کاتژمیری ١٩ی ئێوارەی ٧ نۆڤێمبەری ٢٠١٥، پۆلیسی خۆرئاوای نۆڕڕلاند تەلەفۆنێکی لە دەستگای کۆچی سویدەوە بۆ دێت کە پاسێک بە ٢٤ پەنابەری سورییەوە لە جەرگەی شاری "سوندسڤال"دا ڕاوەستاوە و سەرنشینەکانی نایانەوێ دابەزن تا لەو کەمپەدا نیشتەجێبکرێن کە دەستگای کۆچ بۆی تەرخانکردوون. بە پێی هەواڵی ڕۆژنامە، پەنابەرەکان دەلێن : شوینەکەیان لە شارەوە دوورە و لە دارستانێکی دوور لە ئاوەدانیدایە.  
بەشێک لە هەواڵەکانی دیکە دەڵێن: لە باشووری سویدەوە سواری پاسکراون و هیچ زانیارییەکیان پێندەرداوە و هەندێک لەسەرنشینەکان پییانوابووە کە ئەم سەفەرەش هێشتا درێژکراوەی سەفەری قاچاغچییە و نەگەیشتوونەتە سوید و نەزانراوە ئەم سەفەرە بەرەو کوێ دەچێت و بە کوێ دەگات. 
ناسیاوێکمان هەبوو کە هەر کاتێک بە دوو چەرخلێدان جگەرەکەی بۆ دانەگیرسایە، بە هۆی ئەوەی چەرخەکەی بەردەچەرخی تیا نەمابوو، یەکسەر  بە خشکەیی دەیووت: "جە دەس بەرشییەن". یانی، تازە لە دەست دەرچووە و قووەت نییە ئاگری تیادەربێنێ.  بۆیەش هەر هۆکارێکی دیکەی دانەبزینی ئەم ٢٤ پەنابەرە لە ئاراداووبێ، تازە وەک کابرای ناسیاومان چۆن  بە هەورامی دەیووت: تازە جە دەست بەرشییەن، ئەوا هەواڵ وەک ئاگر لە پووش بەربووە و هێز نییە موتیڤی راستەقینەی دانەبەزینی ئەم ٢٤ کەسە بگۆڕێ، بەو شیوازە نەبێت کە مێدیا باسیدەکرد. ئەمە چیرۆکی بەشێک لەو پەنابەرانەیە لەو زەمەنەی کە ١٨٠ هەزار پەنابەری سوری و ئەفغانی دێنە ناو سنوورەکانی ولاتەوە و بزووتنەوە ڕاستەکانی کۆمەلگا، گووتاری هاڕەکردنی سیستەم و لەتوانادانەبوونی سوید بۆ وەرگرتنی ئەم ژمارەیە بە گوێی هاولاتیاندا دەدا.  
 
کورتەی هەواڵ، یان ڕاستتر کاکڵەی هەواڵ ئەوەیە: کۆمەڵێک لێقەوماوی جەنگ گلەییان لە کەموکوڕییەکانی دەستگای کۆچ و چۆنێتی ڕیکخستنی وەرگرتنی ئەم دەستگایە هەیە بۆ وەرگرتنی پەنابەران. پرسیارێک کە لە سویددا دەکرێ زۆر سادە بخرێتە بەرباس بۆ هەلسەنگاندنی چۆنێتی پرۆسەی وەرگرتنی پەنابەران لە دۆخێکی نائاسایدا تاکو لە کاتی دووبارەبوونەوەی هەمان شەپۆلی پەنابەراندا کەڵکی لێوەربگیرێت. 
  پرسی دانەبەزینی ئەم پەنابەرانە و پێشنیاری ئەوان دەکرا وەک ڕەخنەیەکی دروستکەرانە سەرنجی بدرایەتێ و جاڕ و جەنجاڵێکی واهی لەدەور دروستنەکرایە.  
ئەوەی کە کار لە کار ترازاوە ئەوەیە: لە کەش و هەوایەکی تەواو ڕاسیستیدا، کۆمەڵێک بەدبەخت و ئاوارەی شەڕ بەو شوێنە رازی نابن کە دەستگای کۆچ بۆیانی ئامادە کردووە و تەنانەت بۆ بەدیهێنانی شوێنێکی باشتر، ماندەگرن و لە پاسەکان نایەنەخوار.
لە کۆنتێکستە کوردییەکەیدا: ئاوارەکانی شەنگاڵ و سوریا لە کوردستاندا بڵێن چادرەکانمان بچووکە و تا چادرێکی گەورەترمان بۆ دابین نەکەن، لەو سەیارانە دانابەزین کە هێناویانین. 
گوێتان لێیە چی دەبیسترێت؟
جا بۆ داواناکەن لە ئوتێلە دەرەجە یەکەکاندا بخەون!
مەگەر بیریان چووەتەوە لە کوێوە هاتوون!
کافیی نییە کەسێک داڵدەیان دەدات و ئەم پێدرێژکردنە لە پای چی.
وەرنە خوارەوە با قەپۆزتان نەشکێنم، 
جا بۆ لە ڕەققە لاتان نەدا و داوای کچانی گەنجیش بکەن!
 
هەر هەموو جنێو و کۆمێنتەکان یەک شت دەگێڕنەوە، بە کوردی و سویدییەکەی.
ئێوە دەبێ سوپاسگووزار بن بەوەی کەسێک داڵدەتان دەدات.
 
