ئینتیماكردن بۆ سەردەمی پێش مەرگی باوك لە (حەسار و سەگەكانی باوكم)
بۆ لەسەر (حەسار و سەگەكانی باوكم)م دەنووسم؟
بۆ لەسەر (حەسار و سەگەكانی باوكم)م دەنووسم؟
كۆتایی ساڵی2010 و سەرەتای 2011 لە بەغدا و لە نێو جەنجاڵی گۆڕانكارییەكانی ژیانم لە نێوان كەركوك و بەغدادا، لە ژوورێكی بچوكی هۆتێلێكی هەژارنشیندا بەبێ ئەوەی كەس پێمبڵێ كاروان كاكەسوورم خوێندەوە. پێشتر نە ناوی خۆی نە ناوی هیچ كام لە چیرۆك و رۆمانەكانیم بیستبوو جگە لە كتێبی (منداڵیم ئاسكێك بوو بەسەر پەلكەزێڕینەدا بازبازێنی دەكرد) كە بیڕەوەری و یادگارییەكانی كاروان كاكەسوورە، ئەویش تەنها لە ماڵی هاوڕێیەكدا و لە نێو رەفەی كتێبخانەكەیدا بەرچاوم كەوتبوو، ئەو هاوڕێیەم هەرجارێك كە دەچوومە ماڵیان، بۆ پێكەنین یەكێك لە بەسەرهاتەكانی نێو ئەو كتێبەی دەخوێندەوە و قاقا پێدەكەنی منیش هیچ تێنەدەگەیشتم!