دلاوه‌ر قه‌ره‌داغی
بۆ هاوڕێم
دكتۆر ره‌وشت .... به یادی
باخچه‌كانی سوعاد و ئازاد ێوبحی
من له باخچه‌دا پیر ده‌بم
من له‌سه‌ر دره‌خته‌كانی باخچه زمان ده‌گرم
من له ئه‌فسانه‌كانی باخچه‌وه
ده‌رباز ده‌بم
به‌یانیانێك باخچه وه‌ك به‌یانیانی عومرێك له مناڵیی ئێمه
غه‌رق ده‌بێ له ته‌نیایی
سه‌راپا ته‌ڕ ده‌بێ به سه‌رگوزه‌شته
ئه‌و هه‌موو رووبه‌ره له پیاسه ده‌بێته هی خۆی
وه‌ئاگا به قسه‌یه‌ك كه با ده‌یکا
وه‌ئاگا به گله‌ییه‌ك كه با ده‌یڵێ
ژێوان له نامه‌یه‌ك كه نه‌ینووسی
ژێوان له ئه‌شقێك كه نه‌یكوشت
باخچه به‌یانییه‌ك له‌وبه‌ری زه‌ریاكانه‌وه
تا ئه‌ژنۆ
خۆی هه‌ڵده‌كا
تا ئه‌وسه‌ری دڵته‌نگیی ده‌رِوا
تا كۆڵانێك ئه‌ودیو مه‌زه‌نده
باخچه به‌یانییه‌ك وه‌ك به‌یانیانێك عومری ئێمه
له واهیمه
به جانتایه‌كه‌وه به‌لاماندا تێده‌په‌رِێ
تا ئه‌به‌د جێماندێڵێ و ده‌رِوا
وه‌ك كه‌سێك ده‌رِوا كه ئیتر پێناچێ بگه‌رێته‌وه
وه‌ك كه‌سێك ده‌رِوا كه دڵی له شتێك شكا بێ
وه‌ك كه‌سێك ده‌رِوا كه له‌به‌رخۆیه‌وه له‌گه‌ڵ كه‌سێكی گه‌وره‌دا بدوێت
گه‌وره به‌قه‌د ترس
وه‌ك كه‌سێك چنراو به دره‌خت و ئه‌فسانه
رایه‌ڵ به په‌یوه‌ندیی گه‌لی ته‌نك
گرێ‌دراو به ئه‌وینی لۆكه‌یی
قه‌ره‌باڵخ به شوێن پێی فرِین
پرِ له ده‌نگه ده‌نگ و له هامشۆی په‌پووله
روناك به تێپه‌رِینی ره‌نگ به شاخوێنبه‌ری وه‌نه‌وشه‌دا
واقورِماو به بۆشاییه‌ك كه له‌ناكاوێكرِا ده‌كه‌وێته مه‌ودای بینینه‌وه
زه‌نده‌ق چوو له كه‌لێنێك كه كوت و پرِ
ده‌كه‌وێته نێوان بێده‌نگیی و قسه‌وه
خانه گومان له ده‌لاقه‌یه‌ك كه له‌ناكاوێكرِا
ده‌كه‌وێته نێوان ژیان و مردنه‌وه
باخچه بۆ جێگایه‌كی دوور ده‌رِوا
باخچه به‌یانییه‌ك
وه‌ك به‌یانیانێك له مناڵیی ئێمه
ئاو ده‌یبا !
