مرۆڤ ئەگەر تەنها جارێك بەرپرسیار و خاوەن هەڵوێستی مرۆڤانەی خودی خۆی بێت لەبەرامبەر ماف و ئازادییە خودییەكانی خۆیدا، ئەوا نووسەران و ڕۆشنبیران و هونەرمەندان زیاد لە جارێك ئەو بەرپرسیارێتی و هەڵوێستەیان دەكەوێتە سەر شان.
هونەر وەك چالاكیەكی مرۆیی كە وابەستەی فكر و جوانییە لە میژەوە و تا ئێستا و بۆ هەمیشەش خۆی لە نێو گوتاری مرۆڤایەتیدا بەیان دەكات و ئەو پرسیارانە دەوروژێنێت كە ڕێگەی دونیایەكی نوێتر و جوانتر ئەدۆزێتەوە. هەر ئەمەشە بەردەوامی و هەمیشە زیندوێتی بە هونەر بەخشیوە لە نێو ژیانی سەرجەم كۆمەڵگاكانی مرۆڤایەتیدا.
ئەوەی جێگەی سەرنج و تا ڕادەیەك نیگەرانییە، بێدەنگی و هەڵوێستی درەنگوەختی شەرمنانەی زۆرێك لە هونەرمەندانی ئێمەیە لەبەرامبەر ئەو دۆخە ناجێگیر و خوێناویەی كە ڕوبەڕوی ژیانی ئێمە بۆتەوە. لێرەدا هەوڵ ئەدەم خوێندنەوەیەكی ڕەخنەییانە بۆ (پەیامی فێستیڤاڵی سلێمانی بۆ شانۆ)بكەم بە ناونیشانی (هەموومان نیگەرانین).
كە لەیەكەم ڕۆژی كردنەوەی فێستیڤاڵدا بەر لەوەی ئەو پەیامە بخوێندرێتەوە، بانگهێشتی تەواوی بەشداربووەكانی فێستیڤاڵ كرا بۆ سەر شانۆ وەك پشتگیری كردن لەو پەیامە، داواش كرا هەر كەسێك ئارەزوو مەندە بێتە سەر شانۆ، لەبەر چاوی مایك و كامێراكانی دەزگاكانی ڕاگەیاندن ئەو پەیامە خوێندرایەوە.
ئەوەی جێگەی سەرنج و لێوردبوونەوەیە، ساتەوەختی ڕاگەیاندنی پەیامەكە لەكاتێكدایە كە زیاتر لە مانگێكە هاونیشتمانیانی ئەم هەرێمە لە خۆپیشاندان و لەژێر ترس و تۆقاندن و ڕفاندن و برینداركردن و كوشتندان، بەڵام!، پەیام و هەڵوێستی زۆرێك لەو هونەرمەندانە لە داوی وەڵام و پشتگیری بەرپرسە حكومییەكانەوە دێت كە بەشێوەیەكی سەرزارەكی بۆ هاونیشتمانیان خستوویانەتە ڕوو.هەر ئەمەشە هەڵوێستی ئەم هونەرمەندانە ئەخاتە ژێر پرسیارەوە!.
زۆرێك لەو هونەرمەندانەی گرووپی ئاشتیان پێكهێنا و پاش ماوەیەك ئەو گرووپە هەڵوەشایەوە بێ ئەوەی كەس بزانێت بۆ؟.ئەمە لە كاتێكدایە كە ژیانی هاونیشتمانیان تا ئێستاش لە مەترسیدایە.
پێموایە (گرووپی ئاشتی) بۆ خۆی جۆرێك لە خۆدزینەوەی ئەو هەڵویسَت و بەرپرسیارێتیە مێژووییە بوو كە لەسەرشانیان بوو.خۆشبەختانە، كەسانی هونەرمەندی خەم خۆرمان هەن كە لەڕێگەی پەیام و نووسین و جۆرەكانی دیكەی هەڵوێست وەرگرتنەوە لە ساتەوەختی ڕووداوەكەدا لە هەر شوێنێكی ئەم جیهانەدا بن، هەڵویسَتی جدیانەی خۆیان دەربڕیوە.
لەدوو دێڕی پەیامەكەدا هاتووە:"ئێمە لە جەنجاڵترین سەردەمدا خەریكی شانۆین، نە دەتوانین دونیا بگۆڕین، نە دەتوانین كۆمەڵگا هۆشیاربكەینەوە، چ درۆیەكی گەورەیە كە پێمان وابێـت شانۆ كۆمەڵگا دەگۆڕێت".
ئا ئەم دوو دێڕە كارەساتە!.
