م ده‌هێنێ، تێنوێتییه‌ک هه‌یه و به هیچ ئاوێک ناشکێ،
سه‌فه‌رێک هه‌یه و نامانباته‌وه هیچ کوێ، مردنێک هه‌یه و نامانفه‌وتێنێ، ژیانێک
هه‌یه‌و پراوپڕی بینین لێوڕێژمان ناکا له ڕوانین، ئیدی ئه‌وه شیعره له
له‌حزه‌یه‌کدا له قاقڕیی هه‌ستکردنێکی قووڵ به عه‌ده‌مییه‌تدا، ده‌مانباته‌وه
سه‌ر ته‌ڕایی بوون، ده‌مانباته‌وه سه‌ر لێواری قه‌ناعه‌ت و ده‌مانباته‌وه
به‌رده‌می سه‌رسامیی و ده‌سته‌وه‌ستان بوون. ئێمه ده‌شێ له شیعردا به دوای
هه‌موو شتێکدا بگه‌ڕێین و به ته‌ماحێکی مناڵانه‌وه له دووی کردنه‌وه‌ی هه‌موو
نهێنییه‌ک بین، به‌ڵام دواجار ئه‌وه شیعره که له شتێکدا له دووی ئێمه‌یه و
له پێچی دێڕێکیدا ده‌ماندۆزێته‌وه و نهێنییه‌کی بچکۆله‌یمان به گوێدا ده‌چرپێنێ
که ده‌شێ ئێمه هه‌رگیز تا ئه‌و کاته له‌دووی ئه‌و نهێنییه نه‌بووبین.
زانیار:
ئه‌دۆنيس گووتوويه‌تى (شيعر نه ده‌بێته پاشكۆى رِووداو و نه به‌شێكه له
رِووداو، به‌ڵكو خۆى رِووداوێكى سه‌ربه‌خۆيه). ئاخۆ دلاوه‌ر قه‌ره‌داغى له باره‌ى
رِووداوێتيى شيعره‌وه چ ده‌بێژێت؟
دلاوه‌ر قه‌ره‌داغی:
بێگو‌مان ناکرێت شیعر ببێته پاشکۆی هیچ شتێک. شیعر خۆی له بنه‌ڕه‌تدا خۆڕاپسکانه
له پاشکۆیه‌تیی، له‌خۆبه‌ستنه‌وه به سات و شوێن و ڕووداو و سه‌رده‌مه‌کانه‌وه.
به‌ڵکو ئه‌وه ڕوداوه‌کانن که هه‌وڵده‌ده‌ن له ساته‌وه‌ختێکدا ببنه پاشکۆی شیعر
تا به‌ڵکو شتێک له نه‌مریی بۆ خۆیان فه‌راهه‌مکه‌ن. ئه‌دی باشه کێ هێلینی ده‌ناسی
گه‌ر له پاشکۆی ئه‌سپه تیژڕۆکانی هۆمیرۆسدا سوارنه‌بایه و هاواری خۆی ئامێته‌ی
حیله‌ی شیعریان نه‌کردبایه، بێگو‌مان ئه‌وسا ده‌نگی ئه‌ویش وه‌ک ده‌نگی زۆر ژنی
له‌و شۆختریش، به فه‌راموشیی ده‌سپێردرا و ئێستایش ئێمه له ئه‌لیازه‌دا خوڕه‌ی
ڕژانی سیحرییمان نه‌ده‌ژنه‌فت. ڕه‌نگه دونیای کوردی به‌هۆی کاره‌ساته سیاسییه
به‌رده‌وامییه‌کانییه‌وه، له هه‌ر گه‌لێکی تر زیاتر باری شانی شیعری خۆی به
هه‌ڵگرتنی ئه‌رکێک که هی شیعر نییه قورس کردبێت. هێنده‌ی شاعیرێکی داهێنه‌ری وه‌ک
گۆران توانا و کات و سه‌لیقه‌ی خۆی به‌دیار سپی کردنی پرچی شیعری بۆ مۆسکۆی جوان و
