نازانم هه‌ست ده‌که‌یت یان نا
که چ تایه‌کی گه‌رممه!
دلاوه‌ر قه‌ره‌داغی
یاری ده‌که‌م
له‌نێوان نووسینی دێڕێک و ته‌ماشاکردنی خۆم
له ئاوێنه‌که‌ی تۆدا ... ئه‌ی هه‌نار
تاریک دادێم
به لێزمه ... ڕه‌نگێکی تر داده‌نێم
به پڕتاو .... هێڵێکی تر ده‌کێشم
به هه‌ڵه‌کانی ئاوێنه‌دا ده‌چمه‌وه
نوقسانییه‌کانی پیریی لای خۆم یاداشت ده‌که‌م
به خاڵ ... باشییه‌کانی منداڵیی ده‌نووسم
ورد تر ده‌نۆڕم
تۆ دێیت
ده‌ست ده‌نێیته سه‌ر مه‌چه‌کم
سه‌ر ده‌خه‌یته سه‌ر سینگم
چاو ده‌نووقێنیت و
به په‌نجه ده‌که‌ویته ژماردنی شتێک!
ئه‌ی هه‌نار
تۆ بڕژێ و من گوێت لێده‌گرم
تۆ بچۆ به‌ر ئاوێنه و
من نیشتمان تێکده‌ده‌مه‌وه
تا تۆ قژێک دادێنیت
من نیشتیمان پڕ ده‌که‌م له پژان
تا تۆ ئینجانه‌که ئاو ده‌ده‌یت
من نیشتمان پڕ ده‌که‌م له ڕژان
تا تۆ قاوه‌که‌ت ده‌خۆیته‌وه
من نیشتیمان
ڕۆده‌نێمه‌وه به باران!
له‌ئاوێنه‌که‌ی تۆدا جۆرێکی ترم
هه‌میشه له ئاوێنه‌که‌ی تۆدا
له سه‌فه‌رم و تازه‌کی ده‌گه‌م
هه‌میشه قسه‌یه‌کم پێیه ده‌تخاته قاقای پێکه‌نین
یه‌کسه‌ر به‌ره‌و لای قاوه‌جۆشه‌که ده‌چم و
ئه‌و قاوه‌یه لێده‌نێم
که تایبه‌ت له هیندستانه‌وه هێناومه،
تا پێکه‌وه دوو کوپی لێ بخۆینه‌وه
په‌یکه‌ری هه‌ژدیهایه‌کی گچکه‌م پێیه
بۆ سه‌ر تاقی کتێبه‌کان
که له‌سه‌فه‌ره‌که‌ی ئه‌مجاره‌ما
له‌ژنێکی میهره‌بانی بوزیم کڕیوه له بۆرما
به‌ڵام نازانم هه‌ست ده‌که‌یت یان نا
که دڵم لێوانلێوی غه‌مه
نازانم هه‌ستده‌که‌یت یان نا
که بۆنی مه‌عبه‌دێکم لێدێت دوور
بۆنی ئیمانم لێدێت
بۆنی پاکبوونه‌وه
له گوناهگه‌لێکی دوور ...
دوور
دوور!
