حیكایه‌ته‌كانی نه‌نكم
نه‌زه‌ند به‌گیخانی
پێشكه‌شه به برای جوانه‌مه‌رگم قوباد
له‌سه‌ر پانتایی نادیاریت
په‌نجه‌ره‌یه‌ك كرایه‌وه
په‌نجه‌ره‌یه‌ك به ئه‌ندازه‌ی شادبوونه‌وه به یه‌کتری
په‌نجه‌ره‌یه‌ك به ئه‌ندازه‌ی دیدارێ
له‌گه‌ڵ جاران و
لێژبوونه‌وه بۆ ناو عیرفانی حیكایه‌ته‌كانی نه‌نكم
ژیان ده‌شێ دانیشتنێكی وه‌نه‌وشه‌یی خوشك و برا بێ
له‌ناو ژووری سپیی وشه و
به‌ر ئاگردانی حیكمه‌ته‌كانی نه‌نكم
ئینجا ئه‌و ده‌یوت
ژیان ده‌شێ چاوه‌ڕوانیه‌کی شین بێ
بۆ دیداری عه‌شقێ یا بۆ لێكدابڕان
چاوه‌ڕوانی له‌دایكبوونی روئیایه‌ک
یا تێكه‌ڵبوون به غوبار
ژیان ده‌شێ چاوه‌ڕوانیه‌کی شین بێ
چاوه‌ڕوانیی ونكردنی هه‌میشه‌یی یه‌كێك و
سه‌ره‌تای كۆتاییه‌كان
كۆتایی پێكه‌وه‌یی و
سه‌ره‌تای خۆڕاهێنان
ژیان ده‌شێ ته‌نها خۆڕاهێنان بێ
خۆڕاهێنان به پێكه‌وه‌یی
یا به رووبه‌ری دوورییه‌كان
خۆڕاهێنان به نادیاریی و
به سیمای ساردی ساڵه‌كان
خۆڕاهێنان به چاوه‌ڕوانییه‌کی دیكه
چاوه‌ڕوانیی كردنه‌وه‌ی په‌نجه‌ره‌یه‌ک
به ئه‌ندازه‌ی بینینه‌وه و
سپاردنی كلیلێ له‌گه‌ڵ قه‌ناعه‌تێكی رووت
بۆ قفڵدانی ده‌رگاكان
ده‌رگایه‌ک له‌سه‌ر دووری
یه‌كێ له‌سه‌ر دره‌شانه‌وه‌ی ساته‌كان
ده‌رگایێ له‌سه‌ر عه‌شق
یه‌کێ له‌سه‌ر جوانه‌مه‌رگیی روئیاكان
ده‌رگایێ له‌سه‌ر ژووره سپییه‌كانی وشه و
یه‌كێ له‌سه‌ر هه‌بوو نه‌بووه‌كانی نه‌نكم
ده‌رگایێ له‌سه‌ر هه‌یوانی ئه‌و كۆشكه‌ی
كه من و تۆ پێكه‌وه پیایدا تێپه‌ڕین
ده‌رگایه‌ک له‌سه‌ر ئه‌و ده‌رگایه‌ی
كه لێی هاتینه ژووره‌وه و
یه‌كێ له‌سه‌ر ئه‌به‌دییه‌تی په‌یوه‌ندییه‌كان
ئینجا نه‌نه ئامینم ده‌یوت
ژیان ده‌شێ ته‌نها ده‌رگایه‌ک بێ
بۆ گوزه‌ركردن به‌ره‌و پانتایی ئێره و
چوونه‌ده‌ره‌وه له ده‌رگایه‌كی دیكه
كه به هه‌میشه‌یی داده‌خرێ
فه‌ڕه‌نسا، پاییزی 2003
له دیوانی "زه‌نگوڵی وتن" ه‌وه، چاپخانه‌ی ره‌نج، سلێمانی،
2008.