برای عه‌ره‌بی چاوڕه‌شه‌وه به‌هه‌ده‌رداوه ده‌شیا گۆران حاڵیحازر دیوانه‌که‌ی
ته‌ژی تر بووایه له شیعرگه‌لێکی جوانی وه‌ک پاییز و هیوای کوڕ. ئه‌وه‌ی ئاشکراشه
ئه‌وه‌یه که هه‌میشه زه‌ڕیبه‌ی ئه‌و بارگرانییه‌ی ڕووداو و کاره‌ساته‌کان که
ده‌خرێته سه‌ر شانی شیعر، شاعیرانی به‌توانا و داهێنه‌ر له‌سه‌ر حیسابی وزه و
حه‌وسه‌ڵه و توانای شیعریی خۆیان ده‌یده‌ن. بێگو‌مان به دیوێکی تری‌دا ڕووداوگه‌لێک
که چانسی ئه‌وه‌یان هه‌بووبێت له کاری شاعیرێکی داهێنه‌ر‌دا بووبێتنه شیعر،
ئه‌وا ئیدی له ڕووداو چوونه‌ته ده‌ره‌وه و ئه‌دۆنیس گووته‌نی خۆیان بوونه‌ته
ڕووداو، بوونه‌ته جومگه‌یه‌کی گرینگ له ئیستاتیکا و له مێژوو. ده‌کرێ هه‌ر
له‌مباره‌یه‌وه هه‌ر مامۆستا گۆران خۆی نموونه بێ و له شاعیرانی ئه‌م
سه‌رده‌مه‌شمان ناکرێت چاو له توانا و هه‌ژموونی شاعیرێکی وه‌ک کاک شێرکۆ بێکه‌س
بپۆشین. به‌ڵام وه‌ک باسم کرد لا‌ی ئه‌م پێشه‌نگانه‌ی شیعری ئێمه ئه‌وه
ڕووداوه‌کانن که بوونه‌ته پاشکۆی شیعر نه‌ک به پێچه‌وانه‌وه شیعر بووبێته
پاشکۆ، ده‌نا خۆ زۆر جار و لا‌ی زۆر شاعیری تر نه‌ک هه‌ر ته‌نها شیعر خۆی به ملی
ڕووداوه‌که‌دا هه‌ڵده‌و‌اسێ به‌ڵکو خودی ڕووداوه‌که‌ش له هه‌موو چه‌شنه سیحر و
وزه‌یه‌کی خه‌یاڵ و ده‌ربڕین به‌تاڵ ده‌کاته‌وه.
زانیار:
چييه وا ده‌كات شيعرێك به نه‌مريى بمێنێته‌وه؟ كێش و سه‌روايه؟ زمانه؟
دونيابينى شاعيره‌كه‌يه‌تى؟ شێوازه، هاوسمان گووته‌نى (شيعر ئه‌و شته نييه كه
ده‌گووترێت، شێوازى گووتنى شته‌كه‌يه)؟
دلاوه‌ر قه‌ره‌داغی:
له‌ڕاستیدا زه‌حمه‌ته گه‌ر بمانه‌وێ به وه‌ڵامێکی کۆنکرێتیی و ڕێسێپت ئاساوه
به‌ره‌و کردنه‌وه‌ی ئه‌و نهێنییه بچین که ئاخۆ چ شتێک نه‌مریی به ده‌قێکی
ئه‌ده‌بیی ده‌به‌خشێت. ئه‌وه‌ی ئاشکرایه ئه‌وه‌یه که هه‌موو تێکستێک هه‌ر له
یه‌که‌م ساته‌وه که ده‌یه‌وێ خۆی پیشانی دونیا بدات، به بڕێکی زۆر دردۆنگیی
له‌حه‌زی مانه‌وه و ته‌ماحی جاویدبوونه‌وه دێت. پێموایه مه‌سه‌له‌ی سه‌ره‌کی
له‌وێدا ئه‌وه‌یه که ئه‌و ده‌نگه ناوه‌کییه‌ی که له‌ناو شیعردا خوڕه‌ی دێت، تا
کوێ ده‌گات، تا چه‌ندێک گه‌ردوونییه و هه‌ڵگری ئه‌و فێڵه‌یه که ده‌کرێت
