دلاوه‌ر قه‌ره‌داغى: مناڵیی پێیه‌كى له
نێو واقیعدایه و پێیه‌كى تریشى له نێو
فه‌نتازیادا ده‌جوڵێت...
سازدانى: كارزان عوسمان
له ڕێى ئه‌م
دیمانه‌یه‌وه شاعیرێك ده‌دوێنین كه هه‌میشه له شیعره‌كانیدا
ده‌مانباته‌وه به‌ر ماڵی جوانى، ئه‌و یه‌كێكه
له ده‌نگه شیعرییه جوان
و پڕ داهێنانه‌كانى دونیاى شیعرى كوردى،
هه‌میشه شته زۆر بچوك‌و له یاد كراوه‌كان مه‌ودایه‌كى فراوانى شیعره‌كانى
ئه‌ویان قۆرخ كردوه، ده‌یه‌وێ پێمان بڵێ دواجار
ئه‌مانه‌ش بۆ خۆیان به‌شێكن له‌و ژیانه‌ى خه‌ریكین پێوه‌ى. دلاوه‌ر قه‌ره‌داغی،
وه‌ك هه‌میشه زوبانشیرینانه وه‌ڵامى پرسیاره‌كانى
ئێمه‌ى دایه‌وه. |
پرسیار: ده‌كرێ بتگه‌ڕێنمه‌وه بۆ منداڵیی؟ منداڵیی
تۆ چۆن بوو؟ كه‌ی هه‌ستت كرد گه‌وره بوویت؟
+ ئه‌وه‌ی له‌منداڵیی من، وه‌ک زوربه‌ی زۆری منداڵییه‌کانی ئێمه
ماوه‌ته‌وه بریتییه له
چه‌ند وێنه‌یه‌کی ته‌ڵخ و ڕه‌ش و سپی شۆردراوه
به باران، چه‌ند وێنه‌یه‌کی درزتێبووی ڕاوه‌ستا
و له‌به‌ر په‌نجه‌ره و ته‌ماشاكردنی بارینی به‌فر ئه‌وكاته‌ی كه دایك
ده‌ست ده‌نێته سه‌ر سه‌رمان و به په‌نجه قژمان بۆ دادێنێ، بریتییه
له جیڕه‌ی کردنه‌وه‌ی ده‌رگای هه‌میشه
داخراوی حه‌وشه و باوه‌شگرتنه‌وه بۆ ئه‌و هه‌موو دیارییه‌ی ده‌ره‌وه هه‌ر
له کۆڵان و چۆله‌كه و به‌رده‌وه تا ئه‌ستێره و ته‌رزه و هه‌تاو. بێگومان كه
له منداڵیی ده‌دوێین ناكرێ خۆمان له‌و سیحره
ببوێرین كه چاوی منداڵ ده‌یدا به دونیا. ئه‌وه‌چاوانی منداڵیین که
له‌و ساته‌وه‌خته‌دا دونیا جوان ده‌که‌ن و ڕوخسارێکی تری پێده‌ده‌ن.
جۆره‌بینێنێك كه فه‌نتاسیا ڕۆڵی سه‌ره‌كی له بزواندن و به‌رجه‌سته‌كردنه‌وه‌یدا
ده‌بینێ. منداڵیی به‌گشتی له‌نێو دوو دۆخدا هه‌ناسه‌ده‌دا و گه‌وره‌ده‌بێ، منداڵیی
پێیه‌کی له‌نێو واقیعدایه‌و پێیه‌که‌ی تریشی له‌نێو فه‌نتاسیادا ده‌جووڵێ.
