پاژی یەکەم، سەرەتا:
(سەرەتایەک بۆ چوونە نێو شارێکى تر)
ئەم ڕۆمانە، واتە: (وێڵگەی یادەوەرییە گریمانکراوەکان)ى "یوسف عزەدین"، ڕۆمانێکە ڕەهەندگەلی جوداواز و قووڵ و ئێستێتیکیی لێ دەبێتەوە و دەمانبا بەرەو دەروازەی گەلەک ڕوانینی پەنهان و لەوێوەیش وەکوو ئەفسوون پەلکێشمان دەکا و ڕوو بە ڕووی دەروون و فەنتازیا و حەقیقەتگەلێکی پەی پێ نەبراومان دەکاتەوە.
لە سەروەختی خوێندنەوەی پاژی یەکەمدا، یەکەمین پاڵەوان کە خۆی مانیفێست دەکا و وەکوو کارئەکتەرێکی وەستاو لە میانەی فەنتازیاکانی و حەقیقەتدا، تووشی ئێستگەلێک و ڕامانگەلێکی قووڵمان دەکا، بەم واتەیەی: دەخوازێ بە شێوازێکی دی و بە چاوێکی دی تەماشای هونەر و کەسەکان و دنیا بکا و بونیادی سیفاتگەلێکیش لە نێو خۆیدا بچەسپێنێ، ئەم کارئەکتەرەیش (فەرهاد تانجووریی دووەم)ە. ئەم کارئەکتەرە بەوە دەست دەکا بە گێڕانەوەی یادەوەرییەکانی کە باپیری نهێنییەکی پەنهانی هەبووە و هەرگیز بۆ ئەم نەیدرکاندووە، دواتر دەچێتە سەر ئەوەی کە ڕۆژێک لە قوتابخانەکەیدا بەڕێوەبەرەکەی بانگی دەکا و پێی دەڵێ کە قوتابییەک هاتووەتە نێو قوتابخانە، هەمان ناوی ئەمی هەیە، تەنانەت لە ڕەنگ و دەنگیشدا گەلەک لە یەکتریی نزیکن، بۆیە بەڕێوەبەرەکە بڕیار دەدا لەسەر باجی قوتابییە تازەکەدا بنووسێ: (فەرهاد تانجووریی یەکەم)، بەمە فەرهاد تانجووریی دووەم دەشڵەژێ و تووڕەیی نێوچەوانی بەجێ ناهێڵێ، بەڵام دوا بە دوای ماوەیەک ئەمەی لە بیر دەچێتەوە، ئەم حاڵەتە کتووپڕەیش لە کاتێکدایە کە دایک و باوکی سەفەر دەکەن، واتە: دەچن بۆ حەج و بە شێوەیەکی نەزانراو ون دەبن، وەک ئەوەی سەرچاوەیان وەهم بێ، دوای ئەمە، کوڕەکەیان (واتە: فەرهاد تانجووریی دووەم)، قوتابخانە بەجێ دەهێڵێ و بۆ کۆکردنەوەی سەرمایە و دابینکردنی بژێوی ژیانی هەمان ئەو کارە دەکا (نیگارکێشیی پەنهان) کەوا لە باپیریەوە وەکوو پیشە بۆ باوکی ماوەتەوە و دواجاریش بۆ ئەم، لە سەروەختی کارکردنیدا، ڕۆژێک، موشتەرییەک دێتە کنی و هەرچی نیگارێک دەکڕێ، زیاد لەو پارەیە دەدا کە خاوەن نیگار مەزەندەی فرۆشتنی کردووە، ئەمەیش دواتر هۆیەکەی ڕوون دەبێتەوە، بەوەی کڕیارەکە پێی دەڵێ ئەم نیگارانەی کە تۆ دروستیان دەکەی، بەدەر لە هێزی تۆ، هێزێکی دی لە پشتیانەوە ئامادەیە، هاوکاتیش وەک ئەوەی پێکهاتەی مردووەکانیان گرتبێتە خۆ، وەهان، دەشێ ئەمەیش یەکێک بێ لەو فاکتەرانەی کە موشتەرییەکان کەمەندکێش دەکەن بەرەو خۆیان، دوا بەدوای هەموو ئەمانەیش، هەمان کڕیار کتێبی سۆفییەک بۆ فرۆشیارەکە (واتە: فەرهاد تانجووریی دووەم) دەهێنێ تا بیخوێنێتەوە، دوای تێپەڕینی چەند ڕۆژێک بەسەر ئەم هەموو شتانەدا و خوێندنەوەی کتێبەکە، دواجاریش بەرجەستەبوونی ئەفسوونگەلێکی سەیر لەنێویدا، هاوکاتیش هاتنەوەی هەمان موشتەریی و نواندنی بێدەنگییەکی کوشندە، وەک ئەوەی بزانێ فرۆشیارەکە تەمەننای ئەوە دەکا کڕیارەکەی قسە بکا، کڕیارەکە لەبارەی کتێبی سۆفییەکە دەڵێ: (وشەکان بەشێک نین لە دنیاى دەنگى ڕاستەقینە، بەڵکوو تەنها وەهمگەلێکن و هیچ پەیوەندییەکیشیان بەو شتانەوە نییە کە قەولە گوزارشتى لێبکەن و ئێمەش پێمان وایە گوزارشت لەو شتانە