بەشی سێیەم
مردن وەكو یادەوەریەكی ناهوشاریی بوون
ژیان ومانەوە شوێنگرەوەیان دووبارە زیندوو بوونەوەی توخم وخانەكانە پەیوەست بە بوونە ئۆرگانییەكانەوە، دووبارە داڕشتنەوە و دروستبوونەوەی نوێیە لە بوونە بەرجەستەییە نائۆرگانیەكاندا، كولتووری مرۆڤ بە نەمان دەشڵەژێ و لە ناخەوە باوەڕی بەوە نییە كە هەموو شتێكی مرۆڤ لە ناودەچێ و هەموو ئەو كێشانەی ژیانی ڕابوردوویان بە گشتی كۆتاییان بێت و ئەو باوەڕانەی نەهاتنە دی لە بوونێكی تەنانەت دوور لەویش، دەپرسین ئاخۆ مرۆڤ ئەو خەسڵەتە عەقڵی وهوشیاریەی تێدایە لە فەلسەفەی مردن بگات و بەو پێیەش بچێتە مێژوەوە؟
پرسیاری لەم جۆرە گومانێكی زۆر هەڵدەگرێت، مرۆڤ تاكو ئێستا لە كێشە فیكری و ئایدۆلۆژی و فەلسەفیەكانی خۆیدا بۆچوونێكی گشتگیری مرۆڤایەتیی نییە بۆ بوون و ژیان و بەردەوامبوونی خۆی، لەوانەیە مرۆڤ كە تاكو ئێستا بیر دەكاتەوە و لاپەڕەكانی پێشووی بیركردنەوەی خۆی دادەخاتەوە باشترین سیمای بەردەوامبوونی ئەوە بۆ مانەوە، چونكە ئەو لە بوونێكدا دەژیت لە ڕووداوێكی گەردوونیی وادا دەژیت زۆر لە ژیان و بیركردنەوەی ئەو گەورەترن و ناتوانێت پێشبینی و بوونایەتیەكی فیكری و فەلسەفی و زانستیی وا بە دەست بێنێت هیچ نەبێت لەوە بگات مانەوە و بەردەوامبوونی ژیان بۆ كوێ دەچێت و بۆچی مردن كۆتایی بوونە؟
لەبەردەم ئەم ئاستەمبوونەی گەیشتن بە ترۆپكێكی گەشی بیركردنەوە و دەستبەرداری بوون لە زۆر كێشەی سادە و ساكار كە بە هۆیانەوە مرۆڤ دەیتوانی كێشەی بوونایەتیی خۆی لە كێشەی ژیانەوە بگوازێتەوە بۆ كێشەیەكی گەردوونیی گشتگیر، بەڵام ئەمە لە هیچ قۆناغێكی ژیانیدا ڕووینەدا تەنانەت لە پیرۆزترین باوەڕیشیدا، كە لەو كێشانە ورد دەبیتەوە و بەراووردیان دەكەی لە گەڵ كێشە بوونایەتیەكانی مرۆڤ ئەوا ناتوانی خۆت لە تاسان بگری و بەزەییت بەو چارەنووسە شێواوەی نەیێتەوە كە كردوویەتیە شێوازێكی گەورەی شانازیی خۆی لە دروستكردنی شارستانیەتەكەیدا، دەڵێم كێشەی مرۆڤ نەگەیشتۆتە كێشەی بوونایەتی ئەو لە گەردووندا كەواتە مردن دەبێتە شادەماری هەموو جووڵەكانی لەش و بیركردنەوە و ژیانی ئەو، بڕوانە مرۆڤ تاكو ئەمڕۆ لە سەر خاك و نان و ڕووبار و سنوور و پارە و تلیاك و نەوت و...