ئەوانەی لە خۆشەویستیدا تەمەنیان ون كرد
ویستیان لە گۆرانیدا بیدۆزنەوە
بەڵام ئەوان تا مردن نەیانزانی
مردن بە لەنجەی ژیان بزر بووە
بۆیە زەوی هەموو ئازارەكان لە ناخیدا هەڵدەگرێ
لە بیری مرۆڤێكی بێ دەوار
تەنها دەرفەتێك بۆ لەبیركردنی ژیان عاشق بوونە
((لە ناخمدا سێ عەشقی گەورە هەبوون
جارێك بۆ كتێب. جارێك بۆ شیعر و جارێكی دیش
بۆگۆرانی))***
هەرسێكیان هاوارەكانی كوژراوێك بوون
بوونە تارمایی و دەشتەكانیان بە خوێنی شەڕكەران سوور كرد
هبچ شتێك وەكو گۆرانی
دەروونمان بە خەمی شكستی بەتاڵ ناكاتەوە
چونكە ژانی مردنیش وەكو ژانی گۆرانییەك وایە
جیاوازییەك نییە لە نێوان زەوییەكی شەقار و
هەناوی سوتاوی غەریبێك
هەردوك ئەو برینانەن
بەیانیان زەوی لە خەو هەڵدەستێنن
دوو ئەستێرە بەرەو من دێن
یەكێكیان دڵمی لە دەستە و ئەوی دیش ڕوحم
لەسەرخۆ بە ئەی ئاوازی ترساوی تاریكی
بێدار لە مردن، لە سەر باڵە تیژەكانت
بەرەو ئەستەمبووڵ بمبە و
پەڕی گول دەبارێنم بەسەر پەنجەرەی یارەكەمدا
لەسەرخۆ بە و بە هێمنیی كەمەندت لە ناخم گیركە
ئەوەتانێ گیانم لە جەستەدا نەماوە
ئەوەتا وا لە نێو وشەكانی گۆرانییەكەمدایە
من و تۆ هەردووكمان بە دوو باڵندەی كێوی دەچین
گۆرانی ناخی هەردووكمانی بە ئاواز ڕەش كردۆتەوە
ئازادیمان لە نێو هێلانەیەكی لە خۆمان بچووكتردایە
هی من لە نێو شێت بوونی دەنگە
هی تۆش لە نێو گەشتی پایزی مرۆڤ
ئەوان ڕاستیان نەگوت وایان زانی
عاشق بوون لەزەتی جەستەیە
چونكە جەستە بەندیخانەی مردنە
بە هێمنی دەست لە ملم كە
دڵم ئەوەندە ناسكە بە سروەیەك شەق دەبا
ئەم ساتە ڕاچڵەكاوانە دەناسمەوە
هەمان ڕەنگی ئەو سۆزە گوناهبارانەیان هەیە
كە لە هەناوی ئاسمان پچڕان و
ئادەم و حەوایان خستە ترس و گریانەوە
هەمان نووزەی هابیل وقابیلن كە خوێنی مۆریان لی َ دەتكا و
لە جێی هەر دڵۆپە خوێنێك سوارێك
لە جێی هەر ناڵەیەك ئاسكێك
هەڵدەستانەوە و دەست وخوێنیان تێكەڵ بە یەك دەبوون
((ڕۆژگار دێن و دەرۆن شتێكی ئەوتۆم لە دنیا نەدەویست
شووشەیەك، پێكێك، گۆرانییەك ))
............................................
چیتر گۆرانیەكانی دەمەو بەیان تۆم بیر ناخەنەوە
گەورەترین ترسەكانم هاتنە دی
جیابوونەوەی جۆش لە سەمای ئاواز
وەكو جیابوونەوەی ئاسمان لە زەوی
چنگم لە هەناوم گیر كرد
وەكو ئەو تەورە ڕەشانەی
سنگی نەهەنگەكانیان لە كەنارێكی خوێناویدا
شەق دەكرد و ئەوانیش لەگەڵ دنیادا
تەنها چاوێكی زەقیان دەمایەوە
تاكو ئەو دەستە خوێناویانە ببینن
كە لەگەڵ بارانی خوێندا شل دەبوون
دواجاریش دنیایان پڕ كرد لە تارمایی
چەند جار منبش گۆرانی دەروونمی لەت كرد؟
ئەوەتا منیش لەگەڵ دنیا درزێكی باریكمان لە بەینە
بە بەر دەرگاكەتانا وەكو جاران تێپەڕ دەبمەوە
لە شەرمی بینینت سوور دەبمەوە
گوێم لە نەغمەی بولبولەكانی بەر پەنجەرەكەمە
چریكە ماندوەكانیان دەناسمەوە
هەمان گەرمیی فرمێسكەكانی دایكمیان لێ نیشتووە
ئەو ساتەی لێوی بە ڕوومەتم نەگەیشت و
ئەوەی بۆمی جێ هێشت تەنها دوو دڵۆپە فرمێًسك بوون
بێ هودە.. بێ گوناه بەڕووی خودادا ڕژان و
كەوتنە سەر نێوچەوانم
كێ دەزانێ فرمێسكی دایكم خوێنی پێغەمبەرەكانە
یا ڕوحی ڕووبارەكانە ؟
............................................
