که‌س نییه گوڵ بۆ چێوار نه‌نێرێت ...!
دلاوه‌ر قه‌ره‌داغی
بۆ هاوڕێم ئیبرایم چێوار ....
به یادی ئه‌و حه‌کایه‌تانه‌ی که داماننابوو له ده‌رفه‌تێکی نزیکدا یه‌کتر ببینین
و بۆ یه‌کدییان بگێڕینه‌وه.
منم سه‌رکرده‌تان بۆ له‌شکری غه‌م
ده‌ترسم من بڕۆم، بشکێ سوپاتان
نالی
خه‌زان بوو
خه‌زه‌ڵوه‌ری شار
خه‌زانی شانۆ بوو ... خه‌زه‌ڵوه‌ری ئه‌وین
هه‌بوو نه‌بوو
پیاوێک هه‌بوو که هه‌ر له دارپرته‌قاڵ ده‌چوو
چووه ماڵه‌وه و په‌نجه‌ره‌که‌ی ژووری میوانی داخست
خۆی کرد به دوکانی گوڵفرۆشێکدا و چوارمشقی له ته‌نیشت ئینجانه‌یه‌که‌وه
بێده‌نگ دانیشت
لای کتێبفرۆشێک لایدا و
گه‌ڕا و گه‌ڕا و گه‌ڕا
کتێبێکی بۆنخۆشی هه‌ڵگرت
قومێک ئاوی کرد به ده‌می مه‌حوییه‌وه
به‌یتێک شیعری داگیرساند
سیغارێکی بۆ نالی پێ‌کرد و
له‌نێوان دوو لاپه‌ڕه‌ی دیوانی حوزنیاندا
له‌به‌ر هه‌تاوی ئێواره‌یه‌کی دره‌نگدا
وه‌ک په‌پووله‌پاییزه‌یه‌کی شه‌رمن لێی نووست
له دوکانی پاقلاوه‌فرۆشێکدا
له‌سه‌ر هه‌نگێکی بزێو ... له‌گه‌ڵ زلوبیایه‌کی هاردا کردییه هه‌را
له ده‌فته‌ری ڕه‌سمێکی چۆڵدا
خۆی له گۆمێک بۆیه‌ی ئاویی هه‌ڵکێشا و
که‌تیره‌یه‌ک له بۆنی مناڵیی له خۆی ساوی و
له‌سه‌ر په‌ڕه‌یه‌کی سپیی خۆی هه‌ڵخست
خۆی بوو
کوڕێک که هه‌ر ده‌تگوت هه‌نگوینه
چه‌مابۆوه له‌ژێر قورسایی شیله‌ی ئه‌و هه‌موو هه‌ڵاڵه‌یه‌ی خۆیدا
کوڕێک که هه‌ر ده‌تگووت گوڵه‌باغه
نه‌ویبۆوه له‌ژێر باری ئه‌و هه‌موو گوڵاوه‌ی خۆیدا
کوڕێک که هه‌ر ده‌تگوت ڕه‌زه
چ هه‌دادانی نه‌بوو له پێکداچڕژانی ئه‌و هه‌موو
بۆڵه‌ترێی خه‌یاڵه گه‌ییوه‌ی خۆیدا
هه‌بوو نه‌بوو
خه‌زان بوو
خه‌زانی گوڵ بوو
خه‌زه‌ڵوه‌ری وه‌ڕزیی
کۆڵۆنێڵ له گه‌ڕه‌کی غه‌رناته
کۆڵانی ژماره هه‌شت
نزیک گۆڕه‌پانی سه‌وسه‌نی سپی
لای فێدێریکۆ گارسیا لۆرکاوه
به به‌رچنه‌یه‌ک حوزنه‌وه
گه‌ڕایه‌وه
خودا ده‌زانێ ئه‌و دووانه پێکه‌وه
له گوندێکی دووری مه‌درید دا
خۆیان به ماڵی چ شاییه‌کی خوێنایی** دا کردبوو