له‌ویاندا گیر ده‌خوا و دۆشداده‌مێنێ و ده‌خنکێ، له‌میشیاندا ده‌که‌وێته‌گه‌مه‌و
دونیا وێران ده‌کا و سه‌رله‌نوێ به‌گوێره‌ی حه‌زی خۆی ڕۆیده‌نێ. جوانیی منداڵیی
له‌وێدایه کاتێ دێته
ڕووبه‌رێکه‌وه ئیدی هه‌موو ئه‌و ڕووبه‌ره
ده‌کاته موڵکی خۆی، هیچ په‌راوێزێک بۆ چپه‌چپ و
گومان و مه‌زه‌نده ناهێڵیته‌وه ... منداڵیی ده‌ڕوات
بێئه‌وه‌ی خه‌می ئه‌وه‌ی بێت چی جێدێڵێ، ده‌ڕووخێنێ بێئه‌وه‌ی خه‌می ئه‌وه‌ی بێ چی
له‌جێگه‌یدا ڕۆده‌نێ، منداڵیی هه‌میشه مانا و جوانیی
خۆی له‌خۆیدایه، منداڵیی بۆیه جوانه
چونکه به‌ته‌نێ خۆی ده‌دوێ و گوێ له‌که‌س ناگری
و هه‌موو قسه‌و گه‌مه‌و بێده‌نگییه‌کان به‌موڵکی خۆی ده‌زانێ. کاتێ ئێمه
له‌ده‌ره‌وه‌ی ئه‌و ڕووبه‌ره‌وه له‌منداڵیی ده‌دوێێن وه‌ک ئه‌وه
وایه له فیلمێک
بدوێن که بۆمان بگێڕنه‌وه و
خۆمان نه‌مانبینیبێ، وه‌ک ئه‌وه وایه
له باره‌ی شارێکه‌وه
بدوێن که مامۆستا له‌سه‌ر نه‌خشه‌یه‌ک بۆمان باس بکا و ئێمه چ
ئه‌زموونێکی ژیانمان تیایدا نه‌بێ. بۆیه ناکرێ
منداڵیی ببێته یاده‌وه‌ری، چونکه
منداڵیی هه‌میشه لێره
و له ئێستادایه، کاتێ وه‌ک ڕابردوو لێی
ده‌دوێێن، ئیدی ده‌بێته لێدوانێک له شکست
و‌گه‌وره‌بوون. پێموایه
شیعرنووسین بۆ خۆی هه‌وڵێکه بۆ هه‌مدیس
ئه‌زموونکردنه‌وه‌ی منداڵیی له‌ئێستایدا، گه‌ر شاعیرێک، منداڵیی له‌ئێستایدا نه‌ژی
(که‌ئه‌وه‌شتێکی هاسان نییه) نابێته شاعیری باش و
شیعری جوانی بۆ نانووسرێ.
پرسیار: به‌رله‌وه‌ی مناڵیی له گفتوگۆكه‌مان
تێپه‌ڕێنین، ئه‌وكات په‌یوه‌ندی نێوان تۆ و ئه‌ده‌ب چۆن بوو؟
+ پێوه‌ندییه‌که هه‌ر ته‌نها
حه‌ز و خولیایه‌ک بوو بۆ به‌خه‌یاڵ خۆ به‌ده‌م
ڕووباری ڕه‌نگ و ئه‌ندێشه‌و حه‌کایه‌ته‌کانه‌وه دان و
هه‌تا نێو قووڵایی خه‌ون ڕۆیشتن. به تایبه‌تیش ئه‌گه‌ر
قوتابخانه‌و ماڵ ئه‌و جێگه شیاوه
نه‌بووبن که‌باڵه‌کانی منداڵ تیایاندا ده‌که‌ونه باڵه‌فڕێی ژیان.
له‌ده‌ره‌وه‌ی ئه‌و دوو جێگایه‌ی که پڕبوون له
نائومێدیی و پیریی، منداڵیی به
فه‌نتاسیاکانیاوه دێت و وه‌ک جاڵجاڵۆکه‌یه‌کی بزێو و
به‌ئه‌زموون جێگا و شوێنی تر بۆ پارێزگارییکردن له‌خۆی و
بۆ گه‌مه تاکه‌که‌سییه‌کانی خۆی ده‌چنێ.
