(1)
لە ماڵەوە نیم
لە قاوەخانەیەک بێ ڕەنگیى دەکوتم
پایزى تەمەن دەکێشم
لە ماڵەوە نیم
وەک با لە شەقامەکاندا فیکە لێدەدەم
بە قژى خاو هەڵدەشاخێم
لە ماڵەوە نیم
بە کۆڵاناندا جریوە دەفرۆشم
هەر لە خۆوە لقێکى مردن دەمگرێ
دەچمەوە بەر قوتابخانەى سەرەتایى
لەسەر تەناف وەک جلوبەرگ بە دەمدا دێم
خەونان بە منداڵییەوە دەبینم
لەبەر خۆر وشک دەبمەوە
لە ماڵەوە نیم
لە سەرەتای هەفتە
پێش هەناسەى ڕۆژەکان دەکەوم
تاریکى ڕووناک دەکەمەوە
بە ئاگر دەڵێم لەبەر پۆلیسان دوکەڵ نەکا
وەک چیا سەرى زستان بەرز دەنەخشێنم
وێنەیەک لەگەڵ هیچ دەگرم
لە ماڵەوە نیم
لە ژێر سەرین کتێبێکم جێهێشتووە
نزیک لە هەڵاتن
بە چەندین زمان دەدوێ
پڕ لە خۆم
لە ماڵەوە نیم
سێبەرى بێهودەیى دەخوێنمەوە
دوکەڵ دەکەم.
5/5/2016

 

(2)
بە گۆرانى سروشت دەجولێنێ
بە گۆرانى دەڵێ ڕۆژباش
بە گۆرانى دەچێتەوە
یەکێک دەڵێ
دڵ دەلەرزێ کە بیر لە تۆ دەکەمەوە
کات تێپەڕى گۆرانیەکان بۆ کێ دەڵێى
دنیام تاریکە چاو چاو نابینێ
دڵ تاریکە
ماڵى یادەوەرى ڕۆناک
دڵ دەلەرزێ کە بیر لە هیچ دەکەمەوە
هەر لەخۆوە شەڵاڵى بەربوونەوە بووم
هەر لەخۆوە شەڵاڵى نائومێدى بووم
هەر لەخۆوە وەکو گەڵا لە ژیان کەوتم
هیچ کاتم بۆ نەمایەوە
بە ناچارى لە تاریکى بەهەشتى یادەوەریدا
خۆم هەڵدەخەم
تاریکى لە تەمەن دەگرم
کات تێپەڕى گۆرانیەکان بۆ کێ دەڵێى
تەمەنم رەش دەچێتەوە
وەکو بەفر
دڵم دەڕوا
خۆم بە ژیان هەڵدەواسم.
10/5/2016
 
(3)
مانگ لە ئاسمان ڕاوەستاوە
دڵ لە سینەمدا دەلەرزێ
مانگ ئاوا بوو من هیچم بۆ ئاوا نەبوو
خەو لە دەرگاى چاوم نادا
مانگ لە ئاسمان یارى دەکا
دڵم بۆ ژیان وەکو ئاو دەپاڕێتەوە
مێروولەیەک بە ئاسمانى چاوى مندا هەڵدەفڕێ
وەک با وەڕس
وەک ئەوەى خود کوژى بکا
ڕەش دەچێتەوە تەمەنم
مانگ لە ئاسمان ڕاوەستاوە
بەڵام بۆ دڵم ناڕەخسێ
تەنها ئەو شتانە بڵێم کە دەمەوێ
دڵم لە ئاسمان دەلەرزێ
دڵم لە زەوى شەق دەبا.
11/5/2016
 
(4)
جیهان وەک خۆى بۆ مرۆڤ دێ
من وەک "حەسەن زیرەک" هیچم بۆ نایە
شەو بۆ مرۆڤ پێدەکەنێ
تاریکى بۆ من
خەو لە چاوم دیار نییە
ئازار دەمبا
جیهان وەک خۆى پێدەکەنێ
بەرد لە من دەگرێ
هەتاوم سڕ بووە
لە دەرەوە بەفر دەبارێ
دنیا سپى
من ڕەشدەچمەوە
ڕۆژەکانم دەژمارد
وەرزەکان تێپەڕین
هیچ کاتم بە دەستەوە نەبوو
بەشى خۆشى بدەم
جیهانى وەک خۆى دەهاتەوە بەر ماڵان
من وەک خۆم هەڵناستمەوە
کەم کەم دەکەوم
خێرا خێرا دڵم چاو دەگێڕێ
ئازار دەمبا
17/6/2016