نه‌ختێک ئاسمان و
كه‌مێك دره‌خت ...!
دلاوه‌ر قه‌ره‌داغی
له ڕِۆژێکی ئاساييدا ده‌گه‌ڕێمه‌وه
له به‌يانييه‌كی ئاشنادا
به ئاسمانێكه‌وه ده‌گه‌ڕێمه‌وه شه‌ڵاڵ له ته‌ير و
به باخێكه‌وه چنراو به په‌پووله و
به دارستانێكه‌وه ته‌نراو به حه‌كايه‌تی هه‌مه‌جيی
له ڕۆژێكی ئاساييدا ده‌گه‌ڕێمه‌وه
له به‌يانييه‌كی ته‌مبه‌ڵدا
به‌يانييه‌كی پير
له به‌يانييه‌كی خاو و خليچكدا ده‌گه‌ڕێمه‌وه و
له به‌يانيی نووسينی يه‌كه‌م شيعر
له ڕۆژێكدا ده‌گه‌ڕێمه‌وه
له به‌يانييه‌كی ئاسايی
له يه‌كه‌مين به‌يانيی چوون بۆ قوتابخانه و
به‌يانيی خۆ كردن به هۆڵی يه‌كه‌مين تاقيكردنه‌وه‌دا و
له يه‌كه‌مين به‌يانيانی عاشق بوون
له رِۆژێكی خۆشدا ده‌گه‌رِێمه‌وه
له به‌يانييه‌كی هه‌تاودا
له يه‌كه‌مين به‌يانی زوير بوون و يه‌كه‌مين به‌يانی سه‌رسام بوون
له يه‌كه‌مين به‌يانی زمان ته‌ته‌ڵه كردن و
له يه‌كه‌مين به‌يانی شكست هێنان و ده‌رنه‌چوون
له به‌يانييه‌كدا ده‌گه‌ڕێمه‌وه ... له به‌يانيی خه‌نيی بوون
به‌يانيی سه‌ربانه و سه‌ربان فرِين و
خۆ كردن به شه‌كره خه‌ونی شارێك په‌پووله‌دا
له به‌يانيی شوێنپێ هه‌ڵگرتنی په‌ڕێك تا ئه‌وسه‌ری بوون
له به‌يانييه‌كدا ده‌گه‌ڕِێمه‌وه
به‌يانيی نوشتانه‌وه بۆ عه‌رد و
هه‌ڵگرتنه‌وه‌ی به‌ردێكی ته‌ڕِ و
سڵاو كردن له كرمێکی خه‌واڵوو
له ڕِۆژێكی خۆشدا ده‌گه‌ڕێمه‌وه
لة بةيانيي ... به‌يانيي باش كردن له دونيا
له به‌يانيی كردنه‌وه‌ی يه‌كه‌م ده‌رگا
له به‌يانيی يه‌كه‌مين باوێشكدان و
به‌يانيی كڕِينی يه‌كه‌م سه‌مون و
له يه‌كه‌مين به‌يانيانی سه‌رسام بوون
له به‌يانييه‌كدا ده‌گه‌ڕێمه‌وه
له به‌يانيی تا سه‌ر ئێسقان ته‌ڕِ بوون
له به‌يانيی تا قوڵايی ڕِۆح هۆگر بوون
له به‌يانيی خواردنه‌وه‌ی چايه‌كی شيرين و
خۆ سپاردن به ڕيتمی دڵ
خۆ سپاردن به هارمۆنيای گه‌ردوون
به‌يانيی كۆك كردنی ژێی عاتيفه
له‌سه‌ر له‌ره‌ی ده‌نگی كوكوختی
له‌سه‌ر وژه‌ی باڵی عيشق
به‌يانيی ميقات كردنی كاتژمێر
له‌سه‌ر چركه ئه‌به‌دييه‌كانی شيعر و
له‌سه‌ر ده‌قيقه په‌شمه‌كييه‌كانی
هه‌ميشه هه‌ر به مناڵيی مانه‌وه و
گه‌وره نه‌بوون
له ڕِۆژێكی ئاشنادا ده‌گه‌ڕِێمه‌وه
له به‌يانييه‌كدا شه‌ڵاڵ له يه‌كه‌مين بينين