خودا ده‌زانێ فێدێریکۆی پێکراو
به گولله‌کانی سه‌ر جه‌سته‌یه‌وه
ئه‌م پیاوه گوڵدانه‌ی ئێمه‌ی
بۆ گۆڕه‌پانی بینینی چ شه‌ڕه‌گایه‌ک بردبوو
خودا ده‌زانێ فێدێریکۆ به ئه‌ستێره خوێناوییه‌کانی سه‌ر سینگییه‌وه
په‌لی ئه‌م پیاوه گوڵه‌باغه‌ی ئێمه‌ی
بۆ نمایشی کام شمشێربازیی گرتبوو
ده‌بێ کاتێ لۆرکا
به ده‌م گوێڕادێران له سۆزی گیتاره‌که‌ی ڤیکتۆر گارا*** وه
لاپه‌ڕه‌کانی ئه‌رشیفی شه‌ڕی ناوخۆی ئیسپانیای
بۆ ئه‌م کوڕه ڕه‌زه‌ی ئێمه هه‌ڵدابێته‌وه و
وێنه‌کانی خوێن و وێنه‌کانی زوڵم و
وێنه‌کانی فرانکۆی ڕۆح چڵکنی
به جلکه عه‌سکه‌رییه‌که‌یه‌وه پیشاندابێ
ده‌بێ
ئه‌م کوڕه تاقانه‌یه‌ی ئێمه
له خه‌فه‌ت و له ڕق و له ترس و له یاده‌وه‌ری ساڵه نه‌هاته‌کانی
خۆی و چرا بێ نوور و
یاده‌وه‌ریی باغچه کوژراوه‌کانی خۆیدا
چۆن ڕه‌نگی سپی هه‌ڵگه‌ڕابێ و
چۆناوچۆنی ئه‌م کۆڵۆنێڵه ڕۆح شووشه‌یه‌ی ئێمه
دڵی وه هه‌زار خورپه که‌وتبێ
هه‌بوو نه‌بوو
خه‌زان بوو
خه‌زه‌ڵوه‌ری دزه دزه‌ی گزیی کردن بوو له خه‌ڵک
خه‌زانی بسکه‌ی سمێڵ و بۆنی خوێن و شه‌ڕه گا
خه‌زه‌ڵوه‌ری شه‌ڕه چه‌قۆی
خێڵی مانگ کوژان
ئه‌م کوڕه وه‌ک هه‌رمێ بێده‌نگ و
وه‌ک چنار غه‌مگینه‌ی ئێمه
له غه‌رناته‌وه دێته‌وه و
شه‌ڵاڵ له ئاره‌قه ... ئێواره‌یه‌ک خۆی ده‌کاته‌وه به ماڵدا و
ده‌ڵێ: چنوورگیان ماندووم و
ئیدی بۆ خۆی
له‌ژێر چڵێک ڕێحاندا داده‌نیشێت
وه‌ک زاهیدێک
که دیوار‌ی ماڵه‌که‌ی به‌پاڵ په‌رژینی چیمه‌نه‌که‌ی خوداوه بێ
پڕ به سییه‌کانی بۆنێک
خۆش وه‌ک بۆنی زوهد ... شیرین وه‌ک بۆنی قه‌داسه‌ت
هه‌ڵده‌مژێ
ئه‌م کوڕه به‌هێیه‌ی شانۆ
دوای یه‌کتربینینه‌که‌یان له‌گه‌ڵ فێدێریکۆ
ئیدی تاقه‌تی چوو
له قسه‌ی چوارشانه
له خه‌یاڵی سێ گۆشه
له پیاوی شه‌ش پاڵوو
ئه‌م کوڕه ترێیه‌ی ئێمه
دوای سه‌فه‌ره‌که‌ی غه‌رناته
هێند ماندوو ببوو
هه‌ر بۆ ئه‌وه باش بوو
بڕوات و له‌نێو ڕه‌زه‌کاندا خه‌یاڵ بکاته‌وه
هه‌ر بۆ ئه‌وه باش بوو
بڕوات و به‌ناو باغه‌کاندا پیاسه بکا