دەکەن کە مەبەستمانە بیانئاخنینە نێو نووسینەوە)، ئیدی فەرهاد تانجووریی دووەمی خاوەن دوکان، سەری لەمە دەسووڕمێ و تووشی ڕاچڵەکان دەبێ. لێرەدا، ئەگەر ئێمە وەکوو خوێنەر لەم چەند حاڵەتە تێکچڕژاوانە و هاوکاتیش یەک لەدوای یەکترییەدا، ڕابمێنین، دەرکەوێ کە ئەو شتەی کڕیارەکە لەبارەیەوە دەپەیڤێ، تەعبیر کردنە لەناوەوەی کتێبە قووڵ و ئەفسوونهەڵگرەکان، بەو واتەیەی هەرچی کتێبی پڕ لق و پۆپ هەن، ئێستێتیکا و ڕەهەندە قووڵەکانی جواننووسیی لەبەردەم مانا و دەربڕینە پەنهان و ئامادەکانیاندان و تا ئەوپەڕی چوونەتە نێو ناخ و جەوهەری مرۆڤ، کەواتە: ئەم پەڕەگرافەی سەرەوە، هەم تەعبیر لە ئەودیوی -نادیاریی لایەنەکان- نووسینە جیدییەکان دەکا، هەم ئەمەیش مانیفێست دەکا کە مادام مرۆ کتێب دەنووسێ، مومکینە بەشێک لە خەسڵەتە سەرەکییەکانی هەڵبگرێ، چونکە دەرهاویشتەی کێشە گەورەکانی خۆیەتی.
لە سەرەوە باسمان لە نهێنیی کارکردنەکە کرد، ئەم پنتە پێویستی بە لەسەر وەستانێکی ورد هەیە، بەو واتەیەی کە هەر کارکردنێک نهێنییەکی لە پشتەوە نەبێ، وەکوو ئەوە وەهایە کە تەلیسمێکی تێدا نەبێ، تا هەم قووڵاییەکانی بە ساناییی کەشف نەبن، هەم ئەوانیدیکەیش قایل بکا بە خۆی، ئەمەیش ئەوە بەیان دەکا کە بەشێک لە (مانەوە) بەشێک لە (نهێنی)ی بەرجەستە دەکا، تەنانەت فەزایەکیشی بۆ دەخوڵقێنێ تا خۆی نمایش بکا، ئیدی، بەشێک لەم نهێنییەیش جوانیی لە خۆدا هەڵدەگرێ و دەبێ بە کۆمەککار بۆ هەر کارێک کە داهێنەرانەیە و هێزی چەسپاندنی گومان درێژ دەکاتەوە.
دوابەدوای ئەمانەیش، دەکەوینە بەرانبەر وێنەیەکی دی لەم ڕۆمانەدا، وێنەیەک کە تووشبوونی یەکەم نەخۆشیی فەرهاد تانجووریی دووەم بەرجەستە دەکا، ئەم نەخۆشییەیش لەمەوە سەرچاوەی گرتووە کە ئەم کارئەکتەرە ویستوویەتی سکێچێک بکێشێ کە تەنها لەنێو وشە و پەڕەگرافگەلێکی کتێبیە دیارییەکەی کڕیارەکەیدا بینیویەتی، ئەگینا دەشێ ئەمە هەر وەهمێک بێ، وەهمێکی وێنەیی کە نووسەرە وێنەکێشەکان دەیخوڵقێنن، جودا لەمەیش، نەگەڕانەوەی کڕیارەکە و نەبردنەوەی کتێبە بە نرخەکەی و پێی نەگەیاندنی هەواڵی ئەوەی کە ئەم کارئەکتەرە لەکنی قورس دەکەوێتەوە، نەخۆشییەکەی قووڵ و قووڵتر دەبێتەوە، بۆیە کاتێک دەچێ بۆ کن دکتۆرێکی نەخۆشییە دەروونییەکان، هیچ چارەسەرێک وەرناگرێ، وەک ئەوەی ئەم کارەی نهێنییەکی دیکەی لەنێو خۆدا هەڵگرتبێ و بەهۆی کەشف نەکردنی کۆدەکانی ئەم نهێنییە، تووشی نەخۆشییەکی وەها هاتبێ، دواتر و پاش درێژکردنەوەی دیالۆگەکان دکتۆر ئەمەی پێ دەڵێ کە مەگەر تەنها بە سەفەرکردن بۆ شاری (تانجور) باش ببی، ئەگینا مومکین نییە لەمە تەندروستتر ببی، بەدەر لەمەیش، پێی ڕادەگەیەنێ کە بە هیچ شێوەیەک سەر نەکاتەوە بەم شارەی کە ئێستە تێیدا دەژیێ، چونکە مانەوەی لەوێدا، مانەوەی نەخۆشییەکەیە و هیچی دی، هاوکاتیش دەکەونە نێو باسێکی دی، باسێک کە شایەنی هەڵوەستە بۆ کردنە، بەو واتەیەی کە دکتۆرەکە لە نێوەڕاستی دیالۆگەکەیدا لەگەڵ (فەرهاد تانجووری)ی دووەم، پێی دەڵێ کە ڕەنگە تۆ ئێستە مردوو بی، هاوکات منیش، بەڵام بشتوانین قسە بکەین، چونکە زۆربەی مردووەکان تا ماوەیەکی درێژ نازانن کە مردوون.
