به‌رزاییه‌کانی ئه‌زمڕ، به‌رزاییه‌کانی وه‌زه‌رینگ1
نه‌زه‌ند به‌گیخانی
پێشکه‌شه به " تۆ "
من ئه‌وم
کاترین
رۆحانیه‌تی ژنێکی عاشق
له به‌رزاییه‌کانی وه‌زه‌رینگه‌وه
ده‌ده‌مه شه‌قه‌ی باڵ
له لووتکه نه‌سره‌وته‌کانی ئه‌زمڕ
له باوه‌شی هیثکلیف ئارام ده‌گرم
من وه‌رزێکم پڕ له زریکه‌ی زریان
له زه‌مه‌نێکی ناوه‌خت هه‌ڵمکرد
له‌سه‌ر گرده نیگه‌رانه‌کانی ئه‌زمڕ
من هه‌وره‌تریشقه‌م
ده‌شریخێنم
من ده‌مێکه له ناخی ئه‌و خاکه شپرزه‌یه هه‌ڵکشاوم
چه‌شنی بروسکه
به‌ره‌و به‌رزاییه‌کانی وه‌زه‌رینگ
پانتایی عه‌شقێکی پڕ له گێژاو
من ئه‌وم
زارۆکێکی زیته‌ڵ
له به‌رزاییه‌كانی وه‌زه‌رینگ
له وه‌رزی تۆفانه‌وه دێم و
له به‌رزاییه‌کانی ئه‌زمڕ
گوێ له حه‌یرانی ئه‌و خاکه ده‌گرم
وه‌ک بوومه‌له‌رزه
من راده‌چڵه‌کێم
جه‌سته‌ی چیا به قودره‌تی تاسه‌ی من ده‌جووڵێ
تۆ کڕووزانه‌وه‌ی دڵی ئه‌م به‌ردانه نابیستی؟
هه‌ڵبزڕکانی ره‌نگی ئه‌م تاڵه گیایانه نابینی؟
رۆحانیه‌تی ژنێکی عاشق
من ئه‌وم
له به‌رزاییه‌کانی وه‌زه‌رینگه‌وه دێم
ده‌ستی هیثکلیف ده‌گرم و
په‌نجه‌ره‌یه‌ك ده‌که‌مه‌وه
که ده‌مێکه له‌سه‌ر حه‌سره‌ته‌کانی رۆژهه‌ڵات داخراوه
من ئه‌وم
رۆحانیه‌تی ژنێکی عاشق
له فه‌زای نێوان وه‌زه‌رینگ و ئه‌زمڕ
ده‌ده‌مه شه‌قه‌ی باڵ
من به‌فڕین ئاماژه‌کانی پێکنه‌گه‌ییشتنی ئه‌و دوو ته‌نه ده‌نووسمه‌وه
ته‌نی نووری رۆژهه‌ڵات و
ته‌نی فزووڵیه‌تی رۆژئاوا
من ئه‌وم
ئه‌وه‌تا ده‌سته‌کانم له به‌رزاییه‌کانی ئه‌زمڕ سه‌وز بوون
له‌وێ من پێشوازی له هیثکلیف ده‌که‌م
په‌نجه‌كانم وه‌ک مۆم داده‌گیرسێن
ته‌ماشام نیگای خۆڵ رۆشن ده‌کاته‌وه
من تارمایی عاشقێکم
له نێوان دوو پانتایی
گوزه‌ر ده‌که‌م
له سپێده‌کانی رۆژهه‌ڵاته‌وه هه‌ڵدێم
له‌به‌ر ده‌رگای خوداکان
ده‌بمه دره‌ختێک له تیشک
له رۆژئاواش
له ناو ژووری خه‌ڵوه‌ت
له پشت هه‌نگاوه هه‌میشه‌ییه‌كانی ته‌نهایی
من به‌خۆم ده‌گه‌م
من ئه‌وم
گزنگێکی رێحانی له‌سه‌ر په‌رچه‌می با
له هه‌ڵکشانمدا له نێوان وه‌زه‌رینگ و ئه‌زمڕ
من ده‌بمه شینه‌شاهۆ
ده‌ده‌مه شه‌قه‌ی باڵ