له‌ڕێگه‌یه‌وه خۆی به‌سه‌ر زه‌مه‌ندا تێپه‌ڕێنێ و دڕ به فه‌وزا و دوکان و
بازاڕه‌کانی مه‌دح و سه‌نا و میدیا و ده‌م له‌وه‌ڕینه‌کانی سه‌ر خوانی فێستیڤاڵ و
بێباکیی و هه‌رزانفرۆشیی و به‌زم و سه‌فاسازیی و ڕایی کردنی مه‌عیشه‌ت و ئیمتیاز و
خه‌ڵات وه‌رگرتن بدات. خۆ ده‌شێت تێکستێک له ئێستایدا گه‌له‌کۆمه‌کێی بێده‌نگیی
لێبکرێ و بپه‌راوێزێنرێ و سه‌راپای به سکوت بئاخنرێت، به‌ڵام ده‌شێ له سات و
زه‌مانێکی ئارام‌دا، به هه‌مان گوڕ و تینی ده‌ربڕینه‌وه بگه‌ڕێته‌وه و وه‌ک زێڕی
ساخ خودان هه‌مان دره‌وشه‌ی ئه‌ووه‌ڵینی بێت. به‌ڵام له ئێستای دونیای کوردی‌دا چ
ئومێدێک بۆ شتێکی له‌و جۆره نییه. له راستیدا قه‌ده‌ری به کوردیی نووسین و
قه‌تیسبوونی نووسین له‌م دونیا کوردییه‌ی ئێمه‌دا که هه‌ڵگری بڕێکی گه‌وره‌یه له
نائومێدیی و وه‌به‌رهه‌م هێنانه‌وه‌ی بوغز و له‌چاڵنانی جوانیی، وه‌ک بزانم غه‌مێکی
گه‌وره‌ی هه‌موو ئه‌و قه‌ڵه‌مانه‌ی ئێمه‌یه که قه‌ده‌ریان وایه به کوردیی و هه‌ر
ده‌بێ تا ماون به کوردی بنووسن. ئێمه ده‌بێ له‌م ڕووه‌وه سوپاسێکی گه‌وره‌ی
مامۆستا مه‌لا عه‌بدولکه‌ریمی موده‌ڕیس و کاک فاتیح و کاکه حه‌مه‌ی کوڕی بکه‌ین
که له‌و جه‌نجاڵییه‌ی دونیای ئێمه‌دا فریا که‌وتن که مه‌حوی و نالییمان بۆ چاپ و
ساغ بکه‌نه‌وه که ئێمه ئه‌مڕۆ له‌م هه‌تیوییه گه‌وره‌یه‌دا بگه‌ڕێینه‌وه لایان
و تا مردن بیانخوێنینه‌وه. له ڕاستیدا کێشه‌که هه‌ر بێده‌نگیی کردن له ده‌قێکی
جوان نییه، به‌ڵکو مه‌ترسییه‌که له‌وه‌دایه که زۆر جار ده‌قه جوانه‌کانیش که
چانسی ئه‌وه‌یان ده‌بێ قسه‌یان له‌سه‌ر بکرێت، به‌ناوی وروژاندنی قسه‌ی
جیددیه‌وه، ده‌بن به‌ژێر هوروژمی تۆپه‌ڵه قسه‌وه و له‌پاڵ مه‌دح و ستایشی
بێمانادا زه‌برێکی کوشنده له دونیای جوانی ده‌قه‌که ده‌ده‌ن. من پێموایه ئه‌و
ته‌هریج و ئیستیسهال و پیسنووسییه‌ی که ئه‌مڕۆ تا ڕاده‌یه‌کی زۆر فه‌زا ئه‌ده‌بیی و
ڕۆژنامه‌وانیی و هونه‌رییه‌که‌ی ئێمه‌ی ته‌نیوه هێنده‌ی ئه‌و گوتاره یه‌ک ده‌نگ و
یه‌ک ڕیتم و یه‌ک ڕه‌نگه خه‌ته‌ر نییه که به ناوی دابڕان و جیددیه‌ته‌وه،
له‌نێو کایه جیاجیاکانی نووسین و ڕه‌خنه‌دا خۆی نمایش ده‌کات.
