‎وتاری لیژنەی داوەرانی نیلی زاکس
‎و. لە ئەڵمانییەوە: پێشەوا فەتاح
 
‎هێشتا سێ ساڵ تێنەپەڕیوە، من بۆ یەکەمین جار ناوی ئەو نووسەرەم بیست کە ئەمڕۆ دەمانەوێت ڕێزی لێ بنێین. لە فەزای زمانی ئەڵمانیدا، بەڵێ، تەنانەت لە سەرتاپای جیهانی ئەدەبی ڕۆژئاوادا کەس ئەم نووسەرە سەرسووڕهێنەرەی نەدەناسی؛ چونکە تەنانەت ئەوانەیش کە بە پسپۆڕ ناوزەد دەکرێن، ئەوانەی کە عەرەبی و تورکی و فارسی قسە دەکەن و دەخوێننەوە، بە ئاستەم خۆیان فێری سۆرانی دەکەن، مەبەستم لەو زمانەیە کە بەختیار عەلی کتێبەکانی خۆی پێ دەنووسێت. زمانی نزیکەی دوانزە ملیۆن کەس کە بەزۆری لە باکووری عێراق و ناوچە سنوورییەکانی ئێران قسەی پێ دەکرێت. ئەوە دوو ئەوەندەی ئەو مرۆڤانە دەکات، کە بە زمانی دانیمارکی، نەرویجی یاخود فینلاندی قسە دەکەن، یاخود نزیکەی هێندەی ئەو خەڵکانەی کە بە زمانی سویدی یاخود هەنگاری قسە دەکەن– کەوابێت بەشی ئەوەندە دەکات کە زمانێکی گرنگی ئەدەبی بێت. ئەوەش دەزانین، کە سۆرانی، لەو کاتەوەی بەختیار عەلی دەناسین، زمانێکی گرنگی ئەدەبییە.
 
‎ئەگەرچی بەختیار عەلی لە هەمان ئەو شارەدا دەژی، کە من تیادا دەژیم، دەبوو بڕۆم بۆ سلێمانی، بۆ زێدی بەختیار عەلی، تاوەکو بۆ یەکەمین جار لەبارەی ئەوەوە ببیستم. ئەوەش کاتێک کە لەگەڵ کۆمەڵێک هاوڕێدا پێم نایە ناو کۆگایەکی کتێبفرۆشییەوە ڕوویدا. نیگای من کەوتە سەر بۆکسێک کە دە یاخود دوانزە کتێبی بەرگڕەقی لەخۆ گرتبوو. هەمووی ڕۆمانی بەختیار عەلی. لە چەند ڕۆژی دواتردا زیاترم لە بارەی ئەوەوە بیست: ئەوەی کە لای زۆربەی کوردەکان پێگەیەکی باڵای هەیە؛ ئەوەی کە چەندین ساڵە لە شاری کۆڵن دەژی؛ ئەوەی کە لەسەر فرۆشی کتێبەکانی دەژی. (ئەگەر لە حاڵەتێکدا ئێوە ئەوە بە شتێکی تایبەت نەزانن، دەمەوێت ئاماژە بەوە بکەم، کە تەنانەت لە ئەڵمانیاش ژمارەی ئەو نووسەرانەی کە لەسەر فرۆشی کتێب دەژین، کەمینەن.) لەوەش سەرنجڕاکێشتر ئەوەیە کە ئەم نووسەرەمان، لەدایکبووی ساڵی ١٩٦٦ـە، لە یەکێک لە سەردەمە هەرە کارەساتبارەکانی مێژووی کوردستانی عێراقدا ژیاوە. بەوەدا کە ئەو ڕووداوانەی بە ئێمە ئاشنا نین و بەڵام بۆ ئەم نووسەرەمان و کتێبەکانی چەقی بابەتی سێنترالین، ڕێگە بە خۆم دەدەم وێستگە هەرە گرنگەکانتان بەیاد بهێنمەوە.
 
