زمانی سێیەمی دەق
چەمكی گوێ نەدان وەكو زمانی سێیەمی دەق
بەشی سێیەم
ئەدەب بە شێوەیەكی گشتی ئەگەر هەوڵێكی بیركردنەوە بێت بۆ دروست كردنی مانای تاسێنەرو سەرسوڕهێنەرو پڕ لە پرسیار.ئەوا ئەدەب لەوپەڕی بایەخ پێداندا دەشێ ,وەكو گوتارێكی فیكری وزمانەوانی دەربڕین لە چەمكە فیكریەكان بكات ,هەروەكو چۆن لەم باسەدا تیشكی دەخەینە سەر بۆ نموونە دەشێ گوێ نەدانێكی هەروەها مانادار بە خولیاو خەونەكانی مرۆڤ. ببەخشێت بەڵام ئەو خەونانەی لە واقیع شوێنیان نابێتەوە ,یا خەونێكن واقیعی نین ولە گەڵ واقیعدا ناتەبان.هەروەها بۆیان هەیە دەرچوونێك بن لە واقیعێك كە ئاراستەی هەموو تاكەكانی دەكات.كۆمەڵگەیەك بە هەموو هێزو كارتێكردنە سەرەكانیەوە.سروشت وبوونێك بە هەموو گەورەیی وفراوانیەكەوەی.خودێك بە هەموو ئاڵۆزیە دژ بە یەك وناتەباو فرە ماناكانیەوە.گوشارێك لە سەر بیركردنەوەی مرۆڤی گوێ نەدەر دەچەسپێنن,كە كۆی ئەو گوشارانەش بە بەهای ڕەوشتیی جۆراو جۆر دەوڵەمەند دەكرێن.لەوێدا لەو ساتە تاریكەدا,ئیتر خود بەرەو گوێ نەدان دەچێت,بەرەو كوشتنی بەها باوو ڕێزلێگیراوەكان دەچێت.لەوێدا خود ڕووبەڕووی هەموو ماناكان دەبێتەوە.نەسیستەم ونەدەسەڵاتەكان سنوور بۆ گوتەو كردارەكانی دانانێن,لەوێدا تەنها ژیان لە ساتی ڕستەیەكی وەكو چی ڕوودەداو چی ڕوونادا با ڕووبدا دووبارە كردنەوەی هەمان وێنەكانی ڕووداوی پێشوون,.دەبێتە نمایش كارێكی زۆر بەرجەستەیی كردارەكانی خود.چونكە خود لە گوێ نەدانەوە بەرەو پراكتیك كردنی ئازادیە مات بوەكانی دەچێت.ئەم ساتانە نەخشە بۆ داڕێژراونین تاكو ئومێدێك .ترووسكاییەك بۆ خود بنوێنن.نە ئەو گەشانەوە دەروونیە هیوا بەخشەشن كە مرۆڤ لە یاخی بوونێكی پڕ لە دەرك پێكردن ونەخشە بۆ دانانەوە بەرەو ڕووی بچێت وهەڵی گرێتەوە.بەڵكو ئەمە لادانێكی ناخودیانەی بێ چاوەڕوانیە.چونكە هەموو بەها وچێژە چەپاوەكانی مەیل وئارەزوو لەو ساتەدا سەرهەڵدەدەن ولەو ساتەدا دەكوژێنەوە.
گوێ نەدان لە كۆمەڵگەیەكدا كە مرۆڤ ناتوانێ تیایدا ڕێگەیەكی ئاراستە كراوو دیاری كراوو لۆژیكی بگرێتە بەر .خود بە بێ چاوەڕوانی كردنی هیچ بەهایەكی گەورە بەرەو جۆرێك لە دەربڕین لە خۆ كردنی گێرە شێوێنی ناخەكی دەچێت.خود لەواقیع جیا دەبێتەوە.لە ناخی خۆشی جیا دەبێتەوە.لە بەها پیرۆزو دابە ڕێز لێگیراوەكان جیادەبێتەوە.ئەو هەموو بەهاو ڕێزداری وپیرۆزیە سەركوت كارەكانی سەر مرۆڤ دەداتە بەر شنەبای ناخێكی وێران كە خاوەنی هیچ نەخشەیەكی ژیان وبیركردنەوەی كۆنكرێتی نیە..حاڵەتێك لە مەست بوون لەوەی ئازادیی ئەو لەو ساتەدا بێت كە خەمبارو شكست وكڵۆڵ نەبێت بەو دەرەنجامەی كە كردارەكان بۆی دەخوڵقێنن و زیندانیی بەهاكانی خۆیانی دەكەن.بەڵكو مرۆڤ لەو ساتانەدا ئیتر بەرگەی تەنانەت هاتنی مردنیش دەگرێت.
گوێ نەدان وەكو چەمكێكی فیكری وفەلسەفی ڕەگەكەی ناچێتەوە سەر بیركردنەوەیەكی نەخشە بۆ داڕێژراو ,بەڵكو زیاتر وەكو یاخی بوونێكی ناسەدا دارو نا بانگهێشت بۆ كراوی خود وایە.بەرامبەر بە هەموو ئەو ڕێ وڕەسمانەی ژیان كە وا دەكەن مرۆڤ وەكو ئامێرێكی كۆمەڵایەتیی بەرنامە بۆ داڕێژراو وابێت..چەندن ئەو بەرنامە ڕۆژانەییانەی كە وا دەكەن مرۆڤ هەموو ڕۆژێك هەر لە بەیانیەوە تاكو ئێوارەو بۆ ساڵانێكی درێژ كۆمەڵێك پێگیریی ڕەوشتی وكۆمەڵایەتی وئەتەكێتی پەیوەندی وچۆنێتی ئاخاوتن وچۆنێتیی جل لە بەر كردن وچۆنێتیی دەرخستنی سیمایەكی قەبووڵ كراو .هەموو ئەو ووردەكاریە ڕۆژانەییانەی كە وا لەو مرۆڤە دەكەن لە چوارچێوەیەكی ژیانی نەخشە بۆ كراودا بژێت؟؟لە ڕاستیدا هەر تاكێك لە كۆمەڵگەكەیدا بەو ڕێ وڕەسم ودیسیپلینانە بار كراوە كە زۆرینەی ژیانی وای لێ دەكەن لاسایی كردنەوەیەكی بەردەوامی یەك ڕووی ژیان بكات.ئەمانە لە ناخەوە مرۆڤ دەكەنە بوونەوەرێك كە بەو مەرجە لە دابە كۆمەڵاًیەتی وڕێ وڕەسمە رَِۆژانەییەكانی شوێنێكی بۆ دیاری كەن كە شوێنێكە بە تەواوی جێ بەجێ كردنی بەها ڕەوشتی ومامەڵە لە گەڵ كردنە بەردەوامەكانیەتی.ئەمانە ئابڵوقەی كەسایەتی دەدەن.كەسایەتیەك كە لە ناخیدا دەیەوێ لە جیاتی ئەو بەهایانە بەهای خودیی تایبەت بە خۆی هەبێت.,كە ئەو هەڵەو ئەنگاوتنانەی لە ژیانیدا بەرەو ڕوویان دەبێتەوە قەبووڵیان نەكات.خود كاتێك بەرەو بوونایەتیی خۆی دەچێت دەشێ لەو ڕێگەیەی دەیگرێتە بەر بەهایەكی ڕەوشتیی ئەوتۆ پاڵپشت وپەنای نەبێت بۆ كردارەكانی.,هەرچەندە هەموو كردارەكان لە بارە ئەرێنی ونەرێنیەكانی وا دەكەونەوە كە ئێمە لە پاش هەموو شتێك بەهایەكی زۆرمان لە دەست دابێت كە لە هەمان كاتدا نەیان توانی ببنە كولتوورێك بۆ بیركردنەوە..لێرەوە گوێ نەدان وەكو هەڵوێستێكی كەسایەتی تەنها لە ساتی وەڵام دانەوەو كاردانەوەیدا دەچێتەوە سەر كۆمەڵێك بەهای زمانەوانی .بەو مانایەی دەچێتەوە سەر سیستەمێكی زمانەوانیی دیاری كراو.كە تیایدا زمان چیتر كاری بە مانا ڕووكەشەكانی خۆی نیە,بەڵكو كاری بەو زمانە ناخەكیە شاراوەیەیە كە بوونایەتیەكی نوێی ئەو لە نێو ژیان وپەیوەستەكانیدا دەنوێنن.بۆچی؟.