هه‌میشه که ده‌مبینیت نه‌وعێکم
چه‌ماومه‌ته‌وه له‌ژێر باراندا
هێند به پێ ڕۆیشتووم
بۆنی جادده‌م لێدێت ... بۆنی دارکاج
چاوانم پڕن له شه‌وقی گڵۆپ
خه‌یاڵم له شوێنێکی تره
نازانم هه‌ستده‌که‌یت یان نا
هه‌میشه که ده‌ست له‌ده‌ستمه‌وه ده‌ده‌یت
تایه‌کی بێئه‌ندازه گه‌رممه
دڵم خواروخێچ لێده‌دا
له په‌رۆشیدا
توند توند ئامێزم پێداده‌که‌یت
به‌ڵام نازانم هه‌ست ده‌که‌یت یان نا
که چه‌ند دڵم ته‌نگه
که چ له‌رزێکم لێهاتووه
که
زۆر
زۆر
زۆر
گۆشه‌گیر و ته‌نیام
نیشتیمان ڕۆده‌نێمه‌وه به بۆیه‌ی ئاویی
ئیتر وایه هه‌نار
قه‌ده‌ر وایه که ده‌بێ هه‌رجاره و
ئه‌م نیشتیمانه عه‌جایبه به‌شتێک ڕۆ بنێینه‌وه
جارێک به قوڕ
جارێک به سه‌ره‌سۆده
جارێک به کوده‌تا
جارێک به قسنی سه‌ر گۆڕی پیاوچاکان
جارێک به زه‌نگیانه
جارێک به هه‌ڵم
جارێک به گولله
جارێک به لم
به‌ڵام به‌وه‌شه‌وه نا‌ئومێد نین
ئێمه گه‌مه ده‌که‌ین
ئێمه مناڵانی گه‌مه‌ین
حه‌زمان له تێکدانه‌وه‌ی دونیایه
حه‌زمان له زرمه‌ی وردوخاشبوونی شووشه‌کانه
له شکاندنی سه‌ری ڕووتاوه‌ی نیشتیمان
ئاخر چ بکه‌ین
ئێمه مناڵانی به‌رزاییه دووره‌کانین
مناڵانی تینوێتیین
مناڵانی شارانی بێ وه‌فا!
له ئاوێنه‌که‌تا ده‌ستم ده‌گریت .... هه‌نار
نازانم هه‌ستده‌که‌یت په‌شیمانم یان نا
به‌ڵام دڵم نایه‌ت
شتێک هه‌یه بیڵێم
شه‌رم ده‌که‌م
ئیعتیرافێک هه‌یه بیکه‌م
میهره‌بانانه دێیته ژێر باڵم
به چرپه ده‌ڵێیت
شتێک هه‌یه حه‌ز ناکه‌م بیڵێیت
ئیعتیرافێک هه‌یه ... به‌و خودا گه‌وره‌یه
دڵگیر ده‌بم بیکه‌یت
ده‌مبه‌یت و
به ناو ورده شووشه‌دا ده‌ڕۆین
هه‌موو پێوپلمان ده‌بێته خوێن
له‌ترسا
به ڕووتی
به‌و هه‌موو نهێنییه‌وه
له‌و ئاوێنه درز تێبووه‌دا
ده‌نووین!
له‌بێتاقه‌تیی خۆمدا
نیشتیمان ڕۆ ده‌نێمه‌وه .... له سه‌راب
زۆر شت هه‌یه پێکه‌وه بیکه‌ین ... هه‌نار
زۆر شت
زۆر شت
زۆر شت
تۆ ده‌کرێت ڕوناکییم بده‌یته ده‌ست
یارمه‌تیم بده‌یت له سه‌رخستنی تۆپه‌ڵه باران
به په‌یژه‌کانا
ده‌کرێت کۆمه‌کم بکه‌یت
له گرتنه‌وه‌ی جه‌بله‌ی شه‌فه‌ق
له بنکاشی کردنی نێوان کوژران و کوژرانێکی تر
به تریفه
له‌ناوکارکردنی ته‌نیایی
به عه‌تر
ده‌کرێت له‌خواره‌وه له‌ته با و
ته‌ڵاشه هه‌ورم بۆ هه‌ڵده‌یت
ده‌کرێت کۆمه‌کم که‌یت له به‌فرکاریی کردنی کۆڵه‌گه‌کان
به عیشق
له سواخدانی دیوی ئه‌ودیوی ژووره‌کانی نووستن
به سکوت
له ئاورشێنکردنی برینه ته‌ڕه‌کان
به موزیک
تا تۆ قاوه‌که‌ت ته‌واو ده‌که‌یت
من نیشتیمان ده‌هۆنمه‌وه به موروو
چه‌ند ساتێکی که‌ممان له‌م ئاوێنه‌یه‌دا ماوه
هه‌نار
زۆر شت هه‌یه ده‌بێ پیایدا ڕاگه‌ین،
پێکه‌وه بیکه‌ین
ئۆف خودایه
زۆر شت ...
زۆر شت
زۆر شت!
سه‌ره‌تای 2006