ئه‌ی هیثکلیف
تۆ بیابانێکی پڕ له گه‌رده‌لوولی حه‌سره‌ت
چاوه‌ڕوانی فڕینم بکه
له به‌رزاییه‌کانی ئه‌وێ
من دێم و
له په‌نجه‌ره‌ی کۆشکێکی قرمزییه‌وه
ده‌سته‌کانم درێژ ده‌که‌م
چه‌شنی ئه‌سحابه
له‌سه‌ر رووخسارت به‌دوای جارانی خۆمدا ده‌گه‌ڕێم
له‌سه‌ر رووخسارم به‌دوای خۆتدا ده‌گه‌ڕێی
من له باخچه هه‌میشه به‌ئاگاکانی ئێره‌وه
دێمه ناو ژووری سووتانی تۆ
له که‌ناره‌کانت راده‌کشێم
جه‌سته‌ت پڕه له بۆنی منداڵیی من
جه‌سته‌م پڕه له ئازاری رۆژهه‌ڵات
ئاوێنه‌یه‌ك پڕ له ته‌ماشای کچ و کوڕه قه‌ره‌جه‌کان
ئێمه جه‌سته‌مان پڕه له چرپه‌ی لێک‌دابڕان
ئه‌وه منم
رۆحانیه‌تی ژنێکی عاشق
له نێوان داکشانی به‌رزاییه‌کانی رۆژهه‌ڵات و
هه‌ڵکشانی نشێوییه‌کانی رۆژئاوا
من گڕێکی نوورانیم
به‌رزاییه‌کانی ئه‌زمڕ پڕن له ره‌شه‌با
له هاواری هیثکلیف
وه‌زه‌رینگ - یش پڕه له زه‌نگوڵی عه‌شق
ئێدگار لینتن2
له ناوه‌وه‌ڕا ده‌گریا
منیش گزنگێکی رێحانیی له‌سه‌ر په‌رچه‌می با
له ئاسمانی به‌رزاییه‌کانی رۆژهه‌ڵات و رۆژئاوا
حزورێکی هه‌میشه‌یی نادیارم
پڕم له هێما
هێمای ئیشراق له سه‌ر خاکێکی نائارام
من ئه‌وم
له به‌رزاییه‌کانی ئه‌زمڕ دێمه‌وه
گزنگێکی رێحانیی
له خه‌ڵوه‌تگای وه‌زه‌رینگ من زیکر ده‌که‌م
ته‌نێکی ته‌نکم
نیوه‌م هی ئێره‌یه و
نیوه‌که‌ی دیکه‌م هی ئه‌وێ
من نه له‌وێ پڕم
نه لێره کامڵ
له‌سه‌ر رووبه‌ری ئه‌و تێکه‌ڵنه‌بوونه
سه‌رگوزه‌شته‌یه‌ک د‌ه‌منووسێته‌وه
عاشقێکم له به‌رزاییه‌كانی ئه‌زمڕ و وه‌زه‌رینگدا
به‌دوای ئاوێته‌بوونی دوو رۆحدا وێڵم
حزوری هه‌میشه‌یی پیاوێکی نادیار
من به دوای رۆحانیه‌تی تۆدا ده‌ده‌مه شه‌قه‌ی باڵ
کاڤه‌رشام. هاوینی2007
له دیوانی "زه‌نگوڵی وتن" وه‌رگیراوه، چاپخانه‌ی ره‌نج، سلێمانی
2008.
1. "به‌رزاییه‌کانی وه‌زه‌رینگ" ناونیشانی تاکه رۆمانی ژنه رۆماننوسی ئینگلیز، ئێمیلی برۆنتی یه (1847). وه‌زه‌رینگ شوێنێکه له یۆرکشیه‌ر و له زمانی ناوچه‌که واتای "زریان" ده‌گه‌یه‌نێ. کاترین و هیثکلیف دوو پاڵه‌وانی سه‌ره‌کی و عاشقی یه‌کترین.
2. ئێدگار لینتن هاوسه‌ری کاترینه.