په‌ڕینه‌وه به فرمێسکه‌کانی زێوانێکدا..
" نوسینه‌وه‌ی شه‌وی سه‌فه‌رێکه به خه‌یاڵی ڕوبارێک .."
جه‌مال غه‌مبار
ده‌ست له‌ناو ده‌ستی باران و
قه‌ده‌ری هه‌ورێک به‌ڕێ ئه‌که‌ین ...
خۆمان فریو ئه‌ده‌ین نه بادا ژیان
ئه‌مجاره‌ش سیحرێکی چاوگه‌ش
له منداڵیی و عیشقمان بکات ..
تۆ هه‌میشه به ده‌م شنه‌ی خه‌یاڵه‌وه ئه‌پرسیت :
- دنیا بۆ هێنده کاڵ ئه‌نوێنێ
بۆچی له باخی گۆرانییدا
میوه‌ی وشه‌کان ناچنه‌وه سه‌ر هیچ شیعرێک ..
ئێمه چۆن که‌و‌تینه ئه‌م تۆفانه‌وه
ئاوێنه‌کانی خه‌یاڵمان چۆن به خۆمان لێڵکرد ..
ئێمه له کێ ئه‌چین خوایه !
ڕێگه‌کان چه‌ند زوو ونئه‌که‌ین ..
منیش هه‌میشه پێت ئه‌ڵێم ؛
ئه‌مانه گوڵی پرسیار نین
هه‌تا له باخچه‌کانی به‌فری " یۆتۆبۆری "
یان له ئێواره سارده‌کانی دڵی تۆدا هه‌ڵوه‌رێن ..
ئه‌و شه‌وه‌ی به بۆنی گوڵی به‌فر که‌وتین ،
ئه‌و شه‌وه‌ی به‌فر نه‌یهێشت به کۆمه‌ڵ بچینه‌وه
بۆ لای سورمه‌کانی عه‌ده‌م و ئیتر نه‌بینه‌وه به ژیان ..
ئه‌و شه‌وه‌ی به کۆمه‌ڵ ئه‌بووین به مه‌سیح و
خاچی به‌فر بۆ یه‌ک به یه‌کمان ئه‌گه‌ڕا ..
ئه‌و شه‌وه‌ی به کۆمه‌ڵ ته‌نیا بووین ،
به سه‌فه‌ر ته‌نیا بووین ،
به خۆمان ته‌نیا بووین ..
ئه‌و شه‌وه وه‌کو خوا
وه‌کو کورد چه‌ند ته‌نیا و ته‌نیا بووین !
ئه‌مانه فرمێسکه‌کانی زێوانێکن
له گریانی شیعردا ، ئه‌ستێره ئه‌کات به قافیه و
له پشت قسه‌کانی مانگه‌وه ئه‌چێته‌وه سه‌ر ده‌ریا ..
ئه‌و زێوانه فێره هه‌موو جارێک
له کۆبوونه‌وه‌ی چراکاندا به مۆمێکه‌وه دێت و
نورێک به ناوی عیشقه‌وه
له‌وێ لای دڵێکی وه‌ک لیمۆی
سه‌ر مێزی سه‌رخۆشێک گوشراو ،
له لای ژنێکی
وه‌ک حیکایه‌تی به‌فر پڕ کوێستان ،
له‌وێ .. له‌وێی ماڵی ڕۆحه کوژاوه‌کان جێدێڵێت ..
ئه‌و زێوانه ماڵێکی هه‌یه دوو کۆڵان له‌ولای هه‌تاوه‌وه
ئه‌و زێوانه گریانێکی هه‌یه دوو گه‌ڵا له‌ولای بارانه‌وه
ئه‌و زێوانه نیشتمانێکی هه‌یه یه‌ک ته‌ماشا له‌ولای خه‌یاڵه‌وه
ئه‌و زێوانه تۆی هه‌یت ، تۆی مورید و تۆی خه‌مژه‌ن و
تۆیه‌ک که‌س نازانێت چۆن هاتیت و
له کوێی قه‌فقاسی شیعره‌وه هاتیت و
بۆچی له‌گه‌ڵ قافڵه‌ی بێده‌نگییدا هاتیت و
هه‌تا کام ده‌می هه‌ڵکردنی مه‌رگ دێیت و
هه‌تا چه‌ند گۆرانیی ئه‌مێنیته‌وه و
هه‌تا کوێی عیشق ، سه‌ده‌کان پڕ ئه‌که‌یت له خۆت !