‎کاتێک لە پاش جەنگی جیهانیی یەکەم لەسەر دەستی بەریتانیا و فەڕەنسا و ئەمەریکا ئیمپراتۆرییەتی عوسمانییەکان دابەشکرا، شانبەشانی سوریا و لوبنان و فەلەستین و ئوردون، عێراق بەم سنوورانەی ئێستایەوە هاتە کایەوە. بەپێچەوانەوە کوردەکان نەبوونە خاوەنی دەوڵەتی خۆیان. لەو سەردەمەوە ناوچەکانی نیشتەجێبوونیان لە تورکیاوە بەسەر سوریا و عێراقدا کشاوەتەوە هەتا دەگاتە ئێران. لەژێر دەسەڵاتی هەریەک لەو دەوڵەتانە هەمیشە کەمینەیەکی چەوساوە و ستەملێکراو بوون. هەتا ڕۆژی ئەمڕۆش بەشی زۆری هەر بەو شێوەیە ماوەتەوە، بۆ نمونە لە تورکیا. لەکاتێکدا دۆخی هیچ کام لەم کوردانە بەڕاستی لەباشیدا نەبووە، چارەنووسی کوردەکانی عێراق غەمگینترینیانە. سلێمانی و هەولێر، دوو شارە گەورەکەی کوردستانی عێراق، بە چەقی کولتووری کوردی و هەستی نەتەوایەتی هەژمار دەکرێن. هەر لە بیستەکانی سەدەی بیستەمدا بزاوتی سەربەخۆیی هاتوونەتەوە کایەوە، ئەوەش چەندین جار بووەتە هۆی جەنگ و ململانێ. لەگەڵ سەرەتای جەنگی ئێران-عێراقدا لە ساڵی هەشتاکاندا کوردەکان کەوتنەوە بەینی بەرەکانەوە. فەزای ئەو ساڵانە لە بەشی یەکەمی "شاری مۆسیقارە سپییەکان"ی بەختیار عەلیدا بە تەواوی دڕندەییەکانییەوە بۆ خوێنەران نمایش دەکرێت.
 
‎لەکاتی ئەنفالکردنی کوردەکاندا لە کۆتایی هەشتاکاندا ڕاونانی بەکۆمەڵ و کۆمەڵکوژی بە چەکی کیمیاوی ڕوودەدەن.
‎سەرەتا کاتێک لەپاش جەنگی کوەیت لەساڵی ١٩٩١دا ئەمەریکییەکان هێڵی سیوشەشیان پێک هێنا، کوردەکانی توانییان خۆیان لە دەستە پۆڵایینەکەی بەغداد ڕزگار بکەن. بەڵام بەوە چیرۆکی ئازارەکانیان کۆتایی نەهات، چونکە لەو کاتەدا شەڕی براکوژی هەڵگیرسا، ئەو شەڕەی کە بەختیار عەلی لە دواهەمین هەناری دونیادا باسی دەکات. پاشان کاتێک ئەمەریکییەکان ساڵی ٢٠٠٣ سەدام حوسێن و حزبی بەعسیان ڕووخاند، لە کوردستاندا گەشبینییەک سەری هەڵدا. ئەو هەرێمە پێگەیەکی سەربەخۆی بەدەستهێنا و کوردێک بوو بە سەرۆک کۆماری عێراق، جەلال تاڵەبانی، کە لەمێژ نییە کۆچی دوایی کردووە. بەڵام وەکو خۆتان دەزانن عێراق و کوردستانی عێراقیش هەتا ئێستا ئارامییان بەخۆیانەوە نەدیوە. ئەوە هەر کوردەکان بوون لە بەرەکانی پێشەوە دژ بە (داعش) دەجەنگین. هەتا ئێستاش پەیوەندیی هەرێمی سەربەخۆی کوردستان لەگەڵ دەسەڵاتی مەرکەزیی بەغداددا ناڕوونە و لێوانلێوە لە گرژی، شتێک کە بەڵێنی هیچ شتێکی باشی بۆ دواڕۆژ تیادا نییە.
 