هتد یەكتر دەكوژن، تێبینی ئەوە بكە هێشتا خەڵكانێك هەن لە برساندا لە دنیادا بە دەیان گەلان بەر زوڵم دەكەون و بە كۆمەڵ لە ناودەبرێن، لافاو و ڤۆلكان و بوومەلەرزە و ئاگر كەوتنەوە و كەوتنەخوارەوەی فڕۆكە و نقومبوونی كەشتی و پێكدادانی ئۆتۆمبێل و پیسبوونی ژینگە و مین و گەردەلوول و بیابانبوون و گەرما و سەرما، ساڵانە بە سەدان هەزار مرۆڤ بەرەو لەناوچوون و مردن دەبەن، بەڵام لە پێناوی ژیانی بەشێكی دیكەی مرۆڤدا ئەوانە دەبنە كێشەی سنوورێك كە بە ئایدۆلۆژیا و سیاسەت و مەزەب و ئاین و بیروباوەڕەوە ئاڵوواڵا كراوە، لێرەدا شارستانیەتێك كە تاكو ئێستا هێڵێكی ڕوونی پێ نییە بۆ داهاتووی خۆی، شتێكی سروشتی دەبێت كە مردن هەمیشە ئامادەییەكی خێرا و كاریگەر و دەستوەشێنی هەیە لە بچووكترین بڕگەكانی ژیانیدا، ڕەوایە لە خۆمان بپرسین ئێمە چ جیاوازیەكمان هەیە لە گەڵ بوونە ئۆرگانیەكانی دیكە؟ كە ئەوانیش هەر بە هۆی سروشت و ژیان لە سەر یەكتر و دیاردە سروشتیەكان و لە كۆتاییدا بە هۆی ئێمەشەوە یەكتر بەرهەم دێننەوە و یەكتریش لە ناو دەبەن؟ ئەوانیش دەژین و بە هەمان شێوەی ئێمە لە ناو دەچن، لێرەشدا مرۆڤ كە دەژێت و دەمرێت و خۆشی بەرەو مردن دەبات، ئاخۆ بۆتە هێزێكی بیركردنەوە كە مرۆڤ ناچار بكات بەرەو ڕووی سەركێشیەكانی بوونی خۆی وژیانی خۆی ببێتەوە؟ یاخود بە شێوەیەكی دیكە ئایا مرۆڤ كە ئەم هێزەی مردنی تێدایە بەهەمان شێوەش هێزی ژیانی تێدایە، توانیویەتی هاوسەنگیەكی ئەوتۆ لە بوونی خۆی بێنێتە كایەوە كە ژیان بە سەر مردندا زاڵ كاو مێژووی بوونایەتیی خۆی لە بیری ڕەوایەتی دان بە مردنەوە بگوازێتەوە بۆ ڕەوایەتیدان لە تێگەیشتن لە مردن؟
لە ڕاستیدا مرۆڤ لە زۆرینەی ئاینەكانیدا ئەم لە قاوغگرتنەی مردن وەكو یادەوەریەكی ئامادە و زیندووی ناهوشیاریی خۆی دووبارە دەكاتەوە چونكە ئەوە مردنە دەتگەیێنێتە ئەو دنیایەی كە كێشەكانی مرۆڤ كۆتاییان دێ و لەوێشدا دووسەرەبوونی مردن و ژیان هەیە و هەروەكو چۆن بەهەشتێك هەیە هەروەها دۆزەخیش هەیە. لە سیاسەتدا مرۆڤ لە سەر بناغەی یەكتر كوشتن ویەكتر لە ناوبردن و بەسەریەكدازاڵبوون شارستانیەتەكەی بنیات ناوە، لە زانستدا چاوەڕوانیكردنی دۆزینەوەی نوێ تاقە ڕێگەی بەدوا خستنی پرسیارەكانە، لە فەلسەفەدا دووبارە داڕشتنەوەی كێشەكانە لە گەڵ زانست وئاین، ئەم پێكداهاتنەی بیركردنەوە جۆرێك لە هوشیاریی خۆجێی و ڕازیبوونێكی گشتیی لەنێو مرۆڤدا هێناوەتە كایەوە، كە مردن وەكو ئاو و چیا و ئاگر و بەرد و هەناسە بوونی هەیە و ئەو بوونەش لە دەرەوەی هوشیاریەكانی ئەودایە بە بەراورد بە گەورەیی دیاردەكە، ئەوەی لێرەدا گرنگە باسی لێوە بكەین ئەو ساتانەی مرۆڤن كە تیایاندا هوشیاریی خۆی لە گەڵ بیری مردندا ڕووبەڕووی یەك دەبنەوە و مرۆڤ لە خۆی دەپرسێت بۆچی مردن وچیمان لە مردن بۆ دەمێنێتەوە لە خۆمان و لە بوونمان؟