بۆ ئەم باسە ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ ئایینی ئیسلام، کۆمەکێکی باشمان دەکردرێت، بەو واتەیەی کە ئەمە مانیفێست دەکا و ڕایدەگەیەنێ کە مرۆڤ وەختێک بە یەکجاریی دنیا بەجێ دەهێڵێ، هەر ئەو کاتە و لەگەڵ ئەو کۆمەڵە خەڵکەی کە لە گۆڕێکدا دەینێژن، دەچێ بۆ گۆڕستان، لەوێدا وەها دەزانێ کە خەریکی ناشتنی کەسێکی دیکەن، تا ئەو وەختەی کە خۆڵی بەسەردا دەکەن و ماڵئاواییی لێ دەکەن، ئەویش وەها دەزانێ کە وادەی ئەوەیە لەگەڵیاندا بڕوا، بەڵام کاتێک دەیەوێ لەنێو تابووتەکەدا هەڵبستێ، سەری خۆی دەکێشێ بە بەردەکانی چواردەوری. ئەمەی سەرەوەیش کە (یوسف عزەدین)ی ڕۆماننووس باسی لێ دەکا، هەمان ئەو وێنەیەیە، بەڵام بەشێوەیەکی جوداواز و ئەدەبیی، دیارە ئەمەیش بە هەر شێوەیەک بێ دەرخەری توانستی باڵای ڕۆماننووس پیشان دەدا، چونکە بەکارهێنانی ئایین وەکوو کەرەستەی ئەدەبیی، وەکوو جوڵاندنی ڕۆبۆتە بەشێوەی مرۆڤ، هاوکاتیش دەسەڵات، هەر مرۆڤێکیش نەتوانێ بە شێوەیەکی هونەریی و ئاگاییی ئەم کارە ئەزموون بکا، مومکین نییە بتوانێ باس لە بوونی خۆی بکا وەکوو هەبوویەک کە جوانیی و ڕەهەندە گەورە و بچووکەکانی مرۆڤ قووڵتر بکاتەوە. کەواتە، لێرەدا دەگەین بە ئەم ئەنجامە: (بەرجەستەکردنی ئایین وەکوو ئەوەی کە دەمانەوێ و بە شێوەیەکی هونەریی، گەرەکی بە قووڵیی فەنتازیاکانمان، هاوکاتیش باڵاییمان هەیە تا سەرکەوتن خۆی بچەسپێنێ، دەنا شکستێکی ئامادە بەسەر دەقەکاندا زاڵ دەکەین، لە نائاگاییدا.
لە دواجاردا، فەرهاد تانجووریی دووەم بە ناچاریی سەری خۆی هەڵدەگرێ بۆ شاری (تانجور)، لەوێدا ژیان و کارکردن و تەنانەت ئینسانەکانیش بە جۆرگەلێکی دیکەن، یان ڕەنگە لە پێش چاوی ئەم کارئەکتەرەدا خۆیان وەها بنووێنن، سەرسووڕمانێکی بێئەندازەیش بەرەو ڕووی ئەم کارئەکتەر-وێنەکێش-ە دەبێتەوە، ئەمەیش بە هۆی ئەوەی کەوا لە سەرەتادا و لە بارەی نزیکبوونەوەی ڕۆژی (کاسیا جای) -ئەو ڕۆژە، ڕۆژى مۆم داگیرساندن و ئاگرکردنەوە و وەدوور خستنەوەى تاریکییە لە ڕێگەى ڕۆشناییەیوە- (تیراماها) کە ئافرەتێکە و لە نزیک ئەو شوێنەی ئەم وێنەکێشە خەریکی کاری خۆی دەبێ، باسی ئەوە بۆ لەگەڵ فەرهاد دەکا کە چۆن دەبێ بنەچەت شارێک بێ و سەروەختی ڕۆژی (بۆنە)کانی نەزانی؟ ئەمە یەکەم شۆکە کە بەرەو ڕووی وێنەکێشەکە ببێتەوە.
