بۆ شێرکۆ بێکەس
دەتبینم
بەسەر خەمێکی خزەوە
لەگەڵ ئازادیی دەستی یەکتان گرتووە
جارێک تۆ ئەو هەڵدەکێشی
جارێک ئەو تۆ ڕادەکێشێ.
دەتبینم
لەگەڵ مێژوو زۆران دەگریت
جارێک ئەو برینە تەڕەکانی خۆیت تێ دەسوێ
جارێک تۆ توێکڵە لینجەکانی بێزاریی لێ دادەماڵی.
دەتبینم
بوویتە شاپەڕی باڵی فڕینێ
بە ڕەنگی خوێن، لە پێستی خۆت
ڕێگا سەختەکانی ڕوانین دەکێشیت.
دەتبینم
بە پشتی قەڵەمەکەت
لە دامێنی گڕێکی شین دەنووسیت:
وشەکانی من هیچ نەبوون
بێجگە لە ناڵینی بەرد و
هەناسەکانی سەربەستیی.
دەتبینم جاروبارێ
زێدەی عەشقی خامەکە
دەتکێتە گیرفانی کراسەکەتەوە!
ئەی ئەفسوون
چۆن توانیت بە قرچەیەکی دڵی نالی
ئەو هەموو بۆشاییە بێهێڵە پڕ بکەیتەوە.
حیکایەتی چ پێغەمبەرێکی بێگوناهیت، ئەی ئەفسوون
سەدەیەک بەر لەدایکبوون
بە شیعر سزا درا بوویت
لە بنی غەمێکی سەوزا؟
تۆ ئەی دواترین داستانی ئەم وڵاتی ئەفسانەیە
لە پرسیارێک هەزاران هۆ
لە نەوەی هەزاران پرسیار
وەڵامێک نەیدۆزیتەوە؟
ئەو لەشکرانەی لەسەر تۆ بەشەڕ هاتن
بێجگە لە هەرا..
دوای خۆیان شتێکی تریان جێنەهێشت
وە جادووگەریی دژەکان نەیتوانی
بە مشتی لێکنەچوون لە پشتی تۆ دەن ...
تۆ بە قەدی ئەم قەدەرە نیلیەدا هەر هەڵدەکشێی
ئەی زامی قووڵ.
بەسەر گالیسکەیەکی ئاگرینەوە
بە خوێنی ئەم وڵاتەدا دێیت و دەچیت
تا لە گیانی شوێندا بپژێی،
لە چاوی زەمەندا بڕوێی،
ئەی چاوساغی هەناسەقووڵ.
دەتبینم
ئەی وزەی وەرزەکانی دۆڕان
هەنووکە دەتبینم..
لەم پێچی پشووەدا،
چەرخی بێنەخشەی ئەم خێڵە گەڕۆکە
بۆ هەزاران فرسەخی تر
تینوویەتی ڕێی
بە شیعری تۆ دەشکێنێ
ئەی کتێبی کانی.
نەرویج، ناوەڕاستی ٢٠٠٠

-----------------------------------

لە 'ڕاکردن لە دڵنیایی'یەوە نووسراوەتەوە.