"- بۆ کوێم دەبەیت باوکە ؟
+ بەرەو لای - با - ت دەبەم کوڕم ..."
... بەدەم ئەم قسەوباسەوە ،
ئیدی باوک و کوڕ هەردووکیان
لە پێدەشتەکە دەچنەدەرێ
ئەو پێدەشتەی
کە سەربازانی 'بۆناپارت'
گردێکیان تیا چێ کردووە
بۆ ئەوەی چاودێریی سێبەرەکانی
سەر شوورا کۆنەکەی 'عەککا' بکەن .
هەر بەدەم قسەوباسەوە
باوکێ بە کوڕەکەی دەڵێت : مەترسە ،
لە گیزەی گوللـە مەترسە !
بنووسێ بە خاکەوە بۆ ئەوەی دەرباز ببیت!
دەرباز دەبین و
دەچینە سەر شاخێک لە باکوور و
ئەو دەمەشی سەربازان
دوور دوور بەرەو ماڵە باوان دەبنەوە ،
ئەو دەمە ئێمەش دەگەڕێینەوە !
- ئەی دوای ئێمە
کێ نیشتەجێی ماڵەکە دەبێت باوکە؟
- کوڕم ، ماڵەکە وەک جارانی
خۆی دەمێنێتەوە !
ئەو دەم بۆ خۆت
هەست بە کلیلەکانی ماڵەکە بکە ،
وەک چۆن ئەویش
هەست بە ئەندامەکانی خۆی دەکات،
ئەو دەم بۆ خۆت دڵنیا بە !
*****
هەر بەدەم قسە و باسەوە و،
ئەو دەمەی
لە تەیمانێکی دڕکاویی دەپەڕنەوە
باوک بە کوڕەکەی وت ؛
ئەی کوڕەکەم لەبیرت بێت
کە لێرەدا ئینگلیزەکان
باوکتیان لە دڕکەڵانێکدا
دوو شەوی ڕێک کرد بە خاچدا ،
کەچی ئیعتیرافی نەکرد !
کوڕم سبەی گەورە دەبیت
سەرگوزەشتەی خوێن لەسەر ئاسن
بۆ ئەوانە دەگێڕیتەوە
کە تفەنگەکانی خۆیان دەلاوێننەوە !
*****
- ئەی بۆچی ئەسپەکەت بە تەنیا جێهێشت ؟
- بۆ ئەوەی ببێتە هاودەمێک بۆ ماڵەکە ،
ئەی کوڕەکەم
ئاخر ماڵەکان دەمرن ئەو دەمەی
خاوەنانیان جێیان دێڵن ...
******
ئەبەدییەت دەرگاکانی خۆی
لە دوورەوە بۆ ڕێبوارانی شەو دەکاتەوە .
گورگی سەحراکان بە ڕووی مانگێکی ترساودا
دەلورێنن .
باوکێکیش بە کوڕەکەی دەڵێت :
وەکو باپیرەت ئازا بە !

لەگەڵ مندا
بە دواهەمین گردی داربەڕووەکاندا سەرکەوە.
ئەی کوڕەکەم ، لەبیرت بێت :
لێرەدا بوو سەربازانی ئینکیشاریی '١'
لە سەر پشتی مایینی شەڕ بەربوونەوە ..

- با بگەڕێینەوە کوڕم .
- کەی بگەڕێینەوە باوکە ؟
- سبەی .
یاخود ڕەنگە دوای دوو رۆژی تر کوڕەکەم !
******

لە پشت هەردووکیانەوە ،
سبەینێیەکی سەرکێش هەبوو
لەشەوانی درێژی زستاندا
- با - ی دەجوو.
سەربازەکانی "یەهوشەعی بن نون"یش '٢'
قەڵاکەی خۆیان
لەبەردی ماڵەکەی ئەمان دروست دەکرد.
هەر ئەودەم ئەمانیش لەسەر ڕێی "قانا"
هەناسەبڕکێیان بوو ، دەیانوت :
ڕۆژێک سەروەرەکەی ئێمە لێرەوە تێپەڕی !
ئەو سەروەرە ،
لێرە ، ئاوی کرد بە شەراب
لەبارەی ئەوینەوە قسەی زۆری کرد ،
ئەی کوڕەکەم سبەینێت لەبیر بێت .
قەڵای خاچانت لە بیر بێت
کە گژوگیای نیسان
دوای کۆچی سەربازان ، هەموویانی کرۆشت !
 
------------------------------------------------------------
پەراوێزی وەرگێڕ:
'١' ئینکیشاری : هێزێکی تایبەتی لەشکری عوسمانییەکان بوون.
'٢' "یەهوشەعی بن نون" یەکێک بووە لە پەیامبەرانی خودا و لە 'سیفری یەشوع' دا باسی لێوە کراوە .
هەولێر - بەختیاری / ئۆگەستی 2014

سەرچاوە : سایتی ئەلێکترۆنیی ( http://www.arabicnadwah.com/arabpoets/darwish.htm )
قەسیدەی (لماذا ترکت الحصان وحیدا؟)