گوێ نەدان لە گەوهەردا هەڵبژاردنی هەڵوێستێكە بەرامبەر بەوانی دی.ئەو هەڵبژاردنەش پەیوەندیی بەوەوە نیە كە كەسی گوێ نەدەر بەهایەكی تایبەت وڕێكخستن ودنیا بینیەكی ڕێك خراوی هەبێت.بەڵكو گوێ نەدان لە بناغەوە كاردانەوەیەكی نا ڕێكخراوی مرۆڤە بەرامبەر بەوانی دی وئەوەی لە ژیاندا دەیگرنە بەرو باوەڕێكی قووڵیان پێیانە بەڵام لە هەمان كاتدا گوێ نەدان وەكو چەمكێكی فیكری وفەلسەفی لە بناغەوە كاردانەوەیەكە كە دەرەنجامی گەیشتنی مرۆڤە بە كۆمەڵێك لە تێگەیشتنی ناسروشتی ونائاسایی لە ژیاندا كە لە سەر بیركردنەوەی بیری جیاواز دادەمەزرێت.
لێرەوە زمانی گوێ نەدەر ,زمانێكە كە لە گەڵ زمانی بیركردنەوەیەكی گشتیدا نەگونجاوو ناتەبایە بەو پاساوەی كە ئەو زمانە دەربڕین لە ڕوویەكی تازەی هەڵسەنگاندنی پەیوەستی نێوان مرۆڤ دەكات وبەهایەكی نوێ وتازە بە شتەكان دەبەخشێت.كە لەوانەیە ئەو كۆیە قەبووڵی نەكەن ولە گەڵیدا كۆك نەبن.لێرەدا پێش ئەوەی ئەم بۆچوونانە لە ڕووە زمانەوانیەكەوەی شیكەینەوە وا پێویست دەكات هەردوو كەسایەتیی (زێڕین,هەڵۆ) لە گەڵ كەسایەتیی (كەریم)دا جیا كەینەوە.یاخود بیانخەینە باری بەراوورد كردن وشیكردنەوە لەم ڕوانەوە:
1- تۆپۆگۆافیای بیركردنەوەی كەریم ولە پاشاندا زێڕین.
2- شیكردنەوەی زمانی كەریم وكەسایەتیە هاوزمانەكانی ڕۆمانەكە.
3- دەرەنجامی كۆتایی وپەیوەستی چەمكی گوێ نەدان وەكو زمانی سێیەم ..
لە سەرەتای ڕۆمانەكەوە تاكو كۆتایی ڕۆمانەكە كەسایەتیی كەریم وكردارەكانی شوێنی وورد بوونەوەن(مەبەست لە كردارەكان ئەو هەڵبژاردنانەی كەسایەتیە كە لە گۆشە جیاوازەكانی ژیانیدا بەرەو ڕوویان دەبێتەوەو تیایدا ئەو چ جۆرە هەڵوێستێكی دەبێت) سەرەتا تێكەڵ بوونی یا پەیوەست بوونی كاری ژیان وگوزەرانی بە خێزانێكی وڕوژێنەرو سێكسیەوەو پەیوەست بوونی ئەم ژیانە بە چۆنێتی دابین كردنی نانی ڕۆژانەی .لە پاشاندا پشت كردن لەو ژیانەی كە بە گوناه لە قەڵەمی دەداو ژنێك وچەند منداڵێك جێ دێڵێ ودەیان داتە دەست قەدەرەوە.ئنجا تەنها مانەوە لە بیركردنەوە و چاوەڕوانی كردن وكاریگەر بوونی بە كەسایەتیی زێڕینەوە.لە دواییشدا خوێندنەوەی بۆ ڕابوردووی خۆی لەو ژیانەی هەیبوەو ئێستا دەیباتە سەر,ئەم گۆشانەی ژیانی كەریم هاو دەلالەت وهاو كردارو هاو تەبان لە گەڵ چەمكی گوێ نەداندا ,نەك بەو مانایەی كە كەسایەتیی كەریم كەسایەتیەكی بەتاڵە لە بیركردنەوە ,بەڵكو بەو مانایەی ئەو كەسایەتیە لە ڕووی جووڵەو بڕیاردان وبیركردنەوەی خاوەنی هەڵًوێستێكی جیاوازە لەو ڕووداوانەی ژیانی وبەمەش خاوەنی زمانێكی جیاوازەو لە شیكردنەوەدا .ئەو زمانە دەبێتە زمانی سێیەمی دەق ,یاخود دەگاتە ئاستی زمانی سێیەمی دەق..سەرەتا جێ هێشتنی خێزانەكەی لە نێو هەڕەشەی كوشتن وگرتن وبیركردنەوە لە خۆ ئازاد كردن لەو چارەنووسە ,هەڵبژاردنێكە دوو گۆشەی بیركردنەوە لە خۆ دەگرن.یەكەم كەسایەتی لە لێپرسراوێتی بژێوی وژیانی خێزانێك دەوەستێ ودەیانداتە دەستی چارەنووسەوە.مانەوەی چەندین ساڵ لە چیاكان وسەرنج دان و وورد بوونەوە لە كەسایەتیی ئەفسانەیی زێڕین ودواندنی و بڕیار نەدان لە هیچ شتێكی سەرنج ڕاكێش .ئەمانە جۆرێك لە بیركردنەوەو سیماو خەسڵەتێكی كەسایەتیی گوێ نەدەر دەخەنە نێو زمانەوە.كە ڕەنگدانەوەی لەو زمانەدا هەیە كە پێی دەدوێ .ئەم كەسایەتیە پێچەوانەی كەسایەتیەكی دیكەیە كە تێڕوانینێكی جیاوازو دژ بە یەكی لەگەڵ ئەودا هەیە بۆ ژیان كەئەویش كەسایەتیی زێڕینە,.كۆی واتاكانی ڕۆمانەكە لە سەر ئەم جیابوونەوە فیكری وژیاری ولە پاشاندا زمانەوانیە بنیات نراوە.
