یەکەم ڕۆژ کە دەستم بە ئیشکردن کرد لە کارخانەکه، ئەو پێی وتم: نائومێد مەبە، ئەو کاتە دنیا کۆتایی دێت کە خۆشەویستیی ئەمرێت، هێشتا خۆشەویستیی مرۆڤ بۆ زەوى، بۆ سروشت، بۆ گیانەوەر و بۆ گوڵ کۆتایی نەهاتووە، لە هەموو ئەمانەش گرنگتر خۆشەویستیی مرۆڤ بۆ مرۆڤ ماوە. خۆشەویستیی وا ئەکات مرۆڤ بەرگەى ڕەنج و دەردی دنیا بگرێت ...

ڕۆژێک خەریکى ڕێکخستنى سندوقى پارەکان بوو، وتى: با بچینە دەروە، من جگەرەیەک ئەکێشم و تۆش سەیرم بکە و هەوایەک هەڵمژە. بەفر بە شێوەیەکی شێتانە ئەبارى، لە پشت پەنجەرەى کارخانەکەوە من دنیایەکی سپیم ئەبینى لە نێو دوکەڵی ڕەشی کارخانەکەدا خەریکبوو نوقم ئەبوو، بێدەنگ دەستى گرتم و وتى: وەرە سەیرى ئەو جوانییە بکە، ژنێک لە دووریى کەسێکدا خەم و جگەرە ئەکیشت، ئەڵێن زۆرجار شاعیرەکان ئیلهام لە شتى پروپووچ وەرئەگرن، من جگەرەیەک ئەکێشم و تۆش ئیلهامێک وەربگرە، ڕاستییەکەى من لەوە تێناگەم ڕۆژهەلاتییەکان بۆچى ئەوەندە جگەرەکێشانى ژنیان پێ جوانە ؟! بۆچی ئەوەندە شەیدای شێتی و شیعرن!

وتم مارتا: هەموو شتێک پەیوەندى بە نەبوونییەوە هەیە ، کە ئازادییت نەبوو، هەتا هەموو بابەتە ناشیرینەکانى ئازادییشت پێ جوانە ، هەربۆیە کاتێک ژنە ڕۆژهەڵاتییەکان جگەرە ئەکێشن، بەعیشقەوە ئەو ژەهرە پیسە قوت ئەدەن کە ئێوە داتان هێناوە، من بە گشتىی قوتدانى ئەو ژەهرەم پێ جوان نییە کە مرۆڤ پارەى پێ ئەدات، لە ئەدەبیاتیشدا تەنها هەڵەیەک کردوومە ئەوە بوو سیاسییەکان مرۆڤیان بە گوللـە ئەکوشت و ئێمە بە نائومێدى، منیش بەشێکى ئەو نائومێدییەم جوان کردووە مرۆڤ خۆی پێ ئەکوژێت. بەڵام ئاواش نەبێت لە دنیایەکدا کە خۆی یەکپارچە ئاگر و خوێن و پیلانه، پەپوولەیەک فڕێ بدەیتە ناو ئەو ئاگری شەڕو پیلان و پاشقولە چی پێ ئەکرێت؟ شیعر پەپوولەیە مارتا. تۆ سەیریکە لەم شارەدا گوڵەکان لەبیریان چوەتەوە ڕۆژگارێک گوڵ بوون، سەگەکان بیریان چووەتەوە سەگن، تەماتەیەک بخە زمان، هەزار سوێندت بۆ ئەخوات کە نازانێت ڕۆژگارێک ئەو پشتاو پشتی تەماتە بووە. ئیشی شیعر ئەوەیە بیرمان بخاتەوە شتێک لەناو ئێمەدا خەریکە ئەژاکێت و نەهێڵین بژاکێت. شوشەیەکی ناسک لەنێو ئێمەدا هەیە نەهێڵین ورد بێت.

بەفرەکە خەریکبوو تەواو دنیاى سپى ئەکرد، پلەى گەرما هەشتى ژێر سفر بوو، ئەوەى گەرمیی بەدڵی من ئەبەخشی دوکەڵی جگەرەیەک بوو لەدنیایەکى سارد و بێڕۆحی سپی وەکو دڵی مندا .
قژی زەردی لەژێر کڵاوە خورییەکەوە هاتبووە دەرێ، لەنێو چاوە هەنگوینیەکانیا وێنەی خۆمم ئەبینی، کە لەبەردەم جوانی دوو چاوی هەنگوینیا وەک برسییەکی ئەفریقایی دانیشتبوو بیر لە جوانی نان بکاتەوە.