مرۆڤ و هەموو ئەو مانایانەی شارستانێتی ومێژوەكەی بەرهەمی دێنن مرۆڤ دەگەیێننە ئاكامی باوەڕهێنانێكی قووڵ بە مردن، بەوەی مردن ڕزگاربوون و فریادڕەسێكی هوشیاریی مرۆڤە بەرامبەر بە ئازار و خەمە قووڵ و بوونگەراییەكانی ئەو لە گەردوونێكی بێ سنووردا كە مرۆڤ زۆر زۆر هەست بە نەبوونی و بچووكی و بێئیرادەیی خۆی دەكات، ئەو ئارزووە ناهوشیاریەی مرۆڤ بەرە و مردن نیشانە و خەسڵەتێكی تایبەتی بە مرۆڤ داوە، لە ڕووی جەستە و فیزیۆنۆمیەوە، مرۆڤ لە گۆشت وئێسك و خوێن دروست كراوە، ئەگەر باوەڕبەوەش بێنین كە مێشك و دەست و ددان وپێ و دەنگ و نوخێنی ئەو بۆ ئەوە دروست بووبێتن كە خۆی بژێنێ و داكۆكی لە خۆی بكات وداهێنان لە ژیانیدا بكات، ئەوە ڕوونە هەموو ئەو توانایانە لەو ڕاستیانەی دوور ناخەنەوە كە لاشەی ئەو و هەموو ئەندامەكانی لەشی ناتوانن بەرگەی مانەوە و خۆ پاراستنێكی دوور بگرن و تەنانەت بیركردنەوەی مێشكی ئەویش بیركردنەوەیەكە لە چۆنێتیی كاردانەوە و خۆ پاراستن لە مردن و مردن زۆر نزیكترە لە مرۆڤ تەنانەت لە خوێنی خۆشی نزیكترە، ئەم هەستە ناهوشیاریەی مرۆڤ لە نێو كولتوور و مێژووی ئەودا ڕەنگی داوەتەوە، چونكە ئەندامەكانی لەشی مرۆڤ چەندێك بۆ خوڵقاندنی ژیان دەشێن دوو ئەوەندەش بۆ بەرهەم هێنانی توندوتیژی و مردن دەشێن، كەواتە مرۆڤ بە تەواوی ئیرادەی خۆیەوە، بە تەواوی ڕازیبوونی خۆیەوە پێشوازی لە مردن دەكا و قەبووڵی دەكا و ئەم قەبووڵكردنەشی وەكو مۆرفیمێكی هوشیاری وعەقڵیی ئەوە بۆ ئەوەی ژیان لە لایدا نرخ و بەهایەكی هەبێت، كەواتە بیرێك، هەستێك، ناهوشیاریەكی بیركردنەوەی دیكە هەیە لە نێو مێژووی دەرك بە خۆ كردنی مرۆڤ بەوەی ئەو ژیانەی ئەو كە وەكو جەستەیەكی عەقڵانی هاتۆتە بوونەوە، ئەو بوونەی ئەو نهێنیی تێدایە و ئەویش ناتوانێ لەو نهێًنیانە بگات، هەموو ئاینەكان وزانست وفەلسەفەكانی مرۆڤ وەڵام دانەوەی ئەو هەستە ناهوشیاریەی ئەون كە مرۆڤ دەتوانێ بگاتە شوێنێك لە بوونی خۆی ئامادەبوونێكی درێژتر و جاویدان تر و هاوبەشی كار تری هەبێت لەم گەردوونەدا، كاتێك مرۆڤ بیری مردن لەلای سروشتی دەبێت ئەوە ڕوونە كە ئەو بیرە لە ناهوشیارییدا وابەستە كراوە بە بیری گەیشتن بە نهێنیی سەرەوەیی دیكە لە بووندا لە ڕێگەی مردنەوە هەروەها جوان كردنی ژیان بۆ پەرچدانەوەی بیری مردن، ئەم بیرە مێژووییە یەك دەگرێتەوە لە گەڵ سروشتی بوون وگەردوون خۆی، چونكە بوونی مرۆڤ وتەمەنەكەی مەرجدار كراوە بە توانا فیزیۆنۆمی و بایۆلۆژیەكەی جەستەی خۆیەوە، هەروەها سنووردار كراوە بە بیركردنەوەی خۆی و تواناكەیەوە، كاتێك مرۆڤ لەوە شكست دێنێ ئەو