شەپۆلی هەژارانی ڕۆمانیا و و بەشێکی دیکە لە قەرەجەکانی  ئەوروپای شەرقی بۆ سکەندیناڤیا و هەندێک شوێنی دیکەی ئەوروپا، کۆمەڵێک جەدەلی سەیر دەخاتە ناو مێدیاکانی سویدەوە. 
بۆ خەڵکی سوید، دیاردەی سواڵکردن بەر لەم شەپۆلە ڕووخسارێکی دیاریکراوی هەبوو، ئەو دەموچاوانەی  کە بە ئەلکهولیست و  گیرۆدەی مەوادی موخەدیر ناسراون.  
لەگەڵ شەپۆلی قەرەجەکانی ئەوروپای شەرقیدا، سواڵ دەبێت بە دیمەنێکی هەمیشە ئامادەی بەردەم سوپەرماركێتە گەورەکان و منداڵ و گەنچ و کچ و کوڕی ڕۆمانی هەریەکە و لەم بەستەڵەکە ساردەی ئەم وڵاتەدا، لەبەردەم ئەم شوێنە گەورانەدا دادەنیشن و داوای پارە لە ڕێبوارانی سەر شەدقام دەکەن.
 
لە وڵاتێکدا کە سیستەمێكی ریفاهی کۆمەڵایەتی گەورەی دروستکردووە و سنوورەکانی نەداری و هەژاری سڕیوەتەوە، دەرکەوتنی ئەم لەشکرە زۆرەی سواڵکەران، ئینسانی ئەم وڵاتە تووشی شۆکدەکات. بە تایبەت لە دەرکەوتنی کتوپڕئاسای ئەواندا کە سەرتاپای شارەکانی سوید دەگریتەوە. بۆ ڕاهاتن لەگەڵ دۆخێکی واهیدا، کاردانەوەکانی ئینسان جۆراوجۆر بوون . 
یەکێك لە و دەربڕینە سەرنجڕاکێشەرانەی کە قەشەیەکی سویدی لەبەرانبەر هەڵوێستە جیاوازەکانی هاولاتیاندا هەیبوو بەوەی ئایا چۆن مامەلە لەگەڵ ئەم گروپەدا بکرێت، ئایا پارەیان پێبدرێت یاخود نا، ئەو لەوەڵامدا دەڵێ: ئینسان ئەگەر پارەیشیان نەداتێ، دەکرێ بیانبینێت. بە کورتییەکەی، خەلکانیکی زۆر هەن کە خۆیان لە سوالکەرەکان لادەدەن و نایابینن. منیش یەکێک بووم لەوانەی کە هەمان ستراتیژم بەکاردەهێنا. 
 
کەسانێک هەن هەمان ستراتیژییان هەبووە و پێیانوایە پارەدان بەسواڵکەر، دەردی نەداری و هەژارییان چارەسەر ناکات و بۆیەش خۆیان گێژدەکەن و ڕوودەکەنە لایەکی دیکە و وا پیشاندەدەن کە قەرەجەکان نابینن. خوا بتداتێ لە زمانی کوردیدا و ڕوووەرگێرانی کەسی خێرنەکەر بە جۆرێک دەچیتەوە سەر هەمان ڕەفتاری کرداری نەبینین.
بە کورتییەکەی، بەشێک لە هاوڵاتیانی سوید، لەبەرانبەر ئەم دیاردە تازەیەی سواڵکردنی سەر شەقامەکانی سویددا، ستراتیژی نەبینینی سواڵکەراکانیان هەلبژاردووە.  خەلکانی دیکە بە جۆرێکی دیکە مامەلەیان کردووە دەیکەن. من  لێرەدا بە گشتی بە شوێن دەرخستنی ستراتیژە جۆراوجۆرەکانی ڕەفتار لەگەڵ سواڵکەرانەوە نیم . 
بەڵام سوپاس بۆ پیاوی یەکێک لە کڵێساکانی سوید کە بیریهێناینەوە کە باشترە بیانبینین و نیگایەکیان بدەینێ ئەگەرچی پارەیشیان نادەینێ.
 
من چەندین جار ڕێکەوتی ئەوەم کردووە کە کاتێک میوان دێت و گەورەکان  دەکەونە هەوای خۆیانەوە و قسەدادەبەسترێت، ئیتر منداڵ شوێنێکی لە نیگای گەورەکاندا نامێنێت و لە پڕێکدا وەک ئەوەی : ئەرێ ئەو منداڵە بۆ وا شێت بوو؟ دبێتە کاردانەوە و دەربڕینی گەورەکان کاتێک منداڵ قاپێک یان سوراحییەکی ئاوخواردنەوەی داوە بە ناوەڕاستی مەجلیسەکەدا. 
زرمەی سوڕاحی شکاو یان قاپی وردوخاشبوو لە لایەن منداڵەوە هیچ شتێک نییە جگە لە دەربڕینی: بۆ نامبینن!
 
