* وه‌رزه ئاڵه‌کانی عه‌ده‌م *
قه‌سیده‌ی : جه‌مال غه‌مبار
هه‌رچی مینای دڵه‌کان بوو ، هه‌ڵیان وه‌راند
ئه‌و هه‌موو گۆزه جوانه‌یان شکاند ،
ئه‌و هه‌موو کانی و ئاوه‌یان گوێزایه‌وه
هه‌رچی که‌ڵه‌کی ژنان و
سه‌کۆی ئێوارانی به‌ر ماڵان بوو ..
هه‌رچی قیبله هه‌بوو ؛ قیبله‌ی نوێژ و
قیبله‌ی عیشق
و
قیبله‌ی شۆڕش
..
هه‌ر هه‌موویان ورد و خاش کرد ..
ئه‌م جه‌ننه‌ته‌یان به ئاوی خه‌تاکان به‌خشی
ئه‌م هه‌موو نوێژه‌یان ، له دوعاکان بێبه‌ری کرد ..
ئه‌م هه‌موو شاره‌زووره‌یان ،
کرده ته‌نورێک بۆ ( نالی ) ..
ئه‌م هه‌موو خۆڵه‌مێشه‌یان ، له پشکۆکان نیگه‌ران کرد ..
ئه‌وان که هاتن ، وه‌رزه ئاڵه‌کانی عه‌ده‌میان پێ‌بوو ..
ئه‌وان که هاتن ، ڕه‌وه کولله‌ی
ناو
میحنه‌ته‌کانی مێژوو بوون ،
هه‌وای دۆزه‌خ
هینابوونی ..
که هاتن ، مه‌وسمی گۆرانی و
شه‌وقی ئه‌و هه‌موو ساڵه‌یان
خسته چاڵێک ئاگره‌وه ..
ئه‌و هه‌مو ده‌رگایه‌یان ، له‌سه‌ر ته‌نیایی ڕۆحه‌کان داخست ..
ئه‌و هه‌موو خه‌ونه‌یان به‌سه‌ر چڵێکی وه‌حشه‌ته‌وه جێهێشت ..
به‌رسیله‌کانی مناڵیی و چرۆکانی به‌رائه‌تیان
هه‌ر به سه‌وزیی بۆ سه‌ره‌نوێلک فڕێ دا ..
ئه‌وان له ئه‌زه‌له‌وه هه‌ر وا بوون .
جوانترین گه‌مه‌یان ؛ کوشتن و
ناسکترین وشه‌یان ؛ خوێن بووه ..
ئه‌وان که هاتن ،
هه‌رچی ماڵی سپیی کچه عازه‌باکان هه‌بوو ، ڕووخاندیان ..
هه‌رچی هێلانه‌ی ئاوریشمیی عیشق هه‌بوو ، سووتاندیان ..
ئه‌وان ، ئاوێنه‌ی حه‌وزێکی لیخنیشیان نه‌هێشته‌وه
دره‌خته ڕیش سپییه‌کانی ئاوایی ،
له به‌ریا ده‌ستنوێژ هه‌ڵگرن ..
ئه‌وان که هاتن ،
ڕه‌وه کولله‌ی پاش میحنه‌ته‌کانی مێژوو بوون ..
بای دۆزه‌خ ، هه‌ڵی گرتبوون ..
هه‌رچییان کرد .. هه‌رچییان برد ،
خۆیان و خوا و ( تراکتۆره‌کان ) نه‌بێ ،
که‌س نه‌یزانی !
******
پاوانه‌کانی موحیببه‌ت ، گه‌ر ئه‌مجاره ، زرنگه‌یان لێوه بێ ،
قافڵه له ڕێی عه‌جه‌مه‌وه ، ناگه‌ڕێته‌وه ..
ئه‌مجاره‌یان ، قافڵه‌کان ، له ( عه‌رعه‌ر )ه‌وه دێنه‌وه ؛
کۆڵوانه و ، گۆزه‌ی شکاو و ، قۆریه چای به جێماوی
هێشتا گه‌رمی ئێوه‌یان پێیه ..
هۆره‌ی کوژراو و ، ڕه‌شماڵی بێ‌ناز و ،
فه‌قیانه‌ی ته‌ڕ و خوێناویی ئێوه‌یان هه‌ڵگرتووه ..
قافله‌کان ، له عه‌رعه‌ره‌وه دێنه‌وه ،
هه‌موو شته‌کانیان پێیه ، ئێوه نه‌بێ ..!
پووزه‌وانه‌ی بێ قاچ و ، چاوه‌زاری شکاوی
سه‌ر ده‌رگای فیرده‌وسه ڕوخاوه‌کانیان
بار کردووه !
له وێوه ، له وڵاتی بیابانه‌وه ، دێنه‌وه ..
ئێوه‌یان له‌گه‌ڵدا نین ، نــا ..
به ناوی ئێوه‌وه ، مه‌مله‌که‌تێک له ژێر ( لـم ) دا ،
میرنشینێکی بێ میر و ، به بێ ڕه‌عیه‌ت ،
وڵاتێکی بێ ئاڵا و ، بێ سروودی نیشتمانیی
له‌وێدا ، له‌و سه‌حرایه‌دا ، ئیعلان کرا !
به ناوی ئێوه‌وه ؛
له پێشه‌کیی چاپی ده‌یه‌می ئینجیل‌دا ،
( مه‌سیح ) نووسیبووی :
- کێ ئه‌نفالم بۆ ده‌خاته ڕسته‌وه ،
من له خاچه‌که‌م دێمه خوارێ و
سه‌ری خۆمی پێ ده‌به‌خشم !
