برادەرێکم لە ناوەڕاستی نەوەدەکاندا نیازی گەرانەوەی کوردستانی لەسەردا بوو. چوار سالێک دەبوو گەیشتبووە دەرەوەی وڵات و خوازیاری سەردانەوەی کەس وکاری بوو. ئەم ئارەزووە بەهێزە بۆ شادبوونەوە بە ئاشنا و ناسیاو، هەمیشە تێکەلێک لە ئارەزووی نەگەڕانەوەیشی تێدا دروستدەکرد. ئاخر دەبوایە بەسەر و سمێلێکی پاک تاشراوەوە بگەڕێتەوە. یان دەبوایە چاوەڕێ بکات تا سەرورێش درێژدەبێتەوە و دەبێتەوە بە کاک فڵان کەسەکەی جاران. ئەو هەر تەنها یەک کاک فلان بوو، بەڵام بە سمێڵەوە کەسێک و بە بێ سمێڵ کەسێکی دیکە. ئەوەی کە ئینسانێک دەکرێ دوو کەسایەتی بۆ دروست بکرێت و سەرنجی جیاوازی لێبدرێت، جێگاوڕێگای سمێلە لە کەش و هەوا کولتوورییەکانی ژیانی ئەم برادەرەدا.
لە ئەوروپا، ئەوەی باشترین و پیاوترین پیاو بێت، سمێڵی نییە. لە کوردستانیش ئەوەی سمێڵی نەبێ، پیاو نییە. نەک بە پێوەرەکانی هەموو زەمەنەکان، بەلکو تا رۆژگاررێکی درێژ، سمێڵ و بیسمێڵی سنوورەکانی پیاوبوون و پیاونەبونییان تۆخدەکردەوە. ئەگەرچی دەرویشەکانی کوردستان قژدرێژ بوون و کەسێک گوومانی لە پیاونەبوونی ئەوان نەدەکرد و نەشکراوە، بەلام هەمان قژهیشتنەوە بۆ پیاوی دی، لوولەی جنێوەکانی دیسکو و خەنافس و لاجانگشۆری تێدەکرا.
بیرم دێ یەکەم جار کە سمێڵم تاشی، هەستمدەکرد کارێکی هەتا بڵێی قورس ئەنجامدەدەم. تا هەفتەیەکیش بەر سمێڵم هێندە نەرم دەهاتە بەر زمان کە حەزمدەکرد هەمیشە گازی لێبگرم. لە مۆسکۆ بوو سمێڵم تاشی. ئەگەر لە کوردوستان بوومایە، دەبوایە وەک کوڕی کابرای خاوەنماڵەکەی گاورانمان بە شەوان و بەیانیانی زوو بێمەدەر کە کەس بە کووچە و کۆڵانەوە نەبوو.
ئەم درێژدادڕییەی من لەسەر سمێل و سمێڵداری و نەداری ئەو، جێگایەکی تایبەتی داگیردەکات لە پرۆسەی سەرنجدان لەو مۆدێلی نێرینەییەی یان پیاوێتییەی کە لە کۆمەلگای کوردستاندا بوونی هەیە. پرسیارێک کە تا ئێستا لەسەرڕاوەستانێکی قووڵی بۆ نەکراوە. بۆ ئەم مەبەستە، لێکۆڵینەوەکانی سۆسیۆلۆگی ئوستراڵی Raywen Conell و شیکردنەوەکانی ئەو لەسەر چەمکی جۆرەکانی نێرینەیی یان پیاوێتی، ناکرێ سەرەتای دەستپێکی باسەکە نەبێت.
 
ئەم جۆرە لە لێکۆڵینەوە، بە لێکۆڵینەوەکان لە پیاو ناسراوە و لە ناو زانستەکانی فێمێنیزمدا جێگای تایبەتی هەیە لە پرسیارەکانی یەکسانیدا. ئاخر قسەیەک هەیە دەلێ: فێمێنیزم هێندە لە ژن ورددەبێتەوە تا وای لێدێ پیاو نەبێنێت. لێکۆڵینەوەکان لە پیاو، کۆششێکە بۆ فراوانکردنەوەی تێگەیشتن لە پرسیارەکانی یەکسانی.
