قاوه‌خانه‌ی
په‌پووله‌ی قاوه‌یی
دلاوه‌ر قه‌ره‌داغی
یه‌که یه‌که به هه‌تاودا ڕه‌ت
ده‌بین
پاڵ به بارانه‌وه ده‌ده‌ین
توشتێن1 به ده‌ستێک که هی شاعیره
به‌نێو ته‌مدا
سه‌وڵ لێده‌دا
خۆمان له که‌نار جێدێڵێ و
بۆ ئه‌وه‌ی تا دێینه‌وه با نه‌مانبا
سه‌روو به‌ردێکمان له سه‌ر داده‌نێ و
ئیدی یه‌که یه‌که
مناڵییمان به پریاسکه‌ی خواردنه‌کانمانه‌وه
به مه‌تاره‌ی ئاوه‌کانمانه‌وه
بۆ ناو به‌له‌مه‌که‌ی سه‌ر ده‌خا
توشتێن به ده‌نگێک که هی شاعیره
له نائومێدییدا
به‌هانه دێنێته‌وه و ده‌یکاته هه‌را:
کاکه ... ته‌نها مناڵیی بۆی هه‌یه سه‌رکه‌وێ
تکایه شتی زیاده مه‌هێنن
ده‌بێ بزانن ئه‌مه به‌له‌مه ... به‌له‌م
جێ به‌ش ناکا
به‌له‌م ده‌ڕوا و خنه خن
به ڕوخسارێکی مه‌نغۆلییه‌وه
وه‌ک بڵێی قه‌راردادێکی دێرینی
له‌گه‌ڵ زه‌ریادا هه‌بێ
یان نهێنییه‌کی گرنگ بزانێ و ئێمه قه‌ت نه‌یزانین
بێ په‌روا گوژم ده‌خواته‌وه
به ناو یاده‌وه‌ریدا
دڕ به ده‌نگ و سکوت و
دوکه‌ڵی جگه‌ره‌که‌ی باوه توشتێن ده‌دا
هه‌ر هێنده و
قه‌تیس له ته‌مدا
ده‌م پڕ له تامی خنکان و مرواری و قه‌وزه
خوای گه‌وره ... چ سه‌یره
چ سامناکه
خه‌ریکه ئاو ده‌مانخوا
یه‌ک به خۆم ... کۆکه کۆک
قانگدراو به ته‌م و خه‌ون و
دوودڵیی
گه‌رچی خه‌ریکه له خۆشی‌دا بگریم
به‌ڵام دڵێکم لای
چاوه‌ڕوانییه ته‌ڕه‌کانی تۆیه
که به ده‌ف و ته‌سبیحێکه‌وه
پێوپل له ئاودا
نا‌ئومێد ... تا خودا حه‌زکا نا‌ئومێد
پاییزت تێبه‌ربووه و
شنه شن
با ده‌تبا
توشتێن چزه له ئاو هه‌ڵده‌ستێنێ و
جگه‌ره پرینسه‌که‌ی به زه‌ریا ده‌کوژێنێته‌وه
ڕاده‌چڵه‌کم... له خه‌یاڵی ئه‌وه‌دا بووم
که ئه‌م ئێواره‌یه به‌هرۆز حه‌سه‌نی هاوڕێم
دێت بۆ لام
له وێستگه‌ی قه‌تارم و قاچ له‌سه‌ر قاچ
له قاوه‌خانه‌ی (په‌پووله‌ی قاوه‌یی) دانیشتووم
یه‌ک له‌سه‌ر یه‌ک قاوه‌ی شیرین ده‌خۆمه‌وه و
چاوه‌ڕێم بگات
ئیدی کیژێک نمه‌نم به ده‌نگێکی ته‌ڕ له بڵندگۆکه‌وه ده‌ڵێ:
وا هاتن... وا گه‌یشتن
وا فیله‌کان له هیندستانه‌وه گه‌یشتن
ئینجا موسافیره‌کان، که هه‌ر یه‌که و
ئینجانه‌یه‌ک و فیلێکی گچکه‌ی پێیه،
هه‌موو داده‌به‌زن و
که‌چی به‌هرۆز دیار نییه
ده‌ترسم ترێنه‌که جێیهێشتبێ
یان له هاتن په‌شیمان بووبێته‌وه
یاخۆ له ڕێگه دابه‌زیبێ و له شوێنێک لایدابێ
به‌ڵام کاتێک
له‌دوای هه‌موو نه‌فه‌ره‌کانه‌وه
به‌جگه‌ره پرینسه‌که‌یه‌وه...وه‌ک ئه‌میرێکی غه‌مگین و
وه‌ک شۆفێرێکی به‌ویقاری قه‌تار
داده‌به‌زێ
ئیتر ده‌زانم و هه‌ستێکی قووڵ به شانازیی
دامده‌گرێت و
له‌خۆمه‌وه، به نه‌فه‌ره‌که‌ی لامه‌وه،
که قاوه ده‌خواته‌وه و په‌پووله تێیداوه و
خه‌یاڵی له شوێنێکی تره،
ده‌ڵێم:
ئه‌ها ئه‌و کوڕ‌ه هاوڕێمه...
