دڵۆپه‌ی ڕووناکی
دلاوه‌ر قه‌ره‌داغی
خۆڵه‌مێش
خۆم ده‌ده‌مه ده‌م با
له‌سه‌ر سینگی دونیا ڕاده‌کشێم
په‌لکی دارمێوێک ده‌قرتێنم و
به مه‌ره‌که‌بی ترێ
ناوت له‌سه‌ر خۆڵه‌مێش ده‌نووسم
شوێنکه‌وتن
جێپێت له ئاودا هه‌ڵده‌گرم
له به‌له‌مێکی کاغه‌زیندا
تا غه‌رق ده‌بم
هه‌ر سه‌وڵ لێده‌ده‌م و
به ئۆقیانووسه‌کاندا
به شوێنته‌وه‌م
خه‌ون
به‌ژێر باراندا ده‌ڕۆین
بارانی خودا خۆش ده‌کاته‌وه و
من هێشتا هه‌ر له‌ژێر بارانی
تۆدا
خه‌ون ده‌بینم
زوبان
ویستم ئه‌م ته‌پوتۆزی زوبانی کوردییه له‌خۆم
بته‌کێنم و
چاکه‌ت و پانتۆڵی زمانێکی نوێ له‌به‌رکه‌م
به‌ڵام هه‌ر زوو زانیم ده‌بێ تا ماوم
به‌دوای ڕۆحمدا وێڵ بم
دڵڕه‌قی
مه‌نفا ونیشتمان یه‌ک له‌یه‌ک دڵڕه‌قترن
به‌ڵام مه‌نفا له‌وه‌دا
له نیشتمان میهره‌بانتره
که کاتێ ده‌ما‌نخوات
ئێسقانه‌کانمان به نیشتمان ناداته‌وه
ئه‌زنیف
مه‌نفا
کردنی ده‌ستێک ئه‌زنیفه
له ته‌نیاییدا
له‌گه‌ڵ خۆت
مه‌نفا هه‌وڵدانێکی بێهووده‌یه
بۆ بردنه‌وه له خۆت
جێهێشتن
من که نیشتمانم جێهێشت
خۆمم به سه‌ری شکاوه‌وه
له کۆڵانه‌کانی منداڵی‌دا جێهێشت
شه‌وم به‌سه‌ردا هات و له‌ناو به‌رده‌کانا مردم
ده‌زانم ... تازه گه‌ر خودا‌ش لێمببوورێ
خۆم هه‌رگیز
له خۆم نابوورم
گۆزه‌ی شکاو
نیشتمان جاران هیوایه‌تی
پول کۆکردنه‌وه و نامه‌گۆڕینه‌وه بوو
له‌گه‌ڵ په‌ڕه‌سێلکان
به‌ڵام ئێستا ڕه‌فه به ڕه‌فه‌ی هۆده‌که‌ی
پڕ پڕه
له گۆزه‌ی دڵی شکاو
پڵینگ
خودا ئه‌م نیشتمانه‌ی ئێمه‌ی
خۆش ده‌وێ
گه‌ر وا نه‌با
ده‌مێک بوو پڵینگ ئاسا
هه‌ڵیکوتابووه سه‌ری و
وه‌کو جووجه‌ڵه‌یه‌ک خواردبووی
گومان
مه‌نفا
هه‌میشه لێمان مۆن و
هه‌میشه لێمان به گومانه
چونکه ده‌ترسێ ڕۆژێک له‌ڕۆژان
ده‌وری چۆڵکه‌ین
ده‌ترسێ خۆمانی لێبدزینه‌وه و
له‌چاوتروکانێکدا جێی بێڵین و
بۆ مه‌نفایه‌کی تر بڕۆین
ماندێلا
که‌س نییه بۆنی وه‌ک بۆنی ماندێلا
خۆش بێ
ماندێلا وه‌ک ساوای تازه له‌دایکبوو
بۆنی تاریکی و
بۆنی شێی زیندانی لێدێ!
شووشه
ئه‌رێ نیشتمان ئه‌م شووشه‌ی دڵه به‌تاڵانه‌ی
بۆ چییه؟
چ ئیشێکی به باڵی وه‌ریوی ئه‌م
هه‌تاوانه هه‌یه؟
بۆ ئه‌م مناڵانه‌ی له‌به‌ر سێبه‌ردا ڕیز کردوون؟
ئه‌رێ نیشتمان چی له‌بن سه‌ردایه؟
چی لێ قه‌وماوه؟
نیازی چییه؟
نیشتمان
ده‌رکی قه‌تاری مه‌نفام کرده‌وه
جێگه‌ی پاڵ که‌سێک
چۆڵ بوو
جانتاکه‌م دانا،
لایه‌وه دانیشتم و سه‌یرێکیم کرد:
_ ئۆو ئه‌ی نیشتمانی باوان وێران
خۆ ئه‌مه تۆیت!
ئه‌زموون
وشه‌کان
موو به موو به میزانی موزیک ده‌کێشم
باڵایان به میقیاسی فه‌ساحه‌ت ده‌پێوم
به شانه‌یه‌ک له توحفه قژیان داده‌هێنم
تایان ده‌گرم
سه‌یر ده‌که‌م بزانم
ڕیتمی چ پێڵاوێکیان به پێ ده‌بێ
ئاخۆ ڕه‌نگی بۆینباخه‌کانیان له ڕه‌نگی غه‌میان دێ
گوێ هه‌ڵده‌خه‌م بزانم
دڵیان له‌سه‌ر چه‌ندی عیشق لێده‌دا
کاتژمێره‌کانی مه‌چه‌کیان چه‌ند سانیه‌ی ده‌وێ
بۆ منداڵیی
ئاخۆ باڵانسی فڕینیان کۆکه
بۆن ده‌که‌م بزانم
کامه عه‌تریان له‌خۆیان داوه
گوڵی کام باغی یارییان به به‌رۆکیانا کردووه
ئیدی ئه‌وسا به دردۆنگییه‌وه ده‌یانکه‌مه کۆڵم و
جانتاکانیشیان
تا گه‌راج ... تا به‌رده‌م پاسه‌که
بۆ هه‌ڵده‌گرم!
سوێد
سه‌ره‌تای 2008