(لەئێستادا بیرۆكەی مردن، بۆ لای مەرگم ڕاپێچ دەكات، چونكە ئیدی هەموو شتێك بەسەرچوو، هەموو شتێك كۆتایی هات.....
گەرچی لەنووسینی كتێبێكدا كەس زۆری لێنەكردووم و كەسیش زۆرم لێناكات، بەڵام پاش نووسینی دەبمە تارمایی و هەروەك ئەوەی كەون بووبێتم، چونكە شوێنەوارێكم بۆ داهاتوویەك بەجێهێشتووە كەمن تێیدا مردووم. ئەمە بانگەشەیەك نییە بۆ نەمربوون، چونكە فۆرمی جێگری ژیان ئەوەیە، كەدەبێت بمریت. هەر بۆیە پاش خۆم ئەو پارچە كاغەزانە جێدەهێڵم.. بەناچاری دەبێت ئەم دنیایە جێبهێڵم و بمرم. نازانم ئەوەی كەجێشی دێڵم، كێ‌ دەبێتە میراتگری و خۆی بەخاوەنی دەزانێ‌؟!)-ژاك دریدا-
 
 
لیمۆند: هێندەی ئاگادارین، جگە لەو بەرهەمانەی لەم ساڵانەدا بەچاپت گەیاندووە، بەشداریی چەندان كۆنفرانستان كردووە، هەر لەلەندەنەوە تا پاریس و زۆر شوێنی دیكەی دنیاش. هەر لەم ساڵدا بوونەتە میوانی دوو فیلمی تایبەت بەخۆتان و زۆرێك لەگۆڤارەكان ژمارەی تایبەتیان سەبارەت بەئێوە بڵاوكردۆتەوە.. وەك هەردوو گۆڤاری Europe و Magazine Litteiaire ...و هێشتاكە زۆر گۆڤاری دیكەش لەژێر چاپدان كە دەرحەق بەئێوە ژمارەیان تەرخانكردووە...هەر بۆ نموونە هەردوو گۆڤاری Herne و Cahiers..
باشە ئەم هەموو چالاكییەتان لەماوەی ساڵێكدا، پێ‌ زۆر نییە؟!
ژاك دریدا: پێم خۆشە هەر ڕاشكاوانە بڵێیت، دووچاری نەخۆشییەكی كوشندە بوون و لەئێستادا خەریكی چارەسەری خۆتانن، بەڵام با لەئێستادا ئەم مەسەلەیە بخەینە لاوە، چونكە تەوەرەی باس و خواسەكەمان هیچ پێوەندییەكی بەباری تەندروستی منەوە نییە.
 
لیمۆند: كەواتە واباشترە بگەڕێینەوە بۆ " تارماییەكانی ماركس" گەرچی تایبەتە بە تێزی عەدالەت لەداهاتوودا، بەڵام پێم وایە واتای پەنهان و نهێنی پشت دێڕەكانی لەم ڕستەیەدا بەرجەستە دەبێت:
" یەكێك لەوانە ڕەنگە من بم، یان تۆ.. هەنگاوێك دەچێتە پێشەوە و دەڵێت: دەمەوێت فێری ژیان بم"..
باشە پاش ساڵانێك لەنووسینی ئەو كتێبە و لەمڕۆدا چی دەرحەق بەفێربوونی ژیان دەڵێن؟!
ژاك دریدا: لەڕاستیدا تەوەرەی سەرەكی كتێبەكە ئینتەرناسیۆناڵی نوێیە و بەدەر لەكۆزمۆپۆڵیتیزم و گڵۆباڵیزم، تێزێكی ئەڵتەردیالیست دەخاتەڕوو.
لەساڵی 1993-دا لەڕوانگەی ئەنتەرناسیۆناڵی نوێوە، ڕاشكاوانە ئاماژەم بەوەدا، كەپێویستە ڕێكخراوەكانی IMF` DTO`G8 و بەتایبەتیش ڕێكخراوی BM هەر هیچ نەبێت بارەگاكانیان ببەنە شوێنێكی دوورتر لە نیویۆرك، ئەمە جگە لەپێداویستی گۆڕینی پڕۆگرام و بەرنامەیان.
