ڕانانی کتێب
ناوی کتێب: مردووشۆر
نووسینی: سارا عومەر
وەرگێرانی بۆ سویدی لە دانمارکییەوە: لیۆ گێفێرت
بنکەی بڵاوکردنەوە: پۆلاریس
ژمارەی لاپەرە: ٢٩٥
نووسینی بەکر ئەحمەد
١٨ی تەمووزی ٢٠١٨
 
 
ڕۆژی 10 ئاوگوستی 2016 یە و فرمێسک لە خەستەخانەی "سکێیبی" دانمارک بە دەست بیمارییە دەروونی و جەستەییەکانی خۆیەوە دەناڵێنێت. ئەو ئێستا لە تەمەنی ٣٠ ساڵەی خۆیدایە و لە ئاخاوتنێکی دۆستانە و هەندێک جار نادۆستانەدا بەشێک لە حەکایەتی ژیانی خۆی بۆ "دەریا"ی پەرستیار، کە کوردێکی وڵاتی خۆیەتی و لەم خەستەخانەیەدا کاردەکات، دەگیڕێتەوە. 
 
فرمێسک لەدایکبووی سلێمانییە و کاتیک دێتە دنیا، قژ بەسەرییەوە نییە و  گودیلەیەکی سپی درێژ بە ناوچەوانییەوەیەتی. بۆ خەلکانێکی زۆر، کچێک بەم سەر و سیمایەوە، یان ئەوەتا نەفرەتێکی خودایی تیا بەرجەستەیە و بەڵایەکە بۆ کەسوکار و بنەماڵەکەی،   یان ئەوەتا دەکرێ موعجیزەیەک بێت و نیشانەی پەیامێک بێت لە ڕێی ئەم کچەوە نێردرابێت.  بەلام ئەنوەری باوکی فرمێسک بەوەی خوازیاری کوڕە و کچی دەبێت، لە پاڵ دڕندەیی خۆیدا وەک پیاوێکی تووڕە، هەرچی ڕقی  کۆبووەوەی خۆیەتی لەوەی کە کچییان بووە لە "ڕووبار"ی هاوسەری خۆیدا بەتاڵ دەکاتەوە و لە کۆمەڵێک پیلانی جۆراوجۆردا خوازیاری لە ناوبردنی کیژۆڵە تازە لەدایکبووکەیەتی. نەک هەر باوکی فرمێسک، بەڵکو هەموو بنەماڵەی ئەنوەر بە چاوێکی  سووکەوە لە دایکی فرمێسک و کچە تازەبووەکەی دەڕوانن و ئەم ڕقی دژی کچبوونەی فرمێسک لەناو ئەندامانی بنەماڵەکەیاندا  پەرە پێدەدەن.  دایکی ئەنوەر، هەر لە هەفتەکانی دوای لە دایکبوونی فرمێسکەوە دەیەوێ فرمێسک خەتەنە بکات و بەڵام لەڕولاوازیی فرمێسک و ناننەخواردنی ئەو، ڕووباری دایک  دەتۆقێنێت لەوەی کچەکەی بەرگەی ئەم نەشتەرگەرییە خۆماڵییە نەگرێت و لە ناچاریدا بۆ دوورخستەنەوەی فرمێسک لە پیلانەکانی  باوک و بنەماڵەی ئەو، فرمێسک دەنێرێتە لای  دایک و باوکی خۆیی تا چاک دەبێتەوە و بەو ئومێدەی ماڵی نەنە و باپیرەش، ببێتە پەناگایەکی ئارام بۆ ئەو. 
 