ناگەهان پێم وت: تۆ زۆر جوانى؛ مرۆڤ لەبەردەم ئەو جوانییەى تۆدا دەست و پێی ئەشکێت مارتا. بروا بکە لە دیلێکی جەنگ ئەچم لەبەر ترسی گوللـەبارانکردنا. بڕوا بکە نەک هەردڵم، من ئەقڵیشم شەڵەقاوە، ڕێک وەک گۆمەئاوێکی لێ هاتووە هەزار بەردت فڕێ دابێتە ناوى. وتی ئەم وەسفەیان جوان نییە بۆکچێکی قژ زەردی چاوشین، ئەتزانى من سروشتم خۆش ئەوێت، ئەتوانى بڵێت گوڵت فڕێ داوەتە ناوى، یان بڵێت لە دەریایەک ئەچێت بێچوە مراوى مەلەى تێدا بکەن. بە پێکەنینەوە دووبارەی کردەوە، با لەم باسەیان بگەڕێین، پێم بڵی ئەمرۆ چەند دەستپەڕتان بە خەیاڵى منەوە کردووە؟ وتم مارتا، ئەلێکس درۆ ئەکات، هەموو ئەوانەى ئەچن بۆ سەرئاو، جگەرەکێشان، ئاو خواردنەوە، کافێ هێنان و قاوە خواردنەوە، بە جۆرێک لە جۆرەکان خۆیان لە ئیشەکە ئەدزنەوە، هیچیان بۆ دەستپەڕو ئەوشتە ناچن کە ناوى ئەنێن، ئەلێکس کە ئەمە بۆ گاڵتەو گەپ ئەڵیت ئەیەوێت ئەو بێتاقەتییە ڕووپۆش بکات، ڕێک وەکو ئەوەى ئاسنێکى ژەنگاوى بە ئاڵتون ڕووپۆش بکەیت، بەڵام من سەیرى ئەو جوانییەى تۆئەکەم، یانى کاتێ بەڕێوەبەر شوێنى ئیشەکەى من لەپاڵی ئیشەکەى تۆدا دائەنێت، ڕێک دڵم ئەدات لە شەقەى باڵ، لە مەلێک ئەچێت تازە لە قەفەز دەرچووبێت و ئاسمانێکی تازەی دۆزیبێتەوە.

باوەشى پێداکردم و سەرى خستە سەردڵم، بە ئەسپایی وتى: تۆچەند جوانى هاوڕێ باشەکەم، درۆ نازانیت لە دنیایەکدا کە لەسەر درۆ ئەڕوات بەڕێوە، هەموو کچێک حەزی لەم وەسفانەیە بۆ دڵخۆشکردنی، ئەزانم حەز ئەکەیت دڵخۆش بم، تۆ لە پیاوێک ئەچیت بە مۆسیقا برینى ساڕێژ ئەکرد، پیاوێک من لە پۆڵۆنیا خۆشم ئەویست و ئەو هەموو دنیاى لە سەگە بچکۆلانەکەیدا ئەبینى، ڕۆژێک سەگەکە چکۆلانەکەى مرد و ئەم دنیا گەورە بۆئەو جوانىی تێدا نەما ،هیچی تێدا نەما، هەرچى مەرهەمى دەستکردى کۆمپانیاکانى دەرمان فرۆشتن هەیە بۆ ڕۆحى ئەو کەڵکى نەبوو، ویستم گۆرانى بۆ زامەکانى بڵێم، کەمانەکەى بدەمەوە دەستى، بەڵام ئەو بەرگەى ئەو زامەى نەگرت و مرد. ئەو وای ئەزانی لە داوای سەگەکەی ڕۆحلەبەرێکی تر لە دنیادا نییە...