سەبارەت بەفێربوونی ژیان-یش ڕاستییەكەی لەكۆتایی كتێبەكەدا ئەم ڕستەیەم بەخەیاڵدا هات، دیارە دەكرێت ئەم ڕستەیە لە زۆر گۆشە نیگاوە ڕاڤە بكرێت، گەر بەیەكێك بڵێیت "فێری ژیانت دەكەم"... وەك ئەوە وایە پێی بڵێیت، دەتخەمە ئەو قاڵبەی كەخۆم دەمەوێت، بەو پێیەش هەست بەتۆنێكی هەڕەشەكارانە لەدوو توێی ڕستەكەدا دەكەیت، ڕاستییەكەی هەر خودی ترسمانە لەمەرگ، كەدەبێتە مایەی تەرحكردنی پرسیارێكی لەو چەشنە.. تۆ بڵێی فێری ژیان ببین؟! یان تۆ بڵێی فێری ژیانمان بكەن؟! گەر نەمەوێت درێژەی بدەمێ‌ و بەپێچ و پەنادا نەتبەم، ئەوە ڕاستەوخۆ وەڵامت دەدەمەوە و دەڵێم:
نەخێر من هیچ كاتێك فێری ژیان نەبووم... بێگومان نەخێر، چونكە فێربوونی ژیان، فێربوونی مەرگە، هەر لەسەردەمی پلاتۆنیشەوە گوتراوە:
" فەلسەفە فێربوونی مەرگە".
گەرچی لەئێستادا كەمتر باوەڕم بەو گوتەیە ماوە، چونكە هێشتاكە فێری مەرگ نەبووم، ئێمە هەر هەموومان دەمانەوێت، لەم دنیایەدا بمێنینەوە و بژین، تا پێمان بكرێت دەمانەوێت مەرگ لەخۆمان دووربخەینەوەو هاتنی دوابخەین، بەڵام مەودای نێوان من و مەرگ، تا دێت زێدەتر كورت دەبێتەوە..چونكە زۆرێك لەو نووسەرانەی كە لەگەڵا مندا ناویان دەهێنرێت، ئێستا لە ژیاندا نەماون و مردوون.
من وەك خۆم میراتگری دەیان شتی باش و خراپم.. دواین نوێنەری نەوەی شەستەكانم. گەرچی هەموو شتێكیان بەڕاست نازانم، بەڵام بەتەواویش لێیان ناڕازی نیم و چەشنێك لەویستی بەرپەرچدانەوەی میلانكۆلیم لا بەرجەستە دەبێت، بەتایبەت كەلەمڕۆدا نەخۆشی تەنگی پێ‌ هەڵچنیوم و لەبگر و بەردەی ژیان و مردندام. ئەوەی كەبەتەواوی بیر و هزری تەنیوم، خودی زیندەگی و مانەوەمە لەژیاندا، بەشێوەیەكی گشتی ژیان بەواتای درێژەدان بەزیندەگی و ئیدامە پێدانی دێت، بەڵام لەڕوویەكی دیكەشەوە بەواتای ژیانەوەی پاش مەرگیش دێت، "واڵتەر بینجامین" ئاماژە بەدوو جۆری ژیانەوەی پاش مەرگ دەدات.
یەكێكیان بە"ئوبەرلیبین" ناودەبات و بەواتای لەژیاندا مانەوەی پاش مەرگ دێت، هەرەك چۆن منداڵێك، پاش مەرگی دایك و باوكی، دەیەوێت لەژیاندا بیانهێڵێتەوە و لەبەرچاویدا بەتەسەور بەرجەستەیان بكات.
دووەمیشیان بە"فۆرتلیبن" ناودەبات و بەواتای ژیانەوەی پاش مەرگ دێت، هەروەك چۆن نووسەری كتێبێك پاش مەرگی دەژێتەوە.