ئەم پەتای نەبینینی پیاوە هەر بزووتنەوە یەکسانیخوازەکانی ئەوروپای نەگرتبووەوە، بەلکو لە کوردستانی عێراقدا کە ژنکوژی لە نەوەدەکانەوە بە جینۆسایدێکی رەگەزیی نزیکدەبێتەوە، نێرینەیی ئینسانی کورد ناخرێتە ناو هاوکیشەکانی یەکسانییەوە و هیچ خوێندنەوەیەک بۆ تایبەتمەندییەکانی ئەم نێرە ژنکوژە ناکرێ و وەلامی ئەو پرسیارە نادرێتەوە کە نێرینەیی لە کۆمەلگای کوردستان چۆن دروستکرواوە و چۆنیش بەرهەمدەهێنرێتەوە. بۆیەش لەم دۆزەخەدا کە پیاو بۆ ژنانی دروستکردووە، پیاو لە ئەدەبیات و لێکۆڵینەوەی یەکسانیخوازیدا، بە تەواوەتی ونە.
بێگوومان پرسیاری من لەسەر تاوانبارکردنی پیاو نییە وەک کەسێک و دانانی نێرینەیی پیاوی کورد نییە لە قەفەسی تاوانباریدا، بەڵکو ئەم جۆرە لە نێرینەیی، زادەی ڕژێمێکی جەندەری کۆمەلگای کوردییە کە لە ناو دامەزراوە و سترەکچەرە بەناو یەکسانەکانیشدا توانای دووبارە بەرهەمهێنانەوەی ئەم ماشێنە ژنکوژەی هەیە. بەڵکوو کۆششێکە بۆ بینینی ئەو کائینەی کە بەشێکی گرنگی پرسیارەکانی کۆمەلگای لەسەر شانەو ناکرێ بخرێتە دەرەوەی بازنەکانی ئەم هاوکێشەیە.
جۆرەکانی نێرینەیی یان پیاوێتی لای کۆنێل
 
کۆنێل قسە لەسەر ماسکۆلێنیتی و فێمینیتی دەکات کە وەرگێرانی بۆ زمانی کوردی کارێکی ئاسان نییە. لە قامووسی عەرەبیدا ماسکۆلێنیتی بە الذکورە وەرگێردراوە. لە فارسیدا بە نرینگی. لە سویدیدا، هەم نێرینەیی و هەم پیاوێتی بەکارهێنراوە.
بۆیە منیش لەم سەرەگێژییەی وەرگێران و هەژاری زمانە زانستییەکان لە زمانی کوردیدا، یان لە بێ توانایی خۆم بۆ خۆماندووکردنێکی زیاتر بۆ ئەوەی بابەتێکی سەرکەوتووانەتر پیشکەش بکەم، ناچارم دەست بە داوێنی نێرینەیی و پیاوێتییەوە بگرم بۆ وەرگێرانی چەمکی ماسکۆلێنیتی.
بۆ کۆنێڵ کە تێروانینێکی کۆنسترۆکتیڤیستی هەیە لە لێکۆڵینەوەکانیدا، "نێرینەیی و مێینەیی لە پەیوەندییەکی پێکەوەییدا و لە ناو سترەکچەری رژێمی جەندری کۆمەلگادا مانا پەیدا دەکەن". واتا ناکرێ بە جیا سەرنج لە هیچ کامێکیان بدەیت و ئەوان لە بەرانبەر یەکدا و لە پەیوەندییەکی پێکەوەییدا دەخوێنرێنەوە. هاوکات کۆنێل پێیوایە کە رژێمی جەندەری خۆرئاوا، لەسەر پەیوەندییەکی دەسەلات ڕاگیراوە کە سەردەستەیی پیاو و ژێردەستەیی ژن بناغەکەیەتی. واتا سەردەستەیی و ژێردەستەیی ئەو نایەکسانییەی دەسەلاتە لە نێوان رەگەزەکاندا. کۆنێل پێیوایە کە رژیمی جەندەر هاوئاهەنگی دەکات لەگەڵ سترکچەرەکانی دیکەی وەک چین و ئەتنیەت و سێکسوالێتیتدا. بۆ نموونە ژنبوونی کارەکەرێکی ئەسیوپی هەژار، کە پێستی ڕەشە لە ناو رژێمی جەندەری کوردەواریدا، هێندەی دی ژێردەستەیی ئەو قوڵتردەکاتەوە لەبەرانبەر هەمان ژنی ژێردەستەی کورددا چەند پلەیەک لە خوارترەوەیە. بۆیەش ناکرێ قسە لە جۆرێک لە مێینەیی یان ژنێتی بکرێت لە کۆمەلگای کوردستاندا. ئەم تێروانینە بە هەمان شێوە دروستە لە پەیوەند بەو هەمەڕەنگییەی کە نێرینەیی هەیەتی لە کۆمەلگادا. بۆیە کۆنێل قسە لەسەر جۆرەکانی نێرینەیی دەکات لە کۆمەلگادا.