 
لەكاتێكدا شانۆ وابەستەی فكر و جوانییە وەك چەمكێكی ئەدەبی و هونەری هەڵگری چەندین پرسیاری گرنگ و فرە ڕەهەندە، چ لەسەر ئاستی بوونیادی مرۆڤ و چ لەسەر ئاستی گشت كایەكانی دیكەی ناو كۆمەڵگاشدا، هەمیشە پرسیار و ڕەخنە و گوتاری خۆی ئامادەیە ئیتر كۆمەڵگا لەهەر ئاستێكی ژیاندا بێت.لە یۆنانەوە تا ئێستاش بەڵگەی حاشا هەڵنەگری ئەم قسەیەن، نموونەی نووسەران و شانۆكارانی وەك مەكسیم گۆركی و چیخۆف و ئەپسن و برێخت....هتد بەسە بۆ ئەو دەربڕینە نادروستەی ناو پەیامەكە.لەئێستاشدا وتاری ڕۆژی جیهانی شانۆ كە لەلایەن خانمێكی ئۆگەندیەوە ( جیسیكا ئاهوا ) نوسراوە بەڵگەیەكی ترە كە شانۆ وەك نامەی ئاشتی و پێكەوە ژیان ئەتوانێت كاری خۆی بكات ، كەلە بەشێكیدا ئەو وتارەدا هاتووە (بۆ ئەوەی شانۆ بگەشێتەوە ، لە نێوان شێوازگەلێکی هونەریدا ، پێویستە هەنگاوێکی بوێرانە بنێین بۆ ئەوەی بیخزێنینە نێو ژیانی رۆژانەدا ، و کار لەسەر پرسە گەرمەکانی ململانێکان بکەین لە پێناوی ئاشتی دا.
بەمەبەستی گۆڕانکاریی کۆمەڵایەتی و ئەنجامدانی چاکسازیی لە کۆمەڵگەکاندا ، درووست شانۆ لەو شوێنانەدا دەرکەوتووە کە بەهۆی جەنگەکانەوە لەبەر یەک هەڵوەشاونەتەوە هەروەها لە نێوان کۆمەڵگەیەک کە دانیشتوانەکەی گرفتاری هەژاریی و نەخۆشی درێژخایەنن . )
بەڵێ...بەڵێ...شانۆ دەتوانێت پرسیار بخوڵقێنێ‌ لە نێو ڕۆح و هزری تاكدا.دەتوانێت هۆشیاری و كاریگەری لەسەر كۆمەڵگا دروست بكات، شانۆ مینبەرێكە بۆ لە دایك بوونی فكری مەدەنی و ...هتد.بەمەرجێك شانۆكار ئیرادە و خەم و پرسیاری هەبێت، ئازادی و فكری خۆی تەسلیمی هیچ كەس و لایەن و دەسەڵاتێك نەكردبێت، بەجۆرێكی تر دەبێت شانۆكار ڕاستەوخۆ تەماسی لەگەڵ مرۆڤایەتیدا بێت.
ئەگەر ئەم مرۆڤە (شانۆكارە) نەتوانێت لە نێو گوتاری شانۆدا داكۆكیكاری خەم و ماف و ئازادییەكانی تاك بێت بە تایبەت لەم كۆمەڵگایەی ئێمەدا، با ماڵئاوایی بكات و نەشانۆ و نەكەسیش گلەیی لێناكات، بگرە زۆرێك لەو شانۆكارانەی كە ئێستا ئامادەگیەكی نا ئامادەیان هەیە جگە لەبارێكی قورس بەسەر شانۆ و شانۆكارە خەم خۆر و گەنجەكانەوە هیچی تر نین، لەڕێگەی قۆرخ كردن و پاوان خوازی لە نێو گرووپ و تیپ و ڕێكخراوی بەناو هونەرمەنداندا تا بەڕێوەبەرێتی شانۆ و ...بەگشتییەكەشیەوە.
 
بەڕێزانی خاوەن پەیامی فێستیڤاڵ...
ئەوەی كە لەسەر شەقام ڕو ئەدات، نیگەرانیەك بەس نیە لە ئاستیدا، خوێن ڕژا...خوێن...ئەتوانم بڵێم ئەوە غیابی شانۆكارە كە نەیتوانیوە لەڕێگەی كارەكانیەوە بازنەی ناوەندی گەل و بەرپرسان بێت...بەدرێژایی (20)ساڵی ڕابردوو، هەڵبەت بە ڕەهایی قسە ناكەم...
كەسێك (شانۆكارێك) كە خوانی چەور و گەرم و كورسی نوێ و ئۆتۆمبێلی بەرزترین مۆدێل و گەشت و سیاحەی ئەوروپا خەمی بێت، بەڵێ منیش ئەڵێم شانۆ لای ئەو ناتوانێت هیچ بێت بۆ كۆمەڵگا جگە لەوەی دەرگای دەستەبەربوونی بەرژەوەندییەكانی خۆی و ڕازی كردنی خاوەن كورسیەكان بێت...