گەوهەر، نەنکی فرمێسکە و تاکە مردووشۆری شارە. ئەو لەگەڵ دەروێشی مێردیدا کە پیاوێکی زەردەشتییە ژیان بەسەر دەبات و ئەو کارە دەکات کە هیچ کەسی تر لە شاردا، جگە لە دەستە خوشکەکانی دیکەی گەوهەر کە لە زیکر و تەراویح و نوێژە بە کۆمەلەکانی خۆیاندا یەک دەگرنەوە، پێیان وا نییە ژنە کوژراوەکانی شار شایەنی ناشتنن. بەڵام گەوهەر، وەک ئامادەکردنێکی ڕۆحی، ئەم جەستە لەتوپەتکراوانەی قوربانییانی شەرەف پاک دەشوات و بۆ دوا ماڵیاوایی خۆیان  کفن و دفنییان دەکات و دەروێشی مێردیش لە شاردنەوەی ئەواندا، هاورۆح و هاوکارێکی گەورەیە.
 
زەمەن لەم ڕۆمانەدا لە ١٠ ی ئاوگوستی ٢٠١٦ وە دەستپێدەکات و دیمەنەکانی دیکەی ڕۆمان بەشێوەی فلاشباک و وەک بەشێک لەو تراومایەی کە فرمێسک لە ژیانی خۆیدا دووچاری بووە، دەمانگێڕێتەوە بۆ ناوەڕاستی هەشتاکانی سەدەی ڕابردوو. واتا ڕووداورەکانی ئەم ڕۆمانە لە نێوان ١٩٨٦ و ٢٠١٦ دەگووزەرێ.
بەڵام مێژووی نائومێدی و دەردیسەرییەکانی کە فرمێسک دووچاری دەبێت  لە نێوان سالانی ٨٦ و ٩١دایە.  ئەم ڕۆمانە مێژووی ژیانی شەش ساڵەی منداڵێک دەگێڕیتەوە لە گەرمەی جەنگی ئێران و عێراقدا و بەشێکیش لە ڕووداوە مێژوویی و سیاسییەکانی کۆمەلگای کوردستان تیشکیان بەردەکەوێت. شوێن لەم ڕۆمانەدا شاری سلێمانییە کە سارا عومەر بە زاموای ناو دەبات،  گوایە ناوە کۆنەکەی سلێمانییە. 
 
ئەگەر شەش ساڵی تەمەنی منداڵێک کرۆکی ئەم ڕۆمانە پێکدەهێنێت، ئەوا سارا عومەر لەم ڕۆمانەدا بەشێکی زۆر لەو پراکتیکە دڕندە و نا ئینسانییانەی کە ژن لە کۆمەڵگای کوردستاندا دووچاری دەبێتەوە، دەبیتە شوێنی نیگاو جێگایەک لە چیرۆکە کورت و ئاماژە کولتوورییەکانی ناو ئەم تێکستەدا داگیردەکات.
ئەم تیکستەی سارا عومەر،  هاوارێکی توورە و تووندی ژنانەی کوردییە لەبەرامبەر ئەو کولتووری شەرەفەی کە قوربانیەکانی لە کوردستان و دەرەوی کوردستاندا، کوردی پێدەناسرێتەوە. 
 
ئەگەر تاوانەکانی کولتوری شەرەف ئەدەبیاتێکی سیاسیی گەورەی لە ئەرشیڤی بزووتنەوە چەپ و کۆمۆنیستەکانی کوردستان و دواتریش ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنیدا داگیرکردبێت، ئەوا "مردووشۆر"ی سارا عومەر، بە ئەرشیڤکردنی ئەم مێژووە لەکەدارەی کۆمەلگای کوردستانە لە بواری ئەدەبدا. 
زۆر جار لە جەدەلە سیاسییەکانی کە دەربارەی پرسی یەکسانی و خەباتە لەبەرانبەر کولتووری شەرەفی ژنکوژی کوردیدا، ڕژێمی جەندەری کوردی دەخرێتە بەرباس و لێکۆڵینەوە و باسیلێوەدەکرێت، بەڵام  "مردووشۆر"ی سارا عومەر نمایشکردن و بەڕوونی نیشاندانی ئەوە تۆڕە ئاڵۆز و لەیەکهەڵپێکراوەی ئەم ڕژێمی جەندەرەیە کە تیایدا ترادیسیۆن و ئایین، کولتور و دواکەوتوویی وجەنگ ئینسانەکانی لە داوەکانی خۆیدا گیرکردووە.  
 