ئەم سیما گشتیەی كەریم لە ساتی بیركردنەوەو هەڵوێستیدا لە هەندێك شوێندا گونجاوە لە گەڵ هەندێك لە كەسایەتیەكانی دیكەی ڕۆمانەكە كە لە دواییدا دیاریان دەكەین.بۆچی ئەم كەسایەتیە كەسایەتیەكی گوێ نەدەرەو بۆچی بە گشتی گوێ نەدان وەكو مانایەكی زاڵً لە ژیانیدا ڕەنگی داوەتەوە؟ لە ووردبوونەوە لە گۆشە جیاوازەكانی بیركردنەوەی كەریمدا ئەم هێڵە گشتیانەی زمان وبیركردنەوە لەلایدا دەدۆزینەوە:
1- كەریم كەسایەتیەكە باوەڕی قووڵ وڕاستەقینەی بە لایەنە چاكە كارو بنیات نەرەكانی ژیانەوە هەیە,واتە ئەو چەمكانەی لە ژیانی ئێمەدا باوەڕی پیرۆزو هەڵبژێردراون ,بە بێ پرسیار كردن لە گەوهەریان ,واتە باوەڕی بە كۆی ئەو بیركردنەوەو هەڵوێستانە هەیە كە مرۆڤ دەكەنە مرۆڤێكی واقیعی لە ژیانداو لە پاشاندا دەیكەنە مرۆڤێكی باوەڕدار.بەڵام لە ناخی هەرە شاراوەی ئەودا ئەو باوەڕانە هەڵدەوەشێنەوە كاتێك هەمان ئەو باوەڕانە دەبنە شێوازێك بۆ پراكتیك كردنی مرۆڤی لادەرو گوناهبار,واتە وەكو پێناس,چەمكەكانی((پێشمەرگایەتی,پیاوەتی وجوامێری,قارەمانێتی وفریا كەوتن.ڕێزو یەكتر قەبووڵ كردن ...هتد)) ئەمانە وەكو تێگەیشتن وهەڵبژاردنێكی چاكە خوازی لە ناخی ئەو كەسایەتیەدا دەگەنە ئاستی باوەڕوهەڵبژاردنەوە.بەڵام لەو ساتەدا ئەم باوەڕانە هەڵدەوەشێنەوە كاتێك دەبینین پەیوەستەكانی مرۆڤ خۆی لە خۆیدا توانای ئەوەیان تێدا نیە داكۆكی لە ومانایانە بكەن و مرۆڤ وەكو بوونەوەرێكی یەك ئاراستەیی ویەك بیركردنەوەو یەك هەڵوێست وهەڵبژاردنەوە بخەنە نێو مێژوەوە.چەند بوون ئەو پێشمەرگەو شۆڕشگێڕانەی خیانەتیان لەو باوەڕانە كرد كە پەیوەستێكی مانەویی بە هێزیان هێنایە كۆمەڵگەوەو لە پاشاندا بە بەرچاوی كۆمەڵەوە هەموو ئەو بەهایانەیان كردە قوربانیی چركەیەك لە چێژو هۆكارو دەرفەتێك بۆ ژیان؟چەند بوون ئەوانەی لەوپەڕی سەرگەرمیی داكۆكی كردن لە شەرەف وكەرامەتەوە .كەوتنە دۆخێكی نا مرۆڤایەتی وپڕ لە سووكایەتیی واوە كە هەموو بەهاكانی شەرەف وكەرامەتیان خستە ژێر ساتێك لە ساتەكانی خۆویستیەوە؟چەند بوون ئەو مرۆڤە بە هەیبەت وزمان پڕ لە بەها ڕەوشتیانەی لە ساتەكانی چێژ وەرگرتن وژیانی نوێدا ئاگایان تەنانەت لە جەستەی خۆشیان نەما نەك باوەڕیان؟ئەمانەو دەیان دوو سەرەیی وجیابوونەوە لە نێوان باوەڕی مرۆڤەكان وكردارو بیركردنەوەەكانیان شوێنی وورد بوونەوەی كەوسایەتیی كەریمن.ئەمانە ئەو هۆكارە ژیانی وئەو توانایەی تێگەیشتن وبیركردنەوەن لە لای كەریم كە بانگەشە كردن وتاوانبار كردنی یەكتری لە سەر كۆمەڵە بەهایەك كە ڕوویەكی ڕاستەقینەیان لە ژیان وكردارەكانی تاكدا نیە.هۆكاری بناغەیی بێ لایەنی بوونی ئەون بەرامبەر بە هەموو باوەڕە پیرۆز كراوو دەگمەن وهەڵبژێردراوەكانی ئەو مرۆڤانەی تاكو كوشتن بانگەشەی خاوێنی وبێ گوناهی وچاكە كاری دەكەن.ئەمەش وای لێ دەكەن وەكو كەسایەتیەكی یاخی بووی گوێ نەدەر بكەوێتە ڕوو .وەكو كەسایەتیەك كە باوەڕێكی قووڵی بە كۆمەڵێك بەها هەیە.بەڵام لە ناخی خۆیەوە ئەو باوەڕانە لە هیچ گۆشەیەكی ژیانی مرۆڤەكاندا نابینێتەوە.تەنانەت لەلای خۆشی,ئەمەش شوێنی ووردبوونەوەیە.
تاكو دنیایەكی خاوێن وبێگەرد بنیات بنێیت .دەبێ هەموو ئەو دەستانە بشكێنیت كە بەردەوام مرۆڤ بەرەو خراپە دەبەن كە بەردەوام خراپەكاری وبیری كوشتن ودزین وبڕین لە مێشكیاندا ئامادەیە,ئەمەش تاكو ئاستی كوشتن ولە ناوبردن دەڕوات.تاكو لە ناوبردنی خراپەكاران.بەڵام كەریم لە ناخی هەرە قووڵیدا باوەڕی بە كوشتن نیە.لە گەڵ ئەوەشدا باوەڕی بە چاكە كاری هەیەو بانگەشەی پێشمەرگایەتیەكی ڕاستەقینە دەكات.لەو كاتەی بە هێزترین وێنە هەڵبژێردراوەكانی پێشمەرگایەتی لە ناوبردنی زۆردارانەو بنبڕكردنی دەست درێژی كاران وزاڵمانە .ئەو باوەڕی بە ئازادی وبەهای ئازادی هەیە .بەڵام لە پێناوی ئازادیدا ئەو ناتوانێ ئەو مرۆڤانە بكوژێت كە ئازادیی ئەو داگیر دەكەن.ئەو منداڵەكانی خۆش دەوێت وبە بەشێك لە بوونی خۆی لە قەڵەم دەدات بەڵام جێیان دێڵێ ودەڵێ دەتوانن بە پیسایی خۆیان بژین.ئەو باوەڕی بە مرۆڤی سەرڕاست ودڵسۆز هەیە بەڵام لە ناخی هەرە قووڵی خۆیدا تۆبەكانی یەك لە دوای یەك دەڕوخێًن.ئەو باوەڕی بە دەست پاكی هەیەو خیانەت لە یەك كردن بە گوناه دادەنێ .,بەڵام ئەو ژیان ناچاری دەكات .هەروەها غەریزەو حەزەكانیشی كە خیانەت لەو دەستانە بكات كە نانی دەدەن و هەموو تۆبەكانی فریای ناكەون.كەواتە هەموو پەیوەستەكانی مرۆڤ بە یەكەوە لە سەر بەهایەكی ڕەوشتی وفیكریی چەسپاو گەشە ناسەنن بەڵكو هەموو شوێنی پەشیمان بوونەوەو هەڵگەڕانەوەن.تەنانەت باوەڕە هەرە پیرۆزەكانی مرۆڤیش لە گەورەترین ئاستدا بۆیان هەیە نوشوستی بێنین,ئەمە كەوتنی مرۆڤە لە ساتەكانی ژیانێك كە دەرفەتێكی ئەوتۆی تێدا نیە بە یەك ئاراستەی بیركردنەوەو تێڕوانین سەیری دەوروبەری خۆی بكات.ئەمانە چ پەیوەندیەكیان بە بیری گوێ نەدانەوە هەیە؟
