فیلمی "نەخۆشە ئینگلیزەکە"، دەرهێنانی "ئەنتۆنی مینگهێلا" بە یەکێک لە شاکارە جوانەکانی هۆلیود لە قەلەمدەدرێت. ناوەڕۆکی فیلمەکە لەسەر بنەمای رۆمانە بەناوبانگەکەی "میخایل ئونداتجی" کەنەدیە و ماجەرای عەشقێکی سەیر کەرەستەی ڕۆمانەکەیە. سەرەتای فیلم، دیمەنەکانی کۆتایی فیلمە و کامێرا بە سیحری خۆی لە ناو فرۆکەیەکی دوو نەفەریدا بەسەر بیابانی گەورەی ئەفریقادا دەتفڕێنێ.
خۆشەویستی، ناوەڕۆکی سەرەکی ڕۆمانەکەیە و جەنگی جیهانی دووەمیش لە ئەفریقادا ئەو فەزایەیە کە ئەم چیرۆکە دڵتەزێن و جوانەی تیا نمایشدەکرێت. بەڵام جەنگ تەنها وەک دیمەنی کۆمەڵێک سەرباز و قافڵەی سەربازی ئامادەیی هەیە، ئەگینا، حەقایەتی سەرەکی ، خۆشەویستیی نێوان دوو کەسە لە شوێنێکدا کە جەنگ لە دوورەوە کاریگەری لەسەر پەیوەندییەکەیان دادەنێت. 
ئەوەی کە بۆ من تایبەتمەندییەکی گرنگی هەیە لەم فیلمەدا ، بەکارهێنانی هونەرییانەی  ڕووداوە بچووکەکانی ژیانن لە ناو فەزایەکی هێند گەورەدا کە دەکرێ  ڕووداوە بچووکەکان بکات بە ژێر دەست و پێی فەزا گەورەکەوە. نیگاکردن لە دوو چارەنووس لە ناو فەزای جەنگی جیهانی دووەمدا.
 
بە کورتییەکەی: بینینی حەکایەتێکی زۆر بچکۆلە لە ناو حەکایەتێکی هەتا بڵێی گەورەدا. ڕەنگە دیمەنی لاشەی بێگیانی ئالان کوردی بچکۆلە لە کەنار دەریایەکی تورکیادا، باشترین نموونەی ئەم باسکردنەی من بێت. دەموچاوێک لە ناو تابلۆیەکی هەتا بڵێی گەورەی حەکایەتی کۆچی فراوانی قوربانیەکانی شەڕدا.
 