‎ئەو دۆخە سیاسییە باکگراوندێکی مێژوویی ڕۆمانەکانی هەڵگری ئەم خەڵاتەمان پێک دەهێنێن. ئەوەی کە لەژێر ئەو جۆرە بارودۆخانەدا ئەدەب توانیویەتی گەشە بکات، پەرجوویەکە بۆ خۆی. کەوابێت دەتوانن بیخەنە پێش چاوتان، من بە چی فزووڵییەکەوە یەکەم نووسینی بەختیار عەلیم خوێندووەتەوە، ئەویش ساڵی ٢٠١٥ بوو کاتێک بۆ یەکەمین جار ڕۆمانێکی ئەو بە زمانی ئەڵمانی بڵاو بووەوە. ئەوەی دواهەمین هەناری دونیای خوێندبێتەوە، دەستبەجێ تێدەگات، لەبەرچی ئەو نووسەرە لە وڵاتی خۆیدا پێگەیەکی باڵا و تایبەتی هەیە.
 
‎لە سەرەتای ڕۆمانەکەدا کەسێک لە بەندیخانە ئازادی دەبێت: لەپاش زیاد لە بیست ساڵ لە سجنێکی بیاباندا کۆنەپێشمەرگەیەک بەناوی موزەفەری سوبحدەمەوە دەهێنرێت بۆ کۆشکی هاوڕێیەکی دێرینی، سەرکردەیەکی شۆڕش بەناوی یاقوبی سنەوبەرەوە. موزەفەر لەناخەوە دەستی لە دنیا هەڵگرتووە. بەڵام خولیای دۆزینەوەی سەریاسی کوڕیشی ناخی داگیر کردووە، کە لە سەردەمی مەلۆتکەییەوە نەیبینیوە. ئەو گەڕانە دەبێت ئۆدیسەیەکی مۆتەکەئاسا بەناو مێژووی نوێی کوردەکاندا، لە دەستپێکی شۆڕش دژ بە سەدام حوسێنەوە هەتا دەگاتە جەنگی براکوژی. لەگەڵ ئەوەشدا ڕۆمانێکی مێژوویی نییە وەک "جەنگ و ئاشتی"ی تۆلستۆی. لەبنەڕەتدا مەسەلە مێژووی کورد نییە بەڵکو مەسەلە ئەو پرسیارەیە کە ئاخۆ مێژوو چی لە مرۆڤ دەکات و ئەگەر ئەسڵەن مومکینیش بێت، مرۆڤ چۆن بەرگەی مێژوو بگرێت.
 
‎جیاواز لە زۆرێک لە ڕۆمانەکان تووندوتیژی و ئازار لای بەختیار عەلی هەرگیز ناچنە چوارچێوەیەکی ئێستاتیکاییەوە، ئامانجێكی ئەدەبی نین، بە کەڵکی ڤۆیاریزم و کەیفسازییەکی خێرا نایەن. گومانداریی دەسەڵات، کە لە یاقوبی سنەوبەردا بەرجەستە بووە، لەلایەن ئینسانییەتی موزەفەرەوە تەریق دەکرێتەوە. کاتێک لە کۆتاییدا سنەوبەر دەڵێت، تەنها پاکییەک هەیە ئەویش کە نەهێڵێت مرۆڤ لە مرۆڤ تێبگات، وەڵامی موزەفەر ئەمەیە: "تۆ دەتەوێت وەک هەموو دەسەڵاتدار و پێغەمبەرەکانی دیکە لەبارەی شتگەلەکانی کۆتاییەوە فەلسەفە لێ بدەیت و ئەو مەخلوقە بچووکە، کە ناوی مرۆڤە، لە مێشکی خۆت دەربکەیت؟ تۆ بۆ ئەوە دەژیت بۆ ئەوەی لەبیریان بکەیت، بەڵام من بۆ ئەوە دەژیم بۆ ئەوەی بە یادی خۆمیان بهێنمەوە."
 
