گۆرانیه‌ك بۆ هۆزه‌كه‌م
سوپاس بۆ ئۆكتاڤیۆ پاز
نه‌زه‌ند به‌گیخانی
من تیشكم
زایه‌ڵه‌م له به‌رزاییه‌وه ده‌ترازێ، ده‌ڕژێمه سه‌ر روخسارتان، له ناو چاوتاندا
ره‌نگ ده‌ده‌مه‌وه، به‌ردتان رۆشن ده‌كه‌مه‌وه، به‌رده سه‌ره‌تاییه‌كانتان،
ده‌ڕژێمه زه‌مه‌نتان و خوڕڕه‌م دێ، وشكاییتان سه‌رچاوه نادیاره‌كانی
ده‌پێچێته‌وه، شه‌ڵاڵێكی زێڕه‌وشان روو ده‌كه‌مه پانتاییتان، له ژێر
برژانگه‌كانتان گۆرانی ده‌ڵێم، له كه‌نارتان راده‌كشێم، له‌شتان شێوه‌ی رووبار
وه‌رده‌گرێ، له سه‌ر پێستتان خۆم هه‌ڵده‌خه‌م
" سۆزی هه‌تاو له‌سه‌ر گژوگیای خه‌وتوو"
تیشكتانم...
سیمام باڵ ده‌گرێ، به‌رزاییه‌كانی بێده‌نگیتان ته‌ی ده‌كه‌م، شه‌وق ده‌بارێنمه
سه‌ر زه‌نگوڵی وتن، نیگایه‌ك ده‌پشكوێ، بینین باوه‌ش ده‌كاته‌وه، سپیایه‌تی
ده‌ڕژێته ناو شیناییتان، به‌رده‌كان ده‌بنه په‌لكه‌زێڕینه، به‌رده
سه‌ره‌تاییه‌كانتان، ده‌ڕژێمه زه‌مه‌نتان و خوڕڕه‌م دێ، غوبارتان خونچه ده‌گرێ،
ئاسمانتان چارۆگه‌ی شه‌رم ده‌گرێته‌وه، له ژێر چڵی گه‌رماییمدا پیت پێده‌گرێ
ئاوازی ره‌نگ له به‌رده‌رگای ته‌مه‌ن
تیشكتانم...
ده‌تكێمه سه‌ر جه‌سته‌ی ساڵه‌كانتان، نوور ڕۆ ده‌كه‌مه به‌رپێی پیریتان،
منداڵیتان راده‌ژێنم، ده‌ست ده‌خه‌مه سه‌ر سنگی شه‌وه‌كانتان، ناوله‌پم گڕ ده‌گرێ،
بسكی درێژی خه‌ونه‌كانتان له‌سه‌ر گۆنای سه‌رده‌م، ده‌ڕژێمه زه‌مه‌نتان و خوڕڕه‌م
دێ، به‌رده‌كان ده‌تریقێنه‌وه، به‌رده سه‌ره‌تاییه‌كانتان، زه‌مه‌ن باوه‌ش
ده‌كاته‌وه، زه‌مبیلێ وشه‌م پێیه، دێم و ملوانكه‌ی دوارۆژ ده‌كه‌مه گه‌ردنی
ئێستاتان، گه‌ڵایه‌كی نارنجی له‌سه‌ر په‌رچه‌می هه‌ور، به‌رز به‌رز هه‌ڵده‌كه‌م
ده‌دره‌وشێنه‌وه له‌ژێر تریفه‌ی په‌یڤم
تیشكتانم...
ناوله‌پی ئه‌ستێره جێنزرگه‌مه و له قووڵاییه‌كانی فڕینه‌وه هه‌ڵده‌كه‌م، چه‌شنی
هوما ده‌نیشمه سه‌رشانی ته‌ماشاتان، ناوچه‌وانتان پێروو ده‌گرێ، رووخسارتان وه‌ك
چرا داده‌گیرسێ، ده‌ڕژێمه زه‌مه‌نتان و خوڕڕه‌م دێ، به‌رده‌كانتان ده‌بنه
شینه‌شاهۆ، به‌رده سه‌ره‌تاییه‌كانتان، ده‌ده‌نه شه‌ققه‌ی باڵ، ئاسمانتان
لاپه‌ڕه‌كانی هه‌ڵده‌داته‌وه، دڵۆپێ شینایی ده‌تكێته به‌رپێتان، ده‌ستنوێژ
هه‌ڵگرن په‌ریه‌ك دێته حزورتان، چه‌شنی په‌ڕامووچه‌یه‌كی كه‌سك له بناری با، دێم و
ده‌ستی موباره‌كی به پشتتاندا دێنم، رۆح شاگه‌شكه ده‌بێ، جه‌سته‌تان نووری
لێهه‌ڵده‌ستێ، جوانی جریوه‌ی دێ له‌ژێر پڕشنگی پیرۆزییم
هۆ هۆزه په‌ره‌وازه‌كه‌م.
بریستڵ، زستانی 2002
له دیوانی "زه‌نگوڵی وتن" ه‌وه، چاپخانه‌ی ره‌نج، سلێمانی،
2008