لای کۆنێڵ باشترە ئینسان لە جیاوازییەکانی نێوان نێرینییەکان یان پیاوێتییەکان وردنەبێتەوە بەڵکو سەرنجی بچێتە سەر پەیوەندییەکانی نێوانیان.
لە دەرئەنجامدا کۆنێل ئاماژە بە کۆمەلێک پەیوەندی نێوان نێرینەییەکان یان پیاوێتییەکان دەکات کە بریتین لە: نێرینەییەکی هەژمووندار، نێرینەییەکی ژێردەستە، نێرینەییەکی بەشداریکەر و لە کۆتاییشدا، نێرینەییەکی لەپەڕاوێزخراو.
ئەم پەیوەندییە جۆراوجۆرانەی نێرینەیی، خوڵقێنەری ڕژێمی جەندەری خۆرئاوا پێکدەهێنێ. من پێموایە، لە رژیمە جەندەرەکانی خۆرهەلاتیشدا جیاوازییەکی زۆر بنەڕەتی لەگەڵ ئەم پەیوەندییانەی نێوان جۆرەکانی نێرینەییدا نییە و دەکرێ لە هەندێک پراکتیکی بچووکدا لەیەک دووربکەونەوە.
با سەرنجێکی کورت لەو دابەشکرنەی نێرینەیی بدەین کە لای کۆنێل لە ناو رژێمی جەندەری خۆرئاوادا دەبینرێت.
 
یەکەم: نیرینەیی هەژمووندار.
کۆنێل چەمکی هیگێمۆنی لە گرامشییەوە وەردەگرێت و بە هەمان مانا بەکاریدەهێنێت. ئەو پێیوایە کە نێرینەیی لە دەوری چەمکی هێگێمۆنی یان کە لە زمانی کوردیدا کەڵک لە فارسییەکەی وەرگیراوە و وەک هەژموونی وەرگێردراوە، دروستکراوە. نێرینەیی هەژمووندار بە کۆمەڵێک بەها و تایبەتمەندێتی سروشتی و سادە و پۆزەتیڤ نەخشێنراوە کە جێگایەکی باڵای دەداتێ و دەبێتە ئامانجێک کە نێرینە دەبێ پێیبگات. بەڵام ئەم نێرینەییە هەژمووندارە لە هەموو ئان و زەمانێکدا دەستنیشانکەری ئەوە نییە کە نیرێنەیی دەبێ چۆن بێت. بەلکوو ئەم جۆرە لە نێرینەیی بە پێی شوێن و ژینگە کولتوریی و کۆمەلایەتییەکەی دەگۆڕدرێت. ئەم جۆرە لە نیرێنەیی هەمیشە بارگاویکراوە بە کۆمەڵێک بەهای بەرز و پۆزەتیڤ کە وا دەکات وەک ئایدیالێک بمێنێتەوە کە نێرینەکان چاویلێبکەن ئەگەر نەشتوانن لەو بچن. بۆیە هەژموونی لای کۆنێل بە گەرانەوە بۆ گرامشی: واتا ئاماژەدان بەو دینامیکە کولتوررییەی کە وا دەکات گروپێک جیگاو رێگایەکی لە پێشەوەیی و رابەری لە ژیانی کۆمەلگادا داگیربکات.
