ڕێبوارێکی به‌ربه‌ریی
به ته‌پوتۆزی بیابانه‌وه
دلاوه‌ر قه‌ره‌داغی
دوو گڵۆپ کز کز له‌به‌ر به‌فردا
ده‌سووتێن
ڕێبوارێکی به‌ربه‌ریی .... به‌ڵام شه‌که‌ت
که به‌فری لێ نیشتووه و
پێده‌چێ له وڵاتێکی دوور... دوور
له بیابانه‌کانه‌وه هاتبێ
به گه‌ڕه‌کدا دێت و ده‌چێ
کۆدی نهێنیی ده‌رگای ئاپارتمانه‌که نازانێ
ڕاده‌وه‌ستێ
گیرفانه‌کانی ده‌گه‌ڕێ
بۆ ناوێک ... ژماره‌ی ته‌له‌فۆنێک ... ئادرێسێک
یان ژماره‌یه‌کی نهێنیی ده‌گه‌ڕێ
دوو گڵۆپ کز کز له‌به‌ر به‌فردا هه‌ڵده‌له‌رزن
مردن نوستووه
خه‌ڵک نوستوون
چۆله‌که‌کان له هێلانه‌کانیاندا
خه‌ون ده‌بینن
ژنه ته‌نیا و هه‌میشه غه‌مگینه‌که‌ی هاوسێم
له خه‌ونیدا سبه‌ینێ
کوکوختییه‌ک و پاکه‌تێک حه‌ڵوای له مه‌ده‌غه‌شقه‌ره‌وه
بۆ دێ
که‌س به‌ده‌ره‌وه نییه
هێشتا ژووره‌کان که‌مێک ڕووناکن به شه‌وقی مۆم
گڵۆپه‌کان هێشتا کز کز له‌به‌ر به‌فردا ده‌سووتێن
دوو گڵۆپ له‌به‌ر به‌فردا سپیی سپیی پرشنگ ده‌ده‌ن
دێمه بانیژه‌که
داده‌نه‌ومه‌وه و
به چرپه‌یه‌ک که به‌سه‌ر به‌فره‌که‌دا ده‌خلیسکێت
به زمانێکی ته‌پوتۆزاویی که خۆیشم تێی ناگه‌م
ڕێبواری به‌ربه‌ریی بانگ ده‌که‌م
له خۆمه‌وه دوو ژماره‌ی
بۆ کردنه‌وه‌ی ده‌رگای ئاپارتمانه‌که
پێده‌ڵێم
دوو گڵۆپ له‌به‌ر به‌فردا ده‌کوژێنه‌وه
سه‌رمایه‌که نه‌بێته‌وه
دێمه ژوورێ
به په‌له ده‌رگای بانیژه‌که داده‌خه‌م
منداڵه‌کان داده‌پۆشم
فوو له مۆمه‌کان ده‌که‌م
ده‌نووم و
خه‌ون به جیڕه‌ی کردنه‌وه‌ی ده‌رگای ئاپارتمانه‌که و
ده‌نگه‌ده‌نگی ڕێبوارێکی به‌ربه‌ریی و
شه‌وقی دوو گڵۆپه‌وه ده‌بینم
که له‌به‌ر به‌فردا ده‌سووتێن و
له چاوتروکانێکدا
خامۆش ده‌بن!
کانوونی دووه‌می 2009