بەشێکی ئێجگار گەورەی کولتوری کوردی لەسەر نەبینینی ئەوی دی کاردەکات.
کاتێک گۆشەنیگای جەندەر دەخەیتە ناو هاوکێشەی بینینی کۆمەلگای کوردییەوە، ئەوا هەستدەکرێت کە کچان و ژنانی کورد زۆر وەستایانە لە ستراتیژی خۆگێلکردن لە نیگای سەرنجدەری بەرانبەر سەرکەوتوو بوون.
باشترین کچ ئەوە بووە کە شەرمی لێ بتکێ و سەربەرزنەکاتەوە. نەبینرێت. 
ئارەزووی ئینسان بۆ بینین و حەزکردن بە خۆدەرخستن، لە کولتوری تۆڕەکۆمەڵایەتییەکاندا بە زەقی خۆی دەردەخات.
ئەوانەی کە ئاشقی ئەوەن کە زیاتر ببینرێن، چالاکترین کەسەکانی سەر تۆرە کۆمەلایەتییەکانن.
ڕەنگە گرنگترین وەزیفەیەک کە فەیسبووک توانیبێتی فەراهامی بکات، ئەو دەرفەتەیە کە ئینسان لە نادیاری خۆی و بێدەوچاوی خۆیدا بتوانێت خۆی لە نیگای ئەوانی دیکە دا ببینێت و خۆی دەرخات. 
زۆر جار ئەم سیاسەتی نەبینینەی ئەوی دی، هەستێک لای ئینسان دەخوڵقێنێ کە: دەڵیی لە جێی نەبووانم دەبێتە دەربڕینێکی پڕاوپڕی کردەی نەبینین.
بێنە بەرچاو کە تۆ لە شوێنێکدایت و هەمیشە کەسانێ بە لاتا تێدەپەڕن و ناشبینرێیت. چ ئازاردانێکی ناخۆشە. هەر بۆیەش کاتێک سەرنج لەم وینەیەی سەرەوە دەدەم کە دیمەنی منداڵێکی زەحمەتکێشی کۆمەلگاکانی لای خۆمانە و  لەگەڵ مەینەتی کاری تاقەتپڕوکێنی ڕۆژانەیدا هەموو دەمووچاوی دەدرەوشێتەوە کاتێک دەبینرێت و نیگای دەچێتە سەر ، هەستدەکەم بینینی ئەوی دی چ کاریگەرییەکی دەروونی لەسەر ئینسان هەیە. ئەم هەستی : بمبینە! لە منداڵدا هەتا بڵێی گەورەیە و لەگەڵ گەورەبوونی ئینسانیشدا، نەک هەر بچووک نابێتەوە، بەلکو بە هێزی خۆیەوە ئامادەیی هەیە. 
 
لە فیلمی ئەڤەتاردا، کاتێک پاڵەوانی فیلم دەگاتە لای سەرۆکی هۆز، بەم شیوازە سلاوی خۆی دەستپێدەکات: من دەتبینم
لەوبەریشەوە: من دەتبینم دەبێتە وەلامی سلاو.
کورد لەناو کولتورێکی موجامەلەئامێزی چۆنی و چاکی و دەستت ماچدەکەم و منالەکان چۆنن و باوک چۆنە و دایک چیدەکاتەدا، هیچ کاتێک دەرفەتی بینینی دەموچاوی ئەوی بەرانبەری نەبووە. لەم ئاخاوتنەدا، ئینسان دەکرێ وەلامیش بداتەوە بێئەوەی دەمووچاوی ئەوی بەرانبەر ببینێت.
 
من کە ئاخر جار فیلمی ئەڤەتارم بینی و لە سەرسامبوونمدا بۆ بەکارهێنانی ئەم دەستەواژەیەی کە دەلێ: من دەتبینم، کە دەکرێ لە ئاخاوتنی ڕۆژانەدا بەکاربهێنریت، لە ئاخاوتنی تەلەفۆنی هاوڕێیەکمدا پێشنیاری ئەوەمکرد کە من دەتبینم دەکرێ جێگای دەست و قاچ ماچکردنی سڵاوی کوردی بگرێتەوە، کەچی هاوڕێکەم لە وەڵامدا دەڵێ: دەستپێشخەرییەکی خراپ نییە. بەلام دەکرێ چاوەڕوانی وەڵامێکی واهیش بکەم: خۆ کوێرایت دانەهاتووە، بەقەد لادیوارێک دەبم، بۆ نامبینی!
 
بەڵام ئینسان دەکرێ بەقەد چەندین لادیواریش بێت و نەشبینرێت.
 

2016/06/16