تۆش ڕه‌نگه هه‌ر ئه‌و زێوانه‌ت هه‌بێت .
زێوانێک ، قسه‌کانی له باران ئه‌چن ،
نازانێت ئاخۆ شیعر چیی به‌سه‌ر دێنێت و
نازانێت ئاخۆ دوای ئاخرین سه‌فه‌ر
دڵی له کوێ له ماڵی کام هه‌ور
یان له جانتای پڕ ئیلهامی کام عاشق جێئه‌هێڵێت !
******
به‌ده‌م عیشقه‌وه ، به‌سته‌یه‌ک داگیرسێنه با ڕوناک ببمه‌وه
به‌ده‌م خه‌یاڵه‌وه ، په‌لی شیعرێکم بگره هه‌تا ئه‌گه‌مه ئاسمانت ..
حه‌رفی ئاوداری تۆ له کوێ بێت ، قه‌ڵه‌می تینووی من وا له‌وێ !
چرای ڕوانینی تۆ له کام هه‌یوان بێت ، من له‌وێ هه‌ڵئه‌بم ..
سه‌فه‌رێکه و ،
مردنێکه و ،
هاواری فه‌نابوونێکه
من ئه‌یکه‌م و
وه‌ک نه‌مامی ده‌وری حه‌وشه‌یه‌کی ته‌نیا
له‌سه‌ر پێ خۆم بۆ ناگیرێ و
له تۆدا خۆ ئه‌ڕوێنم ..
که هاتیشمه‌وه ، پێم مه‌ڵێن کوانێ مێخه‌کی شارانت ،
کوانێ سیحری ئاوابوونی پیریی و
کوانێ جورئه‌تی مردنێک
له ئێواره‌ی ڕژانی دڵێک له باخی بێمروه‌تیی و سه‌فه‌ردا !
که دێمه‌وه
له‌به‌ر په‌نجه‌ره‌ی ویساڵدا دڵم بۆ هه‌تاو ڕائه‌خه‌م
له‌به‌ر ده‌رکی خه‌راباتی تا ئه‌به‌د عاشقبووندا
له‌گه‌ڵ خۆم ئاشت ئه‌بمه‌وه ،
بۆ ئه‌وه‌ی ؛
ده‌ستکه‌مه‌وه به کۆکردنه‌وه‌ی پارچه‌کانی هه‌تاو ،
بچمه‌وه به‌ر قاپیی سۆزه گه‌شه‌که‌ی " مه‌ولانا "
پێی بڵێم نهێنیی ئێوارانی ته‌نیایی خۆیم
له کۆڵانه داخراوه‌کانی " شام " دا بۆ شه‌رحکات ..
پێی بڵێم ئه‌و له هه‌ڵکردنی کام شیعردا
دڵۆپ دڵۆپ ، نووری تکانده دڵی "سه‌لیم به‌ره‌کات" و
ئه‌و له ماڵی کام مۆسیقادا ، خۆی کرده جیلوه و
خۆی نیشانی ئاوێنه‌کانی دڵشکان و ڕۆحشکان دا ..
پێی بڵێم تۆ که غه‌رقیت له خوا ،
تۆ که مه‌ستیت به ژنێتیی باخچه‌کانی جاویدانیی ،
تۆ که ساراکانی ڕۆح به قه‌ڵه‌می بێهوده‌یی دنیا ئه‌کێڵیت ،
تۆ که مه‌سافه‌ی نێوان شه‌راب و دڵ ، ماچ و شیعر
به په‌نجه‌ی ئاو ئه‌پێویت ؛
ئیتر بۆ جارێکی تر له زه‌مینی ئه‌م وه‌جده‌ی
منی نیشتمان و
له ڕوباری شیوه‌نی مه‌وله‌وی بۆ عه‌نبه‌رێ
شین نابیته‌وه و
ئیتر بۆچی گۆرانییه‌کی تر بۆ گوڵ ناڵێیت و
باوه‌ش ناکه‌یت به ده‌ریادا و
نابیته‌وه به ڕوناکیی بۆ ئه‌و دڵانه‌ی
موحتاجن چنگێ – با – له به‌خته‌وه‌ریی قه‌رزکه‌ن !
