ئەو تڕەی خاوەنی بۆ بوو، سەرگوزشتەی تڕلێدانی کەسی ناو مەجلیسێکە کە بەسەر کابرای تەنیشتی خۆیدا دەهێنێ و بە دەربڕینی: وا بزانە من بووم و گوێێ مەدەرێ، دەیخاتە سەر ئەو و خۆیشی دەکاتە خاوەنی ترێك کە گوایە هی کەسێکی ترە. ئەگەرچی لە ئەساسیشەوە، تڕەکە، بەچکەی بەرحەقی خۆیەتی. بەڵام وەک منداڵی کەسێکی دیکە هەڵیدەگرێتەوە.  
هەندێک سەرگوزشتە هەن کە خاوەنی بۆ پەیداکراوە  و لە هیچ کونج و کەلەبرێکی نوسیندا حەقانییەتی ڕاستیی و دروستیەکەی پەیدا ناکرێت. بەڵام وەک سەرگوزەشتە لەوێن و ئامادەییان هەیە. وەک ئەم سەرگوزشتەیەی خوارەوە.
دەڵێن شیرکۆ بێکەس لە کاتی پێشمەرگایەتیدا و هەڵگەرانیدا بە شاخدا، پڕووزەی لێدەبڕی و کە دەگاتە شوێنی مەقسەد،  شێرکۆ دەڵێ: بەشەرەفم شاخ بەس لە شیعردا جوانە. ئەگینا تڕ بە پیاو لێدەدا. 
 
سەیرم لێ دێ، تۆ بڵێێ ئەم هەموو شاخ و داخ و کەندر و هەوراز و گردەی ناو شیعرەکانی شیرکۆ، سامی شێرکۆ بێ لە شاخ تا لە شیعردا زەفەری پێ بەرێت و بتوانێت بەسەریدا سەرکەوێ. ئاخر ئینسان ئەگەر لە واقعیشدا زەفەر بەشتێک نەبات، دەکرێ لە ڕیی خەیاڵ و فەنتازیاوە، تۆلەی لێبکاتەوە و وەک سەرکەوتوویەک مامەلە لەگەڵ فۆبیاکانی خۆیدا بکات.  
من هەستدەکەم شیعر مەیدانی زاڵبوونی شاعیرە بەسەر کۆمەڵێک فۆبیا و حەز و خەونی چەپێنراودا. دەکرێ ئەمە ئەلف وبێکانی نیگای شیکردنەوەی دەروونی  بێت بۆ تێڕوانین لە بەرهەمە ئەدەبییەکان. تێڕوانینێک کە خزمەتێکی زۆری ئەدەبی کردووە بۆ سەرنجدان لە تێکست و شاکاری دیکەی هونەری.
 
برادەرێکم هەیە ناوی دڵشاد ئەحمەدە،  دەرهێنەر و ئەکتەرێکی سەرکەوتووە. لە تەمەنی مندایە و تاڵێکی ڕەش بە قژییەوە نەماوە. لە دایکبووی ناوەراستی شەستەکانی سەدەی ڕابردووە. کاتێک سەدەی تێدەکەوێ ئینسان ڕۆحی دەچێ و پێیوایە سەد و چەند ساڵێکە. بە سویدی دەلێن، زائید پەنجایە. 
تێبینی دەکەن! منیش ناوێڕم بە وردی ساڵ و رۆژی لە دایکبوونی دڵشاد و خۆم بنووسم. زانیارییەک کە دەکرا زۆر ئاسان بهاتایەتە سەر کاغەز. بەڵام هەمیشە ئینسان، ترسێکی لە تەمەن و مردن و هەندی شتی دیکە هەیە و لە رێگای دەربڕینی شاعیرانە و وەسفکردنی ترەوە، خەریکی جوانکردنی ئەو زانیاریانەین. 
 
یەکەم جار کە دڵشادم بینی و هەستم بە سپیبوونی قژی کرد، بەو زمانە لووسە کوردییەی کە قامووسێک لە دەربڕێنی موجامەلەئامێزی تێدایە و هیچ کاتێک ئینسان دانامێنی بۆ دەربڕین، روومکردە ئەو و پێمووت: ماشائەڵلا، ویقارە و هەر لە خۆت دێ. وەک ئاماژەیەک بۆ گۆرانییەکەی نازم ئەلغەزالی کە دەڵێ: جنێوی بە پیریم دا، لە کاتێکدا پیریم ویقاری خۆی هەیە. 
دڵشاد بەوەی ئەکتەرێکی باش و جنێودەرێکی باشتریشە پێیوتم: دە گوو بخۆ!
من بەوەی کە هونەری بەتاڵکردنەوەی جنێو و کەمکردنەوەی کاریگەرییەکانی لە سویدیەکانەوە فێربووم، لە وەڵامدا وتم: من ئەم داوەتنامەیەی بەڕێزتان قبووڵناکەم و سوپاستان دەکەم. بە کورتیەکەی: تەمەن و هەڵکشانی ژمارەکانی ئەو بەرەو سەر و دەرکەوتەکانی لە سیمادا، ئینسان دەخاتە ناو دۆخێکی دیکەی ڕەوانییەوە و زۆر جار نایەوێ خوازیاری بیستنی ئەو کۆمینتارانە بێ کە سەرو کاری لەگەڵ تەمەندایە. ئەمە تەنها یەکێک لە هێلە سوورەکان نییە کە ئینسان ناتوانێت بیبەزێنێت لە پەیوەند بە ئاخاوتن دەربارەی تەمەنی کچان و ژنانەوە، بەلکو پیاوانیش هەمان فۆبیایان لە چوونەسەری تەمەن هەیە و گەورەبوونی پانتاییەکانی نەشتەرگەریی جوانکاری، هیچ شتێک نییە جگە لە کۆششی ئینسان بۆ دەربازوونێکی کاتی لە ترس و بیمەکانی ئەو لە پیری.
 