دەنگێك لە ناخمدا بانگم دەكات
چیتر بەرگەی خۆخواردنەوەی تەنیایی نەگرم
منداڵەكانی گەڕەك یەكەمین لاپەڕەی سەرگەردانی خۆیان دەنووسنەوە
تاكو بەرگەی چیرۆكەكانی دنیا بگرن
كۆچ كردنیش وەكو هەڵكێشانی سەری نێرگزێكە
ئێًستا ناتوانم یەك گۆرانی بڵێم
خوێنی خۆم لە نێو ئاوازەكاندا دەبینمەوە
ئەی خودا ئەگەر گەردوون بۆ مانەوە ئاوازێك با
بۆچی نەمریت بەو داو وڕوحی منیشت دایە دەم با؟
ئەگەر تۆ لە بەهەشتی حۆت دەرمانت كرد
دەبێ خاك چیی لە دەست بێ بۆ ڕوحێكی شەیدا؟
چۆن شەرم نەیگرێ لە تاو كرمێ بوونی ئەو لێوانەی
هەزاران گۆرانیی خۆشەویستیان دایە دەم سەبا ؟
ئەوەتانێ گۆرانی سەمای دڵمی كوشت و
ئازادی تەنیابوونم لە هەستدا نەما
دنیا لە بەرچاوم بە دەفرێك لە ڕۆشنایی دەچێت
فریشتەی ڕەنگاو ڕەنگیان لێوە دێتە دەروپێم دەڵێن
لەودیوی خەون وبێداریەوە
گەردوون بە كوشتنی ئاواز كەڕ بووە
بە لەنجەی چریكەكانی نائومێدی لەنگ بووە
شكستی تەنیابوونم لە خۆشەویستیەكدایە
ناتوانێ وێنەی دەم وچاوی دایكم نیشان داتەوە
((بەفریش وەكو من بە جارێك دەگریا))
بۆهێشتنەوەی شوێن پێی ئەو بكوژانەی
ڕێیان بە مردن نیشان دا
تاكوعاشقان لە سەرەرۆیی زەویدا خامۆش كەن
چیتر پێویستیم بە كیتابێك نیە لە سەر شانم
خودایە گەورەترین دان پێدا نانەكانم لەگۆرانیەكانمدا دركاند
............................................
من هەر بە قەد كەوتنە خوارەوەی فرمێسكێك لە سەفەر دەترسم
هەر گۆرانیەك دەتوانێ بمكوژێ و زیندووم كاتەوە
وەرە هۆش بەرەكەی تەنیابوونم
ڕاستیەكی دیكە لەودیوی ئەو گۆرانیانەوە نیە
كە بتوانێ دەرگای ئومێدێكی گومڕا بە ڕووی شكستیدا بكاتەوە
خۆشەویستیەكی دیكە لەودیوی دڵەوە نیە
كە یەكەمین دڵۆپەكانی خوێنی سۆز بە ڕووی مەستیدا بكاتەوە
خۆشەویستی وڕاستی ووشەی شەپۆڵێكی سەرەڕۆن
لە كەنار دەریاكانی جیا بوونەوەدا خۆیان دەكوژن
وەرە دەستی سوورت بە هێمنی بخە ڕوحمەوە
خودا كە فووی ژیانی بە خاك وگۆشتدا كرد
فووی گۆرانی وئازاریشی كرد بە دڵدا
گۆرانی لە ناخم چۆڵ كەی
ڕوح تێكەڵ دەبێتەوە لە گەڵ دوا هەناسەكانی سەحەردا
............................................
ئەو پەنجەرانەم لێ بكەوە ((ئەمشەو شەوی منە))
دەمەوێ ژیان لە یەك ڕستەدا چڕكەمەوە
خۆشەویستیەكانم لە یەك ساتدا كورت كەمەوە
دەمەوێ گۆرەكەم لە نێو شكاوترین دڵی دنیادا بێ
بڕوانە زەوی چەندێك بە نۆتەیەكی بازنەیی دەچێت
لەوێشدا قەدەر دوا ژانی خۆی دەكاتە ملوانكەیەك و
دەیخاتە ملی سەرگەردانێكەوە
لەو دیوی تەلبەندی تاریكی وغەریبیەوە بانگت دەكەم دایە
گەر ژیانێكی دیكە بوونی هەبێت
دەمەوێ لەوساتەدا بێتەوە كە منت ڕادەستی مردن كرد
گۆرانیەكانم تەنها گێڕانەوەی تاریك بوونی زەوین
بە دوا هەناسە كانی تەنیایی تۆ
نەمردن ونەژیان كۆتایی ئازارەكان نین
ئەو گوڵەی لە لقێك دەكرێتەوە
خوێنی چرۆكان هەتا هەتایە لە گەڵ خۆیدا بۆ نەبوون دەباتەوە
گوڵەكانی هەموو دنیاش بە سەرهاتی ڕەنگەكانی مردنن
گۆرانیەكانی منیش بە سەرهاتی
بەخشینی ڕوحن هەر جارەو بە مردنێك
............................................
