دوعاكانی دایكم
نه‌زه‌ند به‌گیخانی
پێشكه‌شه به دایكم، ئه‌و مرۆڤه مه‌زنه‌ی فێری وانه
ئینسانیه‌كانی كردم و گه‌وره‌ترین مامۆستامه
جگه‌ره‌یه‌ك داگیرسێنه
چرایه‌ك هه‌ڵكه
وه‌ره با پێكه‌وه گۆرانی بڵێین
ئه‌ی هاوڕێم
وه‌ره با پێكه‌وه سه‌ما بكه‌ین
بۆ هێوركردنه‌وه‌ی دڵی حاجیله‌كان
بۆ لاواندنه‌وه‌ی دوعا ته‌نهاكانی دایكم
دایكم هه‌موو به‌یانیه‌ك دوعا ده‌كا
له جیاتی دوو ركات شه‌ش ركات نوێژ ده‌كا
دوعا ده‌كا بۆ ره‌وینه‌وه‌ی ره‌شایی باڵی با
سێبه‌ری سواوی سیاسیه‌كان
هاوڕێم
وه‌ره با پێكه‌وه گوێ له دوعاكانی دایكم بگرین
وه‌ره سه‌یر كه چۆن فوو به ده‌وری خۆیدا ده‌كات و
له فڕین ده‌پاڕێته‌وه
كوڕه بچكۆڵه‌كه‌ی ئاودیوی سنوران بكا
هانا بۆ نه‌سیم ده‌با
تا كچه‌كه‌ی هه‌ڵگرێ و
دووری خاته‌وه له چڕنووكی قه‌ڵه‌ڕه‌ش
وه‌ره ئه‌ی هاوڕێم
وه‌ره با پێكه‌وه پێكێ بنۆشین و
به‌سه‌ر بانیژه به‌رزه‌كانی وڵات‌دا بفڕین
با ئیتر له به‌رزاییه‌وه فڕین بناسین و
له نزماییه‌وه په‌یژه‌ی كه‌وتن هه‌ڵدێرین
دایكم شه‌ش ركات نوێژی كرد
شه‌ش جار گریا و شه‌ش جار دوعای كرد
ئاواته‌كانی دایكم وه‌ك مرواری سپین
له ژێر سێبه‌ری ئیماندا ده‌بریسكێنه‌وه
ئاواته‌كانی دایكم پێده‌گرن
به‌سه‌ر په‌یژه باریكه‌كانی حه‌وشه
سه‌رده‌كه‌ونه سه‌ركه‌پره‌كان
له‌وێوه له جیاتی شه‌قه‌ی باڵ
وه‌ك هه‌ڵاڵه هه‌ڵد‌ه‌وه‌رنه ناو حه‌وزه‌كان
دایكم هه‌موو به‌یانیه‌ك شه‌ش ركات نوێژ ده‌كا
شه‌ش جار ده‌گری و
شه‌ش جار فوو به ده‌وری خۆیدا ده‌كا
ئه‌و له خودا ده‌پاڕێته‌وه سه‌لامه‌ت بن باڵنده‌كان
دوور بن له به‌ڵای ناگه‌هان
له فیتنه‌ی ئاخری زه‌مان
دوعاكانی دایكم پیر بوون
پیر بوون ئومێده ئاڵه‌كانی دایكم
بۆ فڕین به‌ناو وه‌رزه‌كان و
شۆڕبوونه‌وه بۆ ناو مێرگی حاجیله و
گه‌ڕانه‌وه بۆ ناو كۆشی نیشتمان
وه‌ره ئه‌ی هاوڕێم
وه‌ره با پێكه‌وه سه‌ما بكه‌ین
ئیتر ئێمه ده‌زانین زه‌مه‌نی دوعا به‌سه‌رچوو
فڕین باڵه‌كانی دڕا‌و و
با لێوه‌كانی وشك و
خۆر كه‌زییه‌كانی بڕاو و