توند سەرى بەسینگمەوە نوساند و وتى تۆ پارچەیەک لە ڕۆحت بردووم و نامدەیتەوە، بۆهەرکوێ بچیت هەست ئەکەم بەشێک لە ڕۆحم لە جەستەى تۆدایە. پێکەنیم و وتم: مارتا تۆ دڵی هەموومانت بردووە. دەستى گرتم و خستیە سەرمەمکی چەپی وتى: ئا لێرەدا ئەتوانیت هەست بە لێدانى دڵم بکەیت، ئەتوانیت بزانیت ئەو کچە جوانەى ناوتان ناوە گوڵى کارخانە، هەمووتان دەستپەڕی بەسەرا لێ ئەدەن ئەتوانیت گوێ لە دەنگی بگریت و تێبگەیت یەک دنیا برین لێرەدا خەوتووە، گۆڕستانێک خەون و خۆزگەى نێژراو لە سینگیداهەیە و نزا ئەکات ، کەسێک شتیکى بیرنەخاتەوە، شتێک شتێکى بیر نەخاتەوە مەملەکەتێک برین و ئازارى لە خەو هەڵسن و بکولێنەوە ... نزا ئەکات مۆسیقایەک گۆڕی خەونیکى هەڵنەداتەوە، بۆنى عەترى مەمکەکانى و بۆنى جەنازەیەک لە سنگیدا تێکەڵ بن .. ئێمەی ڕۆژئاواییەکان سروشتێکی سەیرمان هەیە، ئەتوانین هەمووجارێ وەک یەکەمجار عاشق بین ، تۆ لێی گەڕێ من ئەوکوڕە ڕۆژهەڵاتییەم چۆن چۆنی لەهاوینەگەشتێکدا بۆ ئیستامبوڵ ناسی، بەڵام بزانە من خۆشەویستەکەم نەخۆشە و خەریکە گیان ئەسپێریت، وەک سەگ لەم کارخانەدا ڕائەکەم، هەوڵئەدەم ئێوە هەمووتان دڵخۆشبن، پێبکەنن و بێتاقەتی سەرتان نەکرۆژێ، ئەوکچەى هەمووتان ئەخاتە پێکەنین، ئازارو خەمیهەمووتان ئەکات بە بزە، وا ئەکات هیلاکی و بێتاقەتیتان بیربچێت، خۆى یەک دنیا خەم و ئازارى هەیە و حەز ئەکات ئێوە نەتان بێت. بڕوام پێ بکە من ئاواهیم. من ئەزانم تۆش برینت هەیە و کەس نازانێت، سەیرکە با نموونەیەک بهێنمەوە باشتر تێ بگەیت، ئایا کەس لەمە تێ ئەگات تۆ هەر بەو دەستانەت سندوقى پارە دروست ئەکەیت، ئامێری پارەژماردن ئەبەستیت، هەربەو دەستانەت شیعر بۆخۆشەویستەکەیشت ئەنوسیت ؟؟ دەستی خستە سەردڵم وتی خێرا لێ ئەدات، خۆشت ئەوێم وانییە؟
وتم ، زۆر زۆر مارتا.
وتی ئێوە ڕۆژهەڵاتییەکان سروشتێکی سەیرتان هەیە، مرۆڤی خەمگینتان خۆشئەوێت، کاتێ کەسێکی خەمگین ئەدۆزنەوە، ئەڵێی ئازیزێکی دۆرەوڵاتی خۆتان بینیوەتەوە.

بەسروشتى خۆم ڕقم لە تاتۆ بوو، بەڵام پەپوولەکەى سەر سینگى و پلیسرکەکەى لاملى و گوڵەکەى دەستى مارتام خۆشئەویست، ئەمزانى ئەو سروشتى زیاتر خۆشئەویت. حەزم ئەکرد هەمیشە لە کاتى جوڵەدا سەیرى تاتۆى ئەو پەپوولەیەبکەم لەسەر مەمکەکانى ئەتوت ئەفڕیت. وتم مارتا ئەو پەپوولەیەى بە مەمکەکانتەوە نیشتووەتەوە چەنێک دڵڕفینە!

ئەمڕۆ مەمکەکانت سروشتێکى جوانتریان هەیە، لێم مەگرە حەزێێکی شێتانە وام لێ بکات ئەگەر بەهەڵە لێم تێک بچێت و دەست بۆ مەمکەکانى تۆ ببەم لە برى سندوقى پارەکە. وتى: دنیا سەرمایەداریى وایە ، ئەوسیستەمە بۆگەنە ئەمریکییە تەنانەت حەزناکات بیر لە مەمکەکانى منیش بکەیتەوە، ڕێت پێ نادات. سەیرکە گوڵەکانی ئەمشارە بۆ ئەوەی بۆنخۆش بن ئەبێت عەتر لە بازاڕدا بکڕن، گوڵ کوا بۆنی ماوە؟؟ پێم خۆشە سەر بخەیتە سەرسینگم و ماچت کەم، گوێ لە باڵی پەپوولەیەک بگریت بەسەر دڵیکى زامدارا هەڵئەفڕیت و تۆ ناتەوێت ترپەى ببیستیت، من ئامێریکى موسیقى کۆنی فڕێدراوم، حەز ئەکەم تۆ مۆسیقایەکى ڕۆحى ڕۆژهەڵاتییم پێ بژەنیت، من پێم ناخۆشە زۆرجار تۆ تێکەڵی ئەو پیاوانە ئەبیت بە توانجەوە ئەڵێن :زستانەکەی سەختە، یەک برسێتیەکە مار مار ئەخوات. تۆ خۆت بۆت خویندمەوە کە شیعرێکى هەڵواسراویت بەدیوارى کارخانەیەکى چەکسازیدا. من لەم کارخانەى ئامێرى پارەژماردنەدا تۆ وەک ئەو شیعرە ئەبینم.. چەند پێم خۆشە سەرئەخەمە سەرسینگى شاعیرێکی ڕۆژهەڵاتیی کە بەئەڵمانیەکی تێکشکاو گوێم لی ئەبێت :