زانیار:
ده‌رباره‌ى ده‌ربرِينى شيعرى چ ده‌بێژيت؟ ئايا ئه‌م جۆره ده‌ربرِينه ته‌نها له
شيعردا هه‌يه، ياخود له ژانره‌كانى ديكه‌ى ئه‌ده‌بدا هه‌روه‌كو چيرۆك و
رِۆمانيشدا به‌ديده‌كرێت؟ ده‌كرێت بۆ نموونه له باسكردنى جه‌نگێكدا ده‌ربرِينى
شيعرى هه‌بێت؟ ئايا ده‌ربرِينى شيعرى تايبه‌ته به چـیــــــــــى؟
دلاوه‌ر قه‌ره‌داغی:
ده‌ربڕینی شیعریی تایبه‌ته به هه‌موو شتێک له‌م دونیایه‌ی ئێمه‌دا هه‌ر له پووش
و ده‌نکه گڵێکه‌وه تا دۆلفین و فیلێک. جا چ شتێک له‌م گه‌ردوونه‌دا هه‌یه که
هه‌ڵگری بڕێکی گه‌وره له شیعرییه‌ت نه‌بێت. ئه‌وه ئێمه‌ین، ئه‌وه چاوه‌کانی
مرۆڤه که شیعر له قاقڕترین شتی نێو ژیانه‌وه، له وشه‌گه‌لی تاق و ته‌نهای
به‌ر باڕێزه‌ی زوباندا، هه‌ڵده‌گۆزێت. ده‌شێ لێره‌وه بکرێ په‌ی به به‌شێکی زۆر
له‌و سیحره ببردرێ که ده‌ربڕینێکی ئاسایی نێو ژیانی ڕۆژانه له تێکستێکی
شیعریدا پڕمان له غه‌ڕابه‌ت و سه‌رسوڕمان ده‌کا. پێموایه هیچ شتێک له‌م
گه‌ردوونه‌دا نییه که خاوه‌ن ژیانی تایبه‌تی خۆی و هه‌ڵگری ڕۆحێکی زیندووی خۆی
نه‌بێ، هیچ شتێک نییه که به توێژاڵێک له سیحر ده‌وره نه‌درابێ و هێزێکی
ته‌قینه‌وه‌یی له‌خۆیدا هه‌ڵنه‌گرتبێ. ئیدی ئه‌وه ڕوانین و ڕامان و ده‌ستی پڕ له
میهری هونه‌رمه‌ندن که ئه‌و ژیانه نوستووه‌ی ناو شته‌کان ده‌جووڵێنن و دۆخێکی
نوێی پێده‌به‌خشن. حاڵی حازر یه‌كێک له کۆڵه‌گه‌کانی چه‌مکی پێداگۆگی نوێ ( به
تایبه‌تی له نووسینی چیرۆک و شیعر و نیگار و کاری سینه‌ماییدا بۆ منداڵ )
ئیشکردنه له‌سه‌ر وێناکردن و به‌رجه‌سته‌کردن و ئاشناکردنی ئه‌و ژیانه
سه‌ربه‌خۆیه‌ی شته‌کان له چوارده‌ور و له سروشتدا لا‌ی منداڵ و ڕاهێنانی هه‌ر
له‌و سه‌ره‌تایه‌ی ته‌مه‌نییه‌وه له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی که چۆن ببێته هاوڕێی هه‌موو
شتێک له‌م دونیایه‌دا و چۆن ده‌نگیان بناسێته‌وه و وه‌ک یه‌که‌یه‌کی دانه‌بڕاو له
سیستمه گشتییه‌که‌ی گه‌ردوون، به دیدێکی هه‌مه لایه‌نه و ئاڕاسته جیاوازه‌وه
لێیان بنۆڕێ و پێوه‌ندییان له‌گه‌ڵدا بگرێ و بیاندوێنێ و گوێیان بۆ ڕادێرێت.