 
لیمۆند: ئاماژەدانت بەنەوەی شەستەكان و ناوبردنی ئێوەش لەگەڵ ئەواندا، چۆن چۆنی لەلایەن ئێوەوە ڕاڤە دەكرێت؟
ژاك دریدا: ڕاستییەكەی ئاماژەدانم بەنەوەیەك، شتێك لاستیكییەو نەوەكانی پێشوو و ڕابردووش، لەمەدارێكی ئەناكرۆنیكی هاوچەرخدا دەگرێتە خۆی.. هەر لەلاكان و لیڤینس و فۆكۆڵت و بارتێس و دیلوز و بلانچۆت و لیۆتارد و ساراكۆفمان-ەوە تا دەگاتە ئەڵتۆسێر و دەیان نووسەری دیكە كەهێشتاكە لەژیاندان، گەرچی ڕەنگە لەڕووی جێگەوە، زۆر لەمنەوە دووربن، بەڵام هەست بەوە دەكەم كەزۆر لێیانەوە نزیكم. گەر لەڕوانگەیەكی میتۆنیمییەوە بڕوانمە میراتی پێش خۆم، دەبینم هیچ هەوڵێكی سازشكارانەو سەوداكارانەی نەبووە و سەرباری زۆر بۆ هێنانی توێژێك لەنوێنەر خۆی سادە نەكردۆتەوە و وەك "Ethos"ێك پاشەكشەی نەكردووە.
شایانی باسە مەسەلەكە لەڕیزكردنی كۆمەڵێك ناودا خۆی نابینێتەوە، هێندەی ئەوەی كەمەبەستمان لەوەبیرهێنانەوەی سەدەیەكە، كەدەبێت لەسڕینەوەو لەناوچوون ڕزگاری بكەین. یان باشترە بڵێم، دەبێت بیژێنینەوە و هەوڵی ئەوە بدەین كەجارێكی دی لەدایك بێتەوە. ڕووناكبیرانی ئەمڕۆ ئەركێكی زۆر گرنگ لەئەستۆیاندایە و دەبێت بەجێی بگەیەنن، چونكە میدیای ئەنتەلكتوێل و لۆبییە"ئیكۆنۆمیك-پۆلەتیك"ەكان، هەموو بوارە مەعریفییەكانیان كۆنتڕۆڵكردووە و دەبێت دژ بەوان جەنگێك بەرپابكەین، ئەمەش بەو واتایە نایەت كەدەبێت دەستبەرداری میدیا ببین و پشتی تێبكەین، بەڵكو دەبێت هاریكارییان بكەین و وایان لێبكەین كەهەست بەبەرپرسیارێتی بكەن.
دەبێت ئەوەشمان لەیاد نەچێت، كەسەدەی بەختەوەری و ئاشتی بەسەرچووە و هەموو شتێك بۆتە هیمۆژینێكی تێكەڵ و هەستی ڕك و ڕكەبەرایەتیمان تێدا دەبزووێنێت، وەك بیرۆكەی ساڵی"68"، لەسایەی گوزارشتێكی بێ‌ مانادا كۆكراوەتەوەو چ لەزانكۆ و چ لەمیدیاكانەوە، وەك پەڕۆڵە یان تاوانباركردنێك بەڕووماندا دەدرێت، بەڵام هەر دەبێت درێژە بەدیالۆگ بدەین و بەزیندووێتی بیهێڵینەوە. ئەوەی كەسەبارەت بەنەوەی خۆم بەڕاستی دەزانم، بەهەمان شێوەش نەوەكانی پێش خۆشم دەگرێتەخۆ و لەهەمان دیدگاوە تێیان دەڕوانم. ناكرێت دەستبەرداری كتێبی پیرۆز و پلاتۆن و كانت و ماركس و فرۆید و هایدیگەر ببم.