لێرەوە، سەپاندنی هەر بۆنەیەک، وەک نواندنی بەشێک لە بنەماکانی (ئەمرکردن) هەڵدەگرێ، لەبەر ئەوەی ئەمر-یش لەسەر هەمان خاڵ چڕ دەبێتەوە، ئەمەیش بە شێوەیەک خراوەتە نێو ئەم ڕۆمانە کە خویِنەر، ئەگەر نیشتەجێی شوێنکاتی ئاگایی نەبێ و نەتوانێ لەم پەڕەگرافانە ورد ببێتەوە، دەشێ وەکوو سادەنووسییەک تەماشایان بکا، بۆیە گەرەکە ئێمە لە سەروەختی خوێندنەوەی ڕستەدا ڕەچاوی مەفهوومی پشت ڕستەکە بکەین، لەپاڵ مەفهوومە ڕاڤەکراوەکەدا-دەرەکییەکەدا-.
پاژی دووەم:
شەقامی مسیۆ دۆبرێ
لە شەقامی مسیۆ دۆبرێ-دا، کیژێک دەناسێ کە ناوی (ژینا)یە، ئەم شەقامە، یەکێکە لە شەقامە هەرە سەیر و سەمەرەکانی (تانجور)، بەوەی: هەموو ساختمان و فرۆشگەکانی بە شێوەیەکی نائاسایی خۆیان پیشان دەدەن، ئەمە بەدەر لەوەی کە ڕووی پێشەوەی ئەم شەقامە دەڕوانێتە ڕووبارێکی باریکی ئارام، ئەم دیمەنەیش سەرنجی فەرهاد تانجووریی دووەم بەرەو جوانییەکانی خۆی بە کێش دەکا و هەناسەی فێنک دەکا.
لەوێدا، پاڵەوانی ئەم ڕۆمانە باس لەو شوێنانە دەکا کە سۆزانییەکان لەنێویدا کۆدەبنەوە، ئەو سۆزانییانەی کە نرخی نووستن لەگەڵیاندا پەیوەستە بە ڕێژەی تەمەنیان، دوای ئەمانەیش دێتە سەر ئەوەی کە نەخۆشییەکی پێستیی ناترسناک دەکەوێتە جەستەی لەشفرۆشەکان و سەرپەرشتیاری شارەکەیش بڕیار دەدا کە چیدی سێکسکردن بە ڕووتیی یاساغە، ئەم بڕیارەیش بۆیە دەردەکا تا لە ڕێگەی فرۆشتنی شمەکەوە بە شێوەیەکی دی و جوداوازتر بازرگانیی بکا بە هاووڵاتییەکانی و نەخۆشییەکەیش نەبێ بە هۆی ئەوەی سێکسکارەکان ترسیان لێ بنیشێ، ئەم وێنەیە ئەو سکێچەمان بۆ دەکێشێ کە سەرۆکی ئەم وڵاتە هێندەی کۆکردنەوەی سەرمایەی لەکن گرنگە، تا ئەو ئاستە گرنگیی بە ژیان و پارێزگاریکردن لە بوونی کۆمەڵگەکەیەوە بێمانایە، ئەمەیش دەرهاویشتەی ئەوەیە کە زۆربەی دەسەڵاتبارەکانی جیهان لەو کاتانەدا کە هێزیان دەکەوێتە دەست بە هەر کڵۆجێک بێ لە هەوڵی ئەمەدا دەبن کە هەموو ئەو شتانە مۆنۆپۆڵ بکەن کە سەرمایە و بەرژەوەندییەکانی ئەوانیان لێ سەوز دەبێ.