سارا عومەر لەم ڕۆمانەدا وەستایانە لە بەکارهێنانی زمانێکی ژنانەدا ئاخاوتنی پاڵەوانە ژنەکانی ناو ئەم ڕۆمانە تۆماردەکات. تەمەنی سارا و لە دەرەوە ژیانی ئەو لە زەمەنێکی دووردا، ڕێگری پێکنەهێناوە لە تێبینیکردنی ئەو زمانە تایبەتییەی کە ژنی کورد لە ئاخاوتنی رۆژانەیدا بەکاریدەهێنێت. زمانێک کە تێکەڵ بە دەستەواژەی ئایینی و پارانەوە و دوعا و نزای لە خۆگرترووە کە خوێنەری ئەوروپی تووشی سەرئێشەیەکی گەورەدەکات و ساراش ڕاستگۆیانە و وەستایەنە ئەم زمانە بە پاڵەوانە ژنەکانی دەبەخشێت و بە زمانێکی دیکەی ئەوروپی دایدەڕیژیتەوە. 
دیمەنی ئێشکگرتنی گەوهەر و دەستەخوشکەکانی لە هەفتەی یەکەمی لە دایکبوونی فرمێسکدا بۆ ئەوەی شەوە نەیبات ، خوڵقاندنی کەشو هەوایەکی تەواو ژنانە بۆ پارستنی مندالێک لە دەست خێو و جنۆکە، لە قەلەمی کەسێکی بەتوانا دەوەشێتەوە کە چەندین رۆمانی نووسییەوە نەک وەک ئەوەی مردووشۆر یەکەم بەرهەمی ئەو بێت.
 
ئەم ڕۆمانە لە دانمارک تیشکێکی لە رادەبەدەری دەچێتە سەر. بە بڕوای من نەغمەی تووندی دژی ئیسلام و گەرم وگووڕبوونی جەدەلی تاوانی نامووسی و ئامادەیی گوتارێکی دژی پەنابەری و تا ڕادەیەک ڕاسیستی دژی پەنابەران، ئەو چوارچێوەیەن کە ئەم زەمینەیە سازدەکەن بۆ ئەوەی زیاد لە پێویست ئەم کارە لە بەر تیشکدا بێت.  بێگوومان ئەمە بەمانای کەمکردنەوەی بایەخی ئەم کارە ئەدەبییە نییە کەمن لەم وتارەدا دەگەڕێمەوە سەری.
سارا عومەر لەسەرەتای ئەم کتێبەدا لە عومرانی کوڕی حسێنەوە، حەدیسێکی سەحیح دەهێنێتەوە کە بووخاری بە ٤:٤٦٤تۆماری دەکات: پێغەمبەر دەڵێ:سەیرێکی بەهەشتم کرد، بینیم خەڵکانی هەژار زۆربەی دانیشتوانی بەهەشت پێکدەهێنن. سەیرێکی جەهەنەمم کرد، بینیم زۆربەی دانیشتوانی ئەوێ ژن بوون." بێگوومان هێنانەوەی ئەم حەدیسە لە دەستپێکی کتێبەکەدا جێگایەکی گەورە لە بنیاتنانی سترەکچەرەکانی ئەم ڕۆمانەدا داگیردەکات. 
 