هەموو كاتێك فێربوونی ژیان، شتێكی نارسیستییە، چونكە هەردەم مرۆڤ دەیەوێت بەرگری لەبوونی خۆی بكات و لەو گەردوونە گەورەیەدا، سەرباری بچووكی خۆی شوێنێك بۆ خۆی بكاتەوە.
هەر بۆیە ناكرێت پشت بكەمە هەموو ئەو كەسانەی كەخۆشم دەوێن، ئەوەی كە داوایەكی واشم لێبكات وەك ئەوە وایە پێم بڵێت: "بمرە".
لەڕاستیدا ڕاستگۆیی و بەوەفاییم، سەبارەت بەوانەی كەناوم هێنان، چەشنێك لەبەرگری و داكۆكی كردن لەخودی خۆم و خۆپاراستنێكی ناوەكی دەگرێتە خۆی.
 
لیمۆند: پێم وایە ئێوە لەژیاندا مانەوە و نەمریتان كردە، شێوازێكی نووسین و بەو پێیەش شێوازێكی نوێتان داهێنا؟!
ژاك دریدا: گەر شێوازێكی نوێم لەنووسیندا داهێنابایە، ئەوە بێگومان لەفۆرمی شۆڕشێكدا دەكەوتە ڕوو!؟ هەر بارودۆخ و كەش و هەوایەك، شێوازێكی تایبەت بەخۆی گەرەكە، كەبتوانێت پڕاوپڕی ئەو ناوەڕۆكە بێت كەدەخرێتە ڕوو. ئەمە جگە لەوەی دەبێت باوەڕمان بەدروستبوونی توێژێكی نوێش لەخوێنەر هەبێت، چونكە هەر كتێبێك پیدەگۆژییەكی لەقاڵبدانی خوێنەرە و ئامانجی سەرەكیشی هەر ئەوەیە. دیارە ڕاگەیاندنەكانیش هەر لەهەوڵی ئەوەدان. بەڵام بێگومان ئەم كارە هێندە ئاسان نییە و ناكرێت بەسانایی خوێنەران كۆنتڕۆڵ بكرێن.
چەند بەوەفا و دڵسۆزیش بین لەخستنەڕووی گوتارەكانماندا، بەڵام لەگەڵا ئەوەشدا بمانەوێت و نەمانەوێت بەرامبەرەكانمان بریندار دەكەین، بەتایبەت كاتێك كتێبێك بڵاودەكەینەوە هەرچییەك بڵێین و دایبهێنین. دواجار هەموو ئەوەی كەنووسیومانە ئیدی هی ئێمە نییە و لەئێمە بەدەرە و بەدەر لەویست و خواستی ئێمە دەكەوێتە جووڵە و دەبزووێ‌، گەرچی لەنووسینی كتێبێكدا كەس زۆری لێنەكردووم و كەسیش زۆرم لێناكات، بەڵام پاش نووسینی دەبمە تارمایی و هەروەك ئەوەی كەون بووبێتم، چونكە شوێنەوارێكم بۆ داهاتوویەك بەجێهێشتووە كەمن تێیدا مردووم. ئەمە بانگەشەیەك نییە بۆ نەمربوون، چونكە فۆرمی جێگری ژیان ئەوەیە، كەدەبێت بمریت. هەر بۆیە پاش خۆم ئەو پارچە كاغەزانە جێدەهێڵم.. بەناچاری دەبێت ئەم دنیایە جێبهێڵم و بمرم. نازانم ئەوەی كەجێشی دێڵم، كێ‌ دەبێتە میراتگری و خۆی بەخاوەنی دەزانێ‌؟! ڕاستییەكەی ئەم سەدەی (تەكنۆ-كولتوور)ەی تێیدا دەژین، بووەتە مایەی گۆڕینی زۆر شت. نەوەی پێشوو، نەوەیەكی تر بوو، هەردەم پەنامان دەبردە بەر خوێندنەوەی نەوەكانی پێش خۆمان، بەڵام لەمڕۆدا هەموو شتێك گۆڕانی بەسەردا هاتووە و دیار نییە داهاتووی بیر و هزر دەگاتە كوێ‌. بۆخۆم دوو تێڕوانینم هەیە، یەكێكیان ئەوەیە كەڕەنگە پاش مردنم،
چەند خوێنەرێك پەنهان و مەبەستی نووسینەكانم تاوتووێ‌ و شیكار بكەن؟!
