که تۆ د‌ێیت
ڕه‌نگی به‌یانییم لێده‌نیشێت!
دلاوه‌ر قه‌ره‌داغی
یارییه‌کانم بڵاو ده‌که‌مه‌وه
جادده‌کانم ڕاده‌خه‌م
هێڵی شه‌مه‌نده‌فه‌ره‌کانم ڕاده‌کێشم
ئوتومبێله‌کانم ده‌خه‌مه ئیش
ته‌نووری نانه‌واخانه‌کانم داده‌گیرسێنم
نوور ده‌که‌مه ئینجانه‌کانمه‌وه
گۆڕه‌پانه‌کانم پڕ ده‌که‌م له به‌یانی
سۆنده ده‌به‌ستم له سێ‌و و
هه‌یوان و حه‌وشه و به‌ر دو‌کانه‌کانم ده‌شۆم
چاویلکه‌کانم به بینین ده‌سڕم
تۆزێک باران له‌خۆم ده‌ده‌م
ئه‌ویتریشی ده‌ده‌مه مناڵانی گه‌ڕه‌ک
له‌دواوه به ئه‌سپایی
ده‌کێشم به‌سه‌ر شانی ته‌نیاییدا
ده‌ستی چه‌پم ده‌که‌مه ملی و
ده‌ستی ڕاستم ده‌که‌م به گیرفانما و
نوقڵێکی به‌ش ده‌ده‌م
ملیوانه‌ی چرچبووی مناڵیی
ڕێک ده‌که‌مه‌وه
داده‌نه‌ومه‌وه و قوڕی ده‌ره‌لینگی پانتۆڵه‌که‌ی
ده‌پروێنم
قه‌یتانی کاله‌کانی بۆ ده‌به‌ستم
به تامی به‌رسیله …بوغز سوێند ده‌ده‌م
زۆر بۆی دانه‌چێ ... ژیان کورته
ته‌وقه‌یه‌کی گه‌رم له‌گه‌ڵ خه‌یاڵدا ده‌که‌م
سڵاوێکی شیرین ده‌نێرم بۆ مێرووله
ئافه‌رینێکی قشت بۆ هه‌زارپێ
هه‌ر بژییه‌کی ڕه‌نگاوڕه‌نگ بۆ ڕێحان
پیرۆزباییه‌کی ته‌ڕ له حاجیله
سه‌ره‌خۆشییه‌کی گه‌وره له پڵنگ
وه‌ک پادشا
خۆ ده‌که‌م به قاوه‌خانه‌که‌مدا
کورسییه‌کان ده‌هێنمه به‌ر ده‌رگای شیعر
به‌رده‌کان ئاورشێن ده‌که‌م
قاوه‌یه‌ک لێده‌نێم
ئینجا له‌به‌ر هه‌تاوه‌که‌دا
قاچ له‌سه‌ر قاچ داده‌نیشم
زوو زوو له کاتژمێره‌که‌م ده‌نۆڕم و
چاوه‌ڕێت ده‌که‌م!
که تۆ د‌ێیت وه‌ک ترس ده‌ڕه‌ومه‌وه
وه‌ک دڵ
دێمه خورپه
وه‌ک درز ده‌که‌ومه زه‌مه‌ن
که تۆ د‌ێیت
ڕه‌نگی به‌یانییم لێده‌نیشێت
بۆنی قاوه ده‌گاته ئه‌وسه‌ری جادده‌کانم
وه‌ک شۆسته‌ی ته‌ڕ
ده‌که‌وێته برژانه‌وه چاوم
به فیچقه‌ی ته‌قینی ده‌نکێک هه‌نار
له‌ژێر پێی ڕێبوارێکی زویر
که تۆ د‌ێیت
پڕ ده‌بم له گرمه‌ی پشکوتنی به‌یبوون
له خرمه‌ی قڵیشبردنی ئه‌رز
پڕ پڕ له هاڕه‌ی شکان و
پڕ له زرمه‌ی هه‌ڵدێرانه نێو خه‌ره‌ند و
له وژه‌ی هه‌ڵکردنی شنه‌ی مردن!
