ئەو نەهات .
بە خۆمم وت : ئیتر نایەت ..
کەواتە ئەم ئێوارەیەم
بەچەشنێ ڕێک دەخەمەوە
کە شییاوی نائومێدیی من و
نەهاتنەکەی ئەو بێت :
گڕی مۆمەکانیم کوژاندەوە ،
گڵۆپەکانم داگیرساند ،
شەرابەکەیم خواردەوە و
دواتر پێکەکەم وردوخاش کرد ،
مۆسیقای کەمانچە خێراکانم ڕاگرت و
گۆڕیم بە گۆرانیی فارسی !
بە خۆمم وت ؛ ئیتر نایەت .
بۆینباخە جوانەکەم شل دەکەمەوە 
[ ئاوەها زیاتر ئاسوودە دەبم !]
قاتێ بیجامەی شین لەبەر دەکەم .
گەر بمەوێت بە پێی پەتیی دێم و دەچم .
چوارمەشقیی لەسەر چەرپاکەی دادەنیشم ،
ئیدی ئەو لە بیر دەکەم و
هەموو ئەو شتانەش لەبیر دەکەم
کە پێوەندییان بە نەهاتنەوە هەیە :
هەموو ئەو شتانەی کە بۆ ئاهەنگەکەمانم ئامادەکردبوون
گەڕاندەوە شوێنەکانی خۆیان .
هەموو پەنجەرەکانمم کردنەوە ،
هەموو پەردەکانم لادان .
لە بەردەم شەودا
چ نهێنییەک لە جەستەمدا نییە
جگە لە چاوەڕوانیی و لەوەی کە دۆڕاندم !
گاڵتەم بە ئارەزووی خۆم کرد
ئەو دەمەی هەوام لە پێناوی ئەودا پاک کردەوە و
[بە ئاوی گوڵ و لیمۆ عەترپژێنم کرد !].
ئەو نایەت ...
منیش بۆ خاتری ئەوەی
لەسەر نەهاتنەکەی سزای بدەم ،
گوڵە ئۆرکیدەکەم (*)
لای ڕاستەوە ، بردە لای چەپ !
ئاوێنەی سەر دیوارەکەم بە پاڵتۆیەک داپۆشی
بۆ ئەوەی شەوقدانەوەی وێنەکەی ئەو نەبینم ..
نەبادا پەشیمان ببمەوە !
وتم : ئەو غەزەلە کۆنانەش لەبیر دەکەم
کە بۆ ئەوم دەخواستن ،
چونکە ئەو
شایستەی تەنانەت قەسیدەیەکی دزراویش نییە !
ئیتر ئەوم لەبیر کرد و
هەر بە پێوە ژەمە نانە خێراکەی خۆم خوارد و
فەسڵێک لە کتێبی قوتابخانەم
کە دەربارەی ئەستێرە دوورەکانمان بوو ، خوێندەوە !
بۆ خاتری ئەوەشی
خراپەکەی ئەو لەیاد کەم ، قەسیدەیەکم نووسی !
ئەمەش قەسیدەکەیە .
 
 

سەرنجی وەرگێڕ :

* گوڵە ئۆرکید : گوڵە سەحلەبیشی پێدەڵێن و یەکێکە لە جوانترین جۆری گوڵ و ، هێندە ناسکە تەمەنی تەنها حەوت بۆ چواردە ڕۆژە و ، هێندەش نازدارە ، فەیلەسوفی چینیی (کۆنفۆشیۆس) نازناوی "گوڵە عەتری پادشایان" ی بەسەردا بڕیوە . ( بڕوانە قاموسی ویکیپیدیا ).

سەرچاوە : یوتیوب / خوێندنەوەی دەقی ئەم قەسیدەیە بە دەنگی شاعیر + سایتی ئەلێکترۆنیی (دەزگای مەحمود دەروێش ) .