لە باری کولتورییەوە و لە زەمەنێکی دیاریکراودا، جۆرێک لە جۆرەکانی نێرینەیی بالادەست دەردەکەوێت لە چاو ئەوانی دیکەدا. ڕەنگە وێنەی مامۆستا لە کۆمەلگای کوردیدا، نیشاندەری ئەم جۆرە لە نێرینەیی بووبێت لە رۆژگارێکدا. دواتر پێشمەرگە جێیدەگرێتەوە و هەتا دوایی. بە زمانی کۆنێل: نێرینەیی هەژمووندار تێکەلێک لە پراکتیکی جەندەرییە کە ناوەرۆکەکەی وەڵامدەرەوەی پرسیاری شەرعییەتی سیستەمی پاتریارکە. بە کوردییەکەی: کاتێک فێمینیزم دەیەوێت لە نێرینەیی بالادەست حەکایەتێکی دیکە دروست بکات و ئایدیالێکی دیکەی لێبێنێتە دەر لە سویددا، بۆ نموونە نیرینەییەکی ئایدیاڵ بۆ فێمێنیزمی سوید کەسێکە کە رۆژەکانی مەرەخەسی دایکانە بە قەد دایک وەردەگرێت و لە هەموو ئەو پراکتیکانەدا کە بە پراکتێکی مێییانەوە لەقەلەمدەدرێت چالاکانە کاردەکات. ئەم پراکتیکە جەندەرییەی کە فێمێنیزم دەیەویت لە دەوری نیرینەییەکی ئەلتەرناتیڤ دروستی بکات، دەبێ هەمیشە بکەوێتەوە بەر پەلاماری ئەو نێرینەییەی کە شەرعیەتی پاتریارک رادەگرێت و دەیخاتەوە شوێنی خۆی. یانی باوکێک کە مەرەخەسی دایکانە دەداتەوە دەستی دایک و پێیوایە کە وەزیفەی دایکانە لای منداڵ بمێننەوە.
سەرنجڕاکێش ئەوەیە هەمیشە ئەو کەسانەی کە هەلگری پەیامی نێرینەییەکی هەژمووندارن و بەرهەمهێنەرەوەی ئەم پەیامەن، مەرج نییە خۆیان خاوەن دەسەلاتە گەورەکانی کۆمەلگا بن و مەقاماتی بەرزییان هەبێت.
بەلام هەژموونیش تەنها کاتێک دەخوڵقێنرێت کە: پەیوەندییەک هەبێ لە نێوان ئایدیالێکی کولتووری و دەسەلاتێکی ئەنستیۆتیتدا. قارەمانێتی ژنان و کچانی کورد لە کۆبانی و شوێنەکانی دیکەی رۆژئاڤا، وێنەی ئایدیاڵی نیرینەیی ئینسانی کورد دەخاتە ژێر پرسیار بە تایبەت لە جومگەکانی ئازایەتی و کونلەجەرگدانەبوونی نیرینەی ئینسانی کورددا و ئازایەتی مێیینەیی کورد دەخاتە شوینێ. بەڵام هێشتاش لە بارە گرنگەکەی دەسەلاتی سەربازیدا، تەواوی جومگەکانی سەربازی کوردی، هەر نیرانەیە.
 
پەیوەندی دووەم، نێرینەییەکی بەشدار
ئەم جۆرە لە نێرینەیی ئەو لەشکرە گەورە لە پیاوانی چالاک و کارا دەگرێتەوە کە ناتوانێت وەک نێرینەییەکی هەژمووندار بژی و هەموو تایبەتمەندییەکانی ئەو لە خۆیدا بدۆزێتەوە، بەڵام ئەجێندای نێرینەیی هەژموونیداری پێ قبووڵە و لە هێشتنەوەی نۆرم و بەهاکانی نێرینەییەکی هەژموونداردا چالاکانە لە بەرهەمهێنانەوەی سەردەستەیی پیاو و ژێردەستەیی ژندا کاردەکات.