هێشتا دڵێك له باخچه‌دا لێده‌دا
هێشتا ده‌ستێك له باخچه‌دا هه‌یه دڵ ره‌ق
هێشتا په‌نجه‌یه‌ك له باخچه‌دا هه‌یه رق ده‌ژه‌نێ
هێشتا پیاوێك هه‌یه به ئه‌فسانه‌كانی باخچه‌دا ده‌رباز ده‌بێ
هه‌میشه ره‌نگێك هه‌یه له وجودی باخچه‌دا نییه
هه‌میشه پیتێك هه‌یه له ئه‌لف و بێی باخچه‌دا نییه
هه‌میشه نهێنییه‌ك هه‌یه له ئه‌ده‌بیاتی باخچه‌دا نییه
هه‌میشه وشه‌یه‌ك له قاموسی باخچه‌دا هه‌یه، گۆ ناكرێ
هه‌میشه مه‌ته‌ڵێك له فۆلكلۆری باخچه‌دا هه‌یه، هه‌پنایه
هه‌میشه وێنه‌یه‌ك هه‌یه
كه له ئێواره‌یه‌كی باخچه‌دا ده‌گیرێ
له قسه‌یه‌كی كه‌مه
قسه‌یه‌ك كه عه‌هدێك له زه‌ینی په‌پووله
به له‌حزه‌یه‌ك له ئێستای روناكییه‌وه رایه‌ڵ ده‌كا
هێشتا ده‌ستێك هه‌یه به خوێنی
سه‌ری باخچه تینوو
هێشتا رێگه‌یه‌ك له باخچه‌دا هه‌یه
كه نامانباته‌وه هیچ كوێ
هێشتا ئه‌شقێك له باخچه‌دا هه‌یه
هه‌میشه هه‌ر ته‌فره‌مان ده‌دا
ده‌مانباته‌وه به‌رایی گومان
ده‌مانباته‌وه ناو حه‌كایه‌تێك
نه سه‌ره‌تای هه‌یه و نه پایان
ناچارمان ده‌كات سوێندێك بخۆین
سوێندێكی شووشه‌یی
ناچارمان ده‌كات وه‌ك پیاوێكی سیحر لێكراو
بێباكانه شه‌ڕ بنێینه‌وه
مناڵانه شۆرِش هه‌ڵگیرسێنین
شه‌رِانگێزانه خۆمان هه‌ڵده‌ینه ئاگره‌وه و
غه‌نیمه‌ته زۆر و زه‌وه‌نده‌كانی جه‌نگ
بۆ باخچه بێنینه‌وه
هێشتا ئاشتییه‌ك له باخچه‌دا هه‌یه
ئه‌ی دۆست
دڵرِه‌قانه تاڵانمان ده‌كا!
باخچه بۆ جێگایه‌كی دوور ده‌رِوا
بۆ گه‌رِه‌كێكی دوور
بۆ پیاسه‌یه‌كی دوور
بۆ گوندێك له بناری هه‌تاو
باخچه ده‌رِوا و
شتێك نییه لێی جێ بمێنێ و ئێمه بتوانین هه‌ڵیبگرینه‌وه
شتێك وه‌ك ئاوێنه كه بشێ خۆمانی تێدا سه‌یركه‌ین
شتێك وه‌ك كتێب كه بكرێ بیخوێنینه‌وه
شتێك وه‌ك نامه كه بتوانرێ بینووسین
شتێك وه‌ك حه‌كایه‌ت كه بوار هه‌بێ بیگێرِینه‌وه
شتێك وه‌ك مناڵ که بتوانین له باوه‌شی بگرین
شتێک وه‌ک وێنه كه بلوێ خۆمان به سه‌یركردنییه‌وه بخڵافێنین
شتێك وه‌ك ئه‌سڵ كه بتوانین غاری پێ بده‌ین
شتێك وه‌ك مه‌ته‌ڵ كه بتوانین لاف به هه‌ڵهێنانییه‌وه لێده‌ین
شتێك وه‌ك چاویلكه كه بتوانین له چاوی كه‌ین
شتێك وه‌ك ته‌یر كه له حه‌ژمه‌ت ته‌نیایی خۆمان بیخه‌ینه قه‌فه‌سه‌وه
شتێك وه‌ك په‌نجه‌ره كه بتوانین به رووی خۆماندا بیكه‌ینه‌وه
شتێك وه‌ك كۆلاره كه بتوانین هه‌ڵیده‌ین
شتێك وه‌ك ده‌رگا كه بتوانین له‌سه‌ر خۆمانی كڵۆمده‌ین
شتێك وه‌ك دروشم كه بتوانین
له ته‌نگه‌تاوییه گه‌وره‌كانا به‌رزی كه‌ینه‌وه
باخچه ده‌رِوا و
جگه له ئێمه
هیچ شتێك له دوای خۆیه‌وه جێناهێڵێ
به‌یانییه‌ك وه‌ك به‌یانیانی مناڵیی ئێمه
باخچه دڵرِه‌قانه ده‌رِوا
ئه‌ی دۆست
باخچه شته‌كانی ئێمه له‌گه‌ڵ خۆیدا ده‌با و
با ده‌یبا!