تێڕوانینی دووەمیشم ئەوەیە، كەڕەنگە پاش مردنم،
بەپێنج شەش ڕۆژ یان مانگێك لەیاد بكرێم و كتێبەكانم تەنها لەئەرشیفی كتێبخانەكاندا بمێنێتەوە،كەدیارە ئەم هەستە زۆر بەسەرمدا زاڵە و سوێندتان بۆ دەخۆم كەوەك خۆم زۆر باوەڕم بەوەیە، كەوام لێ‌ بەسەر دێت.
 
لیمۆند: لەنووسینەكانتاندا هەست بەوە دەكرێت زۆر هۆگری زمانی فەڕەنسین، تەنانەت لەكتێبی Le Monrolinguisme de L'autre ، ڕاشكاوانە خۆتان وەك پارێزەرێكی زمانی فەڕەنسی ناساندووە و پێتان وایە كەئێوە نیگاركێشێكی ئەو زمانەن.
ژاك دریدا: گەرچی زمانی فەڕەنسی، زمانی زگماكی من نییە و بەبنەچە جوولەكەیەكی فەڕەنسیم و لەسەر خاكی جەزائیر لەدایك بووم، بەڵام لەگەڵا ئەوەشدا زمانی فەڕەنسی تاكە زمانێكە كەبەكاری دەهێنم. جوولەكەكانی جەزائیر چ لەڕووی زمان و چ لەڕووی داب و نەریتەوە، هێشتاكە لەعەرەبەكانەوە نزیكن. پاش ساڵی 1870، جوولەكەكانی ئەوێ‌ تەنگەتاوكران و تەنانەت نەنكم، لەو بارودۆخەدا بەدزییەوە و لەباخچەیەكی پشتەوەی شارەوانییەكدا، ڕێ‌ و ڕەسمی زەواجییان بۆ كردبوو.
سەردەمی دایك و باوكیشم ئەو سەردەمە بوو كەزۆربەی جوولەكەكان تووجار بوون و بەتیجارەتەوە خەریك بوون. زۆربەیان نوێنەری ماركە كۆزمۆپۆلیتەكان بوون. دەكرا زۆر بەسانایی جوولەكەیەك ببێتە نوێنەری فابریكەی سابوونی مارسیلیا لەباكووری ئەفەریقا.
پاشان نەوەی ئێمە هاتە پێشێ‌، كەزۆربەیان مامۆستا و پزیشك و كەسانی ڕۆشنبیر و ئەنتەلەكتوێل بوون و زۆربەشیان گەڕانەوە بۆ فەڕەنسا و پێم وایە
لەساڵی 1962 بەدواوە، هیچ كەسێكی ئەو نەوەیە
لەجەزائیر نەمان.. شایانی باسە یەكێك لەپێكهاتە گرنگەكانی ژیانی من، زمانی فەڕەنسییە و زۆرم لا خۆشەویستەو تەنیا زمانێكی بێ‌ گرێ‌ و گۆڵە بەلامەوە.
ئەوەی كەوام لێدەكات لەنووسینەكانمدا توندوتیژبم، زمانی فەڕەنسییە، یان ڕەنگە لەوەوە بێت، كەزمانێكی خۆشەویستە بەلامەوە. كەدیارە ئەمەش پێوەندی بە نەتەوەپەرستییەوە نییە، زمان پێویستی بەسەلماندن و سەپاندنە. شایانی باسە ناشێت و ناكرێت هەموو شتێك بەسەر زماندا بسەپێنیت، چونكە زمان لەپێش ئێمەوە هەبووە و لەدوای ئێمەشەوە هەر دەبێت. گەر بتەوێت دەستكاری زمان بكەیت و شتێكی بەسەردا بسەپێنیت، ئەوە دەبێت زۆر بەناسكی و نەرم و نیانی بەئەنجامی بگەیەنیت و بێ‌ ئەدەبی دەرحەق نەكەیت، گەر ئەوەش بكەیت دەبێت یاسا نهێنییەكانی زمان لەبەرچاو بگریت و ڕێزت بۆی هەبێت.