‎گەڕانی موزەفەری سوبحدەم بەدوای کوڕەکەیدا دەبێت بە گەڕانێک بەدوای کوڕەکانیدا. چونکە سێ منداڵی هاوتەمەن هەن کە هەمان ناویان هەیە و ڕۆژێک لە ڕۆژان هەنارێکی شووشەیی خراوەتە هەر یەک لە بێشکەکانیانەوە. 
‎ئەوەی کە کێ کوڕە ڕاستەقینەکەیە، دۆزینەوەی ئەستەمە– بەڵام لە کۆتاییدا ئەوە هیچ گرنگییەکی نییە. چیرۆکی ئەو سێ سەریازە چیرۆکێکی نموونییە بۆ هەموو ئەو منداڵە ونبوو و بێباوکانەی ئەو سەردەمە تاریکەی مێژووری کورد. 
‎لە کۆتاییدا ئامانجی گەڕانەکە تەنها ئاشتبوونەوەیە.
 
‎کتێبەکە لەسەر میستیکییەکی بوونگەرایی جیهانی ناخ دەژی، کە جەوهەرەکەی سەربەخۆیی مرۆڤەکانە لە یەکتری. جارێک ئەو پانهومانیزمە میستیکییە بەم شێوەیە وەسف دەکرێت: "وەک چۆن بەشێک لە ژیانی ئێمە لەگەڵ هەموو ئەوانی دیکەدا تێکەڵ بووە، بەو شێوەیە بەشێکیش لە ژیانی هەموو ئەوانی دیکە لەگەڵ ژیانی ئێمەدا تێکەڵ بووە، بەشێکیش لە مەرگمان لەگەڵ مەرگی هەموو ئەوانی دیکەدا تێکەڵ بووە." 
‎کاتێكیش لە ڕەوتی چیرۆکەکەدا دۆخی گێڕانەوەکە ئاشکرا دەبێت و بۆمان ڕووندەبێتەوە، کە موزەفەری سوبحدەم وەک پەناهەندەیەک لەناو بەلەمێکدا لەسەر دەریای ناوەڕاست چیرۆکەکە بۆ هاوچارەنووسەکانی دەگێڕێتەوە، ڕۆمانەکە بەشێوازێکی ترسناک پەیوەندی لەگەڵ ئەم سەردەمەدا دەستپێدەکات، بە مەرجێک ڕۆمانەکە بە زمانە ئەسڵییەکەی خۆی چواردەساڵ لەمەوبەر بڵاوکراوەتەوە. 
‎مرۆڤ دەتوانێت شتی هاوشێوە لەبارەی دووهەم ڕۆمانی بەختیار عەلییەوە بڵێت، کە لە پایزی ٢٠١٧وە بە ئەڵمانی بڵاوکراوەتەوە، شاری مۆسیقارە سپییەکان. ڕۆمانێکە لەبارەی هونەرەوە، لەبارەی ئەدەب و مۆسیقاوە، لەبارەی شیعر و حەقیقەتەوە لەناو جیهانێکدا کە مرۆڤ لەبنەڕەتدا ناکرێت بتوانێت بەرگەی بگرێت. بەڵام لەلایەکی دیکەشەوە ڕۆمانێکە لەبارەی خۆشەویستییەوە، لەبارەی عەدالەتەوە، مەنیفێستێک بۆ دەسەڵاتی و بەهێزی شیعر و ژیان. 
 
