-1-
ئێمە لە چرکەساتێکی مێژووییدا دەژین کە تیایدا بە تەنێ نێچیر نامرێت
بەڵکو ڕاوچییش دەمرێت .
لێ هەر یەکەیان مردنی جیا و تایبەت بە خۆی هەیە .
پرسیارگەلێکی زۆریش دەبیستین لەبارەی جۆرەها پرسی زۆروزەوەندی پەیوەست بەم چرکەساتەوە، بە ئێستا و ڕابوردوویەوە.
کەچی تاقە یەک پرسیار نابیستین لەبارەی ئاییندەوە :
ئاییندە ؛ چۆن دەخوڵقێنرێت و ، چۆن دەبێت ؟
-2-
"من بۆ ئەوە نانووسم ، هەتا زاتی خۆم کۆکەمەوە ،
بەڵکو بۆ ئەوەی خۆم پەرت کەم .
دەنووسم ، نەک لەبەرئەوەی زاتی خۆم ئاسوودە کەم ،
بەڵکو بۆ ئەوەی بیخەمە دڵەڕاوکێ ." :
کێ هەیە باوەڕ بەم قسەیەی شاعیر بهێنێ ؟
-3-
عادەتەن ، زیندووەکان نابنە تارمایی .
کەچی ئەزموون ، تخوبی ئەم عادەتە دەبەزێنێ .
ئەو زیندووانەی من بینیمن و نەببوونە تارمایی ، ژمارەیان زۆر زۆر کەم بوو.
-4-
بڵێی ڕەگەزی نووسین هەر بەتەنێ بۆ نووسینی سێکسیی تەرخان بێت ؟
بڵێی ئەوەی کە لەشەودا پێی دەڵێن ڕۆشنایی ،
وەک پێویست لە دەمی ڕۆژیشدا هەر ڕۆشنایی بێت؟
ئەم جیهانە چییە کە لە جیهان ناچێت و ،
کەچی هەموو جیهانیش لە پێناوی ئەودایە ؟
ژیانمان نرخێکە بۆ مردنمان و ،
مردنیشمان نرخێکە بۆ ژیانمان : بۆچی و ، چۆن ؟
بۆچی هەندێ پێیان وایە خۆ جوان دەکەن ،
کەچی بەقەد ئەوە ، کەسانی دی ناشیرین دەکەن ؟
ئەمانە پرسیارگەلێکن ، لەبەر ڕۆشنایی ئەو چرکەساتەی ئاماژەم بۆ کرد ، دەکرێ بخرێتە سەر ئەو پرسیارگەلە زۆروزەوەندەی
کە من نازانم وەڵامیان بدەمەوە .
کەسێک هەیە لەنێو ئێوەدا وەڵامەکانیان بزانێ ، ئەی هاوڕێیانی خوێنەر ؟
-5-
لە چاخە کۆنەکاندا گەلێ ئیمپراتۆرییەتی جۆراجۆر هەبوون ،
کەچی ئەوەی لەم چەرخەدا باوە : ئیمپراتۆرییەتەکان ،
ئیمپراتۆرییەتی بۆشایی و وێرانەن .
-6-
ئیدی ئەمە ژیانە : هەندێک گەڵا دەخەنە بن هەنگڵیان و ،
هەندێکیش – با - .
-7-
ژیان سەرچڵییەکی گەورەیە ،
کەچی لای زۆرکەس قومارێکی گەورەیە .
-8-
هەموو هەڵەکانم دژ بە کەسانی دی ،
بە پلەی یەکەم ، هەڵەن لە دژی خۆم .
-9-
ململانێیەکی "بابەتییانە" :
زاتێک خۆی دەکوژێت چونکە لە دەرەوەی نیشتمانەکەی دەژی .
کەچی زاتێکی تر بە پێچەوانەی ئەو
چونکە لە نیشتمان دەژی ، خۆی دەکوژێ !
-10-
ئەمڕۆ بەیانی زوو لەگەڵ خۆر لە خەو هەستام :
ئاخر، گریانی ئەو بەئاگای هێنام !
-11-
ئوروبەت ، مرۆڤ ، ئازادی :
وشەگەلێکن لە ناخمدا هەڵدەکۆڵرێن
وەک خەرەندێک بنی نەبێت .
-12-
خەیاڵ ناتوانێ هیچ شتێ زیندانیی بکات و ،
هیچ شتێکیشن ناتوانێ خەیاڵ بەند کات .
کەچی دراوسێکەی کە عەقڵە ، بە پێچەوانەی ئەم ،
زیندانەکانی پڕن لە شتە بەندکراوەکان .
تەنانەت خۆیشی لە زیندانێکەوە دەچێ بۆ زیندانێکی تر .
-13-
بڵێی ڕاست بێت مۆسیقا لە سەفەری خۆی بەناو جەستەدا
بگاتە ئەو ناوچانەی کە وشە ناتوانێ بیانگاتێ ؟
ئەگەر وایە ئەی بۆچی لە ڕێگەی وشەوە نەبێت ، ناتوانرێ ئەمە بسەلمێنرێت ؟
-14-
"ئەگەر هەوا زاکیرەی هەبووایە ، ئەوا ئاسمان گەندەڵ دەبوو" :
کەسێک وای وت ،
لەکاتێکدا هەر ئەو کەسە خۆی
وەسفی ئاسمانی مێژوو و هەوا و زاکیرەکەی خۆی دەکرد !
