ڕۆژانێک سلێمانی له‌وێ بوو
لای خودا !
شیعری : جه‌مال غه‌مبار
به چاوی ڕووبار من بینیم ، خۆی بوو ، خۆی ..
سلێمانی بوو
له‌سه‌ر شۆسته‌ی چاوه‌ڕوانیی
به‌ده‌م دڵئێشانه‌وه ، به‌ده‌م له‌رزی غه‌ریبیی و
به‌ده‌م پێوه‌دانی ده‌رگاکانی سه‌بوریی به ڕووی ژیاندا
به‌ده‌م هه‌ڵوه‌رینه‌وه له خۆی ئه‌تکا
له جه‌فا ئه‌که‌وته خوارێ ..
به‌و هه‌موو سێبه‌ره بریندار و
به‌و هه‌موو مردنه‌ی به ناهه‌ق لێیکرا
هێشتا خه‌ریکی هاوڕێیه‌تی بوو له‌گه‌ڵ نور
له‌گه‌ڵ باران ..
ئه‌و گۆرانیی دائه‌گیرساند
ئه‌و ده‌نگی خۆی ئه‌خسته ده‌ستی ڕه‌شه‌با و
له هه‌ڵه‌بجه ئه‌هاته‌وه
خۆی بۆ ڕۆژی ڤاله‌نتاین گۆڕیبوو ...
به ده‌ستی باخ ته‌وقه‌ی له‌گه‌ڵ کۆتر ئه‌کرد
به لێوی گوڵ ماچی خاک و
به هه‌ناسه‌ی پڕ له عه‌تری ئێوارانی گڵه‌زه‌رده
شه‌ماڵێکی بۆ به‌یانیانی ڕۆح ئه‌نارد ..
سڵاو له یه‌که‌مین شیعرت
که گۆرانییه‌کی غه‌مگینی
بۆ ته‌می سه‌ر ڕۆحه نائومێده‌کانی شار پێنووسیم
سڵاو له یه‌که‌مین ڕسته‌ی ئه‌وین
که به مرواریی نوسیبوت ؛
خوایه نه‌مکوژیت تا ئه‌م عیشقه خه‌تم ئه‌که‌م ..
خوایه بمکه‌یت به بارانێک ئه‌م غوباره‌ی
ڕێگه‌کانی ناو دڵی خۆم بشۆمه‌وه ..
سڵاو له یه‌که‌م خانه‌قات
که یه‌که‌مجار ده‌ستی وشه‌م
به‌ر شیعرێکی تریفه‌یی " مه‌حوی " که‌وت و
ئیتر له‌و ڕۆژه‌وه هه‌رچی به‌رد و داری
ماڵی شیعره‌کانی منه ، هه‌رچی په‌نجه‌ره‌ی سه‌ر دڵمه
پڕن له عیشق ..
پڕن له گمه‌ی ڕۆژانی ئه‌و کۆتره خێرنه‌دیوه‌ی
وه‌ک نیشتمان یه‌کجار فڕی و نه‌هاته‌وه ..
سڵاو له یه‌که‌مین پیاسه‌ت
که ڕێی خستمه باخچه‌کانی فڕینه‌وه ..
سڵاو .. سڵاو ..
بارانێ سڵاوی ئه‌م غه‌ریبه‌ت لێبێ .. !
******
ئێره سلێمانی دڵه ، کات ده‌مه و بارانی گیانه
له‌گه‌ڵ خه‌مێک پیاسه ئه‌که‌م ،
ئه‌و باسی خۆیم بۆ ئه‌کات چۆن له ئه‌یلولی حوزنه‌وه
بوو به‌و خه‌مه‌ی ماڵ به ماڵی ده‌رگه‌زێن و
باخ به باخی پیرمه‌سوور و
به‌رد به به‌ردی دیواره‌کانی مه‌ڵکه‌ندی و
چرا به چرای شه‌وانی سه‌رشه‌قام و
ڕۆح به ڕۆحی توی مه‌لیکی که‌ڵه‌گه‌ت و
دڵ به دڵی ماڵه شینه‌کانی سه‌رچیمه‌نی گیان ئه‌گه‌ڕێت ..