ڕۆماننووس، لە دواپاژی (شەقامی مسیۆ دۆبرێ) دا ئەو سەربوردەیەمان بۆ باس دەکا کە ئەم شەقامە چۆن ئەم ناوەی لێ نراوە، لەوێدا، لە زمانی پیاوێکی پیر و دواتریش گواستنەوەی بۆ سەر زمانی (فەرهاد تانجووریی دووەم) ئەمە دەڵێ کە ناوەکە لەوە وە هاتووە، ڕۆژێک پیاوێکی شێوە سیحرکار -مسیۆ دۆبرێ-، ڕوو دەکاتە ئەم شارە و لە ڕێگەی پێشبینییە دروستەکانییەوە بەشێکی زۆر لە مورید و خەڵکەکە فریو دەدا و دەیانبا بەرەو ژێر ڕکێفی خۆی، بۆیە لەو کاتەوە ئەم شەقامە ئەم ناوەی نراوەتە پاڵ، کارەکانی ئەو پیاوەیش خراپە کە دژە مرۆڤایەتیین تا گێڕانەوەی لە ئێستەدا ماونەتەوە، یەکێک لەو سیحرانەیشی ئەمەیە کە توانیویەتی لە تەنها شەوێکدا لەپاڵ چەند ئافرەتێکدا بخەوێ، ئەمەیش دەبێ بە مایەی تێڕامان لەلایەن کۆمەڵانی خەڵکی تانجورەوە، هاوکاتیش متمانەکردنیان بە گەلەک ڕەوتارەکانی، بە تایبەت ئەو وەختەی کە بانگەشەی ئەمە دەکا کەوا لە لایەن خوداوەندەوە وەکوو پەیام پێ سپێردراو هاتووەتە شارەکە. ئێمە پێش ئەوەی ڕاڤەی خۆمان لەسەر پنتە چڕبکەینەوە، ئاماژە بەوە دەکەین کەوا (فەرهاد پیرباڵ) لە چیرۆکێکیدا کە ناوی (نیوە پیاو)ە، باسی هەمان ئەو وێنایە دەکا کە (یوسف عزەدین) کێشاویەتی، بەوەی کە پاڵەوانی چیرۆکەکەی ئەو لە تەنها شەوێکدا دەتوانێ لەتەک چەند ئافرەتێکدا بخەوێ، ئەم وێکچوونە کاریگەریی نییە، بەڵام ئاماژە بۆ کردنی خراپ نییە.
لەبارەی ناونانی شەقام و شوێنەکانی شارەکاندا، ئەم وێنایە گەلەک جوانە، چونکە ئەگەر بێتوو تەماشای ناوەکان بکەین-بۆ نموونە لە کوردستاندا- ڕێژەی زۆریان مۆنۆپۆڵکردراون، بە واتەی ئەمەی کە هەندێک لە بەرپرسە سیاسیی و پڕ هێزەکان، ڕەنگە پێش مردنیان بەشێک لە پێکهاتەی وەسیەتەکەیان تەرخان بکەن بۆ ئەوەی لە دوای نەمانیاندا پەیکەریان بۆ ساز بکردرێ، یاخود ناوی شەقام و شوێنە گشتییەکانیان لێ بنرێن ئەمە جگە لەوەی مایەی مەترسییە، هەوڵێکیشە بۆ کارکردن بۆ (مانەوەیان) بە شێوەیەکی وەها کە کۆمەڵگە هەستی پێ نەکا، ئەوەی کە ئەم ڕۆماننووسەیش لەبارەیەوە نووسیویەتی، هەمان ئەو وێنایەیە کە لە سەرەوەدا کێشاومانە.
پاژی سێیەم:
دارستانە نائاساییەکە
کاتێک دێینە نێو ئەم پاژە، هاوکاتیش ڕۆمانەکە، ئەو وشە (نائاسایی)یەی وەکوو نێونیشانێکی بچووک داندراوە، خۆی مانیفێست دەکا لەنێو وێنەیەکی (نائاسایی)دا، بەوەی کە کارئەکتەرەکە -ئەم کارئەکتەرە نێوی دیار نییە لەم گفتوگۆیەدا- دەکەوێتە دیالۆگێکی کورت و قووڵ و سەرسووڕهێنەر لەگەڵ (ژینا) و (فەرهاد تانجووریی دووەم)، بەواتەی ئەوەی کە لەوێدا ژینا و فەرهاد باس لەمە دەکەن کە باران لە دارستانەکەدا دەبارێ و ئەوان جەستەیان تەڕ نابێ، بە کەوتنە نێو ئەم حاڵەتە کتوپڕە دەشڵەژێن، وەک ئەوەی کەوتبێتنە خەرەندی وەهمێکی نادیار، دواتریش هەر خۆیان دەگەن بەو ئەنجامەی کە ڕەنگە ئەم وێنەیەی کێشاویانە جگە لە خورافات شتێکی دیی نەبێ، هەر ئەم ڕوانینە دەکەن بە یەقین بۆ خۆیان، بەڵام لە پشت یەقینەکەدا گومان خۆی مانیفێست دەکا، چونکە هەموو ئەو شتانەی کە خەیاڵیان بۆیان دەچێ، جوداواز نیین، بەڵکوو لەنێو چوارچێوەیەکدا کۆدەبنەوە: وێکچوون. ئیدی خوێنەر لەم پاژەدا بەرەو ڕووی واقیعی دووکەس و دوو بیرکردنەوەی سەڵت دەبێ، لێرەوە نووسەر ئەمەمان پێ دەڵێ کە دەشێ ئەم جۆرە مرۆڤانەی کە هەمان پێشبینیی هاوڕێ یان کەسە نزیکەکانی خۆیان هەیە، ترسناکییان لێ بەرهەم بێ، چونکە ڕەنگە لە دواجاردا بوونەوەرە ئاوەزهەڵگرەکان بە کێش بکا بۆ سەڵتبوونێک کە هاوشێوەی ڕۆبۆتبوون بێ.
