ئه‌و هه‌موو باخی شیعره‌ت بۆ سوتاند
ئه‌و هه‌موو گه‌ڵای وشه‌یه‌ت بۆ وه‌راند
که‌ چوار وه‌رزه‌ هه‌ر پایزه‌ دڵم
ئه‌م خه‌زانی دڵڕه‌قییه‌ت له‌ کوێوه‌ هێنا؟ ..
من تازه‌ مناڵه‌ لاساره‌که‌ی گه‌ڕه‌کی عیشقم
لاقرتێ به‌ عه‌قڵی خۆم ده‌که‌م تۆم خۆشویست ..
نابمه‌وه‌ ئه‌و عاشقه‌ شێته‌ی 
سه‌دان نامه‌ی پڕ له‌ سۆزم بۆت ده‌نووسی ..
نابمه‌وه‌ هه‌رزه‌کاره‌ گێله‌که‌ و هه‌موو شه‌وێ
تا سه‌حه‌ر له‌ خوا ده‌پاڕامه‌وه‌ سبه‌ی تۆ ببینم ..
ئیدی ده‌رگای ماڵه‌که‌م نغرۆ ده‌که‌م
نایه‌مه‌وه‌ بۆ جێژوانه‌کانی مه‌ستی و
به‌ ئاوازی درۆکانی عیشق ناکه‌ومه‌ سه‌ما ..
ئیدی له‌سه‌ر هیچ دره‌ختێك 
ناوه‌کانمان له‌ ته‌نیشت یه‌که‌وه‌ هه‌ڵناکۆڵم ..
له‌سه‌ر به‌ردی هیچ کانییه‌ك خه‌یاڵ ناکه‌م وێنه‌ی تۆ ببینمه‌وه‌
ده‌ڕۆمه‌وه‌ بۆ خانه‌قا چۆڵه‌که‌ی عیشق و
ته‌وبه‌ ده‌که‌م له‌ مه‌ستی
له‌ شێتی .. له‌ گریان
له‌ پیاسه‌ی بێ مه‌نزڵی نیوه‌ شه‌وان ..
خه‌ونی چوونه‌ سه‌ر خاچێك ده‌بینم
له‌ مه‌سیح سپیتر بیر ده‌که‌مه‌وه‌ له‌ ژیان
ده‌ستی بڕاوه‌ی مرۆڤه‌کان کۆ ده‌که‌مه‌وه‌و
له‌ بێ ده‌ستی هه‌ژاره‌کان 
چیرۆکێك بۆ نه‌فره‌تییه‌کانی بوون ده‌نوسمه‌وه‌ ..
هه‌موو به‌رده‌کان ده‌گرمه‌ ئاسمان و
داوای یه‌کسانی له‌ خوا ده‌که‌م ..
له‌ زوڵمت خۆش نابم گوڵێ 
هه‌موو رۆژێك دڵی منت ده‌شکاند
ئای دڵی من .. چه‌ند نه‌فامانه‌ عاشق بوویت
چه‌ند مه‌ستانه‌ خۆت سوتاند
چه‌ند نه‌زانانه‌ ده‌که‌وییه‌ وتنه‌وه‌ی ته‌هلیله‌کانی عاشقبوون
هه‌موو رۆژێك ده‌که‌وتمه‌ خوێندنه‌وه‌ی ته‌راتیله‌کانی خۆشه‌ویستی ..
سپێدان له‌گه‌ڵ خۆردا به‌ گۆرانییه‌وه‌ هه‌ڵده‌هاتم
شارم پڕ ده‌کرد له‌ جوانی
دڵم پڕ ده‌کرد له‌ ئومێد
دونیام له‌ چاوی په‌پوله‌یه‌که‌وه‌ ده‌بینی له‌ تۆ ده‌چوو
ئه‌مێستا تۆ که‌ باڵه‌کانت له‌ یه‌كداو بۆ دواجار به‌جێت هێشتم
ئه‌و هه‌موو هێلانه‌ی ئه‌وینه‌ ئاگریان گرت
که‌ چرکه‌ به‌ چرکه‌ ساوای خه‌ونه‌کانمانی تیا گه‌وره‌ ده‌بوون
ده‌ڕۆیت بۆ کام سه‌ر زه‌مین له‌ دڵی من سه‌وزتر بێت؟
کام قیبله‌ت هه‌ڵبژاردوه‌و ته‌قوای عیشقێکی نابه‌ڵد ئه‌دا ده‌که‌یت؟
ئێستا لێره‌ .. له‌م غوربه‌ته‌ پڕ له‌ ژانه‌
مه‌ستی مردنێکی وه‌نه‌وشه‌ییم
له‌ ره‌نگی درۆکانی تۆ بچێت
شێتی خۆکوشتنێکم له‌ به‌ره‌به‌یانه‌کانی ته‌نیایی بچێت
که‌س ئاگای له‌ دوا هه‌ناسه‌کانی به‌ر له‌رۆح فڕینم نه‌بێت ..