ئه‌م کوڕه ڕێواسه‌ی ئێمه
دوای دیداره‌که‌ی لۆرکا
هه‌ر بۆ ئه‌وه باش بوو
بۆ خۆی له‌ناو گوڵدانێکدا دانیشێ و ته‌نیایی بنووسێته‌وه
چڵێک ڕێحان بکات به‌لا گوێیدا و
له ژووری هه‌وره‌بانه‌که‌ی ماڵی حاجی له‌قله‌ق
بۆ خۆی عه‌تر دروست بکا و گوڵاو بگرێته‌وه
دوای سه‌فه‌ره‌که‌ی غه‌رناته
ئه‌م کوڕه گۆیژه‌ی ئێمه
هێند ماندوو ببوو
هه‌ر بۆ ئه‌وه باش بوو
له‌به‌رپێی خاڵخاڵۆکه‌یه‌کدا .... وه‌ک منداڵ له‌سه‌ر ده‌م ڕاکشێ و
ڕه‌سمی که‌روێشکێکی پڕته‌قاڵی و تۆپێک و کۆترێک بکیشێ
ئه‌م کوڕه گێلاسه‌ی ئێمه
هه‌ر بۆ ئه‌وه باش بوو
له ته‌ڵانێکدا شان دابدا و
تا ماوه په‌پووله بخاته ڕسته‌وه
تا ماوه که‌وانه بۆ ته‌نیایی بکاته‌وه
تا ماوه هێڵ به‌ژێر ژیاندا بهێنێ
هه‌ر بۆ ئه‌وه باش بوو
وه‌ک مایسترۆیه‌کی غه‌مگین
مارشی فڕین به ته‌یره‌کانی کۆڕی شانۆی با بژه‌نێ
دوای سه‌فه‌ره‌که‌ی غه‌رناته
ئه‌م کوڕه هه‌ڵوژه‌یه‌ی ئێمه
هێند ماندوو ببوو
هه‌ر بۆ ئه‌وه باش بوو
له چیمه‌نه‌که‌ی پشته‌وه‌ی ماڵی خودا دا
له‌سه‌ر کورسییه‌ک پاڵ بداته‌وه و
خه‌ون ببینێ!
سلێمانی
نۆڤه‌مبه‌ری 2008
* ناونیشانی شیعره‌که ئاماژه‌یه به نۆڤێلی (که‌س نییه نامه بۆ کۆڵۆنێڵ بنووسێ)
ی گابریل گارسیا مارکیز که له ناوه‌ڕاستی ده‌یه‌ی نه‌وه‌ددا له ده‌رهێنانی هادی
مه‌هدی بۆ شانۆ ئاماده کراو مامۆستا ئیبرایم چێوار ڕۆڵی کۆڵۆنێڵی تێدا بینی. ئه‌و
شانۆنامه‌یه یه‌کێکه له کاره شانۆییه هه‌ره جوانه‌کانی مامۆستا ئیبرایم وه‌ک
ئه‌کته‌ر.
** شایی خوێناوی: مه‌به‌ست له شانۆنامه به‌نێوبانگه‌که‌ی لۆرکا یه.
*** ڤیکتۆر گارا: هونه‌رمه‌ندێکی گیتارژه‌نی خه‌ڵکی شیللی یه که دوای کوده‌تا
خوێناوییه‌که‌ی پینۆشێ ده‌سگیرکرا و ڕووبه‌ڕووی ئه‌شکه‌نجه‌یه‌کی زۆر بووه‌وه، به
گوێره‌ی یه‌کێک له سه‌رچاوه‌کان ته‌نانه‌ت په‌نجه‌کانی ئه‌م هونه‌رمه‌نده‌یان
قرتاند تا چیدی نه‌توانێ گیتار بژه‌نێت.
ئه‌م شیعره له هه‌فته‌نامه‌ی ئاوێنه‌ی ڕۆژی 2/12/2008 دا بڵاوبۆته‌وه.