(دووپشکە لە گیڤارا شۆڕشگێڕترە، سکی ئەکات بەسفرەى بێچووەکانى
کیسەڵ چەنێک دڵى خۆشە لە قاوخەکەیدا کرێی خانوو نادات)

من لەسەرسینگى تۆ سروشتى ئەو کیسەڵەم هەیە دنیا ماڵەکەى خۆیەتى، لەو دووپشکەش شۆڕشگێرترم کە تۆ پێتوایە لە جیڤارا شۆڕشگێڕترە، بەڵام ئەمە حیکایەتێکە نامەویت تۆى پێ ئازار بدەم و بۆتی بگێڕمەوە، تۆش لە چیرۆکێکا بۆخەڵکی بگێڕیتەوە .

مارتا پێکەنینى خستبووە کارخانەیەکەوە، لە نیوەى کارکردنا و لەوپەڕی بێتاقەتى و جاڕسبوونا دەستیکى ئەخستە سەرشانت و پێی ئەوتى: کە ڕۆیشتیتەوە( لێوى ئەکرد بە خونچە) ئەیوت ئائاواهى ماچێکى ژنەکەت بکە با فێری ماچ بیت، دەستى ئەخستە کەمەرت و ئەیوت ئاواهى کەمەرى خۆشەویستەکەت بگرە و لە چاوەکانیا خۆت ببینە، ئاوێنە مەکڕە کوڕم، یا چاویکی لێ دائەگرتیت و ئەیوت قەت ئاواهى چاوت داگرتووە بە حەڤدەساڵی وەکو ئەوەی کارەبا بدەن لە دڵت تەزو بە گیانتا بێت؟ یا مۆسیقایەکى خێراى ئەخستە سەر مۆبایلەکەى سەماى بە برۆکانی ئەکرد..

ئەموت نا مارتا، من حەڤدە ساڵ بووم جەنازەی شەڕی براکوژییم ئەژمارد، ئاربیجیمان هەڵئەوەشاند و فافۆنەکەیمان ئەفرۆشت....هەرگیز بیرم ناچێت، هاوڕێکەم بۆ بژێوی ژیانی وەکو پەپوولەیەک پێت پیانابێت ئاربیجیکی پیا تەقی و خوێن و قوڕ تێکەڵاو بوون، ڕێک وەک بۆقێک سەیارە بەسەریدا بڕوات بەزەویەکەوە بوو بە خوێن.

یەکەم ڕۆژ کە دەستم بە کاکردن کرد من هیچم لە ڕێوڕەسمی کارەکەم نەئەزانى، بۆ منێکى ڕۆژهەلاتى زێدەسەخت بوو بە ئاسانى فێر ببم. جیاواز لە هەموویان کە پێم پێئەکەنین مارتا ئەهات و فێری ئەکردم کە سروشتى ئەم ئیشە وایە ئەبێت ڕێگا ئاسانەکەى بدۆزیتەوە، کارکردن لێرە زیاتر پێویستى بە بیرکردنەوە هەیە تاکو بەکارهێنانى هێز. جارێک وتى تۆمەچەکت گەورەیە، ئەبێت بیخەیتە گیرفانت و سەرت بجوڵێنیت، وتم: ئەى ئەگەر سەرم ئیش نەکات چی؟؟ وتى ناچارى وات لێ ئەکات خۆت بیخەیتە ئیش..