كاتێك مرۆڤ دەگاتە ئەو باوەڕەی(( هەڵوێست,هەڵبژاردن.بانگەشە,حەز,غەریزە.خۆشەویستی.ڕق لێبوونەوە,ڕاستی..هتد)) هەموو كۆمەڵە بەهایەكی سایكۆلۆژی وڕەوشتی وخودین وهەمووش بنەمایەكی نەگۆڕیان لە بوونی مرۆڤدا نیە بەوەی هەر ئەو چەمكانە خۆیان دوا جار بەرەو كرداری پێچەوانەت دەبەن ,كەواتە بەهایەك كەتوانای بەرگە گرتنێكی یەك ئاراستەیی نەبێت ,هەموو كاتێك شوێنی ئاڵوگۆڕ پێكردن وسازش لە سەر كردن ومامەڵە پێكردنەوەیە ئەوا بەهایەكە شوێنی مانەوە نیە تا سەر باڵ بە سەر مرۆڤەكاندا بكێشێت ومرۆڤ بخاتە پەیوەستی ڕاستەقینەوە..ئەمەش كەوتنی گەوهەریانەی ئەو بەها مرۆڤایەتیانەی ئێمەیەو شایەتیەكی مێژووییە بۆ ڕوخانی كەسایەتیی مرۆڤ هەر لە بەرەبەیانی مێژووەوە تاكوە ئێستا.لێرەوە گوێ نەدان وەكو چەمكی بێ لایەنی بوون دەكەوێتەوە.بێلایەنیەك كە مرۆڤ دەستەوسان ڕادەگرێت بەرامبەر هەر بڕیارێك كە بەهایەكی ڕەوشتی دەیسەپێًنێتە سەری و وای لێدەكات دەست بە كار بێت.,گوێ نەدان وەكو گەوهەرێكی مرۆڤ ئەوەندەی بیركردنەوەیە لە مرۆڤێكی دیكە كە نەكەوتبێتە ژێر بەها ڕەوشتی وعەقڵی ودەروونی ومێژوویی وبۆماوەییەكانی پێشوەوە ,ئەوەندە بێهوودەیی ناخاتە گیانی مرۆڤەوە,یا ئەو واتایە بەرجەستە ناكات,بەم شیكردنەوەیەش دەگەینە ئەو باوەڕەی گوێ نەدان لە لای ڕۆماننووس ئەو هیوا مردوەی مرۆڤە كە لە ناخیدا هەمیشە زیندوەوهەمیشەش لە چاوەڕوانیدایە,بەڵام پێی ناگات.قەتیش لەو باوەڕەدا نیە مرۆڤ بتوانێت هەڵگەڕانەوەیەكی پێچەوانە لە بیركردنەوەی خۆیدا بێنێتە دی هەرچەندە كێشەكانی مرۆڤ هەمیشە بەردەوام دەبن.
2- ئایا ئەو بۆشاییە فیكریە چیە لە نێوانی مرۆڤێك كە لە سەر كۆمەڵێًك باوەڕوبەهای ڕەوشتی ومرۆڤایەتی و بیركردنەوە گۆش دەكرێ بە كوشتنی ئەوانی دی هەڵدەستێت ؟,(زێڕین))... لە گەڵ كەسایەتیەك كە چاو لە زۆرداریەكان دەنووقێنێ وگوێ بە بەها ڕەوشتیەكان نادات.واتە لە نیبوان ئەكتیڤ بوونێكی بەهادارو بێ لایەن بوونێكی نابەها دار؟
هەموو بیركردنەوەكانی كەریم ئەو ڕاڕاییە دەردەخەن كە لە نێو كەسایەتیی خۆیدایە.هەموو دژ بە یەكیەكانی كەسایەتیی خۆی دادی ئەوەی نادەن بگاتە بیركردنەوەیەكی كۆتایی لە چۆنێتیی هەڵوێست وەرگرتن لەو بەهادژ بە یەكانە ,تەنها ئەو گومانە نەبێت كە ناخی داگیر دەكەن بەوەی ئەو كارێك بكات یا نەی كات كە لە دواییدا لێی پەشیمان بێتەوە.لە ڕۆمانی (لۆرد جیم)ی جۆزێف كۆنراددا كەسایەتیی ڕۆمان كە ئەفسەرێكی كەشتیەوانیە بە هۆی دوودڵیی ئەوەوە كۆمەڵێك كەس دەخنكێن.كە دەیتوانی یا لە توانایدا بوو ڕزگاریان بكات.ئەم گرێ دەروونیە تاكو دوا ساتی ژیانی بە دوایەوە دەبێت.كاتێك لە كۆتاییدا یا دەبێ هەڵبێت لە سەر كێشەیەك یا بمێنێتەوەو بكوژرێت.ئەو بڕیاری مانەوە دەدات,لەو كاتەی وەكو هەڵبژاردنی پێشووی دەیتوانی هەڵبێت ونەكوژرێت.كەریم لە پێناوی منداڵەكانی ,دایكی خۆشەویستەكانی بڕیاری هەڵهاتن دەدات .لە پێناوی ئەو مانەوەیەش لە شوێن ولە ژێر ناوێكدا ئامادەیەو باوەڕیشی پێی نیە.لێرەدا كەریم وەكو كەسایەتیەكی لە ڕووكەش گوێً نەدەر ووەكو كەسایەتیەكی لایەندار لە ناخی كردارەكانی ,بیركردنەوەكانی دەردەخات.ئەمەش ئەو جیاوازیە قووڵەی نێوان ڕۆمانەكەی جۆزێف كۆنرادو موكریە.
بەرجەستە كردنی زمانەوانیانەی گوێ نەدان
وەكو زمانی سێیەم.
....................................................
ئەگەر بیری گوێ نەدان وەكو گوتارێك بخوێنینەوە ئەوا ئەوە ڕوونە كە ئەو گوتارە دەركەوتەیەكی زمانەوانیی ناخەكیەو ناچێتە نێو مانا ڕاستەوخۆكانی نووسینەوە.بەڵكو دەكەوێتە ئەودیوی زمانی بەرجەستە بووی كەسایەتیەوە.هەروەك لە بەشەكانی پێشوودا ئاماژەمان پێدا.بەڵام لێرەدا ئەو زمانەو پەیوەستەكانی بە چەمكی گوێ نەدانەوە پەیوەست دەبەستینەوە , لە بەر ڕۆشنایی ئەو شیكردنەوەیەی بۆ ئەم چەمكەمان كرد.
چەمكی گوێ نەدان هەروەكو تێزێك یا گوتارێكی فیكری لە زمانێكدا خراوەتە كار كە بە زمانێكی ئەدەبی وهونەری دەناسرێتەوە .بەوەی ئەگەر ئەو چەمكە لە ڕووە فیكری وفەلسەفیەكەوەی جۆرێك لە شیكردنەوەی تایبەت هەڵگرێت كە تیایدا پشت بە زانینە فیكریەكان ببەسترێت ,ئەوا لە شیكردنەوەی ئەو چەمكە لە ڕۆمانێكدا كە هونەری وئەدەبیە, پێویستیی بە تێڕامانێكی زمانەوانی هەیە.لێرەدا دەچینەوە سەر ڕەگەزەكانی بنیاتی ئەو زمانەو ئنجا شیكردنەوەی بۆ دەكەین.