بە پێی دابەشکردنەکەی کۆنێل، زۆربەی پیاوان دەکەونە ناو سنوورەکانی ئەم بازنەیەوە. کەسێک کە دیفاعکەرێکی سەرسەختی یەکسانی نێوان رەگەزەکانە، دەکرێ قازانچ لەوە بەرێت کە کرێ لە نێوان ژن و پیاودا جیاوازە و ئەوی پیاو سوودمەندی ئەم نایەکسانییەی کرێ بێ کە سیستەمی جەندەری کۆمەلگا بە پێی بەرژەوەندییە جیاوازەکان بەرهەمی دەهێنێتەوە.
ئەم جۆرە لە نێرینەیی، بەشداربوویەکی پاسیڤی هێشتنەوەی نۆرم و بەهاکانی نێرینەییەکی هەژمووندارە کە بێئەوەی بەرژەوەندی خۆی بخاتە مەترسییەوە، لە راگرتنی سیستەمدا ڕۆڵێکی گرنگی هەیە. ئەگەر نێرینەییەکی هەژموونداری کۆمەلگا لە هێشتنەوەی تەڵاق لە دەستی پیاودا شەو و ڕۆژ خەریکی بانگەوازی ئایینی و قانونی خۆیەتی، ئەوا لەشکری بێدەنگی پیاوانی زۆری کۆمەلگا لە بەرانبەر ئەم پرسیارەدا، ئەوان دەکاتە شەریکێکی گەورەی هێشتنەوەی ئەم مافە لە دەستی پیاودا و خۆیشیان دەبنە قازانجکەرێکی باشی ئەم دۆخە چونکە پایەکانی سیستەمی جەندەر وەک خۆی دەهێڵێتەوە.
 
نێرینەییەکی ژێردەستە
وەک لە پێناسەکەی پێشەوە لەسەر هەژموونی ئاماژەی پێدرا، هەژموونی بە مانای سەردەستەیی کولتورییە لە کۆمەلگادا بە گشتی. لە ناو ئەم چوارچێوە کولتورییەدا، یاسا و رێسای جەندەری هەیە کە لەسەر چەمکەکانی سەردەستەیی و ژێردەستەی راگیراوە.
لە ناو کولتوری خۆرئاوادا، ئەم سەردەستەیە کولتورییەی نێرینەیی هەژمووندار، لەسەر بالادەستی نۆرمی هیترۆسێکسوالێتی پیاو و ژێردەستەی پیاوانی هۆمۆسێکسوال ڕاگیراوە.
ئەو نێرینەییە هەژمووندارەی کە لە کۆمەلگادا وەک نۆرمێک و ئایدیالێک سەرنجی لێدەدرێت، هەمیشە پیاویکی هێترۆسیکسوێلە. لە بەرانبەردا، هەمیشە دژە وێنەیەک ئامادەیی هەیە کە تەواوی ئەو خەسڵەتانەی لە خۆدا کۆکردۆتەوە کە لە نێرینەییەکی هەژموونداردا بوونی نییە. هۆمۆسیکسوێل هەلگری جۆرێک لە نێرینەییە کە لە پلەو پایەیەکی زۆر لە خوارترەوەی پەیوەندییەکانی نێرینەییدا قەراردەگرێت. ئەگەر زەربەیەک بەر پەیکەری نێرینەییەکی هەژمووندار کەوتبێت و نۆرم و بەها کولتورییەکانی نێرینەی هەژمووندار خرابێتە ژێر پرسیار، ئەوا لە بزووتنەوەی هۆمۆسیکسوالەکانی کۆمەلگاوە لێیدراوە. ئەوە بزووتنەوەی هۆمۆسیکسوالەکانە کە بە وەزارەتی بەرگری ئەمریکا و پەنتاگۆن فەرزدەکات کە ئینسان ئەگەر هۆمۆش بێت دەکرێ سەربازێک و جەنگاوەرێکی ئازا بێت لە جەنگدا. ئەو ڕیگرییە کولتوری و یاساییانەی لە بەرانبەر هۆمۆکاندا دادەنرێن تا لە مەقامە بالاکانی سەبازیدا وەرنەگیرێن و وردە وردە خەریکە سامیان دەرەوێتەوە، بەشێکی گرنگی بە هۆی سەرسەختی خەبات و لەسەرپێڕاوەستاوی بزووتنەوەی هۆمۆکانە کە مانایەکی دیکە بە نێرینەیی دەدات و لەو چەمکە هەژمووندارەی نێرینەیی هەژموونداری دەستێنێتەوە و مانایەکی دیکەی ئینسانی پێدەبەخشێت. پیاو دەکرێ جەنگاوەرێکی ئازا بێت و بێ ئەوەی سەرنج بچێتە سەر ئەوەی کە ئارەزووی سیکسی ئەو بە چ ئاراستەیەکدا دەڕوا، ڕووی لە پیاوە یان لە ژن، یان لە هەردووکیان.
