سەرەتایەك بۆهیرمینۆتیكا لای گادامێر
هیرمینۆتیكا بەر لە هەموو شتێ‌ لەڕێگەی هونەرەوە، یان لەڕێگەی تەكنیكەوە دەلالەت لە پرۆسیسەكردنێكی فیكری دەكات. بەمانای (شلیرماخر)ی هیرمینۆتیكا هونەری تەئویلكردنە. بەڵام (فیلیب_هۆڤمان) لە كتێبی (مدخل الی فینومینولوجیا) دەڵێ‌: هیرمینۆتیكا لە (خۆكاری و تەرجەمە و خستنەكار و راڤەكردن و لێكدانەوە) پێكهاتووە. ئەو بۆچوونە دەشێ‌ لەوێوە لە هونەر یان تەكنیك نزیك بێت كە (هونەر/تەكنیك) بۆخۆی دەلالەتی رۆشنبیریی و دەرخستن و تەئویلی لەخۆدا هەڵگرتووە. وشەی هیرمینۆتیكا یەكەمجار لەساڵی 1654 لە كتێبی (دانهاوەر) دەركەوت، ئەو وشەیە بۆ لێكدانەوەی لاهوتی_فیۆلۆژی بەكار هێنراوە و دواتریش خۆی لە لێكدانەوەی یاسا جیا كردۆتەوە.i هیرمینۆتیكا لە تیۆلۆژیادا، تەرجەمەكردنی كتێبی پیرۆز (الاسفار)ی لێكەوتۆتەوە، بە وردی بەكاری تەئویل و تەرجەمەكردنی هەڵساوە.
(ئۆگستین) لە كتێبی (العقیدە المسیحیە) قسە لەوە دەكات كە چۆن فیكرە بەسەر مانای حەرفی و ئەخلاقیدا بەرز دەبێتەوەو بە مانای رۆحی دەگات.ii دەشێ‌ ئەو قسە لێكردنەی ئۆگستین راستەوخۆ پەیوەندی بە فەزای هیرمینۆتیكییەوە هەبێ‌، فەزای هیرمینۆتیكی لە ترۆپكی مانای حەرفی و ئەخلاقییەوەiii دێتەئاراوەو لەوێشەوە بە رۆحەوە بەندمان دەكات.
 (شلیرماخر) یەكەم كەس بوو، كە توانی هیرمینۆتیكا یان وەك خۆی دەڵێ‌ هونەری تەئویل وەك مەزهەبێكی گشتی و جیهانی بەرجەستە بكات و لە لاهوت و ئەوانیدیكەی كە بە ئینجیلەوە پەیوەستن جیای بكاتەوە. یەكەم پاڵنەری ئەو جیاكردنەوەیەش فەلسەفە بووە، نەك بەرژەوەندی لاهوتیانە، یان پەیوەستبوونێكی سیاسی و زانستی... بەدیوەكەی دیكەش وەك دەزانین شلیرماخر هەڵوێستێكی كلاسیكانەی بەرانبەر هیرمینۆتیكا هەبووە، ئەو هەڵوێستە كلاسیكییەش لەوێوەیە كە پێیوایە: ئەوە زمانە رێگەكانی تەعبیركردن بۆ دانەر دیاری دەكات و دانەریش بەو شێوەیەی كە خۆی دەیەوێت بە هەمواركردنی داتاكانی زمان رادەبێتەوە و دووبارە بە بونیادنانەوەی پێشبینیكردنی بابەتیانەی زمان هەڵدەسێت.
لە چەمكی بازنەی هیرمیینۆتیكای شلیرماخر تێگەیشتن لە گشت، دەبێ‌َ لەڕێگەی بەشەوە بێت. بەڵام تەئویلی نوێ‌ لە هونەری گوتارەوە بەرەو تێگەیشتنمان دەبات. هونەری گوتار پەیوەندی بە كۆی ئاگاییەكانەوە هەیە. وەك دەزانین لە هەردوو باردا مەسەلەكە خولخواردنە بە دەوری مانای لەپێشتر كە پێویستە لەڕێگەی دەرككردنی گشتییەوە پێیبگەین، ئەوەش بۆخۆی تێگەیشتنێكی تەواو ئاشكرا ناخاتەوە ئەگەر لە دیاریكردنی بەشەكانەوە بۆی نەچین (مەبەست لەو بەشانەیە كە گشت دیاری دەكەن). بەمجۆرە هیرمینۆتیكا وەك زانستێكی مرۆیی بە وردبینی و هونەری پرۆسیسەكردنی خودییەوە بەندە. وەك رێگە خوێندنەوەیەكی هونەری پشت بە هەستیاری و ناسكی و هەستی غەریزی و كۆمەڵێك مەرجی دەروونی دیاریكراو دەبەستێت، ئەو فیكرەیەش لە لایەن زانای فیزیایی سەدەی نۆزدەم (هیرمان هیلمهۆلتز) خراوەتە روو و (گادامێر) پشتگیری لێكردووە.