لە زۆر جیگای ئەم ڕۆمانەدا هەستدەکرێت زەبر وزەنگی تووندی بەکارهاتووی بەرانبەر بە ژنان کە پاڵەوانە جۆراوجۆرەکانی ناو رۆمان دووچاری دەبنەوە، هاوکات دەبێت بە هێنانەوەی بەشێک لەو ئایەتانەی کە بە زەقی باس لە ژێردەستەیی ژن و تەنانەت لێدان لە ژن ناوەڕۆکییانە، بۆیەش لەلایەن نووسەرەوە ڕیزدەکرێن و لەگەڵ ڕووداوەکاندا دەخڕێنە ناو تێکستەکەوە. بە کورتییەکەی: دروستکردنی فەزایەک کە خوێنەر کیشبکریتە ناو قەناعەتی ئەوەی کە سەرچاوەی ئەم تووندوتیژییەی لەم دیمەنەدا دەگوزەرێ، ئیلهام لەم دەقە ئاینییەوە وەردەگرێت.   
 
ئەگەر ئەم دیدە تووند و رەخنەگرانەیە لە ئیسلام وەک بووێریێەکی گەورە بۆ سارا تۆماردەکرێت و شایەنی بەزرکردنەوەی ئەوە بۆ وەستانەوە لە دژی ئیسلام و بزووتنەوە جیهادیستیەکەیدا، بەڵام ئێمە لە دنیای رۆمانداین و تەوزیفکردنێکی نائەدەبی لە کارێکی ئەدەبی گەورەدا وەک لاوازییەک بۆ کارە ئەدەبییەکە دەگەڕێتەوە. جا ئەگەر گۆشەنیگایەکی کوردی بۆ  سەرنجدان لە چۆنێتی نیشاندانی پەیوەندی نێوان  زەبروزونگ و ئیسلام لە بەرچاوبگیرێت  بە تایبەت لە پەیوەند بە ڕوداوەکانی ناو ئەم ڕۆمانەوە،  ئەوا لە دیمەنی کوشتنی خەندەی بچکۆلەدا  کە وەک کابووسێک دیتەوە یادی فرمیسک و تیایدا خەندە بە پاسکیلەوە دەکەوێت و خوێنی لێدێت گوایە پەردەی کچێنییەکەی دراوە، باوکێک کە خەنجەرەکەی دەردەهێنێت و بە سەدای ئەڵاهوئەکبەرەوە زمان و گوێچکەی منداڵەکەی دەبڕێت، یان بەلەقەوە چوونە سەر کۆرپەیەکی  هێشتا لە دایکنەبوو کە بە زۆر لە سکی دایکی دەردەهێنرێت و حەشاماتێکی گەورە بە هاواری ئەلاهوئەکبەرەوە ئەم کوشتنە رەوایەت پێدەدەن و لە هەندێک دیمەنی دیکەی ناو ڕۆماندا کە بەرجەستەتر وتنەوەی ئایەتەکان لەلایەن پەڵەوانەوە هاوکاتە بە ئەنجامدانی کردەوەی تاوانکارانە، ئەم نموونانە دەکرێ بۆ ڕەخنەگرێکی ئەوروپی جێگای سەرنج نەبن و کاتێکیش دیدێکی ڕەخنەگرانەی کوردی لەبەرانبەر ئەم دیمەنانەدا ڕادەگیرێت، پرسیار دەبێتە ئەوەی: ئایا ئەم دیمەنانە کوشتنەکانی داعشمان بۆ وەسفدەکات یان ڕووداوەکانی ناو زەمەنێک کە دەکەوێتە نێوان ساڵەکانی ٨٦ و ٩١ سەدەی ڕابرووی شارێکی وەک سلێمانییەوە. لێرەدایە کە ڕەوایەتبەخشین بە زەبروزەنگی بەکارهاتووی کارەکتەرەکانی ناو ڕۆمان لەو نموونانەدا بە خواستی ئایدیۆلۆژی نووسەر دەچیتە پێش و زمانێک هەڵدەبژێردرێت بۆ وەسفکردنی زەبروزەنگ  کە لە بیست ساڵی دوای رووداوەکانی ڕۆمانەوە دەکرێ ئێمە گوێبیستی بین لە کوردستاندا. یان بە زمانێکی ڕۆشنتر، ئەگەر هەمان کوشتنی ناو ئەو دیمەنانە بە بێ وتنەوەی سەدای ئەڵاهوئەکبەر ئەنجامبدرایە، کەس نەیدەتوانی ڕایەلێک پەیدابکات بۆ ئەوەی پەیوەندی نێوان بکوژان و ئیسلام بەیەکەوە گڕێبدات. کاریگەرییەکانی ئیسلامی سیاسی و بزووتنەوەکانییان لەسەر زمانی کۆمەلگای کوردی لە دوای جەنگی ناوخۆوە هەستیپیدەکرێت و لە ئێستایشدا ئەم زمانە ئایینییە لە ئاخاوتنی کۆمەلگای کوردستاندا بە زەقی لە زمانی ڕۆژانەدا دەبیسترێت. 
 