...........
هه‌ر به‌ده‌م موناجاتی گه‌یشتن به سه‌حه‌ری مردنه‌وه
لێی بپرسم ؛
تۆ له خۆڕا ڕوباری پاکی سه‌ری خۆت هه‌ڵگرت ،
یان له جه‌ور و بێمروه‌تیی براکانی نیشتمان بوو !
پێی بڵێم ؛ ئه‌ی مه‌غریبی باڵنده بێقه‌راره‌کانی دنیا
ئه‌ی زایه‌ڵه‌ی دوا شه‌وی جامی عه‌ده‌م و مه‌یی دنیا ؛
قه‌سه‌م به غه‌ریبیی تۆ ،
قه‌سه‌م به‌و سێوه‌ی ، قه‌ده‌ری هه‌موومانی
هێنایه سه‌رزه‌مینی عه‌زاب .
قه‌سه‌م به‌و شیعرانه‌ی هێشتا نه‌ماننوسیون ،
به‌و عه‌شقه‌ی که هێشتا تێیدا نه‌سوتاوین ،
به‌و نوره‌ی جارێ نه‌یکردوین به په‌روانه ،
قه‌سه‌م به‌و به‌رده‌ی ، ئاوێکی به‌رده‌وان
له په‌نا بێده‌نگیی باراندا جێی هێشت و
دواتریش ناویان نا ؛ به‌ردی غه‌ریبان !
قه‌سه‌م به مه‌نفایه‌ک
که غروری قه‌سیده‌می وردوخاشکرد و
هه‌رچی تاوسه مه‌سته‌کانی خه‌راباته‌که‌مه
له‌به‌ر بارانی خۆکوشتندا ڕووتکرده‌وه ..
قه‌سه‌م به فانۆسی ئه‌و عاشقه هه‌ڵوه‌دایه‌ی
هه‌تا مرد ئه‌یویست مانگ داگرێ ..
دواجار قه‌سه‌م به هیچ !
ئێواره‌یه‌ک دێت ئیتر نیشتمان وه‌ک ته‌نیاترین باران
ناگه‌ڕێته‌وه ناو ته‌ڕبوونی دڵتان
وه‌ک بێده‌نگترین ئه‌ستێره خۆی ناخاته‌وه
به‌ر تریفه‌ی ڕوانینتان
ئیتر نابێته‌وه به مناڵێک به سه‌روپۆته‌ڵاکی خۆڵاوییه‌وه
خۆ بکاته‌وه به حه‌وشه‌ی پرسیار و
به ژووری قسه‌وباس و پێکه‌نینتانا ..
قه‌سه‌م به ده‌ربه‌ده‌ریی هه‌تاوێک له ناو لمی ته‌نیاییدا
هه‌ناسه زه‌رده‌کانی خۆی ناشت ،
قه‌سه‌م به تێوه‌گلانی په‌پوله‌یه‌ک
له شه‌ڕی ناگه‌هانی نێوان مۆمێکی بریندار و
ئاگرێکی ناموراددا ،
قه‌سه‌م به تۆ ئه‌ی شه‌معه‌دانه‌که‌ی عه‌شقی ژن ،
ئه‌ی هه‌ڵکردنی مه‌رگی ژن و
مه‌رگی ئه‌و هه‌موو شیعره‌ی
ده‌ست له ژیان به‌رئه‌ده‌ن و ئه‌بنه گوڵ بۆ عه‌ده‌م !
دواجار قه‌سه‌م به عاشقترین " کلارا "
که ده‌ریایه‌کی دڵڕه‌ق بردی و نه‌هاته‌وه ؛
پایزێک دێت ، له ناکاو نیشتمان وه‌ک غه‌زه‌ب هه‌ڵئه‌کا و
وه‌ک گریان کوڵ ئه‌یگرێ و
وه‌ک قیامه‌ت تووڕه ئه‌بێ ..