هەربۆیە من وەك خۆم بەو شێوەیە لەگەڵیدا دەجووڵێمەوە و دەمەوێت لەمێژووی زمانی فەڕەنسیدا، شوێنەوارێك جێبهێڵم. بەڕادەیەكی بێ‌ سنوور پەرۆش و پەیوەستی ئەو زمانەم و پێشم وایە كەتاكە زمانێكە، توانستی گرتنە خۆی بێگانەی وەك ئێمە و مانانی هەیە.
دڵنیاشم لەوەی كە چ جوولەكە و چ غەیرە جوولەكەكانی فەڕەنسا، لەم ڕووەوە لەگەڵمدا هاوبیر و تەبان.
 
لیمۆند: واپێدەچێت زۆر نەتەوێت لەقسەكانتدا، دان بە"ئێمەی جوولەكە"و "ئێمەی فەیلەسووفدا" بنێیت، گەرچی لەزۆرێك لەنووسینەكانتدا ، ئاماژەت بە"ئێمەی ئۆرووپایی" كردووە، لەوە دەچێت كەمتر سڵا لەبەكارهێنانی بكەیتەوە، لەچاو ئەوانەی پێشوودا.
لەكتێبی L'Autre cap دا ئاماژە بەپیرە ئۆرووپاییەكان دەكەیت.
ژاك دریدا: باش بوو ئەو مەسەلەیەت وەبیرهێنامەوەو، چونكە بەڕاستی لەبەكارهێنانی زاراوەی "ئێمە"، كەمێك دوو دڵم و سڵی لێدەكەمەوە، بەڵام لەگەڵا ئەوەشدا هەر بەكاری دەهێنم، سەرباری ئەوەی كەپێم وانییە ئیسرائیل، نوێنەری نەك تەنها هەر جوولەكەكان، بەڵكو تەنانەت پێشم وانییە نوێنەری خودی زایۆنیزمیش بێت، بەڵام لەگەڵا ئەوەشدا هیچ كاتێك، نكوڵیم لەجوولەكە بوونی خۆم نەكردووە و كەم تا زۆریش "ئێمەی جوولەكەم" بەكارهێناوە و هەر بەكاریشی دەهێنم، تەنانەت گەر پێویستیش بكات، ئاساییە لەشوێنی خۆیدا "ئێمەی فەڕەنسی"یش بەكاربهێنم.
هەر لەسەرەتای نووسینمەوە، دژ بەوە بووم كە ئۆرووپا لەمیانی تێكست و بۆچوونەكانی ڤالێری و هۆسێرل و هایدگەرەوە، هەڵبسەنگێنرێت و لەداڕژگەی مۆدێرنیزمدا جێی بكرێتەوە، چونكە سەرچاوەی نازیزم و تۆتالیتاریزم و جینۆسایدی جوولەكەكان، هەر لەخودی ئۆرووپاوە هەڵقووڵاوە، گەرچی لەمڕۆدا ئۆرووپا تێڕوانینێكی دیكەی هەیە و دەیەوێت ببێتە قوتبێكی دژ بەسیاسەتەكانی ئەمریكا، ئەمە جگە لەوەی كەلە كێشمەكێشدایە، دژ بە تیۆكراسیەتی "عەرەب-ئیسلام"ی ناپۆلۆتیكانە، هەر بۆیە دەبێت سەرجەم ئۆرووپا، دژ بەو بلۆكانەی كەدژ بەون، كۆك و تەبا و یەكانگیربێت، من لێرەدا مەبەستم لە "نیولیبڕاڵی" نێو ئۆرووپاو ئەو جەنگە ناوخۆییانەی ئەم دواییانە نییە..مەبەستم لەئۆرووپایەكە كەبەشوێن خۆیدا دەگەڕێت، ئۆرووپایەك كەهەست بەلێپرسراوێتی مێژوویی و مرۆڤانەی خۆی دەكات، هەر بۆیە لەو كاتەدا سڵا لەوە ناكەمەوە كەبڵێم: "ئێمەی ئۆرووپایی".