لە راستیدا و لە ژێر دەسەڵاتی بەعسدا، ئێمە خاوەنی لیستێکی درێژ لە کردەی ژنکوژی نین لە کۆمەلگای کوردستاندا. بێگوومان ئەمە بە مانای نەهیکردن نییە لە کولتوری شەرەفی کوردی، بەڵکو بەلەبەرچاوگرتنی ئەو ڕاستییە سادەیەی کە چوارچێوەیەکی یاسایی و لێپرسینەوە لە کەسانێک کە تاوانیان ئەنجامداوە ئامادەیی هەبوو. سیستەمێک کە لەگەڵ کەوتنی پەیکەرەکانی سەددامدا هاڕە دەکات و بە ئێستاشەوە کوردستان لە غیابی سیستەمێکی قەزائیدا کە بە حزبی کراوە، باجێکی گەورەی داوە.
ئێمە لە دوای ڕاپەڕینی ١٩٩١ وە ڕووبەڕووی دیاردەیەکی نەخشەبۆداڕێژدراوداین لە بەرانبەر کوشتنی ژناندا کە یەکەمین فیشەکەکانی لە چەکەکانی بزووتنەوە ناسیونالیستەکانی کوردستانەوە دەتەقێنرێت نەک لە لایەن هێزە ئیسلامییەکانی کوردستانەوە. 
ئەوە پرۆسەی لیستی " لە قائیمەکەدا بوون"ی ژنکوژیە کە لە ٩٢ بە دواوە دەستپێدەکات و  دەرگا لە سەر کۆنەپەرەستی کۆمەلگا دەکاتەوە و لێنەپرسینەوە لە کەس دەبێتە دەستپێکی مۆدەی ژنکوژی لە شارێکی وەک سلێمانیدا. 
هەڵبژاردنی زمانێکی ئایینی بۆ ژنکوژی وەک ئەوەی سارا لە دۆخی کوشتنی هەندێک لە پاڵەوانەکانی "مردووشۆر"دا بەکاریدەهێنێت، تەنها ڕەگێکی ئایدئۆلۆژی لە پشتییەوە کاردەکات و لە کوردستانی هەشتاکاندا بە تەواوەتی وونە. بەکارهێنانی ئەم زمانە بۆ بەشێک لە دیمەنەکانی ژنکوژی لە مردووشۆردا و هەندێک ئاماژەی دیکە کە لە جێگایەکی دیکەی ئەم رۆمانەدا دەگەرێمەوە سەری، گرنگییەکی تایبەتی هەیە.
 