فڕیو نەدرێی ئەی دۆست بە پێكەكانی مەست بوون
بە پێكەنینە بێ گوناهە سەرگەردانەكان
ئەو ساتانە ژەهرێكن لە خۆ وون كردنی دڵ و
سوتانی مێشك
گۆرانی ختووكەیەكی ڕوحە لە سەرەمەرگدا
مرۆڤ ئەوەندە گۆرانیی گوت ئاسمان بووە پارچەیەك لە ناڵە
بەڵام دەبینی
مانگ بزر دەبێ لە نێو ڕەشایی سنگی گەواڵە
خۆشەویستی تەفرەمانی دا لە نێو كەلاوەی فیكر
جەستە پڕ دەكا لە لەرزی ترس وپەشۆكانی سیحر
بە چی چوون ئەو ساتانەی كە ناتوانین
یەك چركەی لە گەڵ خۆماندا بەرین
بەرەو ئەو وڵاتەی بە هەشتێكە لە نەمانی حەسرەت
منیش چی لەو بەهەشتە بكەم كە نەتوانێ
تامەزرۆیی وشاگەشكە بوونی دڵ
بخاتەوە نێو چاوەڕوانیی ئەو بەیانەی
شەیدا بوبوو لەتاوهەڵهاتنی خۆر
هەموو بەیانیەك تیشكەكانی لە خوێنی مرۆڤ هۆنراوەتەوە
هەموو شەوێك تاڵە موەكانی تاریكیی
لە ڕەشایی دڵێكی نائومێددا چنراوەتەوە
گەردوون یەك پارچە هۆنینەوەو چنینی
هاواری خوێنینی ئەو پەڕگەندانەن
كەكە س بە دەنگیانەوە نەهات و
تەنیا بوون...گەردوون سەری پێیان نایەوە
............................................
عاشق بوون نەفرەتێكی خودایە لە مرۆڤ
تاكو نەگاتە ئەو نیشتیمانەی
یەكەمین گوڵی دنیا چرۆی تێدا كرد
تاكو بەو ساتانە ئومێدەوار نەبێتەوە
ڕوحی بە ڕوحی دەست لێ وەشاوێكدا شاد بێتەوە
ئەمەیە ئەی دۆست خەمبارترین
بە سەر هاتی ئەوانەی
نەیانزانی بۆچی مرۆڤ دەبێ خوێنی برژێ و
ئاوڕ لە جەستەی خۆی نەداتەوە
كە نەیانزانی
بكوژترین گریان ئەو ناڵەیەی دڵە
كە چاو فرمێسكی پێدا نەیەتە خوارەوە
هەموو گۆرانیەكانم بەتاڵ كردنەوەی
جەستەو ڕوحن لە ناخێكی گرفتارەوە
واش تێدەگەم دروست بوونی مرۆڤ
بەخشینی نیشتیمانێكی بێ ناسنامەیە
بۆ ئەو لاشە ڕزیوەی لە تاو بۆنی خۆی سەری بەرز كردەوە
............................................
كاتێك گۆرانی دەڵێم
وەكو هەناوی ڕووبار خۆم لە دڵی زەوی وون دەكەم
نامۆترین ساتەكانی تەنیایی ئەو ساتانەن
كە بە خەوێك كەڕو كاس دەبین ونازانین
ژیان وخەون كامیان لەوی تر درست كراوە
نازانین چی بەم دەوارە شیش بەندەمانی بەستاوەتەوە
تەنها لە وە دڵنیام
گۆرانی گوتن هەڵاتنێكی هەمیشەییە لەو چەپۆكانەی
بە نێو چەوانی حەوادا كێشران
............................................
((ژیانم ئاوا هات وئاواش ڕۆیی))
كە دەچمە سەر شانۆ خۆم وەكو بووكە شووشەیەك دێتە بەرچاو
كە كیژانی گەڕەك هەرجارەو كراسێكی بۆ دەدوورن
كە دێمە خوارەوە دڵم لای ئەوخۆشەویستانەیە
كە هەمیشە لێم دوورن
چۆن ڕەوایە تاكو كامەران بین
دەبێ هەتا هەتایە خوێنی یەك بڕێژین؟
گۆرانی وكتێب وعەشق جەستەیەكن
هەر ڕۆژەو بە دەمی خەنجەرێكی سوور دەیان نێژین
ئێستا كە هەنگاوێك لەو دیوی دنیاوە لە خۆم دەڕوانم
توانای بیركردنەوەم لە دەست داوە
وا تێدەگەم دنیاش چیتر توانای گوێ گرتنی نەماوە
****************************************
***ڕستەكانی ناو كەوانەكان لە گۆرانیەكانی زەكی مۆران وەرگیراون.