لە پاش مردن چ بەهایەك؟

 
 بەشی یەكەم
 
بۆچی دەمرین ؟ مردن چیە؟ بوونی ئێمە بۆچی وابەستەی مردن كراوە؟  بۆچی مردن گەیشتنی خانەكانی مرۆڤە بە حاڵەتی تازە نەبوونەوە.... ئایا لە پاش مردن دەشێ‌ تەنها دەنگی مرۆڤ لە گەردووندا بمێنێتەوە و بۆ هەتا هەتایە بەرەڵا بێت یا شتێكی دیكە هەیە و ئێمە هێشتا نایزانین؟ ئێمە وەزیفەیەكی بایۆلۆژی ئەنجام دەدەین كە سروشت پێمانی بەخشیوە و چۆن ژیانمان لە سروشتدا دەست كەوتووە ئاواش سروشت لێمانی دەسەنێتەوە پاش ئەنجام دانی وەزیفە بایۆلۆژیەكانمان. یاخود بۆ وەزیفەیەكی ڕەوشتی هاتووینەتەوە بوونەوە؟

زەكی مۆران لە درزی دەرگاوە سەیری دنیا دەكات....

ئەوانەی لە خۆشەویستیدا  تەمەنیان ون كرد
ویستیان لە گۆرانیدا بیدۆزنەوە
بەڵام ئەوان تا مردن نەیانزانی
مردن بە لەنجەی ژیان بزر بووە
بۆیە زەوی هەموو ئازارەكان لە ناخیدا هەڵدەگرێ‌
لە بیری مرۆڤێكی بێ‌ دەوار
تەنها دەرفەتێك بۆ لەبیركردنی ژیان عاشق بوونە
((لە ناخمدا سێ‌ عەشقی گەورە هەبوون
جارێك بۆ كتێب. جارێك بۆ شیعر و جارێكی دیش
بۆگۆرانی))***
هەرسێكیان هاوارەكانی كوژراوێك بوون
بوونە تارمایی و دەشتەكانیان بە خوێنی شەڕكەران سوور كرد
هبچ شتێك وەكو گۆرانی
دەروونمان بە خەمی شكستی بەتاڵ ناكاتەوە