که تۆ د‌ێیت ئیتر ناترسم له‌وه‌ی به‌یانییه‌ک بێت و
نه‌توانم
یارییه‌کانم بڵاوبکه‌مه‌وه
نه‌توانم جادده‌کانم ڕاخه‌م
ناترسم له‌وه‌ی سه‌ده‌یه‌ک به جانتایه‌که‌وه
به دیار هاتنی شه‌مه‌نه‌فه‌رێکمه‌وه ڕاوه‌ستم
که تۆ د‌ێیت ناترسم له‌وه‌ی
به‌یانییه‌ک ڕۆژبێته‌وه و
نه‌توانم پیکابه‌کانم به باری نه‌عنا و هه‌ڵوژه‌وه
بۆ شاره‌کانی دونیا بئاژووم
که تۆ د‌ێیت
ناترسم له‌وه‌ی به‌یانییه‌ک بێت و
ده‌ستم نه‌گاته ئاودانی ئینجانه‌کان
ده‌ستم نه‌گاته ده‌رگا کردنه‌وه و
له ده‌رگادان!
که تۆ د‌ێیت ژیان ساده ده‌بێته‌وه
ساده‌تر له هۆنینه‌وه‌ی ملوانکه‌یه‌کی
پچڕا‌و
ساکار‌تر له خۆهه‌ڵدانه
نێو خه‌ڵوه‌تی سه‌حرای زاهیدێک و
هه‌ڵقوڕاندنی جامێک ئاو
که تۆ د‌ێیت
مردن ده‌بێته شتێک هاسان
وه‌ک بازدان به‌سه‌ر جۆگه‌یه‌کدا
وه‌ک داکه‌ندنی کراسێکی دڕا‌و
وه‌ک هه‌ڵزنینی نیوه‌ڕوانی منداڵیی
به دیواری ماڵی شاعیرێکدا و
ڕووشانی ئانیشک و
ته‌ماشاکردنێکی خێرای
قژداهێنانی ئاوێنه ... به شانه‌ی با
له‌به‌ر هه‌تاو
که تۆ د‌ێیت ... دونیا ده‌که‌وێته‌وه
سه‌ر ڕیتمی خۆی
وه‌ک فووکردن له نانێکی گه‌رم
وه‌ک هه‌ڵگرتنه‌وه‌ی موفه‌ڕکێک له چه‌قی ڕێگا
وه‌ک سه‌ر به‌رزکردنه‌وه و ڕوانین له خاڵێکی
ئێجگار دوور
که تۆ د‌ێیت
ته‌نیایی
وه‌ک هه‌رمێیه‌کی گه‌ییو
داده‌گیرسێ
که تۆ د‌ێیت
جووڵه ده‌که‌وێته سکون
وه‌ک به‌رد گرتنه عه‌کسی مانگ
له‌ناو ئه‌ستێرکێکدا
وه‌ک کوتوپڕ خۆکردن
به نیوه‌ڕۆخه‌وی قووڵی کۆڵاندا و
شه‌قهه‌ڵدان له قوتوویه‌کی قوپاو
که تۆ د‌ێیت
من ئازایه‌تییم تێده‌ڕژێ
بۆ ژیانکردن به جۆرێکی تر
بۆ دڵنه‌به‌ستن به هیچ شت
بۆ ئازادبوون له هه‌موو شت
که تۆ د‌ێیت
من یارییه‌کانم بڵاوده‌که‌مه‌وه،
نوور ده‌که‌مه ئینجانه‌کانمه‌وه و
ڕه‌نگی باران ده‌گرم
که تۆ د‌ێیت
من ئێجگار ئه‌وه‌نده
ناترسم !
ئه‌پریلی 2008