دیدارێك لەگەڵ یوسف عیزەدین
ئا: ئیدریس عەلی
ئیدریس عەلی: با لە وتەیەكی "پیتەر سڵۆتەر دایك"ەوە دەست پێبكەین كە دەڵێت: "من لەژێر ئاسمانێكی تردا دەنووسم"، ئەمە لای ئێوە چی دەگەیەنێت؟!
یوسف عیزەدین: ئەم گوتەیە پێچەوانەی یەكێك لەتەسەوورە كۆنەكانی مرۆڤە كە لەسەردەمانێكدا ڕەنگە پێی وابووبێت، ئاسمان گومەزێكە بەسەر ئەو پانتاییە جوگرافییەوە كەتێیدا دەگوزەرێت. ڕاشكاوانە ئەم تەسەوورە كاریگەری بەسەر كایە فیكری و مەعریفییەكاندا هەبووە، هەروەك چۆن شوێن پەنجەی خۆشی لەبیناسازییدا جێهێشتووە، هەر بۆ نموونە دەكرێت گومەزی قەیسەرییە دێرینەكان، وەك دەرئەنجامێكی ئەم تەرزە تێڕوانینە ببینینەوە.