جەستەیەی خۆی لەوە بە تواناتر ببینێ كە هەیەتی و ببێتە بوونەوەرێك كە لەو مەرجانەی بوون دەرچێت، سروشتیە بیركردنەوەی مرۆڤ بۆ بیری گەڕانەوە بچێت بۆ هێزێك یا توانایەك كە ئەو دەكاتە هاوبەشی كارو خاوەنی بوونی خۆی، ئەمەش ڕوویەكی دیكەی ناهوشیاریەكانی مرۆڤە كە ڕەوایەتیەكی عەقڵانی و ناهوشیاری بەو دەبەخشێت، بە ئومێدێك كە ئەو دڵنیا نییە چییە و چۆنە و بۆچی وایە، كە ئەگەر مرۆڤ توانای ئەوەی لە لا پەیدا بوو، بۆ نموونە تەمەنی خۆی بۆ هەزار ساڵ دوور كاتەوە، ئەوا ئەم دۆزینەوەیە گۆڕانكاریەكی دیكەی هوشیاری لەلای مرۆڤدا دەخوڵقێنێ، بەوەی هەموو ئەو باوەڕانەی كە شارستانیەتەكەی لە سەر دروست كردووە، بەوەی هەموو ئەو كولتوور و بیركردنەوەیەی كە هەیبووە بەرامبەر بە بوون و گەردوون هەر هەموویان گۆڕانكاریان بە سەردا دێت و مردن و بەها چەسپاوەكەشی لە بوونی مرۆڤدا دەگۆڕێت، كەواتە مرۆڤ لە ناخی هەرە قووڵی خۆیدا لە دوورترین ناهوشیاریی خۆیدا هاوبەشی كارە لە گەڵ ڕەوایەتی دان بە مردن و ئەو ڕەوایەتیەش مەرجدار كراوە بە ناهوشیاریەكی دیكەی بوونی ئەو و ژیانی بەوەی ئەو بۆ مەبەستێكی نهێنی لێرەدایە و مردن كۆتاییەك نییە بۆ بوونی ئەو و بوونیش تەنها بوونێكی جەستەیی نییە لەو كاتەی ئەو جەستەیە و هەموو ئەندامەكانی مەرجی مردنیان لە خۆ گرتووە، ئەگەر هەناسە بڕا دەمریت، ئەگەر دڵ بوەستێ دەمریت، ئەگەر مێشك بوەستێ دەمریت، ئەگەر خوێنت برژێ دەمریت، ئەگەر لە بەرزاییەوە بكەویتە خوارەوە لاشەت دەشكێ ودەمریت، ئەگەر نەخۆشی كوشندە بگریت دەمریت، بەڵام كە مردن ئامادەییەكی ناهوشیاریی بە هێزی لەو لاشەیەدا هەبێت ئەوا بەهای ئەو یادەوەریەی مرۆڤ ڕوویەكی مانەویی بە هێزە بۆ زاڵكردنی بە سەر ژیانی خۆیدا، مرۆڤ لە هەموو مێژووەكەیدا تەنها كاری ئەوە بووە ڕەوایەتی بە بیری مردن بدات تاكو لەو ڕەوایەتیدانەوە شەرعیەتێكی فەلسەفی وبیركردنەوەی شیاو بە گەیشتنی خۆی بدات بە شوێنێك كە پێی بگات گەورەتر و بە هێزتر و فراوانتر و جاویدانتر بێت، لەو لاشە و لەو بیركردنەوەیە و لەو شوێنە مەرگئامێزەی خۆی لە ناخەوە بەهایەكی دەروونیی پێ بدات، ئەمە بەهایەكی یادەوەریی ناهوشیاریی مرۆڤە لە مردندا كە بیری هەرە قووڵی ئەو وا لێ دەكەن خۆی بە خاوەنی شوێن و ژیانی خۆی نەزانێت و هەمیشە چاوی لە گەیشتن بێت بە شوێن وجەستەیەكی دیكە (بڕوانە ئەو گرووپە باوەڕداریانەی كە وای بۆ دەچن ئەوان لەم بوونەدا نین و هی شوێنی دیكەن و واشی بۆ دەچن لە ڕێگەی شێوە گۆڕینەوە دەتوانن بگەنەوە شوێنی ڕەسەنی خۆیان....transformer ،s)).