باران په‌نجه‌كانی سووتاو و
باخچه بیره‌وه‌رییه‌كانی زه‌رد بوون
ئیتر من و تۆ ده‌زانین
زه‌مه‌نی دوعا تێپه‌ڕی
هه‌روا به سانایی
باڵنده‌كان دابارین
په‌یژه‌كان له‌هۆشخۆ چوون
ئیتر من و تۆ ده‌زانین
ئه‌ی هاوڕێم
زه‌مه‌نی سه‌ركه‌وتن رما
ئیتر هیچ شتێ داد نادا
مه‌گه‌ر گۆرانی و شێتبوون و سه‌ما
به‌رماڵه‌كه‌ی دایكم ره‌نگی ئاسمانی گرتووه
دوعاكانی ره‌نگی خه‌زان
باخچه‌كه‌مان ماندوو
په‌پووله‌كان تا لێهاتوو
ئیتر زه‌مه‌نی رزگاربوون نه‌ما
زه‌مه‌ی دوعا به‌سه‌رچوو
وه‌ره ئه‌ی هاوڕێم وه‌ره
ئیدی با پێكه‌وه كه‌پرێ له ته‌نهایی و
سێبه‌رێ له رووناكی داڕێژین
به‌ده‌م سه‌مای قه‌ره‌جانه‌وه
شێتبوونی خۆمان ره‌نك كه‌ین و
په‌یژه‌كان به‌سه‌ر بانیژه‌كان هه‌ڵواسینه‌وه
وه‌ره ئه‌ی هاوڕێم
وه‌ره با پێكه‌وه تۆ‌و له دوعاكانی دایكم بگرینه‌وه
وه‌ره با تۆوی دوعا بنێژین
له‌بن بنجی وه‌نه‌وشه و مێرگی به‌یبوون
به‌ڵكو به‌یانیان په‌پووله‌كان پیاسه‌ی پیادا بكه‌ن و
هه‌نگ نیازیان له‌به‌ر بگرێته‌وه
ئه‌مه زه‌مه‌نی غه‌در و پێشبینی نه‌كردنه ئه‌ی هاوڕێم
هیچ شتێ دادی دایكم نادا
ته‌نها ترووسكه‌ی هیوایه‌ك نه‌بێ
هیوای هه‌ڵسانه‌وه له مردن
ئه‌و خه‌ون به‌وه‌وه ده‌بینێ
دواتر له كۆڵانه به‌رینه‌كانی به‌هه‌شت
چاوی به كوڕه ناوه‌نجییه‌كه‌ی رۆشن بێته‌وه
ده‌ستی كچه بچكۆڵه‌كه‌ی بگرێته‌وه و
باوه‌ش به كوڕه هه‌راشه‌كه‌یدا بكاته‌وه
كه بۆ گه‌شتی ئیمان چوو و نه‌گه‌ڕایه‌وه
دایكم له‌گه‌ڵ مردووان‌دا ده‌ژی
ئه‌ی هاوڕێم
ئه‌و هه‌رده‌م دوعا ده‌كا
تا به بێ ئازار
له كه‌ناری زیندووییه‌وه بپه‌ڕێته‌وه بۆ ئه‌وبه‌ری نه‌مان
ئه‌و هه‌موو رۆژێ له‌سه‌ر گلكۆی كۆرپه‌كانی
چلدانه ده‌گرێته‌وه
بۆ سه‌لامه‌تی رۆحی مردووان
وه‌ره ئه‌ی هاوڕێم
وه‌ره با پێكه‌وه سه‌ما بكه‌ین
وه‌ره با پێكه‌وه
له‌م زه‌مه‌نی غه‌دره‌وه
شۆڕبینه‌وه بۆ ناو نزرگای شێتبوون
بریستڵ، پاییزی 2000
له دیوانی "زه‌نگوڵی وتن" ه‌وه، چاپخانه‌ی ره‌نج، سلێمانی،
2008