-15-
کێ ئاگاداری قۆناغێکی مێژووییە کە لەم قۆناغەی ئێستاکە بچێت ،
ئەمێستاکە زمان بەر لەوەی وشە و زمان بێت ، بۆتە دەست و شمشێر ؟
-16-
چەنێ سەیرە ئاسمان ،
ئەو دەمەی زەمین دەکاتە ئاوێنە و بە ڕوخساری خۆیەوەی دەلکێنێ ،
ئیدی نە ئاسمان خۆی دەبینێ و ،
نە زەمینیش دەزانێت ئەو کێیە و ، چۆن چۆنی دەبینێت ؟
بڵێی خەتاکە لە ئاوێنەوە نەبێت ؟ یان لە کوێدایە ؟
-17-
بڵێی وا بێت ، هەر بیرۆکەیەک ، گەر ڕێگەیەک بۆ خۆی نەکاتەوە ،
گۆڕەکەی خۆی هەڵدەکەنێ ؟
-18-
بۆ چرکەیەک ' نەرسیس' لە ئاو هاتە دەرێ ،
سویندی خوارد لە چرکەی هاتنەدەرییەوە
بە نهێنیی نەبێت ، نە خۆی بە ئاوێنەکەیدا بکات ، نە لێوەی بچێتە دەرێ .
-19-
کێ دەتوانێت ئاسمان بە خۆی و مانگ و ئەستێرەکانیەوە بخوێنێتەوە ؟
نەخێر ، ئاسمان بە غوباری زەمین نەبێت ، ناخوێنرێتەوە .
-20-
"هەموو ئینتیماکردنێک بریتییە لە پاشکۆبوون" ، هەندێک وا دەڵێن .
درێژەی دەدەنێ و دەڵێن : " تاکی بیریار لە حاڵەتی پاشکۆبوووندا ناتوانێ خۆی بێت . ناتوانێ سەربەخۆ بێت . دەبێتە "بەشێک لە....".
لێ ئایا دەکرێ بیرکردنەوە لە دەرەوەی هەر ئینتیمایەکدا بێتە بوون ؟
-21-
کازیوە ، ئەمێستاکە ، فەجرێکە سوور دەچێتەوە .
-22-
ئەو پێکەی کە عادەتەن نایخۆمەوە ،
نازانم بۆ لەم چرکەساتەدا ئارەزووی دەکەم ؟ هەر لەبەر ئەوەی کە تاڵە ؟
-23-
تەماشای دایکە زەمینمان بکەن:
ناڵێیت لێوەکانی برینێکە خوێنی لەبەر دەڕوا و ساڕێژ نابێت ؟
یان وەک ئەوەی نانە ڕەقێک
لە لێوەکانیا نقوم بێت ، چەشنی داسێک خوێنی لێ بچۆڕێت ؟
-24-
ئاو دەستی خستە دەمی منەوە و ئاماژەی بۆ گەدە کرد .
سوپاس ئەی دەستی ئاو.
دەزانم کە نان ، خۆت وتەنی ؛ باڵندەیەک دروست ناکات .
" کێ دەتوانێت جەخت لەوە بکاتەوە ؟ " ، ئاو لێی پرسیم .
-25-
هەروەک لە بێژنگی کاتدا نیشتەجێ بێت ، ئەو وا دەژی .
کەچی کاتێ بیر دەکاتەوە و دەنووسێت ، وەک موسافیرێکە لە هێڵەکی شوێندا .
-26-
هەموو ڕۆژێک ، چاوەکانی ئەو پڕ دەبن
لەو نیگارانەی کە هیی ئەمڕۆ نین
ئەو نیگارانەی کە ناچنەوە سەر پەڕەموچی ڕۆشنایی .
-27-
دیموکراسیی ؟؟
لە هەموو جیهاندا ،
زیاتر لە زەلکاوێک و ، کەمتر لە گۆلمێک ئاو !
-28 -
زۆر لە عارەبان دەناسم مێژووەکەی خۆیان خۆش دەوێت .
هەروەها حەزدەکەن ئەوەی شاعیران
لەبارەی هەوارە خاڵییەکانی ئەم مێژووە نووسیویانە ، بخوێننەوە .
لێ ، بۆچی خودی هەوارە خاڵییەکان ناخوێننەوە ؟؟
بڵێی ئەمە نەبووبێتە هۆی ئەوەی خوێندنەوەکەیان ناتەواو بێت ؟؟
-29-
ئەوەیە سەردەم : خوانێکی بۆگەنکردوو .
-30-
بۆ کێیە ئەم دڵەی ، وا لەناو دڵما لێئەدا ؟
 
 
 
سەرچاوە:
ڕۆژنامەی (الحیاة) – چاپی دەولی – ژمارەی ڕۆژی ٧ ی مایۆی ٢٠١٦ – گۆشەی "مدارات" ی ئەدۆنیس .