ئۆرووپای نوێ‌ دەبێت ئەڵتەرمۆندیالیستێكی نوێ‌، دژ بە گڵۆباڵیزم بهێنێتە ئاراوە و بیخوڵقێنێت، بەڕای منیش ئەمە تاكە ڕێگەیەكی دەربازبوونمانە.. هەر ئەوەندەی ئەم هێزەش كەوتە گەڕ، پێم وانییە هیچ شتێك بتوانێت بەری پێ بگرێت، دەبێت ئۆرووپا لەئەمریكا و ناتۆ، خۆی بەدوور بگرێت، هێزی سەربازیشی دەبێت تەنها بۆ بەرگریكردن لەخۆ بێت، نەك بۆ هێرش و هێرشكاری.
 
لیمۆند: پێدەچێت سەبارەت بەئۆرووپا، لەنێو خۆتاندا لەململانێدا بن، چونكە 11-ی ئەیلوول، گرامەری جیۆپۆلەتیكی كۆنی سەروژێر كرد و ئۆرووپاشی تووشی كریز كرد.. لەكاتێكدا هێشتاكە ئێوە دەتانەوێت كۆزمۆپۆلیتی نێو نەتەوەیی ئۆرووپا وەك خۆی بمێنێتەوە...؟!
ژاك دریدا: پۆلەتیك وشەیەكی گریكییە و پەیوەستە بەدەوڵەت و خاك و ئۆتۆكتۆنیكەوە Otoktoni ، لەپێش وشەی Polis ەوە بوونی هەبووە و بەكارهێنراوە، بەڵام لەمڕۆدا باڵادەستی دەوڵەتێك، بەخاكەوە پەیوەست نییە، هەر ئەمەشە لەڕووی سەربازی و سیاسییەوە تووشی كریزی دەكات. بەڕای من بۆ پارێزگاریكردن لەئۆرووپا، جار جارە پێویستە ناڕەزایەتی خۆمان دژ بەهێزە گڵۆباڵەكان بخەینەڕوو، ئەمەش بكەینە كولتوورێك، هەروەك لەنووسینەكانمدا ئاماژەم پێداوە، دیموكراسییەت هیچ كاتێك نابێتە جێگەی بڕوا، هەر بۆیە دژ بەخۆم دەجەنگێم و لەنێو خۆمدا لەململانێدام، ئێوە لەو ڕووەوە ڕاست دەكەن، دڕدۆنگ و دوودڵم و هەر ئەمەشە وام لێدەكات، لەیەك كاتدا ڕاوبۆچوونی لەیەكتر جوداو جیاواز بخەمەڕوو.. ئاشكراشە ئەم دڵەڕاوكێیە دەمژێنێت و دەمكوژێت، ئەم جەنگە جەنگێكی ترسناكە و ئازاربەخشە و ژیانیش ئەمەیە، مەگەر پاش مردنم بەتەواویی دابسەكنێم و هێورببمەوە.