کەواتە: چاندنی تۆوی جوداوازیی لە دەروونی خۆماندا، بە جۆرێک لە جۆرەکان باڵاکردنمان پێ دەبەخشێ و وەکوو سەرەتایەکیش وەهایە بۆ کرانەوە بە ڕووی هەموو ڕەهەندە مرۆییەکانی دنیا و قووڵبوونەوە لە خواستە پێویستەکانمان و بە ئەنجامگەیاندنی ئەرکە تاکەکەسییەکان، چونکە هەر کاتێک ئێمە وەکوو تاک هەستمان بە بەرپرسیاریی و ئەرکەکانمان نەکرد، ئیدی بمانەوێ یان نا تووشی نەخۆشیگەلێکی کوشندە دەبینەوە.
پاژی چوارەم:
یەکەمین گێڕانەوەى فەرهاد تانجووریى دووەم
لێرەدا (فەرهاد تانجووریی دووەم) بە شێوەیەکی فلاشباگ دەگەڕێتەوە بۆ ماجەراکانی و ئەو کاتانەی ئەو شارەی کە تێیدا ژیاوە و یەکێک لە نەریتەکانی ئەوەیە کە هەر کەسێک وادەی مردنی نزیک ببێتەوە، پێش ئەوەی گیانی بسپێرێ، لە گۆڕدا دەینێژن، تەنانەت دوو کەسیش بەجێ دەهێڵن تا هەوڵی هاتنە دەرەوە نەدا لەو تابووتەی کە نراوەتە نێویەوە، بەدەر لەمانەیش دێتە سەر ئەوەی کە ئەو کەسەیش کە پێشبینیی مردنی خۆی دەکا، بە هیچ شێوەیەک ناڕەزاییی دەرنابڕێ لە بەرانبەر ئەم نەریتە سەڵت و وێرانەدا، دوای ئەمانەی سەرەوەیش، گێڕەرەوە (فەرهاد تانجووریی دووەم) باس لەمە دەکا کە ڕاگری ئەم شارەی کەوتووەتە نێو گێڕانەوەکەیەوە میرێکی کۆنی کورد بووە، ئەم میرە لەماوەی ژیانکردنیدا لەنێو شارەکەدا هەڵدەستێ بە کۆکردنەوەی بڕێکی زۆری لم و گیاندارە کێویی و کەوییەکان، هاوکاتیش خشڵ و تەڵا و حوشترگەلێکیش، ئەمەیش سکێچێکمان بۆ دەکێشێ کە کۆی میر و پادشا و ڕێبەرانی کۆنی هەموو وڵاتەکان پەیڕەوی کەڵەکەکردنی شتە بە نرخەکانیان کردووە و تەنانەت پانتایییەکی فراوانیشیان داگیر کردووە لە ڕووبەری زەویدا. دوابەدوای هەموو ئەمانەیش، دەکەوینە بەرانبەر ئەوەی کە ڕێبەری شارەکە، بەبێ ئەوەی هیچ کەس بە مەبەستی بزانن، ڕوو دەکاتە ئەو بیابانەی کە پێشتر ئەفراندوویەتی بە کۆمەکی لم-ە کەڵەکەکراوەکە، لەوێدا دەبێ بە وردیی ئێست بۆ ئەم حاڵەتە بکەین، چونکە ئەم میرە هەستاوە بەم ڕەوتارە دژە هیومانیستییەی کە هەرچی پاسەوان و کەسە نزیکەکانی خۆی هەیە، کوشتوونیەتی، تا لە دواڕۆژدا کەسێک نەبێ شوێنگەی بدۆزێتەوە، کاتێک ئەم ڕەوتارە پڕاکتیزە دەکا، تا ئەو شوێنەی ئێمە باسی دەکەین، هیچ ڕەهەندێک نەدۆزراوەتەوە بۆ بینینەوەی بیابانە دەستکرەکە، ئەمەیش وەکوو سەمەرەیەک دەمێنێتەوە، تا ئەو شوێنەی کە فەرهاد تانجووریی دووەم لەکاتی گێڕانەوەیشیدا تووشی سەرسووڕمانێکی بێئەندازە دەبێ، تەنها پاڵنەرێکیش بۆ ئەم سەرسووڕمانە، دەشێ مانەوەی نهێنییەک بێ تا ئەو زەمەنە درێژە.