کەسێک ئەم ڕۆمانە دەخوێنێتەوە دەکرێ بپرسێت:  بەڕاست ئەمە ژیانی ژێردەسەلاتی تالەبانی کوردیە و بۆچی ئێمە هەستمان پێنەکردووە و  هیچ شتێکمان دەربارەی نەزانیوە؟ لە کاتێکدا سەدای ئەلاهوئەکبەر ببیسترێت و نەبیسترێت کولتوری شەرەفی کوردی بە تەواوی بەها و تێروانینەکانییەوە لە کۆمەلگای ئێمەدا ئامادەیی هەبووە بێ ئەوەی جێگاو ریگای ئاین لە پلەیەکی بالادا بێت وەک ئەمڕۆی کوردستان، یان لە دۆخێکی ترادیسیۆنی خۆیدا بێت وەک پەنجا و شەستەکانی سەدەی ڕابردوو. ئەوەی کە بۆچی سیمای کۆمەلگایەکی مەزهەبی بە قۆناغێکی دیاریکراوی کۆمەلگای کوردستان و شارێکی وەک سلێمانی دەدرێت، ئەو پرسیارەیە کە ئینسان دەکرێ بە شوێنیەوە بێت بێ ئەوەی ئەم ڕوونکردنەوەیە بچێتە خانەی پاککردنەوەی ئایین و ڕۆلی ئەو لە دووبارەبەرهەمهێنانەوەی کولتوری شەرەفدا.
 
خوێندنەوەی "مردووشۆر" وەک سەفەرکردنە بە ناو توونێلێکی هەتا بڵێێ تاریکدا. ناوە ناوە لەم تاریکاییەدا ترووسکایەکت نیشاندەدرێت، نەک بۆ ئەوەی بەرپێێ خۆت ببینیت، بەڵکو بۆ ئەوەی خنکاندنی منداڵێک بینی کە  سەرین دەخرێتە سەردەمی بە نیازی خنکاندنی، یان بەلەقەوە دەچنە سەر جەستەی کۆرپەیەکی لە سکی دایکدا دەرهێنراو، یان دایکێک کۆرپەی بە باوەشەوەیە و  بەر فیشەک دەدرێت. زەبرو زەنگ و وەسفکردنی لەم ڕۆمانەدا هێندە ڕووت و بێپەردەیە کە خوێنەر ناچارە ناوە ناوە ئەم کتێبە دابخات و مەسافەیەک بگرێت وئاهێکی بەبەردا بێتەوە و بە هیوای ئەوە بێت کە لە دیمەنەکانی دیکەدا ئەم کچ و ژنە هەژارانەی مەملەکەتی زاموای سارا عومەر بگەنە ئەو سەری تونێلەکە و ڕوناکی ببینن.
 
سارا عومەر لە لاپەرەی یەکەمی مردووشۆردا دەنووسێ: پێشکەشە بە فرمێسک، ئەو کچەی لە ساڵانێکی ئێجگار سەختدا، لە دڵی مندا زیندانی بوو". ئەم پێشکەشکردنە و نووسینی مردوو شۆڕ، تۆڵەی سارا عومەرە لەم رژێمی جەندەرەی کە مردووشۆر دەکاتە زیندانێکی ئەدەبی بۆ فرمێسکێک  کە ئەگەر هەموو ڕۆژڕەشییەکانی ناو ڕۆمانیشی نەبینی بێ، ژنان و کچانی دیکەی کوردستان بینیویانە. بۆیە سارا عومەر چاو لە هیچ شتێک ناپۆشێت و بەشێکی ئێجگار گەورەی ئەو سونەت و ترادیسیۆنە مردووانەیشی کە لەمێژە لە کوردستاندا نەماون، یان جیگایەکی ئەوتۆیان لە ژیانی ڕۆژانەی ژیانی ئینسانەکاندا نییە، لە کونجێکی چیرۆکە وردیلەکانی ناو ڕۆماندا ناودەهێنێت و شوێنیان بۆ دەکاتەوە.  گەورە بە بچووک، سێ بەیەک یان دانی سێ کیژۆلەی مندال بە کچێک بۆ باوکێک کە ژنی دووەم دەهێنێتەوە، کەڵکوەرگرتن لە دەستەواژەی قوزەکەمتیار لە شێوەی هەڵواسینی پارچەگۆشتێک بە کەمەری کچێکەوە تا بەختی بکرێتەوەو شوو بکات، پێشنیارکردنی میزی حوشترخواردنەوە بۆ چارەسەری نەخۆشی،  ئەم ئاماژە کولتووریانە و زمانێکی ئایینی کە لە سەدای ئەللاهوئەکبەری تاوانکاراندا دەنگدەداتەوە ، پرسیاری ئەوە دەهێنێتە ئاراوە کە لەم کۆمەلگایەدا جگە لە خورافە و ژنکوژان دەکرێ خەبەر لە شتێکی دیکە هەبێت.
 
