سەرم سوڕما
لە حەیرەتی ئەم بەربەیانە ناوەختە و
چاوەکانم نەدەترووکان
لەبەر ڕووناکیی دەربیجەی خۆرەتاوی تیشکهاوێژ
بەنێوچاوانی کازیوەی ئەم‌ ڕۆژەوە
کە ژانی زانی گرتووە و
ئەمن هەرتک دەستی خۆمم
لە زنجیری خەو
ڕزگارکرد.
هاوارم کرد
"ئەوەتانێ ئەوە چرای موعجیزەیە، وەرن خەڵکە!
بە چاوانی کوێرەوەبووی دڵ و دەروون
ئەگەر هێشتا تین و سۆمای ئەوەی ماوە
کە نیوەشەو لە کازیوە جیا کاتەوە
هەتا لە کیستان نەچووە
وەرن تەماشای کەن تێرتێر
کە خۆرەتاو
بە ئاسمانی شەوەزەنگدا
باڵی گرتووە، هەڵفڕیوە!
بەهەرتک گوێی کپ‌ئاخنراو
گوێ بدەنە ئەم نەغمەیە
کە خۆرەتاو
لە نیو-پەردەی شەوەزەنگدا
دەنگی بەستەی هەڵبڕیوە"
 
"- دیمان!
(نیوەی خەڵک وتیان)
ئەرێ! دیمان کە خۆرەتاو باڵی گرتووە هەڵفڕیوە!"
نیوەی دیکەشیان بە شادی
لەدڵەوە هاواریان کرد:
"- بە گوێی گیانمان دەنگی بەستەی بلاوێنی خۆرەتاومان
هەڵمژتووە".
ئەمجار ئەمن
سەری کاسی سەرسوڕمانم بۆ لەقاندن:
"نارەوایە،
نەبیستراوە
قەت نەکراوە
هۆ خەڵکینە!
ئێوە مەست و وڕوکاسن
یان بە ئەنقەست
خۆتانی لێ نەبان دەکەن؟
شەو هێشتاکە دوو دانگی‌ تر لە دوویەتی.
ئەگەر ئێوە موسوڵمانی تۆبەکار و نەزەرپاکن،
کەی دیوتانە
کە چاوەشان
نوێژی بەیان بدەن؟
گەندەزەلکەی قووڵکەی دەمی هەر مانگایەک
لە من دەبوو بە بورکانی تووڕەیی و ڕق:
"- وەرن لەو گەوجە بڕوانن، بۆ ڕووناکیی خۆرەتاویش
هاتووە ئێمە سوێندی بۆ بخۆین."
تۆفانی پێکەنین هەستا ...
"- خۆرەتاوی گەش نابینێ
بەتەمایە
کوترەکوتر، بە دەستەکی سەعاتەکەی سەر دیواری،
بە کۆمەڵی خەڵکی هەژار بسەلمێنێ
کە شەو هێشتا
لە نیوەشی تێپەڕ نەبووە."
تۆفانی پێکەنین هەستا...
من
برک و ژان لە دەمارم
حەسرەت لە مۆخی ئێسقانم
شتێکی چەشنی ئاگریش لە سەرتاپێی گیانم
گەڕا.
شتێک دەتگوت سەرتاخواری ئازای لەشمی
لە نێو چنگی خۆیدا گوشی
تا دڵۆپێک وەک قرچەی خۆر
لە هەرتک چاوم هەڵقوڵی
لە تاڵاوی گشت دەریاکان
پیاڵەیەکم هەڵچۆڕاندە نێو فرمێسکی داماویی خۆم.
ئەوان عەوداڵ و دڵبەستەی خۆرەتاو بوون
چون خۆرەتاو
تەنیاترین حەقیقەت بوو لەلایان و
چەژەی تامی واقعییەت
لە ژینیاندا.
بە ڕووناکی و بە گەرماکەی
مانای بێگەرد و بێ‌ڕیای دۆستایەتی و
بە پرشنگی گەشی خۆشی
مانای بێخەوش و ساکاری ڕاستگۆیی بوو.
(هەزار خۆزگە توانیبایان
لە خۆرەتاوەوە فێر بن
کە وەکوو ئەو بێدرێغ بن
لە ژان و شادییەکانیاندا
تەنانەت
بە نانی وشکی سفرەی ماڵیان-.
قەتیش چەقۆ لە کالانێ دەرنەهێنن
ڕۆژی دابەشکردن نەبێ.)
حەیف و جەخار
کە خۆرەتاو
هەر خۆی مانای دادگەریی بوو،
ئەمانیش عەوداڵ و دڵبەستەی داد بوون و
ئێستاکە وا
بەم شێوەیە
بە دێوجامەی خۆرەتاوێک
دڵیان بردبوون.
ئەی خۆزگە من بمتوانیبا
خوێنی دەمارەکانی خۆم
دڵۆپ
دڵۆپ
دڵۆپ
بگریم
هەتا باوەڕم پێ بکەن.
ئەی خۆزگە من بمتوانیبا
-بۆ یەک لەحزە بمتوانیبایە ئەی خۆزگە-
ئاپوورەی ئەم جەماوەرە بێ‌ئەژمارە
بنێمە سەر هەرتک شانم
بە چوار دەوری گۆی زەویدا بیانگێڕم
تا بە هەرتک چاوی خۆیان ببینن کە
خۆرەتاویان لە کام لایە و
بڕوام پێ بکەن.
ئەی خۆزگە
بمتوانیبا!
 
-----------------------------------------------
لە پەیجی 'ناسری حیسامی'ەوە.
شیعرەکە لە پەیجی 'شاملوو'ەوە.