قافڵه‌کان له‌وێوه ، له مه‌مله‌که‌تی ( لـم ) ه‌وه
بۆ ئێره‌ی بێ ئاگر و
ئێره‌ی بێ باران دێنه‌وه ..
قافڵه‌کان پڕن له میعراج و فانۆس و داری عود .
پڕن له نوقڵ و مێوژی شه‌وه موباره‌که‌کانی ئێره ،
شه‌وانی به‌راتی ئێوه نه‌بێ !
گه‌ڵای هه‌موو یادگاره‌کانیان پێیه ،
نووزه و هه‌نسکی ئێوه نه‌بێ !
هه‌موو تابلۆکانیان هه‌ڵگرتووه
پۆرترێتی ڕووی مه‌لوولی ئێوه نه‌بێ !
قافڵه‌کان هێنده بێ مروه‌تن ، که دێنه‌وه
گه‌رمترین هه‌واڵی دنیایان پێیه ،
دوا خه‌به‌ری ماڵئاوایی ئێوه نه‌بێ له خاک !
ئێوه که گه‌یشتنه ئه‌وێ ،
هێشتاکه بۆنی ڕه‌یحانه و
بۆنی مێخه‌کتان لێ ده‌هات !
******
ئێوه که گه‌یشتنه ئه‌وێ ،
بیابان به هاواره‌کانی خۆی وت :
سه‌رنجێ له‌م گوڵه حه‌سره‌تیانه بده‌ن
ده‌ڵێی تازه له ناو به‌هه‌شته‌وه هاتوون !
که گه‌یشتن ، گۆرانییتان بیر چووبۆوه ..
به ناو درزه‌کانی زه‌میندا ، به چرای حوزنه‌وه
بۆ ترپه‌ی دڵه‌کان ، بۆ قومێک خۆشه‌ویستیی و
بۆ چنگێ هه‌وری سه‌بووریی ده‌گه‌ڕان !
له‌و ئێواره سه‌ختانه‌دا ،
کێ ده‌یتوانی ، ئازارێکتان ژیر کاته‌وه
کێ ده‌یتوانی ئازارێکتان بلاوێنێ ..!
ئێوه که گه‌یشتنه ئه‌وێ ، هه‌موو شتێک ته‌واو ببوو..
ڕه‌نگی قه‌ده‌رتان ، له ڕه‌نگی سه‌حرا ده‌چوو ..
به بێده‌نگیی ، ده‌ڕژانه ئینجانه‌کانی مه‌رگه‌وه ،
له‌و مه‌مله‌که‌ته بێ که‌ناره‌ی – لـم – دا ؛
ئاگر که سه‌یری ده‌کردن ، شه‌رمه‌زار بوو ..
ئێوه که گه‌یشتنه ئه‌وێ ،
ده‌مێک بوو خۆڵ ، باریبووه سه‌ر دڵ و چاوتان
ده‌مێک بوو ، کاغه‌ز و جزدان و ده‌فته‌ری
به‌ر باخه‌ڵتان ،
به خوێنی ئه‌م کۆچه ته‌ڕ ببوو ..!
******
ساڵ دره‌نگه ، فه‌سڵه‌کانی چاوه‌ڕوانیی به‌سه‌ر چوون و
قافڵه‌کانیش گه‌یشتن و
ئێوه چاوێکتان هه‌ڵنه‌بڕی
ئێوه نامه‌یه‌کتان نه‌نارد ..
به بێ گه‌ڕانه‌وه‌ی ئێوه ، فیراق دوا وێسگه‌مه ئێستا !
به بێ پێکه‌نینی ئێوه ، گریان دوا جیلوه‌مه ئێستا !
تۆش .. ئه‌ی ( زاکیره ) ی ئه‌نفالکراوم ،
دره‌نگه خۆت کۆکه‌ره‌وه ،
به دیار ئێواره‌یه‌که‌وه دامه‌نیشه ،
ئه‌ستێره‌ی تێدا هه‌ڵنایه‌ت ..
چاوه‌ڕوانی هاتنه‌وه‌ی مناڵێک مه‌که ،
ده‌سته‌کانی پڕن له دووکه‌ڵ !
چاوه‌ڕوانی چیی ده‌که‌یت ،
ئیتر گۆزه‌کان له کانیی نایه‌نه‌وه ..
کچه ئه‌سمه‌ره‌کان ، له جیاتی سوخمه و مه‌مکدان
گوڵه زه‌نبه‌قی مردن به سنگیانا هه‌ڵده‌واسن !
دره‌نگه خۆت کۆکه‌ره‌وه ،
فه‌سڵه‌کانی چاوه‌ڕوانیی به‌سه‌ر چوون و ،
قافڵه‌کانیش گه‌یشتن و
ئه‌وان ، چاوێکیان هه‌ڵنه‌بڕی ..
ئه‌وان نامه‌یه‌کیان نه‌نارد ...
------------------------- 1996 --------------
سه‌رنج :
ده‌قی ئه‌م قه‌سیده‌یه کاتی خۆی له‌لایه‌ن هونه‌ر‌مه‌ندی جوانه‌مه‌رگ (ئازاد
خانه‌قینی ) کرایه گۆرانیی . هه‌روه‌ها چه‌ند کۆپله‌یه‌کی به جیا جیا له لایه‌ن
هونه‌رمه‌ندان ( عه‌دنان که‌ریم ) و ( عادل عه‌زیز ) ه‌وه کراونه‌ته گۆرانیی .