‎چیرۆکەکە بەم شێوەیەیە: عەلی شەرەفیاری نووسەر ئەو ئەرکەی پێ دەسپێردرێت ژیانی جەلادەتی کۆتر بنووسێتەوە، فلوتژەنێکی سادەوساکار، کە لە ڕەوتی ژیانیدا بووەتە ئەفسانەیەکی ڕاستەقینە. حیقایەکەتە بە سەرە لەلایەن جەلادەتی کۆتر و نووسەرەکەوە دەگێڕدرێتەوە. ئەو دوانە وا دەردەکەوێت هەمیشە لە دەمەقاڵیدا بن کە ئاخۆ باشترین شێوازی گێڕانەوەی ئەو ژیاننامەیە چۆن و چۆن نییە، حەقیقی و هۆشیار، وەک ئەو شێوەیەی جەلادەت دەیەوێت، یاخود پڕمانا و جوانکراو، وەک شەرەفیانی نووسەر دەیەوێت. 
‎جەلادەت لە مەرگ دەگەڕێتەوە و زیاد لە هەموو کەسێک یەکێک لە کوشتیارە هەرە خراپەکانی سەدام حوسێن ڕزگاری دەکات. خەریکە بتوانێت بە هاوکاری ئەو فلووتژەنە گوناهەکانی خۆی پاک بکاتەوە. سەفەری ناو خەیاڵی کوشتیارەکە و شەوی دادگاییەکە، کە تیادا هەموو قوربانییەکان بۆیان هەیە بڕیارێکی کۆتایی لەسەر جەلادەکەیان بدەن، یەکێکن لە مەشهەدە هەرە هەستبزوێنەکانی ئەو کتێبە و ڕووداوێکی حیکایەتییە لە پێگەیەکی ئەدەبی جیهانیدا سەبارەت بە مومکینی و ئەستەمی ئاشتبوونەوە. لەو شوێنەدا مشتومڕێکی سەرسووڕهێنەر لەبارەی پرسی عەدالەتەوە دەکرێت:
‎"خەونی عادیلەکان چییە؟ تۆ ناتوانیت وەڵامی ئەو پرسیارە بدەیتەوە... هیچ شتێک نییە ترسناکتر لە خەونی عەدالەت... ئەوە خولیای بەناو عادیلەکانە، هەموو تاوانبارەکان دەستگیر بکەن و سزایان بدەن... کەوابێت دەبێت هەموو تاوانبارەکان سزا بدەین، بۆ هەموو تاوانێک سزایەکی ئامادەمان پێ بێت. بەڵام مرۆڤەکان هەمیشە تاوان دەکەن. یەک مرۆڤ نییە شایەنی سزا نەبێت. عەدالەتی ڕاستەقینە ئەم جیهانە دەکات بە دۆزەخ. سزادان و سزادران، وەحشیگەراییەکی ناکۆتا. بەڵام ڕۆژێک لە ڕۆژان بەسە."
 
‎ڕەنگە ئەوە لە گۆشەنیگای ئەم کۆمەڵگایەی ئەمڕۆی ئێمەوە هەڵوێستێکی سەیروسەمەرە بێت. بەڵام لە کاتێکدا چەرخی تووندوتیژی لە خولانەوە ناکەوێت و عێراقیش شوێنێکی لەو شێوازەیە، ئەوە تاکە هەڵوێستە بۆ کۆتاییهێنان بۆ ئەو هەموو توندوتیژییە– ئەو هەڵوێستەش نموونەیەکە بۆ ئەوەی کە ئەدەب ئاوێنەی کۆمەڵگاکەی خۆیەتی و لەگەڵ ئەوەدا هەوڵی ئەوە دەدات، هەست بە بەرپرسیارییەتیی خۆی بکات و تووندوتیژی بوەستێنێت. هەمانکاتیش نموونەیەکیشە بۆ ئەوەی کە چۆن خوێنەرەکان لە دەرەوە، واتا ئێمە، وا لێدەکات جارێکی دیکە بیر لە بارودۆخی خۆمان بکەینەوە کە لەو کەینوبەینەدا ئێمە بە شتێکی سروشتی دەزانین. 
‎من لەگەڵ خوێندنەوەی کتێبەکانی بەختیار عەلیدا هەمیشە لە خۆمم پرسیوە، ئایا ئەو هەڵوێستە پڕ لە مرۆڤایەتییەی لە کوێوە سەرچاوەی گرتووە. ئایا گێڕانەوە و بیرکردنەوەی ئەو لەسەرچی دەژی؟ یەکێک لە هۆکارەکانی لە مۆتیڤی ئەو فلووتەدا دەدۆزینەوە، کە جەلادەت دەیژەنێت. ئەو وێنەیەکی فەلسەفییە بۆ مۆسیقا و هونەر و جوانی؛ بەڵام هەمانکاتیش لەوە زیاتر. یەکێک لە دێڕە هەرە بەناوبانگەکانی نەوەک هەر ئەدەبی ڕۆژهەڵاتی بەڵکو جیهانی، کە جەلالەدینی ڕومی نووسیوویەتی، بە ناڵەکانی فلووت دەستپێدەکات:
 