بۆیه وا ده‌ڵێم
چونکه منداڵیی من پڕه
له‌گه‌مه‌ی ته‌نهاباڵ و تاکه‌که‌سیی، پڕه
له‌که‌سایه‌تی و فیگۆری خوڵقێنراو، پڕه‌له‌ورته‌ورت و به‌ده‌م
خۆوه‌دووان، خۆم ده‌بووم به‌دووان و به‌سییان و به‌هه‌زار، له‌بری
هه‌موویان بیرم ده‌کرده‌وه و له‌گه‌ڵ
هه‌موویاندا ده‌مبرده‌وه و ده‌دۆڕام. ئێستایش
که له شه‌وانیکی
زۆر ساردا ده‌چمه بانیژه‌که
و له کۆڵان ده‌نۆڕم، که‌سێک ده‌بینم
ده‌ستی ناوه‌ته گیرفانی و نوقڵێکی
ترشوشیرینی له‌زاردایه و به‌ژێڕ به‌فردا ده‌ڕوا
و له‌به‌رخۆیه‌وه ده‌دوێ، ئاو ده‌زێته
زارم و بانگی ده‌که‌م، ده‌زانم ئه‌وه
خۆمم و ده‌مه‌وێ وه‌ک جاران، وه‌ک ئه‌و ساتانه‌ی که
گه‌مه‌مان پێکه‌وه ده‌کرد، قسان بۆ
یه‌کدی بکه‌ین و گوێ له یه‌کدی ڕادێرین و
به‌شه‌ڕ بێین، وه‌ک جاران له‌هه‌یوانی پاییزدا دانیشین و یارییه‌کانمان
بڵاوبکه‌ینه‌وه و دونیا به‌سه‌ر یه‌کدیدا
بده‌ین. |
پرسیار: كه‌ى هه‌ستت كرد ده‌توانیت شیعر بكه‌یته
په‌ناگه‌یه‌ك تا قسه نه‌گوتراوه‌كانى خۆتى تیا بنوسیته‌وه؟
+ زۆر دواتر شیعر هات. وا بزانم كاتێكیش هات كه ئیدی چ شتێك نه‌مابوو ناوی دڵنیایی
بێت و نه‌یشمده‌زانی و ئێستایش نازانم که ده‌شێ شیعر
ئه‌و ڕووبه‌ره بێ ده‌کری
خۆی تێدا په‌نا بگیرێ. من هه‌ر له منداڵییه‌وه
شیعرم خۆشده‌ویست و زوربه‌ی ئه‌و شیعرانه‌م ئه‌زبه‌ر بوون که
شاعیرانی کورد بۆ منداڵانیان نووسیبوون، یه‌کێک بووم له‌و قوتابییانه‌ی
قوتابخانه‌ی شێخ سه‌لام که هه‌موو جارێ له
پۆل و له ڕیزدا ده‌هێنرامه
ده‌ره‌وه و له
گۆڕه‌پانی قوتابخانه‌دا شیعرم پێ ده‌خوێنرایه‌وه. له
راستیدا یه‌که‌مین به‌رکه‌وتنی ئه‌فسووناوی من به‌سیحری وشه
و ڕه‌نگ و کتێبه‌وه، بینین و هه‌ڵدانه‌وه‌ی په‌ڕه‌کانی کتێبی ئه‌لفوبێی
کوردییه‌که‌ی مامۆستا ئیبراهیم باڵدار بوو. بیرمه
یه‌که‌مین شتێک که له‌و کتێبه‌دا حاڵی لێهێنام و
خه‌یاڵمی بزوواند، بۆنی لاپه‌ڕه‌کانی کتێبه‌که و پاشان
وێنه ڕه‌نگاوڕه‌نگه‌کانی بوو، ڕه‌نگه
به‌لاته‌وه سه‌یر بێت گه‌ر پێت
بڵیم بۆنی ئه‌و کتێبه بوو که
له‌و به‌رایی عومره‌دا کتێبی لا خۆشه‌ویست کردم و خستمییه
سه‌ر که‌ڵکه‌ڵه‌ی ئه‌و بڕوایه‌ی که گه‌ر
گه‌نجینه‌یه‌ک هه‌بێ بزر بووبێ و بکرێ بیدۆزمه‌وه ئه‌وا
ده‌بێ له‌م دارستانی ڕه‌نگاوڕه‌نگ و بۆنخۆشی کتێبه‌دا به‌دوایدا بگه‌ڕێم. وێنه‌کانی
کتێبه‌که هه‌ر یه‌که‌یان بۆ خۆی حه‌کایه‌تێک بوون که
کۆتای‌یان نه‌بوو، هه‌موو جارێک به سه‌عات
به‌دیار وێنه‌یه‌کییه‌وه ڕاده‌مام و له‌زه‌ینی خۆدا
ده‌چوومه ناو وێنه‌که‌وه‌و ڕووداوم دروست ده‌کرد و
ده‌بوومه یه‌کێک له
که‌سایه‌تییه‌کانی ناو چیرۆکه‌که. ئیدی چ پێویستم به‌وه
نه‌بوو خوێندنه‌وه فێر
بم تا کتێبه‌که بخوێنمه‌وه، به‌ڵکو من پێشتر
هه‌موو کتێبه‌که‌م له‌زه‌ینی خۆدا به‌وێنه خوێندبۆوه
و حه‌کایه‌ته‌کانیم چنیبوون و هه‌زاران په‌ڕ و باڵی ڕه‌نگاوڕه‌نگم پێدا
کردبوون. دواتر که‌فێری خوێندنه‌وه بووم،
یه‌که‌مین شتێک له‌و کتێبه‌دا خه‌یاڵی بزوواندم و هێنده‌ی تری لا خۆشه‌ویست کردم
ناوی دانه‌ره‌که‌ی بوو، ناوێک بوو ڕێک له‌گه‌ڵ ئه‌و یارییانه‌ی خه‌یاڵدا ده‌گونجا
که من له وێنه‌کانی ئه‌و کتێبه‌دا جێگه‌م ده‌کرده‌وه.
