چەند دێڕێک لە کتێبێکی نوێی شێرزاد حەسەن

نووسین بۆ من سیپەلاک و سیی دووەممە کە هەناسەی پێ دەدەم، بێگومان بۆ من فیتنەی نووسین تەنیا لەوەدایە كە مێژووی شكست و هەرەس و نشوستی خۆم و ئەوانیدکە بگێڕمەوە. ڕەنگە کەسێک بپرسێت: ئایا پانتاییەک بۆ خۆشیی و سەرکەوتن و شکۆمەندیی نەبووە کە من ئاوڕی لێ بدەمەوە، بێگومان هەبووە، بەڵام من زادەی سەردەمی تراژیدیا و کارەساتە گەورەکانم، کە مەحاڵە ئەو کەم خۆشبەختییەی من دیومە لە خۆم و خەڵکی، بەراورد بکرێت لەتەک مەرگەساتەکانی مێژووی ئێمە، لەسەر ئاستی تاک و نەتەوە. من هەست دەكەم کە خیانەتم بە هەموو ئەو شتە خۆشەویستانە كردووە كە بەجێمهێشتوون.
من زۆر جاران لە خۆم و هاوڕێكانم دەپرسم: ئەرێ كوردستان ئەو باوكە دڵڕەقە بوو كە هەر هەموومانی ڕاو نا و لە ماڵ دەری کردین.. یان ئەو دایكە بێوەژنە بوو کە لە تەنیایی خۆیدا هەر هەموومان فەرامۆشمان کرد؟ كوڕانی سپڵە و ناڕەسەن بووین و دڵڕەقانە لە کەلاوەکەی خۆیدا بەجێمانهێشت، کە ڕەنگە بەسەریدا بڕووخێت؟!
من تا هەنووكە لە نێوان ئەو دوو وێنەیەدا: تیایدا ڕاماوم، لەوە دەچێت كوردستان: هەردووكیان بێت‌، بەڵام بۆ من پتر لەو باوكە دڵڕەقە دەچێت كە لە ماڵ، لە نیوەشەوێکی تۆف و باران و وەیشوومەدا، دەری كردم.