ئەگەر بەهاو نۆرمەکانی نێرینەییەکی هەژمووندار ئەڵتەرناتیڤێکی دیکەی نێرینەیی لەبەرانبەردا قووتدەکرێتەوە، ئەوا لە بزووتنەوەی هۆمۆسێکسوالەکانەوە دێت و وەک ئۆپۆزسیۆنێکی ئەم نۆرم و بەها کولتورییانەی نێرینەیی هەژمووندار خۆی فەرزدەکات.
بەلام ئەوا تەنها هۆمۆکان نین کە لە پلەیەکی زۆرخوارەوەی دەسەلاتدا لە بەرانبەر نێرینەیی هەژموونداردا قەراریان گرتوەوە، بەلکە جۆرەها ناو و ڕوخساری دیکەی نێرینەیی هەیە کە هەمان چارەنووسی هۆمۆکانی کۆمەلگایان هەیە و لە خوارەوەی پەیژەی نێرینەیی کۆمەلگادان. پیاوانی ترسنۆک، پیاوانی دەنگناسک، بەچکە دەوڵەمەندی بە نەستەلە بەخێوکراو، پیاوانی لووسکەلە، پیاوانی زیرەک کە بەس خوێندن دەزانن و هیچی دی، هەر هەموو ئەم کاتیگۆرییە جۆراوجۆرانەیش کە نێرن، دەکرێنە دەرەوەی نێرینەییەکی هەژمووندار و لەوێن تا نێرینەیی هەژمووندار رەوایەت بە حەکایەتی بالادەستی خۆی بدات و خۆی بەرهەمبێنێتەوە.
 
 
نێرینەیی لەپەڕاوێزخراو
کۆنێل باس لە پەیوەندییە ناوخۆیی و دەروونیەکانی ناو سیستەمی جەندەری خۆرئاوا دەکات و نێرینەیی هەژمووندار، بەشدار و ژێردەستە لە پەیوەندییەکی چالاکانەی پێکەوەییدا دەبینێت، بەلام سیستەمەکانی دیکەی کۆمەلگا لە گەڵ سیستەمی جەندەردا لە کار و کاردانەوەیەکی هەمیشەییدان و یەکتر ڕەنگڕێژدەکەن.
هەر بۆیەش پەیوەندی نێوان سیستەمی جەندەر و سیستەمی ڕەگەز، سیستەمی چین، جۆرێکی دیکە لە پەیوەندی نیرینەیی دەخوڵقێنێ کە بە نیرینەیی لە پەڕاوێزخراو دەناسرێت.
لە وڵاتێکی وەک ئەمریکادا، نێرینەییەکی هەژمووندار، ڕەنگێکی هەیە کە نێرینەییەکی سپییە. بۆیە نێرینەییەکی ڕەش هەمیشە لە پەراوێزی نێرینەیی هەژموونداردایە و هەموو ئەو تایبەتمەندییانە وەردەگرێت، کە دژە وێنەی نیرینەیی هەژمووندارن. کاتێکیش نێرینەیی ڕەشپێستێکی ئەمریکی کە وەک قارەمانێکی وەرزشی دەکەوێتە سەرەوەی نێرینەییەکان، ئەوا ئەم جۆرە لە نموونەی نێرینەییەکی ڕەشی سەرکەوتوو، بەهایەکی زیاتر دەخاتە سەر بەها نێرینەییەکانی سپی وەک جەربەزەیی و تواناییەکی فیزیکی بەرز کە نموونەی نێرینەیی خۆی پێدەباتە سەر. کەچی هاوکات پیاوانی ڕەش دەکاتە هێمای لاقەکردن و لە سیاسەتی سیکسوالێتی کۆمەلگادا کەلکی لێوەردەگرێت.