زانیار:
هۆكارى ئه‌وه چييه که ئينسان له ساته‌كانى عاشقبووندا، له ساته‌كانى
بێئومێديدا، له ساته‌كانى ته‌نهايى، دڵشكان، دابرِان، ئاڵؤزييدا... هانا بۆ شيعر
ده‌بات؟ ئاخؤ ئه‌رستۆتالى گووته‌نى (شيعر له چاو فه‌لسه‌فه له ئينسان نزيكتره)؟
دلاوه‌ر قه‌ره‌داغی:
ده‌شێ هه‌بوونی ئه‌و نهێنییه‌ی له‌و گه‌ڕانه‌وه هه‌میشه‌ییه‌ماندا بۆ شیعر
هه‌مانه، له خودی نهێنییه‌که و ئه‌و ئه‌فسوونه‌دا بێت که شیعر به‌هۆیه‌وه
داگیرمان ده‌کات و هه‌ر جاره و به ته‌رزێک تاسه‌ی ده‌که‌ین و ده‌گه‌ڕێینه‌وه
لا‌ی. من هه‌ست ده‌که‌م که بانگێکی ناوه‌کی ( زۆر جار گه‌ردوونیی ) له ناو ئێمه‌ی
مرۆڤدا هه‌یه و ده‌نگدانه‌وه‌که‌ی ( که زۆر جار خوداییه ) ته‌نها له شیعردا
ده‌بیستین، ئه‌وه شیعره که ده‌کرێ له له‌حزه‌یه‌ک له‌و له‌حزانه‌دا که
ئاماژه‌تان پێدا، ڕۆحی هه‌پروونبووی خۆمانی تێدا کۆکه‌ینه‌وه، پشوویه‌کی تێدا
بده‌ین و لێیه‌وه هه‌مدیس به جلکه باراناوییه‌کانی جه‌نگه‌وه بچینه‌وه ناو
دونیا. من به‌شبه‌حاڵی خۆم هه‌ستده‌که‌م ته‌نها ئه‌و ساتانه‌ی که له‌گه‌ڵ شیعردام،
سه‌رقاڵی شتێکم و ئیشێکی گرنگم هه‌یه، ده‌نا ساڵ دوازده مانگ و هه‌موو ئه‌وه‌ی
له ده‌قیقه و سه‌عات و ڕۆژ و ساڵه‌کان ده‌مێنێته‌وه، هه‌ستده‌که‌م پیاوێکی
ده‌ستبه‌تاڵ و نا‌ئومێد و وه‌ک مناڵێکی گچکه ده‌ستوپێ سپییم. من پێویسته بڵێم که
ته‌نها له‌نێو شیعردا و له گه‌ڕانه‌وه‌مدا بۆ شیعر، خاوه‌ن ئه‌و ئازایه‌تیی و
متمانه‌به‌خۆ بوونه‌م که بژیم، که دڵم خۆش بێت بزانم شوێنێکم هه‌یه و ده‌کرێ له
قه‌یرانه ڕۆحییه‌کانمدا به تاسه‌وه بم له ده‌رگای بده‌م و په‌نای بۆ به‌رم و
بگه‌ڕێمه‌وه لا‌ی.