 وەك دەزانین زانستی مرۆیی، توێژەر بەخۆیەوە بەند دەكات و دەكەوێتە سەر رەگەزی كەلەپوورەوە، بەڵام كەلەپوور یان دەقی كەلەپووری لای گادامێر شتێك نییە، بەشێوەیەكی میكانیكی سوودی لێوەربگرین، بەڵكو ئەركێكە رووبەروومان دەبێتەوە... ئەركێكە لەپێناو تێگەیشتن، تێگەیشتنێك كە پێویستمان پێیەتی بۆ ئەوەی سنووری خۆمان بزانین. بە مانایەكی دیكە دەتوانین بڵێین تێگەیشتنی خودی بۆ كار یان بۆ دەق سەر بۆ دەسەڵات و هێزێك دادەنوێنێ‌، كە هێز و دەسەڵاَتی كەلەپوورە، ئەو هێزەش لای هەموو كەسێك زیندووە. واتە دەبێ‌ زانستی مرۆیی دەرك بەوە بكات كە پابەندبوون بە كەلەپوور، بان بەدواداچوون و لێكدانەوە لەڕێگەی كەلەپوورەوە رێگەیەكی روون و ئاشكرایە بەرەو حەقیقەت. لێرەدا حەقیقەت بەمانای كەشفكردنی ئەو بەیەكگەیشتنەیە كە لەمیانی مێژوو و كەلەپوور و پرسیارەكانی هەنووكەدایە. حەقیقەت دیالۆگی نێوان رابردوو و ئێستایە. پابەندبوون بە كەلەپوور راستەوخۆ پەیوەندی بە فیكری ئەڵمانییەوە هەیە. فیكری ئەڵمانی مۆڕكێكی ئینتۆلۆژی و ئیستێتیكی و مێژوویی لەخۆدا هەڵگرتووە، بەرانبەر ئەوەش فیكری فەرەنسی میتۆدی و رێژەیی و تەفكیكییە. لێرەدا رەخنەی (هابرماس) لە گادامێر ئەوەیە كە گادامێر كەلەپوور دەخاتە پێش عەقڵەوە! بەڵام گادامێر وەك خۆی دەڵێ‌ دەیەوێت قسە لە رێزگرتنی كەلەپوور بكات، لەوێوە كە ئاڕاستەی وێناكردن و گریمانەی گیروگرفتەكانی ئێستای لەخۆدا هەڵگرتووە.
هەڵبەتە ئەو رستەیە لەرووی مێژووییەوە حیسابی ورد بۆ مەسافەی مێژوویی دەكات، بەو مانایەش مەسافەی مێژوویی ئەو رووناكیەیە كە دەشێ‌ لەڕێگەیەوە رابردوو ئامادە بكەینەوە. لێرەدا گادامێر پابەندبوون بە كەلەپوور وەك تەگەرەیەكی ئەبستمۆلۆژی سەیر ناكات، بەڵكو چارەسەری ئەو بیركردنەوە وەك ساتەوەختێك لە ساتەوەختەكانی بەرجەستەكردنی حەقیقەت دەبینێ‌ و ئەو ساتەوەختەش وەك دەزانین لە هیرمینۆتیكادا بە توێژەرەوە بەندە. بەڵام خودی ئەو چارەسەركردنە وەك چۆن لای هابرماس خستنە دواوەی عەقڵە، لای دریداش ئامادەیی میتافیزیكا دەگەیەنێت.