هه‌زاران وێنه‌ی جیایای ئه‌و پیاوه گه‌وره
باڵداره‌م له‌زه‌ینی خۆدا ده‌نه‌خشان و چیرۆکه‌کا‌نمی پڕ له‌ئاسمان و
دارستان و فڕین ده‌کرد. من ئێستایش که‌ئه‌و کتێبه
ده‌بینم، ناتوانم له‌قووڵاییڕا ڕانه‌چڵه‌کم و منداڵییم به‌هه‌موو حه‌ز و خه‌ون و
شه‌رم و ته‌نیاییه‌کانییه‌وه تێدا نه‌ژێته‌وه.
پرسیار: هه‌میشه تۆ شته زۆر بچووك
و له‌یادكراوه‌كان دێنیته ناو شیعره‌كانت، ئه‌مه له‌وه‌وه سه‌رچاوه ده‌گرێ كه
له كات و سه‌رده‌مى خۆیدا ( كه ڕه‌نگه مناڵیی بێت)
تینوێتیت لێیان نه‌شكابێ؟ یان بۆ خۆى ئه‌مه وه‌زیفه‌ى شیعره؟
+ ڕه‌نگه ئه‌وه
ته‌رزه‌هه‌وڵ و خولیا و ئیشکردنێک بێ بۆ له‌سه‌رکردنه‌وه‌ی ژیان، بۆ مۆرکردنی
په‌یمانێکی تر له‌گه‌ڵ ئه‌و شتانه‌دا که له
دونیای ئێمه کراونه‌ته
ده‌ره‌وه و بوون به‌ژێر هه‌ژموونی سیاسه‌ت و
ئایدیا و ڕوانینه کورتمه‌ودا و تاکڕه‌هه‌نده‌کانه‌وه.
سه‌رنج بده که شته
گه‌وره و له‌به‌رچاوه‌کان له
دونیا و له ئه‌ده‌بیاتی ئێمه‌دا خاوه‌ن چ
زرینگه و ڕێز و ڕیتۆریکێکن که
هه‌میشه ده‌بێ به
شکۆوه و به ده‌نگێکی گڕ گۆ
بکرێن و وه‌ک هێڵی سوور ناکرێ ببه‌زێنرێن و
بخرێنه ژێر گومان. بۆیه پێت
سه‌یر نه‌بێ که بڕێک شیعر و
چیرۆک و ڕۆمانی ئێمه هێنده‌ی له
به‌یاننامه‌یه‌کی سیاسی له کۆبوونه‌وه‌یه‌کی
حیزبییدا نووسراو ده‌چن نیو هێنده‌ی ئه‌وه له
ئه‌ده‌ب ناچن. به‌داخه‌وه ئه‌ده‌بیاتی ئێمه
له هه‌ندێک له‌حزه‌یدا پێده‌چێ ڕێکه‌و‌تنێکی
ژێربه‌ژێر و دڵڕه‌قانه‌ی له‌گه‌ڵ سیاسی و گه‌وره‌بازرگان و پاشاکاندا هه‌بێ. من
ڕاموایه شیعر واته ئیش‌کردن
و جووڵه‌ی به‌رده‌وام له‌ناو ژیان و زینووێتییدا، شیعر ده‌بێ پڕ بێت له‌و شته
زیندووانه‌ی که به‌چاوی ئاسایی نابینرێن و
لێوڕێژ بێت له‌و ده‌نگانه‌ی که به‌گوێی ئاسایی
نابیسترێن. گه‌ر بلوێ باسی ئه‌رکی شیعر بکه‌ین، ئه‌وا شیعر تاقه
ئه‌رکێکی له‌سه‌ر شانه ئه‌ویش ڕه‌خساندنی
ئه‌تمۆسفێرێکی دی و مه‌زاجێکی تره بۆ ڕوانین له‌ژیان.