"عەشقی هاجەرە"ی ئیدریس عەلی، لەم گۆشەنیگایەوە هەتا بڵێ کارێکی لێهاتووانە و سەرکەوتووە. ئەوە شەر نییە کە حەکایەتەکەمان بۆ دەگیڕێتەوە، بەڵکو ئەوە ژیانە کە دێتە ئاخاوتن و فەزای خۆیشی بەسەر فەزای شەڕدا زاڵدەکات، ئەگەرچی پریشکی جەنگ، بەر جەستەی پاڵەوانیش دەکەوێت.  
 ئیدریس عەلی گێرانەوە دەکاتە ناوی نووسینی ئەم تێکستە، بەڵام عەشقی هاجەرە تەواوی کەرەستەکانی رۆمانی تێدایە و هەڵنەبژاردنی ناوی ڕۆمان یان چیرۆکێکی درێژ، هیچ لە جێگا و ڕیگای ئەدەبی ئەم تێکستە کەمناکاتەوە.
لە عەشقی هاجەرەدا، ئیدریس چیرۆکی باوکێکمان بۆ دەگێڕێتەوە کە دووجار دەچێتە ژیانی هاوسەرییەوە و رەوەیەک کوڕ و کچ دەخاتەوە و کەچی خۆشەویستیی ناکامی ئەو لە زەمەنی لاوێتیدا بە جۆرێک دڵی دەکات بە ئاو، کە هەموو سەرتاپای ژیانی ئەو داگیردەکات. ئەم خۆشەویستییە لە زەمەنێکی دوورەوە دەستپێدەکات و  کاریگەرییەکانی  پەلدەکێشێت بۆ رۆژگاری جەنگی عێراق و ئێران. ئەم خۆشەویستییە لە ناو فەزایەکی خۆڵەمێشی جەنگدا نمایشدەکرێت کە هەندێک جار هەستپێکراوە و  هەندێک جاریش ئامادەیی نییە، بەڵام چیرۆک و قوربانییەکانی  شەڕ ناکرێت هەستپێنەکرێت. 
ڕێک لە فەزایەکی واهیدا، ئیدریس ژیانی ئەو کەسانە دەگێڕێتەوە کە بە جۆرێک سەروکاریان لەگەڵ مەلا عەلیی و هاجەرەداهەیە. بەڵام ئەوەی کە ئینسانەکان چۆن دەژین و عەشقدەکەن و دەچنە حەمام و لە پەیوەندییە رۆژانەییەکانی خۆیاندا چۆن مامەلەدەکەن، یەکێک لە دیمەنە جوانەکانی ئەم رۆمانەیە و فەزای جەنگ و بووردوومانی شار، ناتوانێت کارەکتەرەکان لە ژیانکردن بخات. هوونەرێک کە زیادەڕۆییم نەکردبێت، نەفەسی لە هەندێک چیرۆک و ڕۆمانی کوردی بڕیوە و فەزا سیاسییە گەورەکەی کۆمەلگای کوردی، دەستیناوەتە بینەقاقای کارەکتەرەکان و جووڵە و رەفتاری ئەوانی سنووردارکردووە. 
پاڵەوانی ئەم ڕۆمانە مەلا عەلییە، پیاوێک کە لە خێزانێکی ئاینییەوە دێت و ئاشقی کچە قەرەجێک دەبێت کە لە گوندەکەی ئەودا نیشتەجێدەبن و ئەشقێکی خۆرهەڵاتییانەی دووربەدوور دڵی هەردوو لا دەکات بە ئاو. بەڵام چیرۆکی ئەم ئەشقە لە ڕیگای کۆمەڵێک کاراکتەر و رووخساری دیکەی ناو چیرۆکەوە دیتە گێڕانەوە کە هەر یەکە بەشێک لە چمکی رووداوەکانی دەکەوێتە سەر شان.
دێخاوەر، هاجەرە، کابرای ماسیگر، مام حوسەین، دایک ، ناو و کەسایەتی جۆراوجۆری ناو ئەم بیۆگرافیایەی باوکن کە نەبوونی کەسێکیان، کەلێنێکی گەورە دەخاتە بینای چیرۆکەکەوە. من کە لە خوێندنەوەی ئەم کورتە ڕۆمانە دەبمەوە، لەخۆم دەپرسم: پاڵەوان کێێە؟
ئەگەرچی ناوەڕۆکی ئەم ڕۆمانە باوکە، بەڵام دایک و هاجەرە و دێخاوەر هەموویان لە پاڵەوانە سەرەکییەکانی رۆمانن و ئەگەر ئەم دەمووچاوانە لە پال یەکتریدا ڕابگریت،هەموویانت بەقەد یەک خۆشدەوێت و بەقەد یەک لە دڵی خوێنەردا جێگا داگیردەکەن. 
 
عەشقی هاجەرە ئاماژەیەکی ڕاستەوخۆیە بە ناوەڕۆکی رۆمانەکە. بریا ناونیشانێکی دیکە سەربەرگی ئەم کارەی ئیدریسی داگیربکردایە تا لە یەکەمین دێرەکانی ڕۆمانەوە، زەینی خوێنەر کێشنەکرێتە ئەو فەزایەوەی کە خۆشەویستی نێوان دوو کەس دروستی دەکات. ئاخر لە پاڵ عەشقی هاجەرەدا ، چەندەها وردەچیرۆکی دیکەی جوان هەن، کە هاوشان و تەریب بە ڕووداوی سەرەکی ڕۆمان لە جووڵەدان. 
ئەم ڕۆمانە کورتە، گێرەرەوەی ئەو ژیانە سادەیەیە کە هاولاتی کۆمەلگای ئێمە لە ناویدا دەست و پەنجە نەرمدەکات و سیاسەت و جەنگ و شەرەکانی دژی ڕژێم نەیهێشتووە ببینرێت. 
ئەگەر دەستەواژەی: کورد بە تەنها چیاکانی شکدەبات تا بیپارێزێت یەکێک لە دەربڕینە باوەکانی ژیانی ئینسانی کورد بێت لە ڕۆژگارێکی درێژدا بەهۆی ئەو جەنگە جۆراوجۆرەنەوەی  کە ئەم کۆمەڵگایە پیایدا تێپەڕیوە، ئەوا ئەشقی هاجەرە، گێڕانەوەی ژیانی ئینسانەکانی شارۆچکەیەکی کەنار چیایە، لە ناو کوچە و کۆلانەکانی خودی شاردا، نەک لەسەر چیا.
 