لە دۆخی سویددا، گلەیی لە کەمپ و خراپی شێوەژیانی پەنابەران، خستنەژێرپرسیاری کەموکوڕییەکانی دەولەمەندترین دەولەتەکانی دنیایە. بەلام لە زمانی بێمافترین ئینسانەکانی کۆمەلگاوە لەمڕۆکەی ئەوروپادا دەردەبڕدرێت. ئەگەر ڕێکخراوێکی وەکو نەتەوە یەکگرتووەکان ئەم ڕەخنەیەی بگرتایە، وەک سەرنجێکی گرنگ دەچووە بەرباس و لێکۆلینەوەی بۆ دادەنرا. 
بەوەی فشاری هەواڵ زۆر بەهێز بوو، هەندێک لە پەنابەرانی دیکەی سوری بە ناچاری لەبەردەمی کامێراکانی هەواڵدا دەوەستان و ئەوەیان دەوتەوە کە خانەخوێ دەیویست بیبیستێ یان لانی کە ئەو بەشەی کۆمەلگا کە سەربادەدات کاتێک دەبیستێ ئاوارەیەکی جەنگ  داخوازی هەیە.
بەلام ئەو بەشە کەمەی پەنابەرانی سوری چیدەڵێن؟
داخوازییەکەیان دەکرێ چی دیکە بگێڕێتەوە کە سەدای بەرزی گوتاری راسیستی ڕیگا نادات ببیسترێت؟
بەبڕوای من، ئەمە ئەو پرسیارە بوو کە کەس خۆی لە قەرە نەدا و نەتوانرا بکرێت.
جەنگ دەتوانێ هەموو بوونی ئینسان بخاتە ژێر پرسیارەوە و لە باری فیزیکی و سایکۆلۆژییەوە تێکی بشکێنێ.
لە پێش هەموو شتێکەوە کە تێکدەشکێنرێت، باوەربەخۆبوونی ئینسان و خستنەژێرپرسیاری قیمەتی ئینسانی ئەوە.
 
شەڕ و پێکدادانی ئینسانی کورد بۆ بەدەستهێنانی توورەکەیەک نان لە بەهاری ٩١ ی کۆچی گەورەی خەلکی کوردستانی عێراقدا، دیمەنێکی زیندووە.
بەلام کامە لە لەشکری پەنابەرانن کە کە توانای خۆگوونجاندنەوەیان لەگەڵ هەلومەرجێکی تازە تردا هەیە و دەکرێ سەرلەنوێ ژیان دەستپێبکەنەوە. کەسێک کە باوەڕبەخۆبوونی تێکشکێندراوە و هیچ چاوەڕوانییەکی لە ژیانی کۆمەلگای نوێ نییە یان پێچەوانەی کەسایەتییەکی واهی. 
کەسێک کە لە سەختترین هەلومەرجێکدا توانای ڕەخنەگرانەی هەر کاردەکات و  جەرائەتی ئینسانی ئەو ڕێیپێدەدات بە شوێن ژیانێکی باشترەوە بێت ئەگەرچی پەنابەرێکی لێقەوماو و ئاوارەیە،  ئومید بەوەی کە پێکهێنانی ئاڵوگۆڕ لە کاتێکی واهیشدا تەنانەت بۆ شوێنی خەوتنی خۆ بستێک حورمەتی ئینسانی ئەو دەباتە سەر و کەرامەتی ئینسانی خۆی لەدەستنادات، ئینسانێکی بەم جۆرە، ناکرێ چاوەروانی دەستپانکردنەوە بێت لە دەستگا کۆمەلایەتییەکانی ئەم ولاتە و کرێکارێکی بێدەنگی بەردەستی ئەو خاوەنکارە بێئینسافانە بێت کە لە کارەکانی سەیارەشتن و قاپشۆری ڕێستورانە بچووک و گەورەکاندا  هەڵیاندەڕوتێنن.
کەسێک کە چاوەڕوانییەکی بەرزتری لە ژیان هەیە لە شوینێکدا کە ژیان لە ئاستێکی بەرزتری چاوەڕوانییەکانی ئینساندایە، ناکرێ هات و هاوارە ڕاسیستییەکان و سووکایەتی رۆژنامەگەری نۆکەر بیتۆقێنێت و لە ئاستی تەوەعی ئەو بهێنێتەخوار.
 
ئەوەی کە ٢٤ پەنابەری سوری پێماندەڵێن ئەوەیە ئاوارەبوون و پەنابەرێتی ناکرێ ئاستی تەوەقوعی ئینسان هێندە بهێنێتەخوار، کە جیاوازییەک لە نێوان ژیانی ژێر  سایەی فیشەک و ژیر سەقفی ژوورە نسرم و شیدارەکانی کەمپی پەنابەراندا نەمێنێت وئینسان هەست بە ئاڵوگۆرێک نەکات. ئومێد بە ئاڵوگۆڕێکی هەتا بڵێی کەمیش بۆ ژیانێکی باشتر لە دۆخی وەک ئاوارەیەکی جەنگدا، لە سەرنشینانی پاسەکەی ناو سەنتەری سوندسڤاڵدا بە زەقی دەبینرا. بەڵام کەس نەیدەویست بیبینێ. یاخود نەدەکرا ببینرێت. ئاخر تازە کار لەکار ترازا بوو و چیرۆکی دانەبزینی ئەوان لە کۆنتیکستێکی راسیستیدا لە قاڵبدرابوو و تازە جە دەس بەرشیەبی.    

٢٠١٦٠٨٢٤