لەسەر ئەو بنەمایەی كە حەقیقەت لای گریكەكان واتە كەشفكردن و ئاشكراكردن، ئەوە لە هیرمینۆتیكاشدا كۆی چەمكەكانی حەقیقەت، كۆمەڵگە، رووداوی مێژوویی، دەق، بەرهەمی ئەدەبی و هونەری...... لەڕاستیدا توێژەر چۆن نوێنەرایەتیان دەكات وا بەرهەمیان دەهێنێ‌. واتە حەقیقەتی توێژەرن یان حەقیقەتی ئەو كەسەن كە كەشفییان دەكات، وەك چۆن بۆخۆی بەرهەمیان دەهێنێ‌ و نوێنەراتیان دەكات. بەڵام دواجار گادامێر كۆی ئەو ئیشكالیەتانە لەڕێگەی دیالۆگەوە چارەسەر دەكات. بەو مانایەش ئەزموونی تەئویلی گادامێر لەسەر بەیەكگەیشتن و دیالۆگ وەك پەیوەندییەكی جەدەلی دەردەكەوێت، ئەزموونێكی بەرهەمهێن و داهێنەرانەیە لەنێوان ئێمە و كەلەپوور، لەنێوان من و ئەوانیدیكەدا و لەسەر پرسیار و وەڵام دەوەستێ‌.iv
كەواتە ئەو حەقیقەتەی لە دیالۆگەوە دێتە ئاراوە، حەقیقەتێكی رەها و داخراو نییە، بەڵكو حەقیقەتێكی داهێنراوە، یان رستێك حەقیقەتی داهێنراوە، هەر لەوێشەوە تێگەیشتن وەك پرۆژەیەكی ناتەواو هەمیشە لە نوێكردنەوە و بەدواداچوون خۆی دەنوێنێ‌. بەدیوەكەی دیكەش حەقیقەت وەك هایدگەر جەختی لێدەكاتەوە بەكۆتا گەیشتنی بوونی مرۆییە. لەسەر ئەو بنەمایە گادامێر دەڵێ‌ هەر یەك لە دەق و توێژەر خاوەنی ئاسۆی تایبەت بەخۆیانن، بەو مانایەش تێگەیشتن لەو نێوانەدا تەعبیر لە توانەوەی ئاسۆكان لەنێو یەكدا دەكات، یان تەعبیری بەیەكداچوونی ئاسۆكانە.
 دیالۆگ لای گادامێر دەكەوێتە دەرەوەی هەژموونی حەقیقەتەوە، چونكە دیالۆگ هەرگیز هەژموونی مەعریفە ناگەیەنێت، بەڵكو كەشفكردنێكی دەستەجەمعیانەیە، گەیشتن و هاوڕایی كردنی ئەویدیكەیە. كاتێك یەكێك شتێك، بابەتێك لە یەكێكی دیكە دەگەیەنێت، بەو مانایەیە كە هەردووكیان لەو شت و بابەتە تێبگەن، یان رێگەیەكی گونجاو و رەوا بۆ تەماشاكردنی بابەتەكە بدۆزنەوە. دەمەوێت بڵێم تێگەیشتنی خود لای گادامێر ئەوە نییە كە كەسێك بۆخۆی بەئاڕاستەی بابەتێكدا دەڕوات، بەڵكو ئەوەیە كە لە مەسەلەیەكی دیاریكراودا رێگەی خۆی بەرەو بابەتە دیاریكراوەكە بخاتە روو. لێرەدا ئەوەی گادامێر بۆ گەیشتن بە حەقیقەت قسەی لێدەكات ئیرادەی تێگەیشتنە، ئیرادەی تێگەیشتن لەنێو ئیرادەی لێكحاڵیبوون و بەشداریكردن... بەو مانایەش ئەو حەقیقەتەی لە دیالۆگ دێتە بەرهەم، حەقیقەتێكی رەها و داخراو نییە، بەڵكو حەقیقەتێكی بەرهەمهێنراوە. حەقیقەتی بەرهەمهێنراو لە رستێك حەقیقەت پێكهاتووە و هەمیشە لە نوێكردنەوە دایە.v