‎گوێ دە نەی چۆن شیوەن و غەوغا دەکا
‎بۆ بەیانی دەردی دووری وا دەکا
فلووت تەنها مۆسیقا لێ نادات، بەڵکو گۆرانییەکەی خۆی دەناڵێنێت. ئەو ناڵەیەش لەوەدا خۆی دەبینێتەوە کە دابڕاوە لە ڕەچەڵەکی خۆی، ئەویش ئەو شوێنەیە کە لێی هەڵکەندراوە. بۆیە دەکرێت دەنگی ئەو نەیە ڕۆژهەڵاتییە هێمای تامەزرۆیی بێت بۆ یەکیەتییەکی گشتگیر، یەکینەی بوون یاخود پێکەوەوەستانی مرۆڤەکان– بە ڕێکەوتیش لێرەدا دەکەوین بەسەر وشەی پانتایزمدا، کە لە پانەوە سەرچاوەی گرتووە، خوداوەندی سروشت کە هەمیشە سەرقاڵی فلووتژەنینە و لە شاری مۆسیقارە سپییەکاندا ناوی دێت. لێرەدا دەبینین جیهانی ڕۆژئاوا و ڕۆژهەڵات چۆن لە ڕۆحی ئەو ئەفسانانەی بەختیار عەلیدا دەچنە ناو یەکەوە و لەوەش زیاتر، ئەو پیشانمان دەدات کە ئەو ئەفسانانە هەمیشە سەر بەیەک بوون و بۆ ئەدەب جودایی ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوا پێویست ناکات بوونی هەبێت.
 
‎لە پەیوەندیی خۆیەوە بۆ ئەدەب بەختیار عەلی پێناسەیەکی نوێی ناسیاسیی مرۆڤ دەکات، کە لێرەوە دەمەوێت لە کتێبەکەوە چەند دێڕێکتان لە کتێبەکەوە بۆ بخوێنمەوە: زۆر بەر لەوەی مرۆڤ سیاسەت بکات، حیکایەتی گێڕاوەتەوە، زۆر بەرلەوەی شار و ئیمپراتۆرێتییەکان دروست بخوڵقێنێت، بوونەوەرێکی حیکایەتخوان بووە." ئەمە لە شاری مۆسیقارە سپیەکاندا هاتووە، "لەپاش ڕاووشکارەوە نیشانەی مرۆڤ خۆی لە حیکایەتخوانیدا دەبینێتەوە... گەورەیی و هەمانکات بەدبەختیی مرۆڤ لەوەوە دێت، کە بڕوای بە حیکایەتەکانی خۆیەتی." مرۆڤ ئاژەڵێکی سیاسیی نییە وەک ئەوەی ئەرستۆ دەیڵێت، بەڵکو "ئاژەڵێکی حیکایەتخوان"ـە. 
‎لەپێش ئەو پاشخانەدا ئەم ڕێزلێنانە لە بەختیار عەلی گرنگییەکی هەیە کە تاک بە تاکی کوالیتیی کتێبەکانی تێدەپەڕێنێت و تەنها هەڵوێستێک نییە بۆ ئەدەبە تایبەکەی خۆی، بەڵکو ئاماژەیەکە بۆ ئەو ڕەنگاوڕەنگییە ئەدەبییەی کە ئەو هەیەتی، فرەلایەنییەک کە بازرگانە جیهانییەکانی کتێب تیادا دۆڕاون. 
 