ئەم پاژەی سەرەوەی ڕۆمانەکە تەعبیر لە هێز و دەسەڵاتی نادوست بەکارهێنەریش دەکا لە لایەن ڕێبەرانی سەردەمە جوداوازەکان، واتە: هەموو ئەو کەسە توندڕەوانەی میللەتێک یان کۆمەڵگەیەکیان دەکەوێتە ژێر دەست و فەرمان دەردەکەن، تەنها بۆ هەوە هەوڵەکانیان بە شمێر دەردەبڕن، تا لە ڕەهابوونی هەموو شتدا بۆ خۆیان پاڵەوان بن، ئەمەیش دەرهاویشتەی ئەقڵی دۆگما و دەسەڵاتە توندڕەو و قاشیزمە یەک لەدوای یەکەکانی دیرۆکی هیومانیستییە کە وەکوو کاڵا و ئامێر مامەڵە لەگەڵ مەردوومەکاندا دەکەن و مافی ئازادییان لێ دەستێنن، هەر کاتێکیش ئەم خاڵەیان پرشاکتیزە کرد، مرۆڤەکان بە شێوەیەکی ئۆتۆماتیکیی بوونیان دەکەوێتە نێو مەترسیی و وێرانبوونەوە، چونکە ئازادیی بچووکترین ماف و شوناسێکە کە پێویستە تاکەکان هەڵگری بن.
پاژی پێنجەم:
یەکەمین گێڕانەوەى ژینا
لەم پاژەدا کارئەکتەرێکی گەڕیدە و مەعریفیی دێتە نێو ڕۆمانەکە کە ناوی (مارکۆ پۆلۆ)یە، زیرەکیی ئەم کارئەکتەرە لەوێوە دێ کە دەچێتە نێو قووڵاییی مێژوووی مرۆڤایەتیی و لەوێوە تەماشای شارە بێنێونیشانەکە دەکا و بەوپەڕی ڕامانەوە لێی دەنواڕێ، ڕوانینەکەیش لەوێدا چڕ دەکاتەوە کە لەسەر نەخشەی جیهاندا وێنەی ئەو شارە دەکێشێ کە ماوەیەکی زۆری تێدا بەسەر بردووە -چونکە پێشتر و بەدرێژاییی مێژوویش لەڕێگەی دەستی ئەنقەستەوە نراوەتە دەرەوەی جیهان-و ئاگاداری کۆی جوانیی و ناشیرینیی و ئەو خەسڵەتانەیەتی کە ئەم شارە تایبەتمەندە لەخۆیدا هەڵیگرتوون.
شێوازی ئەم شارە لە هیچ یەکێک لە شارەکانی دیکە ناچێ و گەلەک تایبەتمەندیی لەخۆدا هەڵگرتووە، بەو واتەیەی کە بیابانەکانی دەکەونە لای باشوور و زنجیرە چیاکانیشی لای باشوور کە ئەمەیش بەتەواوی پارادۆکس دەکەوێتەوە لەگەڵ جیۆگرافیای شارەکانی دی، دەشێ هەر ئەمەیش بووبێت بەو هۆکارەی کە بکەوێتە دەرەوەی مێژووەوە، ئەوانەیش کە هەستاون بەم کارە، لە سادەترین ڕوانین و مەبەستدا ئەم کارەیان بۆ خۆدزینەوە لە وێرانکارییەکانی دنیا کردووە.
لەوێدا ڕۆماننووس باس لە پەیڤی مێژوونووسان دەکا لەوبارەیەوە کە دابەشبوونەتە سەر دوو گرووپ، گرووپی یەکەم پێیوایە کەوا لەبەر مەترسیی ئەم خۆپارێزییە بینای (نەچوونە نێو ئەوانیدیکە)ی ڕۆناوە، گرووپی دووەمیش ڕوانینەکانی لەوێدا قووت دەبێتەوە کەوا بەدرێژاییی زەمەنی ڕابردوو، هەمیشە و بەردەوام میللەت لەدوای میللەت لەسەر خاکی ئەم شارە بێ نێونیشانەدا ڕۆنراون و هەڵوەشاونەتەوە، دواجار دەنگێک کە هیچ کەسێک لەوانەی دەیبیستن نازانن چییە، دەپەیڤێ و باس لە سەربووردەی بێناویی ئەم شارە دەکا و بە بیسەرەکانی دەڵێ ئەوە منم کە نەمهێڵاوە ناوێک بۆ ئەم (شوێن)ە دابنرێ، هەر ئەم خەسڵەتەیش وەکوو بەهانەیەک دەهێنێتەوە بۆ مانەوە و نەسڕانەوەی ئەم میللەتە. ئەم (دەنگە نادیار)ەی لەسەرەوە ئاماژەمان بۆ کرد، دەنگێکە لە هەموو دەسەڵاتێکی ڕێکلامیی ناحەقیقیی بەرز دەبێتەوە، بەم هۆیەوەیش دەیەوێ بە مسۆگەریی لە مانەوەدا بمێنێتەوە، ئەگەر بە وردییش سەرنج لە کۆی دەسەڵاتبەدەستەکانی دنیا بدەین، لە سەرەتای پەیدابوونی مرۆ لەسەر زەویدا، دەگەین بەو ئەنجامەی کە ئەم خاڵە یەکێک بووە لە خاڵە هەرە گرنگەکانیان و لەپاڵیدا کارگەلێکی دزێو و ناتەندروستانەیان نواندووە لە بەرانبەر هاووڵاتییەکانی خۆیاندا، هاوکاتیش گەلەک لە مەرامە ڕووکەشیی و نابەجێیەکانیشیان بەو کۆمەکە گەیاندووەتە وێستگەیەک کە هاوویستی ویستەکانیان بێ، واتە لەگەڵ هزریاندا پارادۆکس نەکەوێتەوە.