بەڵام ئەو تەگەرەیەی بەردەوام دێتە سەر رێگەی تەئویل تێگەیشتنە. وەك گوتمان تێگەیشتن بەدرێژكراوەی فیكرەی شلیرماخر لە گشت پێكدێ‌، نەك هەر تەنها وەك فاكتەری بابەتی، بەڵكو وەك فاكتەری خودیش. كەچی (دێلتا) پێیوایە بۆ ئەوەی وەسفی تێگەیشتن بكەین و دەركی گشت بكەین، دەبێ‌ بەرەو چەق هەنگاو بنێین. تێگەیشتن لای هایدگەر بەدیاریكراوی هەمیشە لەڕێگەی جولەی وێناكردنی تێگەیشتنی پێشوو دەبێ‌، ئەوەش بە بەرجەستەكردنی ئاگایی مێژوویی وەسف دەكات.vi بەمجۆرە تێگەیشتن لەپلەی یەكەمدا حاڵیبوونە لە بارەی شتێكەوە، لە پلەی دووەمدا تێگەیشتن واتا بەرجەستەكردنی رای ئەویدیكە و دەرككردنی لەدووتوێی بوونیدا، یان رێكەوتن لەگەڵ ئەویدیكەدا. دواتر ئەوەی دەمێنێتەوە مەرجی تەئویلكردنە ئەویش تێگەیشتنی شتەكەیە یان دامەزراندنی پەیوەندییەكی جیاوازە لەگەڵ خودی شتەكە لەڕێگەی كۆمەك بەستنەوە. لەو دەلالەتەوە ئەوەی وەك تاكە مانا قبوڵ دەكرێ‌ جێبەجێكردنی ئامادەگییانەیە. بەدیوەكەی دیكەش تێگەیشتن لەڕێگەی مێژووەوە ئاڕاستەی خۆی بەرەو زمان دیاری دەكات.vii
تێگەیشتن لای گادامێر جەخت كردنە لەوەی ئایا ئەو تێگەیشتنە بۆ یەكێكی دیكە چۆن؟ ئەوەش پەیوەستبوونێكی تووندە بە تێگەیشتن و رێكەوتن و كۆمەك بەستن، بەو مانایە تێگەیشتن گەیشتنە بە جێبەجێكردن و بەكارهێنانی مانا بەسەر بارودۆخی ئێستا و دۆزینەوەی وەڵامە بۆ پرسیارەكانمان و چارەسەركردنی گیروگرفتەكانمان. واتە هەمیشە تێگەیشتن دەلالەتی جێبەجێكردن لەخۆ دەگرێ‌. ئەو تەئویلەی كە بەرانبەر كەلەپوور پرۆسیسەی دەكەین، هەمیشە بە پرسیارەوە بەندە، پرسیارگەلێك كە گیروگرفتە تایبەتییەكانمان لەخۆ دەگرێت. لەلایەكی دیكە توانای دەقی خوێنراوە، یان بەمانایەكی دیكە توانای خوێندنەوەی مۆدێرن بۆ كەلەپوور لە وەڵامدانەوەی ئەو پرسیارانەدایە. لەبەر ئەوەی ئەو عەقڵەی گادامێر قسەی لێدەكات عەقڵی تەواسلییە Communication و بە مێژووە بەندە، بەڵام گادامێر كۆمینیكەیشن وەك ئاڵوگۆڕپێكردنی زانیاری لەكەسێكەوە بۆ كەسێكی دیكە نابینێ‌، بەڵكو لای ئەو هەندێ‌ بابەت هەن لەڕێگەی كۆمینیكەیشنەوە بۆ هەردوولا ملكەچ دەكەن. بە واتایەكی دیكە كۆمینیكەیشن ناكەوێتە نێو هەژموونی مەعریفییەوە، بەڵكو دۆزینەوەی رێگەیەكی رەوایە لەلایەن هەردوولا بۆ هاوبەشیكردن. بۆیە دەبێ‌ بۆ تێگەیشتن قسە لە ئاگایی مێژوویی بكەین، یان ئاگایی بە مێژوو كاریگەر، هەر لەسەر ئەو بنەمایەش كەشفكردنی حەقیقەت لای گادامێر بە مەرجی مێژووییەوە دەلكێ‌، بەڵام دەبێ‌ بزانین كە حەقیقەت وەك پیشەیەكی مێژوویی لەنێو كاتدا و بەپێی گۆڕانی ئاسۆكان مانای دەگۆڕێت. كەواتە ئاگایی مێژوویی وەك پرۆژە بە ئازادی نامێنێتەوە و هەر دەبێ‌ پەیوەست بێ‌ بە حوكمەكانی رابردوو و گریمانەكانی ئێستاوە، چونكە بێ‌ ئەو رووناكییەی كە لەڕێگەی ئاگایی مێژووییەوە پێیدەگەین، ئەوەی بە دەستمان دەگات، تەنها رووناكییەكی داپۆشراو و بێ‌ سوودە.viii