پرسیار: تا چه‌ند پێتوایه ئه‌مڕۆ ئه‌ده‌ب به‌گشتی و
شیعر به تایبه‌تى به‌و ئاڕاسته‌یه ئیش ده‌كات كه خۆت باست كرد؟ به تایبه‌ت
نه‌وه‌ى دواى نه‌وه‌ده‌كان له‌خوێندنه‌وه‌ى ئێوه‌دا چۆنن؟ ئایا توانیویانه ده‌نگێك
بن جیاواز له نه‌وه‌ى پێش خۆیان و دونیابینیه‌كى نوێیان هه‌بێت؟
+ له‌راستیدا وه‌ڵامدانه‌وه‌ی ئه‌و پرسیاره‌هه‌روا به‌شێوه‌یه‌کی ڕاگوزه‌ری شتێکی
زه‌حمه‌ته، به‌ڵام ئه‌وه‌ی گومانی تێدا نییه
ئه‌وه‌یه كه هه‌ر قۆناخ و نه‌وه‌یه‌ك خاوه‌ن
داهێنه‌ر و ساته‌وه‌ختی داهێنه‌رانه‌ی خۆیه‌تی. هه‌ر داهێنه‌رێکیش درێژكراوه‌ی
ساته‌وه‌ختێکی تری داهێنه‌رانه‌یه. که‌سی داهێنه‌ر به‌زه‌مه‌ندا دێت و ده‌روازه‌ی
نوێ بۆ خه‌یاڵ و ده‌ربڕین، بۆ چوونه‌وه نێو ژیان
ده‌کاته‌وه، که‌سی داهێنه‌ر به‌زۆریی وه‌ک که‌سێکی غه‌ریب دێت و کاتێکیش دێت که
هه‌موو ده‌رگاکان داخرابن و تاریکیی باڵی به‌سه‌ر ژیاندا کێشابێ. دیاره
له‌مه‌دا گرفتێکیش هه‌یه به‌وه‌ی كه چه‌مكی نوێگه‌ریی
یان با بڵێین نوێكردنه‌وه‌ی ئه‌و چاوه‌ی كه ده‌ڕوانێته دونیا، ئه‌ده‌ب ته‌نها باڵ
ده‌ره‌قه‌تی نایه و ناتوانێ له‌سه‌ر ئاستی كۆمه‌ڵگه‌دا
پراكتیزه‌ی بكات. ڕاسته كاریگه‌ریی به‌سه‌ر ڕووبه‌ڕێکی دیاریکراوه‌وه
جێدێڵێت، به‌ڵام ئه‌و گوڕه‌ی نییه كه به ڕایه‌ڵه‌كانی سه‌راپای
كۆمه‌ڵگه‌دا ڕۆبچێ و گۆڕانکاری ڕیشه‌یی بهێنێته‌دی. گه‌ر له‌پرسیاره‌که‌ی ئێوه
دوور نه‌که‌ومه‌وه، به گشتیێ
له هه‌موو قۆناغه‌کانی ژیانی ئه‌ده‌بیی ئێمه‌دا، وه‌ک
قۆناخه‌کانی ژیانی ئه‌ده‌بی هه‌موو گه‌لانی دونیا جۆرێک له‌فه‌وزا و ژاوه‌ژاو و
قه‌ره‌باڵخی هه‌بووه و تاکوته‌راش ده‌نگی جیدیی و
داهێنه‌ر. به‌ڵام هیچکام له‌و قۆناخانه به‌رای من هێنده‌ی قۆناخی نه‌وه‌ده‌کان و تا
ئێستایش جه‌نجاڵ و پڕ له هه‌راوزه‌نا نه‌بوون و له
هیچ کامیشیاندا هێنده‌ی قۆناخی نه‌وه‌ده‌کان
زۆرترین ده‌قی خراپ و ده‌قی جوان له شیعر و چیرۆک،
نه‌نووسراون.