لە کۆنتێکستە کوردییەکەیدا، نێرینەییەک کە کرێکارێکی بەنگلادیشی و شەبەک و کرێکارێکی عەرەب نوێنەرایەتی دەکەن، نموونەی زیندووی ئەو نێرینەییە لە پەڕاوێزخراوەیە کە هاوشانی نێرینەی رەشپێشتەکانە لە مەملەکەتی سپییاندا.
 
کۆمەلگای کوردستان و مۆدێلی کۆنێل
بە بڕوای من ئەگەرچی هەر کۆمەلگایەک سیستەمی جەندەری خۆی هەیە، بەلام هێشتاش رژێمێکی جەندەری جیهانی هەیە کە تەواوی ئەم سیستەمە جەندەرییانەی لە خۆیدا هەلگرتووە. کاپیتالیزمێکی خۆرهەلاتی، ئەگەر چەمکێکی واهی بوونی هەبێت، تەنها بەبوونی کاردابەشکردنی کاپیتالیستییانەی جیهانییەوە دەکرێ بوونی هەبێ. بۆیەش لە پاڵ هەر جوداییەک و لێکنەچوونێکی کە دەکرێ لە نێوان سیستەمی جەندەری خۆرئاوا و خۆرهەلاتدا هەبیت، هیشتاش پەیوەندییە جەندەرییەکانی کە پەیوەندی نێرینەییەکان ڕێکدەخات، بەهەمان ناوەرۆکی خۆیەوە لە خۆرهەلاتدا کاردەکات. بەبوونی کۆمەڵێک جوداییەوە کە دەکرێ ئاماژەی پێبدرێت.
ئەو سیستەمە جەندەرییەی کە نێرینەیی کوردی لەناو خۆیدا لەقاڵبداوە، نەکەوتووەتە بەر پەلامارێکی توندی بزووتنەوەی یەکسانیخوازانەی کۆمەلگاوە. تا بەمرۆژەوە حسابکرێت، شەڕی بزووتنەوەی یەکسانیخوازی لە کوردستاندا، شەرە بۆ مانەوەی مێیینەی کورد، نەک بۆ فراونکردنی مافەکانی. بە کوردییەکەی شەرە لەسەر مافی ژیان نەک ئەوەی ژیان خۆی دەبێ چۆن بێت. تا ئێستاش بە جیا لە کەمێك دەستکەوتی کەمی شەرمئاوەر لە باری قانوونییەوە کە زیندانیکردنی پیاوی بکوژی نامووسییە، هیچ شتێک بەدەستنەهاتووە. بزووتنەوەی فێمینیزمی خۆرئاوا شەڕی مان و نەمانی ژن ناکات، بەلکو شەڕی دووبارە بەدەستهێنانەوەی ئەو ڕووبەرانەن کە سیستەمی جەندەری نێرپارێز داگیریکردوون و وردەوردە دەیداتەوە دەستی ژن. ئەم بزووتنەوەیە تەنانەت لە دەستکاریکردنێکی بەئاگاهانەی بەشێکی زۆری ئەو بەهایانەدایە کە نێرینەییەکی هەژمووندار دەیەویت پیاوانە پێناسەیان بکات و فێمینیزمیش دەیەوێت مانایەکی دیکەی یەکسانیخوازانەی پێببەخشێت.
 
لە میژە لە خۆرئاوادا بزووتنەوەیەکی ڕەخنەگرانەی پیاوان لە کاردایە بۆ دووبارە پیناسەکردنەوەی پیاوبوون و نێرینەیی لە کۆمەلگادا کە لە کۆمەلگای کوردستاندا بەتەواوەتی ونە.