-بەفر دەڵێ:
((ناچار بوون ناچار, گەوج بوون گەوج ,ئازا بوون ئازا تیری تیژی سەر سنگی خۆتان بوون خۆتان ,ملشكێنی خۆتان بوون خۆتان,سەرچۆپی كێشی شایی خوێناویخۆتان بوون خۆتان , زوڕنا ژەنی مەرگی خۆتان بوون خۆتان,شكارچی وتەڵەو نێچیری خۆتان بوون خۆتان.))ئەژدیهال210 .
ئێمە چی بووین وچۆنین؟
ئێمە ناچاربووین لە مێژووماندا.....گەوج بووین..ئازا بووین..ملشكێنی یەك بووین...بانگەشەكاری مردنی خۆمان بووین...ڕاوچی وچۆپی كێش وڕاوچیی خۆمان بووین.
ئەم وەسفانە بۆ مێژوو ئەو بەها ڕەوشتیە ناسەپێننە سەر زمانی كەسایەتی كە لە گەڵ ئەو بەها سیاسی وڕەوشتی ومێژووییانەی كە ڕێچكەیەكی دیارو خاوێن بۆ مرۆڤ دیاری دەكەن یەك بگرێتەوەەو لە دوو توێی ماناكانیدا هەڵوێست وەرگرێ وكردارەكانی بەرەو ڕووی ئەوانی دی بكاتەوە, ئەم مانایانە لە ناخیاندا وێنەی مرۆڤێكن كە گوێ بە دەرەنجام وپاشینەكانی گۆڕانكاریەكان نادات.بایەخ بە هەموو ئەو پشتگیریە مانەویەی كەسایەتیی گەلێك نادات كە مێژوویەكی بێ هوودەو گوناهبار دەیبزوێنێ,بەڵكو كاردانەوەو تێڕوانینی مرۆڤێكن كە لە زمانی بەفرەوە بە سەرهاتێكی مێژوویی بۆ پۆرترێت وهەقایەتی ناوەوەی مرۆڤێك دەنەخشێنێ كە بە لایەوە گرنگ نیە چی ڕوودەدات ,هەرچەندە دەرەنجامەكان لە مێژوودا دووبارە دەبنەوەو هەمان مانا بەرهەم دێننەوە.هەمان یەكتری كوشتن ویەكتر لە ناوبردن وپیلان گێڕان لە یەكتری .
لێرەدا گوێ نەدان گەوهەرێك بەرجەستە دەكات لە نێو بە كۆمەڵ بوونێكی سەرتاپایی گەلێك كە وەكو چارەنووسێكی داسەپاو بە سەریدا گوزەر دەكاو كەسایەتیی تێپەڕ دەكات.كەواتە مانا بنەڕەتی وگەوهەری وڕەهاو شاراوەكانی ئەو بنیاتە زمانەوانیە لە دەرەوەی بەرجەستە بوونێكی زمانەوانیەوە هەڵدەقوڵێ كە پەیوەستێكی زۆریشی بە فیكرەوە هەیە بەوەی:
-گوێ نەدان بەوەی ڕوودەداو هەوڵ بۆ ڕوودانی نەدرێت ئەولۆژیكە دەنوێنێ كە مێژوومان لە نێو بازنەیەكدا دەسووڕێنێتەوە كە ئەویش دووبارە بوونەوەی ماناكانە.كەواتە,
گوێ نەدان گەوهەری داوایەكە بۆپڕ كردنەوەیەكی كاتیی كەلەبەرێكی ڕەوشتی ومانەوی لە كەسایەتیماندا.بە بێ ئەوەی ڕۆمان نووس هیچ یەكێك لە ماناكانی ئەو داوایە بەرز كاتەوەو بانگەشەی بۆ بكات.بەمەش گوێ نەدان بەشداری نەبوون وبێ لایەنی وبێ هەڵوێستسیەكە بەرامبەر بەو مانایانەی لە مێژووماندا ئێمە دەكەنە مرۆڤێك كە هەمیشە خۆی لە قۆناغی جیاجیادا دووبارە دەكاتەوە.
كەریم :
((تۆ دەزانی (من) بێ پێچ وپەنا.ئەم ناوچەو زرووفە نالەبارەی ئەم شۆڕشەم هەڵبژاردووە,نەك وەك شۆڕشگێڕێ ,نەخێر,ئەم درۆ زلەم پێ ناكرێ ,ئەم هەڵبژاردنەی من تەنها پەناگایە..پەناگایێكی ترسمژەو ترسڕەوێنە ,من لە ترسانا هەڵاتووم ,ئێرەو ئەم ناوچەیە پەناگامە ..من شۆڕشگێڕ نیم , نەهاتووم بەشداری شۆڕش بكەم ! بەڵام چی بكەم لەم پەناگایەدا تێكەڵ بووم,تەنها جیاوازیەكی من وزۆربەی خەڵكەكەی ئێرە ,ئەوەیە من بێ سڵ كردنەوە,بێ ترس تەنانەت بە بێ شەرم دەڵێم:من لە ترسانا هەڵاتووم !
زۆربەش دەڵێن:
هاتووین بەشداری شۆڕش بكەین.(ئەژدیها ل73)
ئەگەر دان پێدانانەكانی كەسایەتی تەنها گوتنی ڕاستی بوون بێت, ئەوا هەر لێرەدا بیركردنەوەكانی لە خۆی ولە دەوروبەری خۆی كۆتاییان دەهات.هەموو گرفتەكانی ئەو حەسانەوەیەكی ویژدانیی برینداری خۆی بوون.بەڵام ئەم گوتانە وسەرتاپای ماناكانیان بۆ ئەوە نەگوتراون ڕاستیەك بدركێنن كە ئەویش خۆ بە شۆڕشگێر دانەنانە.شۆڕشگێڕی مانای گەوهەریی لە لابردن ولە ناوبردنی ئەو هێزەیە كە سیستەمێكی سیاسی وكۆمەڵایەتی وڕۆشنبیری دەنوێنێ وئەم ڕەگەزانەش دەبنە دنیا بینی ئەو مرۆڤانەی كە ئەو سیستەمە دەبەنە ڕێوە كە لەساتی نەگۆڕانیاندا پێویست بە لە ناوبردنیان دەكات.,ئەمانە جەنگیان دەوێ .هەروەها گوتاری هاندان وجۆشدانیان دەوێ.ئەم بیرانە پێویستیان بە بەرەنگاربوونەوەو ڕووبەڕوو بوونەوەو خوێن ڕشتن هەیە.بەڵام كەسایەتی لە دەرەوەی ئەم ڕاستیانەوە ئەگەرچی بیردەكاتەوە .لە دەرەوەی ئەو میكانیزمەی مرۆڤی شۆڕشگێر دروست دەكات .ئەو لەو باوەڕەدا نیە جەنگ وچەك مرۆڤ بگەیێننە هیچ شوێنێك لە مێژوەكەی خۆی ,چونكە جەنگی ئێمە جەنگێكی مێژوویی نەبڕاوەو بە دووی یەكدا هاتووە.چونكە لە لاپەڕەكانی ناو ڕۆمانەكەدا ئەو وەكو نەفرەتیەكی مێژوویی سەیری جەنگ دەكات.لێرەشدا ئەو جیابوونەوەیەی ئەو ,ئەو دابڕانە دەنوێنێ كە لە نێوان هەموو ئەوانی دی دا دێتە كایەوە.كۆمەڵێك خەڵك كۆدەبنەوە تاكو بەشداری لە شۆڕش بكەن وببنە شۆڕشگێڕ وبەمەش سیفەتێكی ڕەوشتی ومانەوی لە خۆ بگرن.