پاژی شەشەم:
پێنجەمین گێڕانەوەى ژینا
دوای بەجێهێشتنی کۆمەڵێک پاژی ڕۆمانەکە و گیرسانەوەمان لەسەر ئەم پاژەدا، دەمانەوێ ئاماژە بەوە بکەین کە نووسینەکەی ئێمە وەها دەخوازێ، ئەگینا لە ئەمانی دیکەیشدا گەلەک وێنای فەنتازیی-ئێستێتیکیی سەرنجکێشمان دەکەن و زێتر بەرەو قووڵاییەکانی ڕۆمانەکە بەکێشمان دەکەنەوە.
 
دوا پاژ، کۆتایی:
دواجار، ئەم ڕۆمانەی (یوسف عزەدین)، واتە: (وێڵگەی یادەوەرییە گریمانکراوەکان) وەستانە لەسەر گەلەک کێشەی بچووک و گەورەی جڤاتی کوردیی و جیهانیی، دەشێ ئەم هۆکارە وەکوو پاڵنەرێکی سەرەکییش تەماشا بکەین کە زێتر بە نێو پێچەکانی ڕۆمانەکەدا قاڵمان دەکاتەوە. ناکرێ ئەمەیش لە بیر بکەین کە ئەم نووسینە کورتەی ئێمە هێندەی خوێندنەوەیەکی سەرەتایە بۆ ئەم ڕۆمانە، ئەوەندە ئیشکردن نییە لەسەر تەوەرێکی ئیش لەسەر کردراوی نێو ڕۆمانەکەدا، بۆیە وەهایش دەنووسین، چونکە خوێندنەوەی میتۆدیی قووڵتر لایەنە ئێستێتیکییەکانی دەق هەڵدەسەنگێنێ و دەیخاتە دوو توێی ڕاڤەگەلێکەوە، هاوکات ناکرێ ئاماژە بۆ ئەوەش نەکەین کە ئەم نووسینە دەرهاویشتەی عاتیفە نییە، بەڵکوو لە دوای خوێندنەوەوە سەرچاوەی گرتووە، هەر خوێندنەوەیەکیش، جا ئەگەر هاتوو میتۆدیی بوو یاخود بارگاویکراو بە سۆز، هیچ وەختێک واتە نابەخشێ کە ئەم دووانە تێکەڵ بە یەکتریی نەکا، چونکە خوێندنەوەی جیددیی، هەر چەندە جوان بێ، وەختێک پشت لە سۆزی بنەماهەڵگر دەکا، بەشێک لە پێکهاتەکەی خاڵیی دەبێتەوە لە چەشە.
 
تێبینی: ئەم خوێندنەوەیەی ئێمە پێش بڵاوکردنەوەی ڕۆمانەکە نووسراوە، وەختێک کە هاوڕێی خۆشەویستم (یوسف عزەدین) لەڕێگەی مەیڵەوە بۆی ناردم، بەندەیش لەدوای خوێندنەوەی ئەم ڕۆمانە دانسقەیە، ئەم چەند لاپەڕەیەی نووسی، ماوەتەوە تەنها ئەوە بنووسم کە ئەم نووسینە لەسەرەتادا تەنها بۆ ڕۆماننووس نێردراوە، ئێستەیش وا لێرەدا دەیوەشێنم.
 
 
سەرچاوە: وێڵگەى یادەوەرییە گریمانکراوەکان-یوسف عزەدین- رۆمان-لەچاپکراوەکانى بەڕێوەبەرێتى چاپ و بڵاوکردنەوەى سلێمانى-چاپخانەى شڤان-2009