فه‌سڵێک به‌ڕێوه‌یه تیایدا نیشتمان له هه‌موومان زویر ئه‌بێت و
به بێ بیسمیللا ، بێئه‌وه‌ی ڕوو له قیبله‌ش کا
ملی کۆتره‌کانی خۆی له داخا
یه‌ک به یه‌ک هه‌ڵئه‌کێشێ و باخچه‌کان پڕ ئه‌کات له خوێن .
توڕه‌یه نیشتمان ، توڕه‌یه ..
له‌و سنوقانه‌ی پڕن له ژنکوشتن ، توڕه‌یه ..
له بێواده‌یی هاوڕێ زاهیده‌کانی دوێنێی توڕه‌یه ..
شه‌ڵاڵه له بێزاریی ، نیشتمان !
پڕ پڕه له دڵی بیمار و
سه‌حرایه به غوباری بێمروه‌تیی ، نیشتمان !
با هه‌موو نغرۆ بین له ئه‌ودا
با هه‌موو په‌نجه‌ره بین بۆ ڕوانینی ئه‌و ..
بۆ شه‌وی ئه‌و ، گوڵ بگرین
له‌سه‌ر پاشماوه‌ی دیواره ڕوخاوه‌کانی دڵی ئه‌و بنوسین ؛
ئه‌وان نان و په‌نجه و دڵ و هه‌ناسه‌یان بۆ خۆیان برد
ئه‌وان له خۆڵی ونبوون ، له گڵی به‌دبه‌ختیی
قوڕێکیان شێلا ، هه‌ردوو قاچی نیشتمانی تێدا چه‌قین !
توڕه‌یه نیشتمان ، توڕه‌یه !
غه‌رقه به سه‌فه‌ر ،
داخراوه به ده‌نگی به‌رده‌کانی بێهوده‌یی ..
نیشتمان ، له‌و ده‌مه‌وه‌ی خه‌ون وشکی کرد
له‌و ده‌مه‌وه‌ی عومری شۆڕشه‌کان کورتیان هێنا
ئیتر له‌و ده‌مه‌وه
کچێنیی هه‌موو بایه‌کانی خسته پاڵتۆکه‌ی خۆیه‌وه و
ئیتر له‌و ده‌مه‌وه سره‌وتی لێبڕا و
ئیتر له‌و ده‌مه‌وه نیشتمان بۆ قاموسێک ئه‌گه‌ڕێت
پڕ بێت له ته‌متومانی ئه‌و وشانه‌ی
مانایه‌کیان بۆ بیابانه‌کانی مه‌نفا پێیه .
ته‌فسیرێکیان بۆ ناشتنی ئازادیی له ئینجانه‌ی عاشقاندا
بۆ هه‌ڵگرتنه‌وه‌ی ئه‌و ده‌نکه گه‌نمانه‌ی
له نائومێدیی ڕژان ، هه‌ڵگرتووه ..
نیشتمان عه‌وداڵه به شوێن
ئه‌و حه‌رفانه‌ی
چاوه‌ڕوانیی هه‌موومان ئه‌نوسنه‌وه
له کردنه‌وه‌ی ده‌رگایه‌ک ؛
به ڕووی که‌سێکدا که نایه‌ت
به ڕووی شه‌قامێکدا که پڕه له سێبه‌ری شه‌ڕ
به ڕووی سه‌رزه‌مینێکدا که ئیتر ته‌ڕ نابێت به ئه‌وین ..
ده‌رگایه‌ک ، هیی هه‌موومانه و هیی که‌سیشمان نییه
ده‌رگایه‌ک ، به ڕووی باخچه‌یه‌کدا
جاران گۆرانیی بۆ ئه‌چڕین ، ئێستا ئێواره‌مان ئه‌داتێ ..
ده‌رگایه‌ک ، ئه‌گه‌ر له بێده‌نگییدا بشكێت
خه‌تای ئێمه‌یه ، نه‌ک به‌ردی نزا ..
توڕه‌یه نیشتمان .. توڕه‌یه ..!
ئه‌دیلاید - 2008
(*) یۆتۆبۆری : شارێکی گه‌وره‌ی وڵاتی سوێده و له
شه‌وی سه‌فه‌رێکمدا بۆ ئه‌وێ خۆی هێنایه ناو ئه‌م قه‌سیده‌یه‌وه .