زمانی نووسین بەرەو یەك گرتنەوەی بنیاتە لێك دابڕاوەكانی خۆی دەچێت.بەوەی جۆرێك لە پێك گەیشتنەوە هەیە لە نێوان مانا ڕووكەشەكان ومانا شاراوەكان.كە هەردوك بۆئەوە كار دەكەن زمانێكی دیكەمان بۆ بخەنە ڕوو.كەواتە زمانی سێیەم چ پەیوەستێكی لەم مانایانەدا هەیە؟
1-پاساوی ئامادەبوون لە شوێنێكدا بەها ڕەوشتی ومانەویەكان نیە .ڕۆماننووس بە ووشەی ناچاری دەیبەستێتەوە.ئەمەش وا دەكات مانا گەڕانەوەیەك بۆ ڕابوردوو بێنێتە كایەوە كە گەڕانەوەیە بۆ زمانی سەرەتایی كەسایەتی كە بڕیاردەدات شوێنی سروشتیی خۆی بگۆڕێت.
شوێنیش دەلالەت یا ئاماژە بە پەناگا دەكات بۆ كەسایەتی.
3- پەیوەستەكانی ئەو لە گەڵ ئەوانی دیدا كە بوونە بە شۆڕشگێڕ ,ئەو, ئەو سیفەتە بە لە ناوچوونی ترسەوە دەبەستێتەوە,ئەمەش دەلالەتێكی ڕەوشتیی دراوەتە پاڵ كە مرۆڤ بۆ ئەوەی بژێت وبمێنێتەوە دەبێ كەسایەتیی بگۆڕێت.
ئەم مانایانە دەركەوتەی بنیاتە زمانەوانیانە ناجێگیرەكانی كەسایەتین وهەڵگری گوتارێكی زمانەوانیی دیاری كراون.كە خاوەنی پێشینەیی زمانی بیركردنەوەی خۆیانن.واتە ئەم مانایانە لە سنووری بیركردنەوەو ماناو پاساوەكانی ڕابوردووی كەسایەتیەكەوە هەڵدەقوڵێن كە دژوارن لە گەڵ شوێن وكەسەكان وكارەكانیان ,بەوەی:
- شوێن كە شوێنێكە بە چەك ئازاد كراوەو بە ناوچەی ئازاد كراو دادەنرێت .لە لای ئەو دەبێتە شوێنی ترسمژ.
- كەسەكان .هەموو بە سیفەتێكی مانەویی بەرزەوە لەو شوێنەدان كە پێشمەرگەن وشۆڕشگێڕی ئامانجیانە .بەڵام ئەو سیفەتە لە لای ئەو نیەو ئەو خۆی بە مرۆڤێكی ترساو لە قەڵەم دەدات.
- ئامانجی ئەوان لە ناوبردنی سیستەم وزۆرداریە .بەڵام ئەو خاوەنی هیچ یەكێك لەو كردارانە نیەو نازانێت چی دەكاو دەبێ چی بكات.
ئەمانە سیفەتی مرۆڤێكی خاوەن بڕواو ئامانج وخاوەنی ڕێگایەك نیە بۆ ژیان.بەڵكو ئەمانە بە تەواوەتی سیفەتی مرۆڤێكن كە بیركردنەوەی بەرەو گوێ نەدانێكی تەواوی دەبات .گوێ نەدانێك كە هۆكارەكانی زۆر خودین وناتوانن هیچ باوەڕێكی چەسپاوی لە لادا دروست كەن.بەمەش كەسایەتی دەبێتە خاوەنی زمانێكی تایبەتی گوتارێكی تایبەت.
نووسەر لە زمانی كەریمەوە دەنووسێ:(( حەیفێ كوڕم بە جێت هێشتین ,هیچت بە هیچەوە نەبوو,بێوەی بووی,دەستت بە كڵاوەكەی خۆتەوە گرتبوو..ڕەنگە ئێستا خۆت تێكەڵی ئەو شتانە كردبێ,كە هەر لە ئەوەڵەوە حەزت لێ نەدەكرد!)).
ئەم پەرەگرافە هەروەكو تەواو كردنی ماناكانی پەرەگرافی پێشووە .كەسایەتی لە سەرەتای ژیانیەوە كە سەیری دەووروبەری خۆی كردووە مرۆڤێكی گوێ نەدەر بووە بەو بەها سیاسی وكۆمەڵایەتی وبەو ڕووداوانەی كە لە دەروپشتی ڕوویانداوە.
كەواتە گوێ نەدان ئەگەرچی لە مانا گشتیەكەی ئاماژەیەكی زمانەوانیە بۆ بێ لایەن بوون بەڵام لە ناخەوە ئەم چەمكە هەڵگری دنیا بینیی خۆیەتی وكاردانەوەیەكە بۆ پەیوەستە ناسروشتیەكانی مرۆڤ بە خۆیەوەو بە دەوروبەرو سروشتەوە.واتە ئەگەر ماناكانی چەمكی گوێ نەدان وەكو گوتارێك وەرگرین ئەوا دەبێ پرسیار لە ڕەگەزە بناغەییەكانی ئەو گوتارە بكەین لە بنیاتی مانا زمانەوانیەكاندا وئەو بنیاتانەش پڕوتێرو تەسەلن لە ڕۆمانەكەدا كەدەتوانین تەنها لە ڕێگەی ڕەگەزە سەرەكیەكانی ئەو زمانەوە بنەما فیكری وفەلسەفیەكانی ئەو گوتارە دەست نیشان بكەین.
