کەرکوک و ڕۆشنبیرانی
"چی بکەین بۆ کەرکوک؟"(1) ئەمە ناوی ئەو وتارە ڕەخنەییەی شاعیر و نووسەر کاک دانا عەسکەرە کەلە سایتی دەنگەکان لە 06-12-2010 دا بڵاو کراوەتەوە، تێیدا پرسی کەرکوک دەخاتە ژێر لێکدانەوە و بەدوای چارەسەرێکەوەیە تا بتوانێ تیشکێ بخاتە سەر قەیرانی ڕۆشنبیر – دەسەڵات و مێزێک بۆ گفتوگۆکردن لەسەر چارەنوسی کەرکوک بڕازێنێتەوە. وروژاندنی ئەم بابەتە کەخۆی نەپرسێکی تازەیە نەیەکەمجاریشە خوێندنەوەی بۆ بکرێ لەو هەستە پڕ لە لێپرسراوەتی و چاوەڕوانییە بێزارکەرەوە سەرچاوە ئەگرێ کەڕۆشنبیرانی کەرکوک بەدەست دەسەڵاتەوە دەرگیری بوونە.