بەڵام ئەم حەکایەتی ترسی شێرکۆ و جنێودانی دڵشاد ئەحمەد بە من، وەک گێرەرەوەی دوو فۆبیا و دوو ترسی واقعی لە دوو شتی جیاواز، من دەباتەوە سەر دیدێکی دیکەی جوانکاری شیعری و ماکیاجکردنی دەمووچاوەکانی پیری کاتێک کە دێت و یەخەی ئینسان دەگرێ لای یەکێک لە پیاوە جوان و دەنگە بەهێزەکانی ناو شیعری کوردی. ئەویش مەولەوی تاوەگۆزییە.
سەرنج لەم دێرانە بدەن:
 

پیشانیم هەوەس زانووش جازمەن
تەعزیم جەناب پیری لازمەن

 
بێ هیچ درێژدادڕییەک،  ئەمە جوانترین دیڕیکە کە ئەدەبی کوردی دەکرێ سەربەزانە لەبەرانبەر شاعیران و نووسەرانی تردا بەرزرایبگرێت و خۆی پێوە بابدات.
مەولەوی دەلێ: ناوچەوانم ئارەزووی گەیشتن بە ئەژنۆکانمی هەیە، نە لەبەر ئەوەی پیر بووم، بەڵکو چونکە پیری هاتووە و وەک تەعزیم و رێزلێنانێک لەو، بۆی چەماومەتەوە.
 
بەڕاست ئەمە ترس لە پیرییە مەولەوی دەخاتە سەرکەڵکەلەی ئەوەی حاشا لە پیربوونی خۆی بکات و بەو زمانە شیعرییە جوانە دەریببڕێت کە چەمانەوەی ئەو پیربوون نییە و سەری تەعزیمدانەواندنە بۆ ئەو کە دێ؟  
 
ئەگەر دەست بە تێڕوانینەکانی شیکردنەوەی دەروونیەوە بگرین، زۆر بە ئاسانی  ڕەگەکانی ترس لە پیری لەم دێرانەی مەولەویدا دەبینرێتەوە. 
ئەم سەرگوزشتەیەی سەرەوە کە جوانکردنی ڕووخساری دوژمنەکەی ئینسانە، کە مەولەوی وەک میوانێکی ڕێزدار و جەناب عالییەک سەری تەعزیمی بۆ دادەنەوێنێ، بۆ مەرگ و نەخۆشی و زۆرێک لەو نەهامەتیانەی تر کە دووچاری ئینسان دەبنەوە ، دروستی خۆی دەردەخات و دووبارە دەردەکەوێتەوە. بۆ نموونە  لە کاتی بیستنی حەکایەتەکانی مەرگدا، دەربڕینی ماڵئاوایی کرد، چووە دوامەنزڵی خۆی، دوا سەفەر، نەگەڕایەوە، چاویلێکنا، بەجێیهێشتین، گڵگرتییەخۆی و هەتا دوایی، ئەم هەموو ناو و ناوداتاشینە هیچیان لەخۆوە نەهاتوونەتە بوون و پەیدانەبوون . ئەوان لەوێن و ئامادەن تا ئازار و ترس و بیمی ئینسان لە مەرگ کەمترکرێتەوە و ئینسان ڕاستەوخۆ ناوی مەرگ نەهێنێ.
 
بۆیە ئەگەر لە قالۆنچە دەترسی، گۆرانی بۆ بڵێ! 
ئەگەر لە خوا دەترسی، زیکری ئەو بکە و تەسبیحی هەزار ویەک دانەیی بەکاربێنە!
یان زۆر سادە، جنێو بەو شتە بدە کە لێی تۆقیویت.!
بەلام وەک بیستتان، دڵشادی هاوڕێم ، دەستڕێژی جنێوەکانی خۆی لە مندا خاڵیکردەوە.  ئاخر ئەوە من بووم ترسەکەی ئەوم نیشاندا. بەلام لە کۆتاییدا، جنێوەکانی دڵشاد، جنێو بوون بە دەرکەوتنی سیماکانی پیری، نەک بە من. 
 

22062016