ئایا مرۆڤی گوێ نەدەر گەر خاوەنی گوتارێك بێت مەرجە خاوەنی زمانێك بێت كە بانگەشەی گۆڕانكاری بكات ولەوێوەش كەسی گوێ نەدەر وەكو بانگەشە كارێك بكەوێتە ڕوو؟
گوێ نەدان لە بناغەوە یاخی بوونێكە لە كۆی ئەو مێژووەی مرۆڤ دەخاتە نێو كێشە هەمیشەییەكانی ژیانەوەو بەردەوام بۆ جۆرێكی گشتی لە كاردانەوەو ڕەفتاری دەبات.چونكە مرۆڤی گوێ نەدەر ئەگەر بانگەشەیەكی ڕاستەوخۆ بۆ بیرەكانی ناكات بەڵام بە تەواوەتی لە پشتەوەی ڕەخنەو ڕەت كردنەوەو ڕازی نەبوون وناڕەزاییەكانیەوە ماناكانی گوتارێكی شاراوە هەیەو ئەو زمانەش زمانی سێیەمی دەقە.با ئەم پەرەگرافە بخوێنینەوە:
((-پێدەچێ چاك لە مەبەستم حاڵی نەبووبی,من گوتم هەموو ئینسان لە هەر كوێدا بێت,ئینسانەكەی تریش كارامەتر بێ لە هونەری كوشت وكوشتكاری,دەتوانێ ترسناكتر بێ,لە خودی سروشت لە تۆفان وبومەلەرزەو هەرەس وزریان تۆقبَنەرتر بێت,دەتوانێ لە هەموو زانستەكان كەڵك وەرگرێ وبۆ وێرانكاری بە كاریان بێنێ,..دەڵێم ئەفسووس,هەزاریەكی ئەم كارانە بۆ ئاشتی بە كار هێنرابا.ئێستا دەمانتوانی لە زمانی حەیوانیش تێبگەین,دەمانتوانی وەك هەموو پەلەوەرێك بفڕین,وەك كرمیش لە ناخی زەویدا بژین ! كەچی هەر بەدكارین وبەدكاریش عەمبار دەكەین.!ئێستا هەست دەكەم لە ناخی خۆمدا ڕەشمارێكی قێزەوەنم هەمیشە لە وەزەندام,گەر كەسێكم دەس نەكەوێ ئەوا بە كلكی خۆمەوە دەدەم,))
هەڵوێست وەرگرتن لەو سروشتە مرۆڤایەتیەی كە هەموو كارو هەڵوێستەكانی مرۆڤ دەنوێنێ .ڕەنگدانەوەی ئەو بیركردنەوەیەیە كە ئەو هەیەتی بۆ ئەو سروشتەی كە لە خودی خۆیدا وەكو وێنەیەكی ڕۆژانەو بیركردنەوەو هەڵوێستێكی ڕۆژانە لە گەڵیدا ڕاهاتووە,كەسایەتی ئەو ڕاهاتن وخوو گرتنە بەو دابە كۆمەڵایەتی ونۆرمە چەسپاوانە ڕەت دەكاتەوە.بەڵام ئەم ڕەت كردنەوەیە تەنها ئەو هێزە خودیە لە ناخی زیندوو دەكاتەوە كە هاوبەش نەبێت.كە بەشداری ئەو ڕێكخستنە كۆمەڵایەتی مێژووییە نەبێت,بەڵام لەوەندە زیاتر لە شوێنی خۆی ناجووڵێتەوە ,واتە كردارو كاردانەوەكانی سنوور دارن,بۆیە هەموو چیرۆكی كەسایەتی گرفتی بیركردنەوەیە نەك گرفتی كردار .چونكە گەورەترین كردارە هەلوێست دارەكانی كەسایەتی تەنها توانای هەڵاتنیەتی لە دەست مردنێك كە ڕەت كردنەوەی نیەو ئەو مردنەش داسپاندنی ئەو دابە مێژووییەی كۆمەڵگەو بە سەرهاتەكانیەتی,مانەوەی كەسایەتی لە بازنەی هەڵوێست وناكاردانەوەیی بە تەواوەتی دەربرین كردنە لەو وەستانە نا دڵنیایەی ئەو لە هەموو شوێنەكاندا ,چونكە ئەوە شوێنەكانن كە ئەدگاری ئەو دابە بە شێوەی جیاوازو بیركردنەوەی جیاواز لە ڕووكەش بەڵام هاوشێوە لە بیركردنەوە لە ناخی خۆیان وكەسەكانیدا دەپارێزن,ئەمەش وای كردووە كەسایەتی لە شوێن ولە گەڵ خەڵكانێكدا ئامادەبێت كە بە لایەوە گرنگ نیە ئەو بیركردنەوەیەی بەرامبەریان چۆن دەبێ وچ هەڵوێستێكی هەبێت لە كاردانەوەكانیدا.كەسایەتی لە ئامادەبوون لەو شوێنانەدا لە ناخی خۆی وبیركردنەوەی خۆیدا كەسایەتیەكی دووسەرەیە ,كە هەمان ئەو دووسەرەبوونە مەیلە ناخەكیەكانی دەردەخەنە دەرەوەو دەیخەنە نێو زمانیەوە.واتە كۆمەڵگەیەك كە بە كۆمەڵێك هێزی مێژوویی وكۆمەڵایەتی وبەهای ڕەوشتیی بەرزو داكۆكی لێكراو تاكو مردن وبە پیرۆز كردن.شوێنێك كە بە كۆمەڵێك بەهای ڕەوشتی وسیاسی ومێژوویی ومانا بەهێزەكانی پڕ كراوەتەوە.,ئەو نابێتە بەشێك لە ماناكانی ئەو شوێنەو ئەو هێزە مانەویەی ئەوان بەرهەمی دێنن ,بەڵكو ئەو دەبێتە ئەو كەسەی تەنانەت خۆی بە بەشێك نە لە شوێن وماناكانی ونە لە خەڵكی وپەیوەستەكانی نازانێت,ئەم نا هەڵوێستیەی دەرەنجامی پەنگ خواردنەوەی ناخەكیی ئەو ناچاری بوونانەی ژیانیەتی كە ئەو هەستەی لە لادا دروست دەكات كە ئەو وەكو نامۆیەك لە شوێنێكدا ئامادەیە.گەوهەری ڕۆمانی نامۆی كامۆ كە لە كەسایەتیی میرسۆدا بەرجەستە بووە ,ئەم نا تەواوكردنە بەهادارەی شوێن وئەوانی دیە كە بەرەو كوشتنی دەباو دەبێتە پیاو كوژ.لە پاساوەكاندا هەمان ئەو نامۆییە لە شوێندا بەرهەم هێنراوە بەوەی تیشكی خۆر كاریگەریی لە چاویدا هەبووە.بەڵام بۆچی ترس نەبێ لەوەی مرۆڤێكی نامۆ بەو ئەو كاردانەوەیەی لە لادا دروست كردووە.مەبەستمان بەراودكاریی نێوان دوو ئەدگاری كەسایەتیە كە لە یەكێكیاندا نامۆ بوون بە شوێن ومرۆڤ.لە پەیوەست وبیركردنەوەكاندا.لە نامۆ بوونێكی ناخەكیەوە هەڵدەقوڵێ نەك دەرەكی ,واتە هەردوو كەسایەتیی كەریم ومیرسۆ دواجار لە بیری خۆیاندا تووشی ئەو نامۆییە دەبن,نەك ئەوانی دی تووشیان كەن.