زانیار:
لاى دلاوه‌ر جێهێشتنى نيشتيمان واتاى چى؟ مه‌نفا چ ده‌گه‌يه‌نێت؟ ئه‌دی غه‌ريبى
ته‌عبيره له چى؟ ( به تايبه‌ت كه له برِێك له شيعره‌كانتدا هه‌ستكردنى قوولَ
به غه‌ريبى ئاماده‌گى هه‌يه )؟
دلاوه‌ر قه‌ره‌داغی:
پێموایه دوای ئه‌و هه‌موو ساڵانه‌ی شه‌ڕ و نائومێدیی و ناهه‌قیی، ده‌بێت ئیدی
خوێندنه‌وه‌ی تر بۆ چه‌مکگه‌لی مه‌نفا و نیشتمان بکه‌ین، به تایبه‌تی که ئیدی
به‌هاری ئازادیی، شازده حه‌ڤده ساڵی به‌سه‌ردا تێپه‌ڕی و نائومێدیی به نیازی خۆ
قووتارکردن، پڕ باری که‌شتییه‌کی گه‌وره خه‌ڵکی ئێمه‌ی له ئاوی ئیژه‌دا ناشت و
ئه‌وه‌شی مایه‌وه وه‌کو تۆوی گوڵی ده‌م با، به جادده و باخ و ڕێگا و شاره‌کانی
دونیادا بڵاوبوونه‌وه. ئه‌دی به‌ڕاست نیشتمان چییه؟ من له نیشتیمان بووم و له
ناوه‌وه‌ڕا پڕ بووم له غه‌ریبیی، ئه‌و غه‌ریبییه‌ی که ئێستا ده‌شێ له
شیعره‌کانمدا بیبینیت، هه‌مان ئه‌و غه‌ریبییه‌یه که به کۆڵ له نیشتمانه‌وه
له‌گه‌ڵ خۆمدا هێناومه، ئه‌و پریشکی غوربه‌ته‌ی که له هه‌ندێ له شیعره‌کانمدا
سه‌رنجی ده‌ده‌یت، هه‌مان ئه‌و ئاگریی غوربه‌ته‌یه که له نیشتیمانه‌وه
تێمبه‌ربووه و هه‌نووکه‌ش هه‌ر نێڵه‌ی دێت. ئه‌دی به‌ڕاست نیشتمان چییه؟ نیشتمان
عه‌له‌م و خه‌ریته و بسکه‌ی سمێڵ و ئاگری نه‌ورۆز و سه‌رچۆپی کێشان و بۆنی خوێن و
نه‌وت و خیانه‌ت و غه‌دره؟ نیشتمان گه‌له‌کۆمه‌کێ و سه‌ر به سه‌ری یه‌که‌وه نان
و ئینشیقاقاتی میزاجییانه و دوکانی وه‌لا کڕین و ئایینده‌ی هاوڵاتیان فرۆشتنه؟
هه‌مدیس ده‌پرسم ئه‌رێ به‌ڕاست نیشتمان چییه؟ نیشتمان کڕاندنه‌وه‌ی
ئێسکه‌کانییه‌تی تا سه‌ر مۆخ؟ نازکێشانی پیاوه شه‌ڕانیی و تاوانبار و قۆشمه و
دڵڕه‌قه‌کانییه‌تی؟ من ده‌زانم ئه‌م نیشتمانه سه‌یره‌ی ئێمه یه‌ک مێژووی گه‌وره‌ی
له‌گه‌ڵ ئیزندان و ڕاوه‌دوونانی پیاوه په‌پووله و بێوه‌یه‌کانی خۆیدا هه‌یه که
هه‌ر له نالی و مه‌ولانای نه‌قشیی و حاجیی قادری کۆییه‌وه ده‌ست پێده‌کا و تا
ئه‌مڕۆ به شێوه‌یه‌کی زۆر کۆمیدییانه تا سه‌ر مناڵترین پیاوی کورد درێژ
ده‌بێته‌وه. دیسان ده‌گه‌ڕێمه‌وه سه‌ره‌تا و ده‌ڵێم ده‌بێ ئێمه ئیدی به
زوبانێکی دی نیشتمان بدوێنین جیاواز له زمانی نۆستالگیا و قووڕپێوان و
کڕوزانه‌وه. زوبانێکی جیاواز له‌و زوبانه‌ی که تا ئێستا ئه‌گێندای سیاسه‌ت لا‌ی
ئێمه به پشتیوانی سه‌فاسازانی ئه‌ده‌ب، گوتاری ئه‌ده‌بیی ئێمه‌یان له له‌سه‌ر
ڕۆناوه.
هاوڵاتی: ژماره 365
24 /10/2007