لە عەشقی هاجەرەدا، بیۆگرافیایی باوكێک دەگێڕدرێتەوە وەک پاڵەوانێکی خەیاڵی کە نووسەر دەستی بۆدەبات، بەڵام ئەم جۆرە لە کاری ئەدەبی  هەمیشە نووسەر ڕووبەڕووی ئەو پرسیارانەی خوێنەر دەکاتەوە کە گوایا چەندێک لە رووداوەکان نزیکایەتییان لەگەڵ باوکی حەقیقی نووسەردا هەیە. 
دەستبردنی ئیدریس بۆ کارێکی وا، بووێرانەیە و سویدی واتەنی: خۆڕووتکردنە و باوکڕووتکردنەوەیەکی ئازایانەیە بە تایبەت لە کۆمەلگایەکدا کە خۆشەویستی و خیانەت و وەفا و بێوەفایی بەشێک لە کێلەکانی گۆڕستانی بە ناوی قوربانیەکانیەوە ناوە. 
ناوە ناوە، لە هەندێک شوێنی ئەم رۆمانەدا:هاجەرەش ڕەنگە بە گاگۆڵکێ، یان بە پێی خۆی، بە چواردەووری خێمەکەیاندا جرت و فرتی بووبێت و ..." رووبەڕووی دەربڕینی وا دەبیتەوە کە نووسەر دەکرا بە سەریدا تێنەپەڕێ.  جرت و فرت ئەگەر بۆ هەر جووڵەیەکی دیکە بەکاربهێنرێت، کەمتر دەربڕی ڕاکەڕاکەی منداڵێک دەنووێنێت لەو دیمەنەدا. یاخود بازبازێنکردن لە نێوان هونەری گێرانەوە بە زمانی ڕانەبردوو و دواتریش کردنی بە زمانی ڕابردوو لە هەندێک جێگای رۆمانەکەدا، دەکرا بە سەلیقەییەکی وردترەوە مامەڵەی لەگەڵدا بکرایە. ئەم دوو کورتە تێبینییە لە ڕانانی هیچ کتێبێکی چاپکراوی ئەوروپیدا وەک ڕەخنە لەبەرانبەر نووسەردا قووتناکرێتەوە. چونکە ئەو چاپخانەیەی ئەرکی بلاوکردنەوەی ئەو بەرهەمەی گرتە ئەستۆ، ناچارە بەرهەمی ئەدەبی لە هەڵەی زمانەوانی و تەنانەت هەلەی ئەدەبیش پاکبکاتەوە.
عەشقی هاجەرە، بیۆگرافیای کورێک نیە بۆ باوکێك کە دەچەپێنێت و منداڵ دەخاتە ناو دەیەها گرێی دەروونییەوە، بەڵکو سەرگوزشتەی باوکێکە لەبەرانبەر باوکێکی دیکەدا کە بێبەزەییانە لە تێکشکاندنی خەونی کوڕەکەیدا دەست بۆ زەبروزەنگدەبات. عەشقی هاجەرە هێندەی ستایش و گەورەڕاگرتنی باوکە، هێندەش تۆلەکردنەوەیە لە باوکێکی دی. 
بەلام ئەگەر باوک لە ئەدەبدا، ڕووخسارێکی جوانی بە نسیب نەبووبێ، لە عەشقی هاجەرەدا، ئینسان حەزدەکات مەلا عەلی باوکی بوایە. 
 
20180215