ئەم نامۆبوونە لە شوێن ولە گەڵ كەسەكاندا وای كردووە كەریم كەسایەتیەك بێت كە بە درێژایی چەندین ساڵ هەمان كەسایەتی هەبێت وەكو كەسایەتیەكی نەگۆڕ لە بیركردنەوە,خاوەنی بۆچوونی خۆیەتی بەڵام ئەو كاردانەوانەی كە ئەو بیركردنەوەیە دەیخوازن ئەو ئەنجامیان نادات ئەو تەنها لە پێناوی مانەوەو خۆ گونجاندناد خۆی دەگۆڕێت,.ئەو لە كوشتن هەڵدێت.چونكە نە باوەڕی بە كوشاتن هەیەو نەبوار دەدات كاردانەوە ناخەكیەكانی بەرەڵا كات ,بەڵكو ئەو كۆنترۆلی كاردانەوەكانی خۆی دەكات ئەمەشە جیاوازیی نێوان هەردوو كەسایەتیە,لەو كاتەی میرسۆ بوار بۆ كاردانەوەكانی دەڕەخسێنێت,لە مردنیشیدا ئەو بە ڕووی ئەو ڕەبەنەدا دەتەقێًتەوە كە داوای لێدەكات لە خودا بپاڕێتەوە تاكو لە گوناهەكانی خۆش بێت.ئەم تەقینەوەیەش باوەڕنەبوونی كەسایەتیی ئەوە بەو بەها گشتی وبەو باوەڕە گشتی وبەو بیركردنەوە گشتیەی كە مرۆڤ دەگەیێننە ئاستی پیاوكوژ یاكوژراو.بۆیە ئەو بەو جۆرە لە مرۆڤ دەڕوانێت كە لە ژیان وبیركردنەوەیدا لە سەر كولتوورێك گۆش بووە كە كولتوورێكە یا دەبێ بەدكاربیت یا چاكە كار ,لە هەردوو كاردانەوەدا دەبێ هەڵوێست لە لایەكەی دیكە وەرگریت ئەمەش بە ناچاری مرۆڤ دەكاتە بكوژ یا كوژراو.ئەو ئەو پەیوەست وبەها كۆمەڵایەتی ومێژووییانە لە ناخی خۆیدا ڕەت دەكاتەوە ,بەڵام ناگاتە ئەو شوێنەی كە تیایدا وەكو بكوژێك یا كوژراوێك هەڵس وكەوت بكاو بیركردنەوەی خۆی بۆ ئەم ئامادەبوونە خودیە تەیار كات.بەڵكو لە گەورەترین كاردانەوەكانیدا ئەو بیر لە خۆ دوور خستنەوە دەكاتەوە و دەرەنجامی كرداری لە لادا پەسەند نیە.
دەرەنجامی لێكۆڵینەوە
بنیاتی زمانی سێیەمی دەق وگوێ نەدان
..............................................
گوێ نەدان لە گەوهەری خۆیدا ئەگەر وەكو چەمكێكی فیكری وەری گرین.ئەوا ئەوە ڕوونە كە شێوازێك لە بیركردنەوە .جۆرێك لە كاردانەوە.لە لای كەسایەتیدا دروست دەكات ئەوەشی بە لامانەوە گرنگە ئەو جۆرە وزمانەیە كە كەسایەتی بەرهەمی دێنێ.بەڵام ئەو زمانە زمانێكە هەروەك لە بەشی پێشوودا ڕوونمان كردەوە كە زیاتر زمانێكی خودی ومۆنۆدرامیە.وەكو ئەوەی زمانی گوتارێكی ئاراستە كار بێت.هەر ئەمەش وای كردووە ئەو زمانە هەڵگری بنەما فیكریەكانی خۆی بێت تەنها لەو شوێن وبڕگانەدا ئەو زمانە لەو ڕیتمە فیكریە دەردەچێت كە ڕاستەوخۆ ئەو زمانە وابەستەی تێڕوانینی هەڵوێستی ئایدۆلۆژی وسیاسی ومێژوویی كراوە ,واتە پەویوەست بوونی ئەو زمانە مۆنۆدرامیە بە بابەتی گشتیەوە نەك خودی.لە بەر ئەوەی گوێ نەدان لە ناخە فەلسەفیەكەوەی هەروەها هەڵگری دنیا بینیەكی دیاری كراوە ,كە هەر ئە دنیا بینیە هۆكاری بە زمان بوونیەتی.ئەو زمانە خاوەنی دەلالەت وهێماو بنیاتەكانی مانای خۆیەتی هەروەك ڕوونمان كردەوە.ئەمەش ئەوە دەگەیێنێ كە كەسایەتی لە بیركردنەوەو چۆنێتیی تێڕوانینی دنیادا خاوەن هیچ بانگەشەیەكی نە ئایدۆلۆژی ونەسیاسی ونەمێژوویی بێت لەو ئاستەی كاردانەوەی پێًویست بسەپێننە سەری,بەڵكو جۆرێك لە گوێ نەدانی نا كردەیی وناكاردانەوەیی بە سەریدا زاڵ دەبن.كە وای لێ دەكەن ئەو لە ژیاندا, ئەوەی ڕوودەدات لە دەوروپشتیدا هیچ دەسەڵاتێكی جووڵەداری تێدا نەبێت.ئەو وەكو شایەتێكی سەردەمەكەی خۆی هەموو ئەو بڕگە ناكۆكانەی كە چەمكەكانی بەدكاری وچاكە خوازی وهەڵوێستداری وكامەرانی ونائومێدی وگەشانەوەو تاریك بوونەكانی ناخ دیاری دەكەن بیان پارێزێ ولە ناخی خۆیدا شیان كاتەوە.لەوێوە ئەو زمانەی لەم بیركردنەوانەدا دێنە كایەوە بیركردنەوەیەكن كە زیاتر مۆركی زمانێكی شیكاری وەسفدار بە سەر ڕۆماننووسدا دەسەپێنن كە ئەم ئەدگارەش دەركەوتەیەكی جیاكەرەوەی هەیە.كاتێك زمانی دەق ووردبوونەوە خودی وتەنیا بوونە پەنهان وسەیرەكانی كەسایەتی تەنانەت بە سەر دیالۆگەكانیشدا زاڵ دەبن ,ئەوە ڕوونە كە ئەو زمانە لە ئاستە ڕاستەوخۆییەكەی دەردەچێتە دەرەوەو زمان دەكاتە دوو جۆرە گوتار.لە یەكێكیاندا زمانی گوتارێك كە بەردەوام بەرەو سادەیی وڕوون بوونەوە دەچێت وماناكانی خۆی ناخاتە بارێكی مەجازی وهێما گەری وبنیات داری واتاوە ,بەڵكو هەموو ماناكان بەسادەیی وڕاستەوخۆییەوە دەگەیێنێتە بەرامبەرەكەی.ئەم زمانە ناتوانێ لە ماناكانیدا بمانگەیێنێتە ئاستە قووڵ وداهێنەرەكەی زمان وبنیاتەكانی مانا.بەڵام زمانێكی دیكە كە بە گوتارێكی خودی ومەجازی دەكەوێتە كارو ماناكانی دەخاتە دووتوێی گوتارێكی مۆنۆدرامیەوە .یاخود دەیخاتە چوارچێوەی چەمكەكانی یاخی بوون وگوێ نەدانەوە ئەوسا ئەو گوتارە لە ئاستێكی دیكەدا كاردەكات كە ئاستێكە بیركردنەوەمان دەجووڵێنێ.لەم ڕۆمانەشدا ئەو گوتارە لەو دان پێدانان ودركاندنە قووڵانەدا زیاتر بە سەر ئەو زمانە راستەخۆیەدا زاڵە.محەمەد موكریی ڕۆماننووس لەم هەوڵانەیدا.لە كاركردنی لەو زمانە زۆر وورد بۆتەوەو زۆر لە سیستەمەكانی قەدەغە كردن وسنوور بۆدانانەكانی لە مانادا تێك شكاندووە,ئەو لە سەرەتای هەوڵەكانی لە چیرۆكدا ئەو سنوورانەی بەزاندووە,واتە ئەو خاوەن جۆرێك لە نووسینە كە تایبەتمەندێتی زمانەوانیی تیادایە كە گەورەترین ئەو تایبەتمەندیانەش ئەو زمانە خودیە مۆنۆدرامیەیە.كە كەسەكان لە سات وزەمەن وشوێنی سەیرو نامۆدا ئامادە دەبن ولە بەشی داهاتوو تیشك دەخەینە سەر ئەو ئامادە بوونە پەیوەست بە زمانی سێیەمی دەقەوە.