کورده و له گه‌رمه‌ی به‌هاری ئازادییدا
له لای ھۆ. سی. ئا‌نه‌رسن2
بووه په‌ناهه‌نده
ئه‌و ترێنه‌ش که ئێستا گه‌ییشت
هی ئه‌وه
حه‌ز ده‌که‌م ئه‌وه‌شت پێ‌بڵێم که ئه‌و هاورێیه‌م
نه‌ک ترێن
ده‌زانێ پاپۆڕ و فڕۆکه و ئیسعافیش بئاژوێ
ئه‌وه‌تا ئه‌و هه‌موو خزم و که‌سوکاره‌ی
یۆستاین گارده‌ر3 ی
به‌و بارانه
به‌و هه‌موو پێکه‌نین و نهێنیی و گوڵه‌وه
به‌و هه‌موو واگۆنه پڕ له کتێب و ته‌نیایی و فیله‌وه له باخه‌کانی کۆپینهاگن
چنیونه‌ته‌وه و
له‌گه‌ڵ خۆی تا ئێره و
گه‌ر حه‌زکه‌ن لێره‌وه تا ئۆسلۆش ده‌یانبا
وه‌ستا توشتێن چاوێکی له‌سه‌ر زه‌ریایه و
دڵێکی لای ئێمه
به ده‌ستێک که هی شاعیره
له نائومێدیی و ترس‌دا
په‌یتا په‌یتا سه‌وڵ لێده‌دا و
وه‌ک ئه‌سپسوارێکی دڵڕه‌ق
جه‌سته‌ی نیشتۆته سه‌ر ئاره‌قه و
گڤه گڤ مه‌رگ ده‌ئاژوێ
من له‌خۆوه‌ڕا دڵم ختووره ده‌کا
که دوو سێ دێڕت په‌له‌په‌ل
به پیتی لاتینی بۆ بنووسم و
دڵنیات بکه‌مه‌وه
که هێشتا له به‌له‌مه‌که‌ی کاک توشتێندام
یه‌ک دنیا چیلکه و به‌رد و سه‌ده‌فی جوان جوانم
کۆکردوونه‌ته‌وه و
خه‌می منت نه‌بێ
که هێشتا به‌خته‌وه‌رم و
که هێشتا خۆشم ده‌وێیت و
که هێشتا له زه‌ریام و
که هێشتا دڵم زۆر زۆر
خۆشه و
م
ا
و
م
!
سێپتێمبه‌ری 2007
1. توشتێن: به‌له‌مه‌وانێکی پیره که
جار جار به به‌له‌مه‌که‌ی مناڵانی دایه‌نگه و قوتابخانه‌کان بۆ پیاسه و بینینی
دورگه‌کان، به‌ره‌و زه‌ریا ده‌بات.
2. ھۆ. سی. ئا‌نه‌رسن: چیرۆک‌نووسی به‌نێوبانگی دانیمارک.
3. یۆستاین گارده‌ر: ڕۆماننوسی به‌توانای نه‌رویژیی. به‌هرۆز
حه‌سه‌ن زوربه‌ی کاره‌کانی ئه‌و نووسه‌ره‌ی به کوردییه‌کی ڕه‌وان و توانایه‌کی
گه‌وره‌وه وه‌رگێڕدراون.