ڕۆژێک مارتا ڕۆیشت و ئیتر نەهاتەوە، هەموومان حەزمان لێی بوو، هەموومان خۆشمان ئەویست، هەموومان سەرسامى جوانى و سروشتى ئەو گاڵتەوگەپە و نیانییە جوانەی بووین. هەموومان حەزمان ئەکرد مارتا خۆشەویستمان بێت و بیبەینە ژێر پێخەفەوە. هەموویشیان ئیرەییان ئەبرد کە منى خۆشئەوێ و منیش داخم ئەخوارد کە کەسمان یەک ڕستەمان لە ژیانى ئەو وەکو خۆی نەخوێندەوە.... بە دزییەوە کەوتینە پرسیارکردن لە بەڕێوەبەر، لامسەلایی ئەمانپرسی تاکو مارتا لێرە بوو کارەکان باش ئەڕۆیشت، ئەوە مارتا چەند ڕۆژ پشووی وەرگرتووە؟ بەڕێوەبەر بێزار بوو بوو لە پرسیار کردن، ڕۆژێک لە کۆبوونەوەى کرێکارەکاندا وتى: مارتا ئیتر ناگەڕیتەوە سەرکار. یاسای ئەم وڵاتە وایە هەرکەس لە بیست ڕۆژدا نەهاتەوە، مافی نییە بێتەوە سەرکار. ئەو بیست ڕۆژە چووە و وەڵامى تەلەفونیش ناداتەوە...!!

نازانم ئەوانی تریش وەک من وابوون یان نا، بەڵام کە لێیان ئەپرسیم چۆن تەلەفونت بۆ ناکات و پۆستت بۆ نانێرێت؟ گومانم نەمابوو هەموو بیری مارتا ئەکەن. هەموو چاوەڕێی هەواڵێک بووین لە مارتاوە، لە ڕێستۆرانت و قاوەخانەکاندا، لە مۆڵ و پارک و بانهۆڤەکاندا، لە دوکانى جلوبەرگ و بۆنفرۆشتندا، لە دوکانى گوڵدا کە ئەو زۆرى ئارەزووی بوو بۆ خۆشەویستانى بنێرێت، من چاوم بۆ مارتا ئەگێڕا، من سۆراخى مارتام ئەکرد. سەرەنجام ئەوم لە فارگۆنى ژمارە چوارى شەمەنەفەرێکا بینیەوە لە پادەربۆرنەوه بۆ پاریس ئەچوو، مارتا ئیتر مارتای جاران نەبوو، ئێسکە پەیکەرێکی ڕزاو بوو بە ڕێگادا ئەڕۆی، ئەو کچە دڵخۆشەى جاران گۆڕا بوو بۆ ئازارێکی پیری پێ خاوس، ئازارێک بوو لە کیشوەرێکەوە سەفەری ئەکرد بۆکیشوەرێکی تر، کیشوەرێکى داڕخاوبوو لە کوردستان ئەچوو، لە ئازارێکەوە سوارى شەمەنەفەرێک ئەبوو بەرەو ئازارێکی تر ....

بیرمە جارێک پێی وتم: خۆشەویستەکەى لە تورکیا نەخۆشە و ناتوانێت بێت بۆلاى ئەو بۆ ئەڵمانیا، بۆیە پێویستی بە پارەی حەب و دەرمان و نەشتەرگەرییە، وتم: لە کاتێکا خۆشەویستى گیان ئەدات ئیشى نەتەوە یەکگرتووەکان چییە؟ بەڵام خەیاڵم، بیرم لە وەها ڕۆژگار و وەها ژیانێک نەکردبووەوە بۆمارتا. وتم باش سەیرمکە مارتا ئەوە منم ئەو کوڕەى لە کارخانەدا فێری ئیشکردنت کردم، ئاها پێکەوە ئەچووین بۆکافێ، بۆ چا هێنان و من هەرگیز نەم ئەخواردەوە و ئەم ڕشتە مەخسەلەکەوە، تەنیا لەبەر دڵی تۆ ئەهاتم، حەزم ئەکرد بمخەیتە پێکەنین، سەربخەیتە سەرسینگم و بگریت، سەیرى درزى مەمکەکانت بکەم و بتبینمەوە، لەبەر بەفربارینەکەدا جگەرە بکێشیت و سەیرت بکەم، بە بیانویەکەوە دەست بدەم لەپلیسرکەکەى سەرمەچەکت، سەیری پەپوولەی سەر مەمکت بکەم لە کاتی جوڵەدا هەڵئەفڕی، منم هەردی م ئاها پێکەوە گۆرانیەکەمان ئەوت

دی ئیما لاخت ئیما لاخت ئیما لاخت /

ئەو هەمیشە پێئەکەنێت پێئەکەنێت، پێئەکەنێت
بیرت نییە مارتا؟
وتى لە ئێستادا خۆم ناناسمەوە بەڵام ئەزانم تۆ کێی. هەردى، خۆشەویستەکەم چەند ساڵ چاوەڕوانى نەتەوە یەکگرتووەکان بوو شتێکی بۆ بکەن، سەرەنجامیش نەگەیشت بە من. ئەو هەموو دنیاى من بوو. باوەشی توند پێدا کردم و بە گریانەوە وتی هەردی ئەو مرد!

