جێگه‌ی نه‌فه‌رێکمان ماوه
سه‌رکه‌وه
ده‌گه‌ڕێینه‌وه بۆ بوخارا...!
بۆ (نه‌زه‌ند به‌گیخانی) شاعیر
دلاوه‌ر قه‌ره‌داغی
چه‌ند باشه تۆ هه‌یت
که مانگ و به‌رد و با م ده‌ده‌یته ده‌ست
یارییان پێ بکه‌م
تێکیان بده‌مه‌وه و شتی تریان لێدروستکه‌م
بیانکه‌مه
سێ ورچی سپی و سۆڵ
که به پێده‌شتێکی سه‌وزدا خلۆر ده‌بنه‌وه
یان بیانکه‌مه سێ به‌له‌م
سێ ئه‌سپی تیژ
یاخۆ سێ زه‌لام که له‌به‌ر په‌نجه‌ره‌یه‌کدا
وه‌ک بڵێی مۆمیاکرابن
بێده‌نگ .... بێجووڵه
له خاڵێک ڕاماون
چه‌ند خۆشه تۆ هه‌یت
که به ئاودانی ئینجانه‌کانه‌وه ده‌مخڵافێنیت
یه‌ک زستان ... به پاکنووسکردنی په‌لکێک ڕێواس،
به بژارکردنی سینییه‌ک
زه‌نگیانه له زیخ
قه‌ناعه‌تم پێده‌که‌یت
به‌دیار پژانی فڕینی خاڵخاڵۆکه‌یه‌که‌وه
تا پیر ده‌بم
ده‌مکه‌یته پاسه‌وان
له‌به‌ر ڕووناکیی ته‌ڵێک گیادا
ئیملام پێده‌که‌یت
وه‌ک بولبوول
جه‌دۆلی ئاوودۆم پێ ئه‌ز‌به‌ر ده‌که‌یت
فه‌سڵه‌کانی شکستم
لێده‌پرسیته‌وه
ده‌فته‌رێکی شه‌ست لاپه‌ڕه‌ییم
پێ ڕه‌ش ده‌که‌یته‌وه له باران
به شۆفڵه‌که‌ی مناڵیی
تونێلێکم پێ لێده‌ده‌یت به ڕسته‌دا
به‌ره‌و ئه‌وسه‌ری کۆتایی دێڕ
بۆ نێوجه‌رگه‌ی ته‌سویر
بۆ ئه‌ودیوی فاریزه و خاڵ و که‌وانه و
نیشانه‌کانی پرسیار و سه‌رسوڕمان
تا به‌ر ده‌رگای ته‌فسیر
چه‌ند باشه تۆ هه‌یت
وه‌ک هه‌بوونی که‌سێک که به‌یانییه‌ک زوو
به جامێک ماست و دوو نانی گه‌رمه‌وه
به کۆڵاندا تێده‌په‌ڕێ و
ئیدی ئاو ده‌زێته زاری ژیان و
بۆنی خودا
ئه‌و ناوه ده‌ته‌نێ،
وه‌ک ئه‌وه‌ی خه‌و ببینم
تا دوور دوور ده‌که‌وێته‌وه ... تا له به‌یانییدا
دیار نامێنێ
له‌به‌رخۆیه‌وه قسان ده‌کا و
دڵی خۆی ده‌داته‌وه و
ستران ده‌چڕێ
چه‌ند خۆشه تۆ هه‌یت
که هه‌ر جاره و جانتایه‌کت پێیه
هه‌ر جاره و له پشتی پیکابێکدا
سه‌فه‌ر ده‌که‌یت
هه‌ر جاره و له به‌له‌مێک داده‌به‌زیت
هه‌ر جاره و لای عاره‌بانه‌یه‌کی گه‌نج
به‌هێ ده‌کڕیت
چه‌ند باشه تۆ هه‌یت
که هه‌ر ڕۆژه و شتێک له‌به‌ر ده‌که‌یت
ڕۆژێک جبه‌ی ئه‌ستووری ئیمان
ڕۆژێک هیچ
ڕۆژێکی تر
کراسێکی سووری شیلاویی به باران
چه‌ند خۆشه تۆ هه‌یت
که ئیدی مرۆڤ
هه‌ست ناکا
هێند دڵڕه‌قانه ته‌نیایه
هێند مناڵانه له ماڵه‌وه دوو‌ره
مرۆڤ هه‌ست ناکا
هێند بێ ویژدانانه
له مردنه‌وه نزیکه
هێند ئاڵوواڵا
مات و زویر و مه‌لووله!
چه‌ند باشه تۆ هه‌یت
که هه‌ر جارێک
سه‌فه‌ر ده‌که‌ین
بۆ گه‌ڕاژ له‌گه‌ڵمان دێیت و
تا له چاوان ون ده‌بین
ده‌ستمان بۆ ڕاده‌وه‌شێنیت و
به زاری پڕ له نوقڵه‌وه
ماچمان بۆ هه‌ڵده‌ده‌یت!
سوید
یونی 2007
* له گۆڤاری ڕامان ه‌وه