منیش خۆم ئه‌خه‌مه ڕسته‌یه‌کی شه‌رمنه‌وه ،
من پێی ئه‌ڵێم ؛
ڕۆژانێک که ته‌مه‌نم ئه‌بێته په‌نجا
ئیتر په‌نجه‌ره‌ی شیعر دائه‌خه‌م ،
هه‌ر له خۆمه‌وه وه‌سێت ئه‌که‌م
ئه‌گه‌ر مردم
له " مهاباد " له ئاوی بن "ئه‌شکه‌وتی سه‌هۆڵان"
بمنێژن
له خۆمه‌وه وه‌ک منداڵێکی عه‌جول
به سه‌ر قه‌ڵاندۆشکانی گوناهه‌وه
ده‌ست ئه‌خه‌مه هێلانه‌ی په‌ڕه‌سێلکه‌کانه‌وه
هێلکه بچوکه‌کانیان ئه‌کێشم به به‌ردی عه‌ده‌مدا
به ده‌ست خۆم نابێت له خوار مزگه‌وتی "شێخه‌لی "
توشم ئه‌بێ به توشی شیعرێکی تازه‌ی
" شێخ ئه‌نوه‌ر " و
شیعره‌که خۆیم بۆ ئه‌خوێنێته‌وه و
باس له دڵڕه‌قیی دیوارێک ئه‌کات
له خستنه خواره‌وه‌ی چرایه‌کدا ..!
به‌ده‌ست خۆم نابێت
له دارۆغا لافیته‌یه‌کی ڕه‌ش له خۆمه‌وه ئه‌پێچم
له‌سه‌ری ئه‌نوسم ؛
دڵگرانین به کۆچی ناواده‌ی ئاوێک
که به‌ناوی خوازراوی " م . باران " ه‌وه
هه‌موو جارێ بێره‌دا به‌لای زه‌رده‌په‌ڕدا ئاوا ئه‌بوو ..
به‌دست خۆم نابێت ، زه‌مانه کارێک ئه‌کات
بگه‌ڕێمه‌وه لای ئه‌و ماڵه کۆنه‌ی
به منداڵیی نیشتمانم تێدا جێهێشت
ئه‌و نیشتمانه‌ی پڕ بوو له جانه‌وه‌ر و ده‌عبا
که‌چی من هێشتان گوڵی گریانم بۆ ئه‌گرت
له‌به‌رچاوم نه‌ئه‌که‌وت
ئه‌و هه‌موو کراسی عه‌زابه‌م بۆ ئه‌و دڕی
ئه‌و هه‌موو جۆگه‌ی کتێب و
کانیی ئه‌و هه‌موو ده‌ستنوسه گرانبه‌هایانه‌م
بۆ چاوه کاڵه‌کانی ئه‌و هه‌ڵبه‌ست !
من دوور بووم و ئه‌و نزیک
من قه‌سیده‌یه‌کی دره‌نگ و
ئه‌و منداڵێکی به‌یانیی
داره داره‌ی به شیعرێکی خوداوه‌ند ئه‌کرد ..
ئه‌و ئێواره‌ی هه‌موو زامێک ئه‌هاته لای دڵی من و
له به‌سته‌یه‌کی وه‌ک ئه‌وه‌ی ئاگرێکی بێمه‌یل ئه‌یڵێ و
هه‌ورێکی ناشاد به خۆی و بارانه‌وه بۆی ئه‌بنه کۆرس
به ده‌م ئه‌و سۆزه ته‌ڕه‌وه سه‌ری منی ئه‌دایه‌وه
ده‌ست پایزه شه‌رمنه‌که‌ی باخی گشتی ..
******
ئێستا له‌به‌رده‌م شورا قوڕه‌کانی سلێمانیدا
به باوه‌شێک مه‌نفاوه ڕاوه‌ستاوم ...
ئه‌م دڵه شیعرییه‌ی من چه‌ند سه‌یره !
ئاخر ڕه‌نگه ئه‌و
ئێستا منی وه‌ک عاشقێ له ئاوێنه‌که‌ی ده‌رهێنابێ و
ڕه‌نگه وێنه‌که‌می له‌ت وپه‌ت کردبێ و
دابێتی به‌ده‌م تانجه‌رۆی مردنه‌وه ..
ره‌نگه بڵێت ئه‌م قه‌له‌نده‌ره کێیه
شه‌ڕ به خۆم و شه‌قام و چراکانم ئه‌فرۆشێت !