 

لەوێدا پێموانەبوو وتنەوەی ئەم قسانە بۆ دۆخێکی ئاوەها زۆر گەمژانەیە، پێم وت: نائومید مەبە ئەو کاتە دنیا کۆتایی دێت کە خۆشەویستى ئەمرێت، هێشتا خۆشەویستى مرۆڤ بۆزەوى، بۆ گوڵ، بۆ سروشت، بۆ گیانەوەر، بۆ دنیا کۆتایی نەهاتووە، لە هەموو ئەمانەش گرنگتر خۆشەویستى مرۆڤ بۆمرۆڤ هەر ماوە. خۆشەویستى وا ئەکات مرۆڤ بەرگەى ڕەنج و دەردی دنیا بگرێت... وتى بەڵام هەموو دنیای من مرد.. لەگەڵ ئەودا مارتا دڵخۆشەکەی جارانیش ڕۆیشت...

چاوى بڕییە نەفەرەکان لە وێستگەکە دائەبەزین، وتى: ئەو چووە مەملەکەتى خۆى. چووە ناوبرینەکانى، برینەکانى قوتیان دا، ناو برینەکانى نیشتیمانى ڕاستەقینەى ئەو بوو، ئەوێ نیشتیمانى ئەو بوو، ئێستا پێویستى بەوە نییە سنوورەکان بە قاچاخ ببڕێت و بچێتە ناوى. پێویستى بەوە نییە ئیتر لە ئیجەدا بەلەمەکەى کون بێت و بەلەمى یۆنانیەکان ڕزگاری بکەن، لە هەنگاریادا سەگە وەحشییەکان بەربدەنە گیانى، لە بولگاریادا ئاگر بنێن بە ڕۆحیەوە، لە کەمپەکانی فیللەندادا بە لوتى هەناسە بدا نەوەک سیەکانی بیبەستێت تاکو مافى مانەوە وەربگرێت... وەک گوللـەیەک لە گەرویدا بێت بە دەنگیکى بریندار و لەسەرخۆ ئەدوا.... وتم بۆم بگێڕەوە مارتا، هەمووشتێکم بۆ بگێڕەوە.

شەمەنەفەرەکە بەنێو تاریکیا ئەڕۆیشت، بەسەر ڕووباری ڕایندا تێئەپەڕێ جوانی شاری کۆڵن هەمووکەسێکی مات و حەیران ئەکرد، بەڵام لە دۆخێکی ئاوادا بینینی دیمەنێکی ئاوا لە بری ئەوەی شادیهێن بێت، قێزەوەن بوو. شەمەنەفەرەکە وەکومارێک لەسەر سک ئەڕۆیی و من هەستم ئەکرد ئەبوو من لە جێگایەکی تری دنیادا بووبام و چیرۆکێکی تر بگێڕمەوە. من لێم پرسی: مارتا پێت خۆشە من ئەم چیرۆکە بنووسمەوە، پێت خۆشە باسی کچێک بکەم لە سەدەی بیستویەکدا، لە ناو دنیایەکی ڕووکەشی و بازاڕی نمایشا، بڕیاری دا قەرەجێک بێت لە دنیادا؟

وتى ناتوانم هەردی، ناتوانم هیچ بگێڕمەوە، مادام خۆر ئاوا ئەبێت ڕۆژێک من و تۆش ئاوا ئەبین، ئەوەى لە من و تۆ جێئەمێنێت ئەو نووسینەیە بە کەڵکى ژیانى کەسمان نایەت، کە ژیانى من وتۆ فەنا بوو بەچی ئەچێت خەڵک من و تۆ بخوێننەوە یانەمانخوێننەوە؟ ئەمزانى حەزى لەوەیە، وتم مارتا با بچینە فارگۆنیکى تایبەتەوە، لەوێ کە دەوڵەمەندەکان تیایدا پێئەکەنن، لەوێ لێم گەڕێ دەستەکانت ماچ بکەم و بۆنی قژت بکەم، پەپوولەکەی سەرسینگت ببینمەوە لە کاتی جوڵەدا هەڵئەفڕێ، لەسەر سینگم بگرى. وتی زۆری تێ ئەچیت هەردی، لەوێدا ئەبێت پارەی زیاتر بدەین. وتم: لێگەڕێ با پارە لە ئازارەکانماندا خەرج بکەین جارێک، خۆ پارە هەربۆ خۆشبەختى نەکراوە، لەوێ بۆمی بگێڕەوە چى ڕویدا.