بێگوومان هەموو ئەمانە ڕیزدەکرێن تا بە خوێنەر بسەلمێنرێت کە لەم زۆنگاوەی ناوی زاموایە، ئەنوەر وفایەق وبەهرە و ڕەشیدی زیاتری تیا سەوزنابێت. ئەگەرچی لە واقیعدا دەستەواژەی قوزەکەمتیار و میزی حوشترخواردنەوە، هێندەی تەنزێکی زمانەوانی خۆشە کەمتر ترادیسیۆن و کولتورێکە کە خەڵک بڕوای پێیەتی. 
 
خالید حوسەینی لە "هەزاران خۆری درەوشاوەدا" مریەم دەخاتە ناو چوارچێوەیەکی خیزانییەوە کە شەق و شەق نەک نان، سەرتاپای ژیانی مریەم داگیردەکات. بەڵام خوێنەر خێرا درک بەوە دەکات کە ئەگەر مریەم هەنگاوێک نانێت بۆ دەربازبوون لە تاڵیبانی مێردی ناو ماڵ، هۆکارەکەی دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی کە لە دەرەوەی سنوورەکانی ماڵ، سیستەمێکی دیکەی کۆمەلایەتی تاڵیبان لە دەرەوە چاوەڕێدەکات کە ژنی لە ڕووبەرە کۆمەلایەتییەکەیدا سڕیووەتەوە. بۆیە خوێنەر ئاسان مانەوەی مریەمی لە ناو دیوارەکانی ماڵدا پێ قبووڵە.
لە مردووشۆردا، تاکە کەسێک کە ژن ناکوژێت و دەکرێ وەک ئاماژەی زیندووی ئەم کۆمەلگایە سەرنجی بدرێتێ، دەروێشی مێردی گەوهەر و گەوهەر خۆیەتی. بەلام ئەوانیش توانای پاراستنی نەک هەر فرمێسک، بەڵکو کیژۆلەکەی خۆیشیان نییە کە ئەنوەر هەموو ساتێک بەبەرچاوی دایک و باوکیشییەوە تیرۆری نەفسی دەکات، 
"مردوشۆر" مەملەکەتی ئەو دۆزەخەیە کە پێغەمبەری ئیسلام پێیوایە هاولاتییەکانی هەموو ژنن ئەگەر چیش هەموویان سەر بە چینە نەدار و هەژارەکەی کۆمەلگان. ئیتر خەبەرێک لە عەدالەتی کۆمەلایەتی، یەکسانی، مۆدیرنیتە، کاردانەوە خۆڕسکەکانی کۆمەلگا لە بەرانبەر ژنکوژیدا، لە هیچ شوێنێکی ڕۆمانەکەدا هەست پێناکرێت. زاموای ناو رۆمانی مردووشۆر، هێندەی لە دێ دەچێت، کەمتر سیمای شاری پێوە دیارە. 
 