باش ده‌زانم تۆ نامۆی به‌ ئاوازه‌کانی عیشق و
دڵت له‌ ره‌نگی پاتۆنیاکان موتوربه‌ کردوه ..‌
دێوجامه‌ی نساره‌کانی بوونی
له‌ هه‌ر پێچێك دڵێك راو ده‌که‌یت بۆ سه‌رگه‌رمی
لای هه‌ر کانییه‌ك سێوێك ده‌کوژیت
لای هه‌ر دارهه‌نارێك عاشقێك له‌ خوێنی خۆی ده‌گه‌وزێنی
به‌سییه‌ ئه‌م هه‌موو دڵکوشتنه‌
ئه‌م هه‌موو دڵڕه‌قییه‌ تاکه‌ی
تۆ که‌ له‌ خێڵی ئاورشیمی چۆن قۆزاخه‌کان ده‌سوتێنێ
باڵی په‌پوله‌کان هه‌ڵمه‌وه‌رێنه‌
به‌هار به‌ ره‌نگی گوڵ و 
گوڵ به‌ ترپه‌ی باڵی په‌پوله‌کانه‌وه‌ شیرینه‌ گوڵێ
ئاخر ئه‌م هه‌موو بێ ئینسافییه‌ بۆ؟
وه‌رزه‌کان به‌ ته‌نافی بێ خه‌میته‌وه‌ وشك بوونه‌وه‌
به‌هاریش زه‌رد مه‌که‌ وه‌ك پایز
هه‌وره‌کان له‌ چاوی مندا پرچیان شانه‌ ده‌که‌ن
تۆ که‌ دڵت بیابانه‌ به‌ فرمێسکی من تێر نابێت باش ده‌زانم
روباره‌کان هه‌موو به‌ ده‌م رۆیشتنه‌وه‌
حه‌یرانی مه‌رگی دارگوێزه‌کان ده‌ڵێنه‌وه‌
چ ئافاتێك بوویت تۆ
له‌ ئازاره‌وه‌ هاتوویت وله‌ ناوه‌ڕواستی نیساندا
هه‌موو دڵه‌کان ره‌ش ده‌که‌یته‌وه‌
ره‌ش وه‌کو ئاڵای مه‌مله‌که‌تی ئه‌نفال و
وه‌کو کراسی بوکێنی کچه‌ گه‌رمیانییه‌کان
تۆ که‌ خه‌ونت بۆ بوون هه‌ر نه‌بوونه‌
ئێمه‌ له‌ نه‌بوونه‌وه‌ سرودی بوونمان ده‌ڵێینه‌وه‌و
له‌ ئێواره‌ی هیچ نیسانێکدا مانگی چوارده‌مان خۆشناوێت
له‌ به‌یانی هیچ ئازارێکدا گولیلکه‌ سوره‌ ناده‌ین له‌ یه‌خه‌ی یار
تۆ بڕۆ .. ئه‌م ماڵه‌ نه‌فره‌تییه‌ با هه‌ر سه‌ری ئێمه‌ بخوات
ئێمه‌ که‌ دڵمان له‌ جنسی قه‌زوانه‌و
هه‌موو دار به‌ڕووه‌کان ته‌شریف ده‌هێنن 
بۆ زه‌ماوه‌ندی مه‌رگی نیشتمانمان
نیگامان له‌ نێو پاتیله‌ی ئه‌و ساوایه‌ تاساوه‌
که‌ به‌ده‌م هه‌ناسه‌کانی لمه‌وه‌
خه‌ونی سه‌وزی گه‌مه‌ی ئه‌سپه‌دارینه‌ی ده‌بینی
ئاخر به‌سه‌ .. چه‌ند دڵمان هه‌یه‌ ئێمه‌
چه‌ند ده‌رگا ماوه‌ بیکوتین
چه‌ند عه‌رش ماوه‌ بیڕوخێنین
چه‌ند خودا هه‌یه‌ ناڵه‌مان بگاته‌ ئه‌ستانه‌ی
لێمان گه‌ڕێ با به‌م ده‌ردی عیشقه‌وه‌
سه‌ری پڕ له‌ هه‌رامان بنێنه‌ کۆشی مه‌رگێکی ناواده‌
هیوامان له‌ پێچی جامانه‌یه‌کی له‌ خاك نراو قایم کرا
دوێنێ له‌ عه‌رعه‌ر و پێرێ له‌ شه‌نافییه‌
ئه‌مڕۆ لێره‌ بوونه‌ ناسنامه‌ی عیشقی ئێمه‌
نامه‌کانم بگه‌ڕێ وشه‌ به‌ وشه‌
ئاسمانه‌کانت بگه‌ڕێ ئه‌ستێره‌ به‌ ئه‌ستێره‌
بزانه‌ حه‌شری مه‌رگه‌ یان خانه‌قای عیشقی سۆفیانه‌ بوو دڵی من
تۆ بڕوانه‌ بستێك خاك هه‌یه‌ تۆ نه‌ناسی؟
تاشه‌ به‌ردێك هه‌یه‌ مه‌کری تۆ نه‌یسوتاندبێت
من ده‌ست له‌ عیشقی تۆ هه‌ڵده‌گرم
ده‌ڕۆمه‌ ئه‌وێ و نوێژێك بۆ به‌دمه‌ستییه‌کانم ده‌که‌م
تا لێره‌ ئیدی نه‌بمه‌ ته‌م و 
ئێواره‌یه‌ك له‌سه‌ر هه‌ڵه‌موته‌کانی قه‌ندیل
وه‌کو به‌سته‌یه‌کی خه‌مناك له‌لێوی شوانێکی عاشقه‌وه‌
بۆ دواجار له‌گه‌ڵ په‌رییه‌کانی ئه‌وێنده‌ر
سه‌مایه‌کی ئه‌به‌دی .. ئه‌زلییه‌تم بکاته‌ خه‌ونێکی وه‌حشتناك