گریا، مارتا زۆر گریا، ئەو زۆر حەزی لەوە بوو بە دڵی خۆی لەسەر دڵم بگری، بۆئەو منداڵانە گریا بە پارەى کرێکارى بەخێوى ئەکردن و ئیتر نەیئەتوانى پارەیان بۆ بنێرێت، گریا بۆ ئەو ڕۆژانەی لە ڕێکخراوێکی خێرخوازیا لەسەر جادەکان پارەی لە ڕێبوارەکان وەرئەگرت بۆ مناڵە ڕوت و ڕەجاڵەکانی دنیا، بۆخۆی گریا کە ئیتر توانای نەمابوو دوای کارکردن لە ڕیکخراوێکی خێرخوازییدا بە خۆبەخش کار بکات، پارەی کرێکارییەکەی بدات بە دەرمان و بۆ خۆشەویستەکەى بنێرێت. ئەو وێنانەی نیشان دام بە جلی ڕێکخراوێکی خێرخوازییەوە سواڵی بۆمناڵانی سودان کردووە، جلی کۆنەی بۆ مناڵی وڵاتە هەژارەکان کۆکردووەتەوە، وێنەی ئەو ڕۆژگارە سەختانەی نیشان دام کوڕێکی تیادا ناسیوە. دواتر باسی کرد ئەو پارە کەمەى بۆى کۆکردەوە نەیتوانى ڕزگاری بکا، بۆ ڕێکخراوەکانى مافى مرۆڤ گریا کە ناتوانن خۆشەویستىی ڕزگار بکەن و مشکێک لە تاقیگەى پزیشکى بهێننە دەرەوە. کە ناتوانن گوڵێک فڕێ بدەنە سەر گۆڕی خۆشەویستیی. کە ئەتوانن مرۆڤ لەبەر مرۆڤ دروست بکەن وناتوانن دەرمانێک دروست بکەن خۆشەویستیی بگێڕێتەوە بۆدنیا. کە ناتوانن مرۆڤ لە هەژاریی و ئازار ڕزگار بکەن، ئەو وەک نێچیرێکی بریندار ئەدوا:

بڕوا بکە زەوی مرۆڤێک بووایە، بەر شەقی ئەداین، توڕە ئەبوو، ئیتر نە سێوی ئەدا و نە ئەیشیهێشت گەنم گوڵ بگرێت.... مارتا وای ئەوت.وتى هەردى، سەفەرەکەت درێژ بکە، تۆش لە گەڵم وەرە پێکەوە سەرێک لە مۆزەخانەی لۆڤەر بدەین و سەیر بکەین مرۆڤ ئەوسا چۆن ژیاوە، بچینە سەر بورجی ئیڤل و تف لە دنیا بکەین. وەرە ئەچین لە پاریسدا و لە پیاسەیەکى شانزەلیزەدا هەموو شتێکت بۆئەگێڕمەوە، هەرچی زامی دنیا هەیە لەسەر دڵم نیشانت ئەدەم..... وتم ئەى دواتر چى مارتا؟دواتر من ئەچم بۆ وڵأتێکى تر و تۆش ئازاد بە بۆ هەرکوێ ئەچیت. مرۆڤ تەنیا ئەو کاتە خۆشبەختە کە نازانێت بۆ چ شارێکی دنیا ئەچێت.
بەڵام مارتا لەم وڵاتە هەموو شتێک بووە بە ژمارە. پاس ئەبێت لە کاتى خۆیدا بێت، تۆ لە کاتى خۆیدا لەسەر کار بیت، لە کاتى خۆیدا بژیت و لە کاتى خۆیدا بمریت، هەمووشتیک ژمارەیەکە لە چاوى کارگەکانەوە، من و تۆش ژمارەیەکین، تۆ ئەو ژمارەت بەجێهێڵا و لە کارگەکە ڕۆیشتى. بەڵام من سبەى تێرمین_ژوانێکم هەیە و ئەبێت لەوێ ئامادە بم .

