پیکابێکی باغه
به جادده‌ی خۆڵی مناڵییه‌وه
دلاوه‌ر قه‌ره‌داغی
خۆر له‌وه‌دایه ئاوابێ
تامی هه‌نگوین ده‌ده‌م
به پیکابێکی باغه
تا جادده‌ی پڕته‌قاڵ ده‌چم
به‌ده‌م چاکوچۆنی کردنه‌وه له‌گه‌ڵ په‌پوو
که به‌نیازه به‌و هاوینه
له‌و ئاخیروئۆخری ڕۆژه‌دا
خۆی پیشانی دکتۆرێکی چاو بدا،
ده‌چینه به‌ر سێبه‌ری
دیواری خه‌سته‌خانه‌که و
به‌ده‌م
قسه‌ی بێ سه‌ر و بنه‌وه
پڕته‌قاڵێک قاش
قاش
ده‌که‌ین
ڕه‌نگێک ... بێ تین
له هه‌تاوه‌وه فیچقه ده‌کا
ده‌پژێته چاومانه‌وه و
هێند به کوڵ پێده‌که‌نین
له حه‌ژمه‌تا چاو ده‌نوقێنین و
له‌به‌ر هه‌تاوه‌که‌دا ڕێک له‌وه ده‌چێ
هۆن
هۆن
بگرین!
به‌پێی پیاده تا گه‌ڕه‌کی حه‌ڵوا ده‌چم
نازدار لایه‌کی زه‌میله‌که‌م
له‌گه‌ڵدا هه‌ڵده‌گرێ
به‌ده‌م ڕێوه قسان ده‌کا و
حه‌کایه‌ت ده‌گێڕێته‌وه و
هه‌ر قسه‌یه‌کی ده‌ڵێی کڵۆیه‌ک قه‌نده
هه‌ر هه‌ناسه هه‌ڵکێشانێکی
ده‌ڵێی قلێک هه‌نجیره که شیله‌ی لێ بتکێ
هه‌ناسه‌یه‌ک
شیرین به زاری ئومێد
قسه‌یه‌ک
خۆش به گوێی سمراوی ئایینده
له‌ناکاوێکڕا ده‌ڵێت بنۆڕه و
ده‌نۆڕم:
ڕه‌ش
ڕه‌ش
ده‌چێته‌وه ئاسمان
به گه‌واڵه ڕیشۆڵه!
به‌پیاسه تا باغی ڕه‌شه زه‌یتوون
ده‌چم
یه‌کێک به زوبانێکی خودایی
میهره‌بانانه ده‌ڵێ:
دڵه‌که‌م ... سه‌فه‌رێکت له‌به‌ره
به‌ره‌و هیچ کوێ
سه‌فه‌رێک که هه‌میشه ... بریندار
به دڵی شکاو
به ڕۆحێکی هه‌نجنه‌وه لێی دێیته‌وه
سه‌ر داده‌گرم
گوێم لێیه ... شووشه‌یه‌ک له سینه‌مدا
هاڕه ده‌کا و
ده‌شکێ
هه‌ست ده‌که‌م باخێک له ناوه‌وه‌مڕا
شنه شن ده‌سووتێ!
له پێچی جادده‌ی شمشاڵه‌وه
به‌ده‌سته ڕاستا به‌ره‌و
گۆڕه‌پانی ترێ
به‌ده‌م بارکردنی به‌رچنه‌کانه‌وه
دڵم له‌سه‌ر سه‌د و بیست
لێده‌دا
ده‌ست به‌ره‌و ئاسمان
هه‌ڵده‌بڕم
له‌به‌رخۆوه ده‌پاڕێمه‌وه:
خودایه
ئازایه‌تیم بده‌رێ ...تێکنه‌شکێم
خودایه شه‌رمم بشکێنه
بوێرم
قسه‌یه‌ک هه‌یه
بیڵێم!
خۆر له‌وه‌دایه ئاوا بێ
بۆنی پڕته‌قاڵم لێدێ
تامی هه‌نگوین
ده‌ده‌م
ئاوێک به ده‌موچاوما ده‌که‌م
له‌به‌ر جامی پیکابه‌که‌دا
په‌له په‌ل
به په‌نجه قژێک دادێنم:
چش له‌و دڵدارییانه‌ی که نه‌مکردوون
چش له‌و شیعرانه‌ی
که نیوه‌ناچڵ جێم هێشتوون
قیروسیا له‌ونهێنییه گچکانه‌ی نه‌مدرکاندوون
پیکابه‌که‌م ده‌خه‌مه ئیش
ئایه‌ته‌لکورسییه‌ک ده‌خوێنم
کورسی نه‌عنایه‌ک ده‌نێمه زارم
به‌و شه‌وه
چاو ده‌نووقێنم و
به جادده‌ی خۆڵی مناڵییدا ...
له‌سه‌ر سه‌د و بیست
به‌ره‌و
هیچ
کوێ
ده‌ئاژووم!
سوێد
ئازاری 2007