 
لیمۆند: لەهەردوو كتێبەكەی ئەم دواییەتاندا، بۆ جارێكی دی ژیان و مردنتان خستۆتە ژێر پرسیارەوە و فەلسەفەتان بە"دیاری مەرگ" داوەتە قەڵەم؟
ژاك دریدا: چەمكی ژیان و مردن، شتێكی ئاڵۆزەو فامكردنی ئاسان نییە، لەژیاندا مانەوە و نەمری، ژیانێكی دیكەی ئەودیوی ژیانە.. بەڵام لەگەڵا ئەوەشدا ئیدامەدان بەزیندەگی هەر لەنێو خودی ژیاندا شیاو و مومكینە. هەردەم لەخۆشترین ساتەكانی ژیانیشمدا، هەستم بەتارمایی مەرگ كردووەو زانیومە كەهەمیشە لەبۆسەدایە. ڕەنگە لەژیاندا شانسم هەبووبێت و توانیبێتم ببمە خاوەنی هەموو ئەو شتانەی كەدەمەوێت، ئاشكراشە زۆر ساتی پڕ كامەرانی و بەختەوەریشم بردۆتە سەر، بەڵام لەئێستادا بیرۆكەی مردن، بۆ لای مەرگم ڕاپێچ دەكات، چونكە ئیدی هەموو شتێك بەسەرچوو، هەموو شتێك كۆتایی هات.
 
 
تێبینی:
(بەر لەماوەیەك پێش مەرگی ژاك دریدا، لیمۆند-ی فەڕەنسی توانی لەناوچەی Ris orangis ی دەرەوەی پاریس، ببێتە میوانی ژاك دریدا و ئەم دوا دیدارەی لەگەڵدا سازبدات.. كەدیارە لەو دەمەدا تابڵێی كەنەفت و پەرێشان و نەخۆش بووە، موبەتەللا بووە بەسەخترین و كوشندەترین و ترسناكترین جۆرەكانی نەخۆشی.
بۆیە ئاساییە ترس و خۆفی لەمەرگ تاساندبێتی؟!
بەڵام ئەوەی سەیرە توانستی بگرەو بەردەو قسەكردنیەتی دەرحەق بەشتە هەستیارەكان و زۆر بەپێچەوانەی زۆرێك لەو نووسەرە نەرجسییانەی كەپاش خۆیان دەیانەوێت لەمیانی گرنگی دان بەتۆپۆگرافیاو جوگرافیای شوێنی ناشتن و هەڵبژاردنی باشترین شوێنی قەرەباڵغی نێو خەڵكی بۆ مەزاریان.. یان بۆ نموونە وەسیەتكردن بەژەندنی میوزیك لەكاتی ناشتنیاندا وەك نمایشێكی نەترسانیان لەمەرگ و یاخود...؟!.. یان هەوڵا و داواكاریی شاراوەو ئاشكرایان بۆ ناونانی كوچە و كۆڵان و شەقام و خەڵات و مۆزەخانەو شتی لەوچەشنە بەناویانەوەو زۆر شتی سەیر و سەمەرەی تر، بەمەبەستی مانەوەیان بەتۆپزی لەیادەوەری نەوەكانی پاش خۆیاندا؟!
كەچی وەك لەدیدارەكەدا ڕوون دەبێتەوە، پێدەچێت "ژاك دریدا" بەچەشن و شێوازێكی دیكە تەسەووری قۆناغی پاش مەرگی خۆی بكات و پێناچێت هێندە خۆش باوەڕ و نابوود بووبێت لەڕووی ڕۆحییەوە، تا لەمیانی وەسیەت و وەسیەتكاری چۆنیەتی ناشتن و.. بۆ نموونە داواكاری دروستكردنی پەیكەر، یان شوێنێكی تایبەت لەنزیك گۆڕەكەی و شتی لەو چەشنەوە مەبەستی بێت لەدنیای زیندوواندا بمێنێتەوە.. یان بابڵێین سواڵی بەردەوامی فرمێسك و عەتفی كەسانێكی پاش خۆی زیندوو بكات؟!).
 
سەرنج: لەژمارە 1207-1208-ی ڕۆژنامەی هاوڵاتی بڵاوبۆتەوە.
ژێدەر: Cogito-Yapi kredi kultur sanat yayngilik-A.S-2006-iastanbul.
 

گۆڕینی لەتوركییەوە: یوسف عیزەدین