ته‌ڕِ به يه‌كه‌مين تام و به يه‌كه‌مين بۆن و به يه‌كه‌مين ناونان و
پڕِ له يه‌كه‌مين ده‌ست دان له شت
به‌يانيی بينينی چۆله‌كه بۆ يه‌كه‌مين جار
به‌يانيی كردنه‌وه‌ی په‌نجه‌ره بۆ يه‌كه‌مين جار
به‌يانيی هه‌ڵمژتنی بۆنی ژيان بۆ يه‌كه‌م جار
به‌يانيی له‌باوه‌ش گرتنی مناڵ بۆ يه‌كه‌م جار
به‌يانيی جوينی بنێشتی سه‌هم بۆ يه‌كه‌م جار
به‌يانيی ته‌وقه كردن بۆ يه‌كه‌م جار
به‌يانیی ڕِه‌وانه كردنی نامه بۆ يه‌كه‌م جار
به‌يانيی سواربوونی پاس بۆ يه‌كه‌م جار
بةيانيی هه‌ڵقوڕاندنی په‌رداخێك ئاوی سارد بۆ يه‌كه‌م جار
به‌يانيی خۆ بينين له ئاوێنه‌دا بۆ يه‌كه‌م جار
له ڕِۆژێكدا ده‌گه‌ڕێمه‌وه
له به‌يانييه‌كی ئاسايی
به‌يانيی سه‌ندنه‌وه‌ی سڵاوی دوو دڵانه‌ی هاوڕِێيه‌ك
له‌مديو جامخانه‌ی ته‌ڵخی سه‌رتاشێكی دڵ ته‌ڕِه‌وه
به‌يانيی تێپه‌ڕِين به‌لای نانه‌وايه‌كی كونجدا
به‌يانيی بازدان به‌سه‌ر جۆگه‌يه‌كی گورجدا
به‌يانيی هه‌ڵگرتنه‌وه‌ی گوڵه يه‌خه‌يه‌ك له‌سه‌ر شۆسته
به‌يانيی هه‌ست كردن به گه‌رمايی ده‌ستی كوێرێك
به‌يانيی بيستنی ترپه‌ی دڵی سێوێك
به‌يانيی ڕِاوه‌ستان له‌به‌ر هه‌تاو له‌گه‌ڵ ته‌نيايی
به‌يانيی شه‌ڵاڵ بوون له ئاره‌قه و
دامه‌زراندنی سه‌ری قسه
به‌يانيی ژێوان بوونه‌وه و
هه‌ڵدانی كۆلاره بزێوه‌كانی مناڵيی
له ڕِۆژێكی هه‌تاودا ده‌گه‌ڕێمه‌وه
له به‌يانييه‌كدا لێو ڕِێژ له دوودڵيی
لێو ڕِێژ له وه‌سوه‌سه و خه‌ياڵ
لێواولێو له هه‌ڵكردنه‌وه‌ی با ی سه‌فه‌ر و
تووش بوونه‌وه به په‌تای جێگه به خۆ نه‌گرتن و
هه‌مديس دانه‌وه له شه‌ققه‌ی باڵ
له به‌يانييه‌كدا ده‌گه‌ڕێمه‌وه
به‌يانيی ترس
به‌يانيی به جيددی وه‌رگرتنی مانشێتی ناقۆڵای ڕِۆژنامه‌يه‌ك
به‌يانيی ته‌سليم بوون به هه‌ڵه‌ی ئيملايی ژيان
به‌يانيی سيوا بوونه‌وه له‌گه‌ڵ قسه‌ی دووباره
له‌گه‌ڵ شه‌ڕِی دووباره
له‌گه‌ڵ پياوی دووباره
به‌يانيی داگيركردن
به‌يانيی وێران بوون
به‌يانيی گه‌له‌كۆمه‌ی بوغز
به‌يانيی ته‌نگه‌نه‌فه‌س بوون
به‌يانيی بيابان و
به‌يانيی شه‌له شه‌ل ڕِه‌و كردن
له به‌يانييه‌كدا ده‌گه‌ڕێمه‌وه ... ئه‌فسووس
به‌يانيی وه‌رينی باڵه‌كانی فڕِين و
به‌يانيی گه‌مارۆ دران به مردن !
گؤتينبێرگ
سه‌ره‌تای 2005