‎لەم حاڵەتەدا دەزگاکە نووسەرەکەی نەدۆزیوەتەوە و ئۆفەرێکی لەلایەن ئەیجنتێکەوە بەدەست نەگەیشتووە و پاشان بەدوای وەرگێڕێکدا نەگەڕاوە و ئەرکی وەرگێڕانەکەی پێ نەسپێراوە. چونکە وەرگێڕی ناسراو لە زمانی سۆرانییەوە بوونی نەبووە. بەڵکو زیاتر وابووە کە خوێنەری کورد کە باوەڕی تەواویان بەو نووسەرە هەبووە و ئەڵمانییان زۆر باش زانیوە بەبێ هیچ ئامانجێک کتێبێکی ئەویان وەرگێڕاوە، بەبێ ئەوەی بزانن کە کەس بۆیان بڵاو دەکاتەوە. ئەو وەرگێڕانەش ڕاوێژ سەلیم و پێشەوا فەتاحن، لە سایەی ئەوانەوە دەتوانین ئەمڕۆ بەختیار عەلی بە ئەڵمانی بخوێنینەوە.
 
‎بەختیار عەلی لە ڕێی کتێبەکانییەوە زنجیرەییەک لە کاردانەوەی ناوەتەوە کە سنووری زمانەوانی و کولتووری و مێکانیزمی ئیکۆنۆمی بازاڕی کتێبی تێپەڕاند. 
‎من پێشوەخت پێتان دەڵێم، کە ئەو زنجیرەیە زۆرێک بەڕێوە دەبێت. ئێمەش، لە ئێستادا و لە دۆرتموند، بۆمان هەیە بڵێین، ئێمەی لەگەڵدا بووین. بەو شێوەیە دۆرتموند دەتوانێت ستایشی خۆی بکات و خۆی بەناوبانگ بکات، نەوەک تەنها لە تۆپی پێدا، بەڵکو لە ئەدەبیشدا، دەتوانێت لە ئەدەبیشدا لە لوتکەی جیهانی ئەدەبیاتدا بێت. لە نیویۆرک، لە لەندەن، لە پاریس هێشتا خەڵك ئەم هەڵگری خەڵاتەمان ناناسن، بەڵام وا نامێنێت. 
‎سەرکەوتنی لەناکاوی دۆرتموند بۆ چەمپیۆنسلیگی ئەدەب لەسایەی ئەو حەقیقەتەوەیە کە وەکو شارەکانی دیکە پۆزی ئەوە لێ نادات شای شاری ئەدەب بێت و تێگەیشتنی ئەدەبیی خۆی لەگەڵ تێگەیشتنی ئەدەبی سنوورداری جیهاندا تێکەڵ بکات. 
‎ئەوەی کە ئەفسانەکانی بەختیار عەلی ڕۆڵێکی مەزن دەبینن، بۆمان ئاشکرا بووە. ئەوەیش کە ئەدەبەکەی بەرپرسیاریەتییەکی مەزنی هەستونەستەکانی هەڵگرتووە. دەتوانین ڕۆمانەکانی بە ڕۆمانی فریادڕەسی ناوزەد بکەین چونکە جەنگ دژ بە مەرگ بە هەند وەردەگرن، وەک کانێتی لە شیعرەکانیدا.
 
‎ئەو ڕێگە گوماندارەی هیوا، لە مەرگەوە بۆ داهێنان، کە بەختیار عەلی سەرەڕای دڕندەییەکانی مێژوو لە ڕۆمانە فریادڕەسەکانیدا کاریگەریی تێ دەکات، دەکرێت بەو ڕێگایانەی نیلی زاکس بەراورد بکرێت، کە هەڵگری خەڵاتی نۆبێڵە.
 
‎کەواتە با پیرۆزبایی لە بەختیار عەلی بکەین بۆ خەڵاتی نیلی زاکس/ ٢٠١٧