پرسیار: زۆرێك له‌و جیله‌ى ئێوه له سه‌رده‌مى
گه‌نجێتیاندا خه‌ریكى سیاسه‌ت بوون، من ده‌مه‌وێ بپرسم ئایا تۆ هیچ به‌شدارییه‌كى
سیاسی و شۆڕشگێڕیت هه‌بووه؟
+ من خاوه‌ن هیچ چالاکیی و به‌شدارییه‌کی سیاسیی و
شۆڕشگێڕیی نه‌بووم. یه‌ک دوو جار له‌قۆناغی ئاماده‌ییدا
به‌شداری خۆپیشاندانم کرد دژی بڕیاری کردنی خوێندن به‌عه‌ره‌بیی. جۆره
چێژێک له‌و خۆپیشاندانانه‌دا هه‌بوو، به‌تایبه‌تی که‌به‌کۆمه‌ڵ
نه‌ده‌چووینه‌وه بۆ قوتابخانه
و به جادده‌کاندا ده‌گه‌ڕاین و باران و هه‌تاو
لێی ده‌داین. له ساڵانی
هه‌شتاشدا چ به‌ناوی خۆم و چ به‌ناوی خوازراوه‌وه
بابه‌تم له‌گۆڤار و بڵاوکراوه‌کانی شاخدا چاپ بوون، به‌ڵام بابه‌ته‌کا‌ن شۆڕشگێڕیی
نه‌بوون و ده‌کرا له‌ڕۆژنامه‌و گۆڤاره‌کانی ناوه‌وه‌ش بڵاویان
بکه‌مه‌وه.
پرسیار: له‌م شاره‌دا كه پڕه له ڕێكخراوى خێرخواز و
مناڵپارێز و....چى و چی، نه‌یانتوانى به ده‌ردى (كۆڤان)
دا ڕابگه‌ن، تا دواجار كه‌وته نێو مشتى مه‌رگه‌وه، به‌ڵام تۆ له دونیاى
شیعره‌كانتا كوخێكت دایه تا بۆ ئه‌به‌د تێیدا بژی.. چى وای
كرد تۆ له شیعرێكدا ئاوڕ له مه‌رگى (كۆڤان) بده‌یته‌وه؟ له‌كاتێكدا
ده‌بوو پێش تۆ ده‌سه‌ڵات ئاوڕیان له ژیانى كۆڤان بدایاته‌وه؟
+ مردنی کۆڤان یه‌کێک بوو له‌و هه‌واڵه دڵته‌زێنانه‌ی
که له ڕۆژنامه‌یه‌کدا
خوێندمه‌وه و له‌قووڵاییمڕا گریاندمی و دواتر له
قاڵبی ئه‌و شیعره‌دا ده‌رمبڕی. مردنی کۆڤان به‌داخه‌وه
یه‌کێکه له‌و سه‌دان ڕووداوانه‌ی که‌رۆژانه
و به‌شێوه‌ی جۆراوجۆر له وڵاتی خۆمان و
له‌زۆربه‌ی شوێنه‌کانی دونیادا منداڵ تیایاندا ده‌بنه
قوربانیی. هه‌ر له‌شه‌ڕ و برسێتیی و نه‌خۆشیی و هه‌ژارییه‌وه
تا ده‌سدرێژیی و به‌کۆیله‌کردن و بازرگانی پێوه‌کردن. ڕاسته
له‌لای خۆمان زۆر ڕێکخراو و سه‌نته‌ری منداڵان هه‌ن و تا ڕاده‌یه‌ک خاوه‌ن
چالاکیین و خه‌ڵکانێکی دڵسۆزیش هه‌ن که‌خه‌می ئه‌و مه‌سه‌له‌یه
ده‌خۆن، به‌ڵام ئه‌و هه‌وڵانه زیاتر تاکه‌که‌سی
و خه‌مخۆرانه‌ن. کارکردن له‌و بواره‌دا به‌رنامه‌ی ورد و درێژخایه‌ن و خه‌ڵکانی
پسپۆڕی ده‌وێت هه‌ر له‌داڕشتنی بنه‌ما و میتۆدی پیداگۆگیی نوێوه
تا ئاڵوگۆڕپێکردنی ستروکتۆری ڕوانینی کۆمه‌ڵگه
بۆ منداڵ. به‌هه‌رحاڵ شیعری کۆڤان به‌شدارییه‌کی بچکۆلانه‌یه
بۆ ده‌ربڕینی غه‌مێکی قووڵ.
تێبینى/ ئه‌م چاوپێكه‌وتنه له ژماره(410)ى ڕۆژنامه‌ى هاوڵاتیدا
بڵاوكراوه‌ته‌وه.