 
لەپاڵ بزووتنەوەی یەکسانیخوازانەی ژناندا لە خۆرئاوادا، بزووتنەوەی هۆمۆسیکسوالەکان لە خستنەژێرپرسیاری نیرینەیی و پیاوبوون و بەشێکی زۆری جومگە گرنگەکانی نێرینەیی هەژمووندار، کاریگەرییەکی گەورەیان داناوە و پرسیاری یەکسانییان بە ئاستێکی دیکە گەیاندووە. بەلام زەربەیەکی گەورەشیان لەو ئایدیالە رسمی و نۆرمدارەی نێرینەیی کۆمەلگا داوە و کەلێنی گەورەیان تێخستووە و ئەلتەرناتیڤێکی دیکەی پیاوبوون و نێرینەیی بوونیان پێشکەشکردووە.
لە کاتێکدا هۆمۆسێکسوالبوون لە کۆمەلگای ئێمەدا نەک هەر پرسیاری بزووتنەوەی یەکسانیخوازی کۆمەلگا نییە، بەلکو ئەم پرسیارە لە جێی نەبووانە.
ئەو هۆمۆیانەی کە تا ئێستا لە کۆمەلگای کوردستاندا خاوەنی دەمووچاوی خۆیان بوون و هەموو شار و خەلک زانیوویانە کە فلانە کەس هۆمۆیە، تەنها وەک فیگۆرێکی شایەنی نووکتەلەسەرکردن توانیویانە بژین و توانای گۆڕینی هیچ ستراکتۆرێکی نێرینەییانەی کۆمەلگایان نەبووە. کەریمەزلە و عەباسی خانەقین و ڕەحیمی فلانە شاری کوردستان، لەسەر زاری خەلکن و یەک جومگەی بچووکی سیستەمی جەندەری کۆمەلگایان نەگۆڕیوە. نەک لەبەر ئەوەی نەیانویستووە، بەلکو خودی سیستەمی جەندەری کۆمەلگاش هێندە ڕێی بۆ کردوونەتەوە کە بە نووکتەبکرێن تا هەرەشەیەک لەسەر سیستەم پێکنەهێنن.
 
دوا وتە
بەڵام ئایا هیچ ئاڵوگۆڕێک لە نێرینەیی هەژموونداری کۆمەلگای کوردستاندا ڕووی نەداوە.
بە بروای من لە ئاستێکی ڕووکەشدا سەفەری پیاوی ئێمە لە خاوەنسمێڵێکی گەورەوە کە بە ئەبوشوارب دەکرێ ناوببرێت بۆ پیاوێکی بێسمێڵ و عەیبنەبوونی بێسمێڵی لە کۆمەلگای کوردستاندا لەمرۆکەدا ، خۆ گۆڕین و خۆ ساف و لووسکردن بەو شێوازەی کە ئەمڕۆ پیاوی کورد خۆی تێدا دەبێنێتەوە و بە ئایدیالبوونی بەشێکی زۆر لە گۆرانیبێژانی لاوی کورد ئەگەرچی موونەرمن و وەک پیاوی ڕەسمی کۆنی کورد مووڕەق نین، دەرکەوتنی دەموچاوی دیکەی پیاوانە کە دەکرێ لە روخساری ڕەسمی پیاوی کورددا جێینەبێتەوە، ئاماژەی ئاڵوگۆڕێکی هەتا بلێێ کولتووری تازەن کە سیستەمی دیجیتالیزەیشنی کۆمەلگای نوێ فەراهەمی کردووە نەک پراکتیکێکی بە ئاگاهانەی یەکسانیخوازانە. بەڵام هێشتاش ئەڵتەرناتیڤێکی کارا و جیاوازتر لە پێناسەکردنی چۆنێتی نیربوون لە کۆمەلگای ئێمەدا، خەریکی دەمکردنەوەیە ئەگەرچی لەرێی سووکایەتیی و گاڵتەپێکردنەوە پێیان، نێت و یوتوب و فەیسبووکیان کردۆتە شوێنی ئەم لەشکرکێشییە کولتۆرییە لە بەرانبەریاندا.
 
ئەم سەرچاوەیەی خوارەوە کە بناغەی لێکۆلینەوەکانی ماسکۆلێنیتییە وەک تاکە سەرچاوە بەکارهێنراوە.
R. W . Conell 2003, , Maskuliniteter , Daidalos AB
 

2017-04-17