مردووشۆڕی سارا عومەر ئەگەر بە دروستکردنی کەش و هەوایەکی تا بڵێی دواکەوتووانە و کێشانی پەردەیەکی ئایینی فەرزکراو لە هەندێک جێگای ڕۆمان و لە دەوری ڕووداو و  کارەکتەرەکانی  دروستنەکرایە ، زەرەیەک لە ناوەڕۆکی بەربڵاوبوونی کولتوری شەرەف و دەرئەنجامەکانی لەسەر فرمێسک و تەنانەت پالەوانەکانی دیکەی ناو ڕۆمانی  نەدەگۆڕی. بۆ خوێنەرێکی ئەوروپی زاموا دێهاتێکە و کولتوری شەرەف تیایدا بەهۆی خورافە و ئایین و دواکەوتوویی ئەم شوێنە جوگرافیایەوە لە برەوی خۆیدایە. لە کاتێکدا پاڵەوانەکانی مردووشۆر کچانی زانکۆی زامواش بوونایە و بە مینی جۆبی حەفتاکانەوە بسووڕانایەتەوە، پانتایەکانی کولتوری شەرەف بچووکتر نەدەبوو لەوەی کە هەیە و ئەگەر لە یەکەمین شەوی چوونە پەردەیانەوە پەڕۆکە سوورنەچوایەتەوە، چارەنووسێکی باشترییان لە چارەنووسی پاڵەوانەکانی ناو مردووشۆر بە نسیب نەدەبوو. بەڵام چی وادەکات کە نووسەر شار دەکاتە گوند و نەغمەیەکی بەهێزی ئایینی دەکاتە یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانی ئەم ژنکوژییە بۆ قۆناغێکی تایبەتی کۆمەلگای کوردستان کە تیایدا نەغمەی ئایین و دەسەلاتەکەتی بەتەواوەتی ونە. 
من لە دڵەوە هیوادارم کە خوێنەرێکی ئەوروپی پێیوابێت کە پرسیارەکانی یەکسانی، جەنگی بزووتنەوە کۆمەلایەتییەکان، پرۆژەی ڕۆشنگەری، عەدالەتی کۆمەلایەتی و ئینساندۆستی پێشتر لە زاموای سارا عومەردا  تێرۆکرابن و لەسەر تاتەشۆرەکەی گەوهەردا شۆردراون و کفن و دفن کراون و لە کونجێکی شاردا و لە گۆرستانێکی بێناودا بە خاک سپێردراون. 
ڕەنگە تەفسیرێکی واهی لە زاموای ناو مردووشۆردا لە غیابی هەموو جومگەیەکی ئینساندۆستی و ژیاندۆستی لەم ڕۆمانەدا، وەلامێکی دروستتر بێت. لە تەفسیرێکی واهیدا ڕەشەبای سلێمانی کە ئامادەییەکی گەورەی ناو لاپەرەکانی "مردوشۆر" داگیردەکات، زیاتر وەک قیژەو هاواری ژنەکانی سلێمانی دێتە بەرگوێ، بەرلەوەی بە گۆیژەدا هەڵگەڕێتەوە و ئەم پەیامە بە شوێنەکانی دی  بگەێنێ.  
 
من کە لە رێگای دێرەکانی ئەم ڕۆمانەوە و لەسەر لاپەرەی ئەم کتێبەدا خۆم دەکەم بە کووچە و کۆلانەکانی زاموادا، لە زۆر کووچە وکۆلانی ئەم شارەی ناو ڕۆماندا ون دەبم، لە زۆر شوێندا خۆم و شار ناناسمەوە. 
بەڵام خێرا ئەوەشم دێتەوە یاد، کە زاموای ناو مردووشۆر دەستکردی سارا عومەرە کە دەکرێ ئەم شارەی وا بینیبێ. من ناتوانم ئەم بینینە لەو زەوت بکەم. بەڵام لەگەڵ ئەم تێبینیانەیشدا، من دڵنییام ئەوەی کە ئەم کتێبە توانای دروستکردنی جەدەلی هەیە و پرسی ژنکوژی بە هۆی شەرەفەوە دەخاتە ئاستێکی تر و چۆن  گودیلە سپییەکەی ناوچەوانی فرمێسک تەفسیری جۆراوجۆری لێ دەکرێت، ئەوا مردووشۆریش خوێنەر بەسەر چەند بەرەیەکدا  دابەش دەکات.