ئاگایی مێژوویی هونەرێكە فێرمان دەكات بەشێنەیی بەرەو پێشەوە بچین و لەڕێگەی تێگەیشتن لە رووداو و بەڵگەكانی رابردوو رەخنە لەخۆمان بگرین. كەواتە ئەو ئاگاییەی ئێستا بەرانبەر مێژوو بەدەستی دەهێنین، لەبنەڕەتدا جیاوازە لەو تێگەیشتنەی لە رابردوودا بەرجەستەیە. لێرە مەبەست لە ئاگایی مێژوویی ئەو بەخششەیە كە مرۆڤی مۆدێرن بە دەستی دەهێنێ‌. واتە مرۆڤی مۆدێرن لەڕێگەی خۆیەوە ئاگاییەكی مێژوویی لەڕێگەی كۆی بیروڕا جیاوازەكانەوە بەدەست دەهێنێ‌. ئەو ئاگاییەی مرۆڤی مۆدێرن بەرهەمی دەهێنێ‌ هەر تەنها لەمیانی بیروڕا نێگەتیفەكانەوە گیر ناخوات، بەڵكو ئاگایی مۆدێرن ئامادەیە لە هەموو توانا جۆراوجۆرە نێگەتیفەكانیش سوود وەربگرێت، لەسەر ئەو بنەمایە گوتاری تەئویلی لە تێگەیشتنی ئەویدیكە و هاوتێگەیشتنەوە دێتەئاراوە، كە لەڕێگەی دیالۆگەوە بەرهەم دێت، بەو مانایەش ئامانجی هەموو تێگەیشتنێك رێكەوتن و هاوگونجانە لەبارەی ئەو شتەی كە دەمانەوێت تێیبگەین. كەواتە تێگەیشتن، جێبەجێكردنی مانایە بەسەر ئەو واقیعەی كە تێیدا دەژین. بەڵام هەرگیز جێبەجێكردن و بەكارهێنان، وەك پرۆسیسەكردنێكی بەرهەمهێن ناكەوێتەوە، ئەگەر خۆی وەك چالاكییەكی بەرهەمهێنی تێگەیشتنی مێژوویی و ئاگایی رەخنەیی نەنوێنێ‌ و لەوێشەوە رێگا داخراو و بەپەناو پێچەكانی كەلەپوور و دەق رووناك نەكاتەوە! هەر لەوێشەوە دەتوانین بڵێین هەموو ئەو تێگەیشتنانەی لەڕێگەی دیالۆگەوە دێتە بەرهەم دەلالەتی جێبەجێكردن بەرجەستە دەكەن.

سەرچاوەو پەراوێزەكان:
- فلسفە التأویل، الاصول، المبادی، الاهداف. تالیف: هانس غیورغ غادامیر. ترجمە: محمد شوقی الزین، منشورات الاختلاف/ الجزائر، گ 2006، ص63.
- ه.س.پ. ل ٦٤.
- ئەخلاق Moral ئەو بەهاو و بنەمایەیە كە گەلان دەبزوێنێ‌ وەكو یەكسانی، ئازادی، دادگەری هەموو ئەو بنەمایانەش دەبنە سەرچاوەی كەلتوری و پاڵپشتی یاسا، وەك دەزانین ئایین داكۆكی لە بەرژەوەندی گشتی دەكات یان هەڵگری ئەخلاقی گشتییە، هەر لەوێشەوە پەیوەندی "من" بە خوداوە رێك دەخات، نەك پەیوەندی "من" بە دەسەڵاتەوە. پەیوەندی "من" بە خوداوە شێوەیەكی شاقولی هەیە، بەڵام پەیوەندی "من" بە دەسەڵات شێوەیەكی ئاسۆیی دەنوێنێ‌. یەكەمیان لەڕێگەی دادگەرییەوە پارێزگاری لە ماف دەكات، بەڵام دووەمیان لەڕێگەی حەرام و حەڵاڵەوە.
- ه.س.پ. ل ٢٥.
- ه.س.پ. ل ٣١.
- ه.س.پ. ل ١٢٦.
- ه.س.پ. ل ١٢٨.
- ه.س.پ. ل ٤٩.