نوێترین کتێبی توانا ئەمین
(فڕین لە قەفەسێکی کراوەدا) ناونیشانی نوێترین کتێبی توانا ئەمین-ـە کە کۆمەڵێ وتار و لێکۆڵینەوەیە و وەک ڕەشنووسی چەند کارێکی ئەدەبیی لەمەڕ هیومانیزم، جوانیی، ئاوێنە، خۆکوشتن، ماسک، غەمگینی، فڕین،... و چەند تەوەرێکی تر دەدوێت، لەسەر بەرگی دواوەی کتێبەکە نوسراوە (...پێچەوانەی باوەڕی باو، من غەمگینیی وەک مەقامێکی ڕۆحیی سەیر دەکەم؛ غەمگینیی ڕاستەقینە، تاریکی نییە، بەڵکو جۆرێکە لە ئیشراق.. نورێکە تێکەڵ بە عیرفان.. لە غەمگینییدا چاونەترسییەکی کۆسمۆیی و بێباکییەکی سەرسوڕھێنەر بەرامبەر بە ژیان و مەرگ ھەیە.. ئەمە وا دەکات سنگ بنێیت بە دونیاوە و باکت بە ھیچ نەبێ.. بونیام دەبێ عومرێک خەرج بدات تا دەتوانێ لەم پاژە قووڵ و ناوەکییەی ناو وجودی خۆی کۆمەک وەربگرێت. ھێشتا زووە بۆ وەڵامی ئەو پرسیارە سەختەی؛ کە ئایا ژیان لە ئازاری پەتیيدا گەیشتنە بە کەماڵ یان نـــا؟ لێ دواجار بە باوەڕی چکۆلانەی من؛ ئەمە کورتترین، بەڵام زەحمەتترین، ڕێی گەیشتنی ئینسانە بە خــــۆی و بە خــــوداش..)
ئەم کتێبە لە چاپکراوەکانی (ڕێکخراوی کۆنسێپت، بۆ پەرەپێدانی کلتوریی)ـە و کتێبفۆشیی غەزەلنووس بڵاوی دەکاتەوە.. سەرەتای هەفتەی داهاتوو کتێبەکە لە بازاڕدا دەبێت.