ئه‌م ده‌فژه‌نه بۆ ده‌فی شیعره‌کانی بێده‌نگ ناکات !
پێی بڵێن .. ئا.. به‌و قه‌له‌نده‌ره بڵێن ؛
تازه من ئه‌و ناناسم
من با‌خچه‌که‌ی جاران نیم ، من ..
ئێستا یه‌کپارچه بوومه‌ته کۆنکرێت ، پڕ بووم له ئاسن ..
په‌نجه‌ره‌که‌ی جارانم نه‌ماوه
که دڵی خۆی تیا دائه‌نا ، یان ڕوانینی خۆی تیا ئه‌چاند..
ئه‌مێستا ، گه‌ڕه‌کانم یه‌کتری ناناسن ،
ده‌رگاکانم خۆیان له‌یه‌کتر دائه‌خه‌ن ..
دره‌خته‌کانم یان جێمدێڵن ،
یان مه‌راق بێسه‌روشوێنیان ئه‌کات ..
پێی بڵێن ئیتر ئاوی خه‌یاڵاتی خۆی
نه‌ڕێژێته بن حه‌رفه سه‌رخۆشه‌کانی سه‌رچنارم ..
پێی بڵێن ؛ گه‌ر له نیوه‌شه‌وی قه‌سیده‌یه‌کدا
سه‌ردانی کردمه‌وه
نیگه‌ران نه‌بێت ئه‌و ده‌مه‌ی دڕکه‌ڵانی پیرییم
ئه‌چه‌قێته ده‌فته‌ری ته‌ماشای !
نه‌پرسێت : بینیوتانه شار پیر بێت و
شار ته‌نیا بێت و
له داڵانێکی په‌ککه‌وته‌دا سوێند به منداڵیی خۆی بخوات..
پێی بڵێن ؛ به‌و ڕۆحه غه‌ریبه بڵێن ،
ئه‌گه‌ر به ڕێگه‌ی شیعردا هاته‌وه
بۆ ئه‌وه‌ی ون نه‌بێت
ئه‌بێ باران بکاته ده‌لیل و
به هه‌ناسه‌ی کانێسکاندا
بگاته‌وه لای ده‌ربه‌نده‌کانی نائومێدی !
پێی بڵێن ؛ گه‌ر به ئاوی عیشقدا هاته‌وه
هه‌موو شاریش هه‌ڵکه‌نێت
تازه ڕۆحی برینداری جارانی خۆی
نادۆزێته‌وه و
تازه نابێته‌وه به مه‌راقی باڵنده‌یه‌ک و
ناوه‌رێته سه‌ر ئێواره خاپوره‌کانم !
پێی بڵێن ؛
پێشئه‌وه‌ی شوراکانم پڕ بن له نغرۆبوون
پێشئه‌وه‌ی هه‌رمێی مردن پێبگات و
عیشقێکیش ڕووبدات
له شێوه‌ی ژماردنی عومرێک له پایزه‌وه هه‌تا سه‌راب
پێی بڵێن ؛ شارێک هه‌بوو کفری کرد و
ته‌نیایی هه‌ڵبژارد و
گۆرانیی بۆ گوناه وت و
له‌گه‌ڵ یاخیبوون جووتبوو ..
شارێک هه‌بوو :
له - ئه‌سینا – غه‌ریبتر
له تۆ شاعیرتر
له هه‌موومان چۆڵتر ..
شارێک هه‌بوو ، به ناو تۆدا پیاسه‌ی ئه‌کرد ..
شارێک هه‌بوو تۆ ئه‌تنووسی و
ئه‌و نه‌ئه‌هاته‌وه سه‌ری دێڕ !
شارێک هه‌بوو ...
----------------------------------- ئه‌دیلاید – 2008 –
سه‌رنج : ڕه‌شنوسی ئه‌م قه‌سیده‌یه له چه‌ند کۆڕێکدا له شاره‌کانی ستۆکهۆڵم و یۆتۆبۆریی وڵاتی سوێد و ، شاری ڕۆتردامی وڵاتی هۆڵه‌ندا و هه‌روه‌ها له دیدارێکی که‌ناڵی کوردساتدا خوێنراوه‌ته‌وه .