ئەو ئەگریا، سینگی پیاوێک تاکە نیشتیمانێک بوو بۆ ئەو بە ڕاستى تیادا بگری. لە کاتێکدا کوڕە خۆشەویستەکەى لە چاوەروانى یوئێندا مرد لە تورکیا، نیشتیمانى ئەو ئیتر ئەو شەمەنەفەرانە بوو لە وڵاتیکەوە بۆ وڵاتێکى ترى ئەوروپا ئەچوو بە بێ ڤیزا و پاسپۆرت و سنووریان نەبوو، حەزى نەئەکرد لە وڵاتێکدا بمێنیتەوە و وڵاتێکى هەبێت، سنوورێک لە دنیادا بناسێت و بڵێن خەڵکی ئەوێیت، حەزی ئەکرد قەرەجێک بێت و نیشتمانەکەی قیتارێک بێت بەردەوام لە سەفەردا... ئەو پێی وابوو مرۆڤ لە شوێنێکدا مایەوە ئەکەوێتە دوای چاوچنۆکیی و وەکو گۆمەئاوێک بۆگەن ئەکات.

لەسەرسینگم بە ئارامیی خەوی لێ کەوت. قژی بەسەر ڕووخسارە نیوە مردووەکەیدا هاتبووە خوارێ، پەپوولەکەی سەر سینگی ئەتوت لەبەر ڕووناکی یادەوەریەکانیدا سووتاوە، ئەویش وەک مەمکە مردووەکانی لەو شەوەدا مات و مەلول ئەهاتە بەر چاوم. هەتا شاری ئاخن لە خەو هەلنەستا، حەزم ئەکرد بچمە ناو سەریەوە و بزانم خەو بە چییەوە ئەبینێت...

لە ئاخن پێم وت، مارتا من ئیتر ئەبێت بگەڕێمەوە، دڵم نەهات خەوى تۆ تێک بدەم. ئێستا شارێکى تر لەو شوێنەى ئەبوو بۆى بچم دوورکەوتوومەتەوە. حەزم ئەکرد منیش قەرەجێک بم لەگەڵ مارتادا سەفەر بکەم، ڕەنگە لەبەر ئەوەش بووبێت توانا و تاقەتی ئەو دەست و پەنجەو چاوە هەنگوینیانەشم نەبووبێت لە پشت شوشەی پەنجەرەی شەمەنەفەرێکەوە بڵێت: بۆ هەتاهەتایە ماڵئاوا.....
باوەشى پێداکردم و وتى: بیرم بکەی، وەک چۆن بیرت ئەکەم، هاوڕێ باشەکەم. سبەى کە گەیشتمە پاریس لە تەنیشتی پەپوولەکەی سەر سینگم، ئەو ڕستەیەی تۆ تاتۆ ئەکەم:
لە کاتێکدا خۆشەویستیی گیان ئەدات، ئیشى نەتەوەیەکگرتووەکان چییە؟!
پێم وت، منیش دواهەمین وێنەت تاتۆ ئەکەم لەسەر دڵم، تۆ ئەڕۆیت و وێنەت وەک ئازارێک لە ناو دڵما ئەمێنێتەوە .
سبەى کە سەرەتای ڕۆژێکی نەفرەتییە، ئەچمە سەر کار و داواکارى وازهێنان ئەنووسم، ئازارێکی زۆرم ئەدات لەوێ نەتبینم، بەڵام ناچارم بۆ ئەو ژیانە سەخیفە ژمارەیەک بم لە کارخانەیەکی پارەپەیداکردندا. بەڵام چۆن نامەت بۆ بنووسم مارتا، چۆن، بە چ ناونیشانێک قسەی دڵمت بۆ پۆست بکەم؟

وتى من و تۆ دوو برینین، لێگەڕێ ئاوا بمێنینەوە و ئاشقى یەک نەبین، گەورەترین کارەسات ئەوەیە دوو برین ئاشقى یەکترى بن. وڵاتى من ناونیشانى نییە. ڕەنگە ڕۆژێک لە شاریکى تر و، شەمەنەفەریکى تردا، سەفەرکردن بە وڵاتێکى تر و فارگۆنیکى تری تەنهاییدا یەکترى ببینینەوە، بەڵام من ئیتر تاهەتایە هیچ ئەدرەسێکم نییە لە دنیادا، هیچ کەسێکیش نامە بۆ کەسێکى بێناونیشان نانێرێت.