من له باخچه‌دا پیر ده‌بم
من له چاره‌م نووسراوه
ده‌بێ عومرێك گوێ له باخچه بگرم
من له چاره‌م نووسراوه
ده‌بێ عومرێك نامه‌ی دڵداریی بۆ كچه‌كانی بنووسم
ده‌بێ عومرێك كوژراوه‌كانی بۆ پیاسه به‌رم
من له باخچه‌دا پیر ده‌بم
رۆژێك دێ
من به دیار خه‌یاڵه‌كانییه‌وه وێران ده‌بم
به دیار واهیمه‌كانییه‌وه
به دیار ترسه ناكاوه‌كانییه‌وه
به دیار ئافه‌رین كردنی شاعیر و فه‌یله‌سوف و
گۆرانی بێژه‌كانییه‌وه
به دیار ستایش كردنی كوڕه ئازاكانییه‌وه
به دیار سه‌رسام بوون به سه‌نه‌مه‌كانییه‌وه
به دیار دڵ راگرتنی دوكانداره‌كانییه‌وه
به دیار هه‌ڵگرتنی جانتای ره‌وه‌كانییه‌وه
به دیار ئیمزا كردنی ناڕه‌زایه‌تیی نامه‌كانییه‌وه
به دیار گوێزانه‌وه‌ی شاره مێرووله‌كانییه‌وه
به دیار ئاشت كردنه‌وه‌ی زه‌لامه‌كانییه‌وه
من له باخچه‌دا پیر ده‌بم
ئه‌ی دۆست ... ده‌بینی رۆژێك
من به دیار گوڵه‌كانی باخچه‌وه وێران ده‌بم
رۆژێك دێ ... ئه‌ی دۆست ده‌بینی
من ده‌بم به‌ژێر دار‌و په‌ردووی باخچه‌وه
ده‌بم به‌ژێر خه‌فه‌ته‌كانییه‌وه
ده‌بم به‌ژێر سێبه‌ره‌كانییه‌وه
ده‌بم به‌ژێر شانازییه‌كانییه‌وه
ده‌بم به‌ژێر ده‌سكه‌وته‌كانییه‌وه
ده‌بم به‌ژێر نسكۆكانییه‌وه
ده‌بینی ئه‌ی دۆست ... ده‌بینیت
له شه‌وێكی باخچه‌دا ده‌ڕۆم و
ئیدی كه‌س نامبینێته‌وه
ده‌بینی له عه‌شقێكیا ده‌كوژرێم و
پێچراو له هه‌ورێكه‌وه ده‌مهێننه‌وه به‌ر ده‌رگای ماڵه‌كه‌ی
ده‌بینی له حه‌كایه‌تێكیدا رێ بزر ده‌كه‌م و
ئیدی گورگ له بیابانه‌كانیا ده‌مخوا
ده‌بینی له شۆڕشێكیا ژه‌هر خواردوو ده‌كرێم و
ئیدی كه‌س له شاخه‌كانیا به هانامدا ناگا
رۆژێك دێ ئه‌ی دۆست ده‌بینی
ئه‌وه منم
كه له‌ژێر دار‌و په‌ردووی باخچه‌دا وێران بووم
رۆژێك دێ ئه‌ی دۆست ده‌بینی
ئه‌وه منم
كه به‌ر نه‌فره‌تی گوڵه‌كانی كه‌وتووم
رۆژێك دێ ئه‌ی دۆست ... ده‌بینیت
ئه‌وه منم
كه له سه‌فه‌رێكی باخچه‌دا
مناڵانه پیر بووم !
ئۆكتۆبه‌ری 2004