لەم پێشەكیەوە لەوە دەگەین ژیان بەبێ مردن بوونی نییە چونكە تەنها مردنە مانایەك بە ژیان دەبەخشێت نەك بەو بیرەی كە ژیان هەیە كەواتە دەبێ مردنیش هەبێت بەڵكو بەو بیرەی كە ژیان ولە پاشاندا مردن وێنەیان بێ سنوورە لە نێو بوون خۆیدا وبوون كە ئەم ڕاستیەی وەكو بەردەوامیەك دەنوێنێ ئەوا خۆی دەخاتە ژێر هێزێكی واوە كە دووسەرەییەكانی ئەو هێزە مێژوویەك وكولتوورێكی چەسپاو بۆ بوون دادەڕێژن، ئەمەش مانای وایە ڕەوایەتیدان بە مردن كە لە ڕووكەشی ژیاندا ڕەت دەكرێتەوە ئەوا قەبووڵكردنی ژیان لە ناواخندا ڕەت كراوەتەوە، ئەم دووسەرەییەی بوون دووسەرەیی ئەو هێزە گەردوونیەیە كە كۆتایی نەهاتوە و تاكو ئێستاش بوون بەو هێزەوە خۆی بەرجەستە دەكاو خۆی لە ناو دەباو خۆی دەخاتە باری شاراوەوە، ئەم بیرە لەم باسانەی خوارەوە زیاتر ڕوون دەكەینەوە ،
مێژووی یادەوەریە ناهوشیاریەكانی مرۆڤ وتاسانی هوشیاری
........................................................................................
دەبێ لەو باوەڕەدا بین كە مرۆڤ ملیۆنەها ساڵە بەرهەمی ژیان ومردن دێنێت؟ ئەگەر وەكو گریمانێكیش ئەو باوەڕانەمان لە لادا دروست بوو ئاخۆ دروست نیە گومان لەو مێژووەی مرۆڤ بكەین؟ بەوەی مرۆڤ لە ملیۆنەها ساڵدا تاكو ئیًستا لە مێژووی بوونی خۆی لە سەر ئەم زەویە تەنها لە چەند سەد ساڵێكی مێژووی خری دڵنیایە؟ئاخۆ مرۆڤ پێویستیی بەو هەموو ملیۆنە ساڵە هەبوو تاكو بگاتە ئەم ژیانە زۆر ڕەمەكیەی خۆی وئەو ملیۆنە ها ساڵە مرۆڤ بە چیەوە خەریك بوو؟
لەو باوەڕەدانیم مرۆڤ مێژوویەكی ئەوەندە كۆنی هەبێت ،ئەگەر هەشی بێت شوێنی گومانە ،بەوەی لە لایەكەوە ئەگەر باوەڕمان بە پەرسەندنی عەقڵی وجەستەیی وگەشەسەندنی سروشتیانەی مرۆڤ هەبوایە ،ئەوا دەبوایە مرۆڤ بەرگەی مردنی بۆ ماوەیەكی زۆرتر بگرتایە بەوەی خودی مرۆڤ هەر ئەوە بووە كە نەمرێت وزیندوو بێتەوە ، دەپرسین ئەگەر بۆ نموونە بۆ ڕاوكردن گەشەسەندنی سروشتی وای لە باڵندەیەك كرد چڕنووكی هەبێت وای لە زەڕافەیەك كرد ملی درێژ بێت وای لە گیانەوەرێك كرد دوو شاخی هەبێت ،ئەی بۆ وای لە مرۆڤ نەكرد بفڕێ و تەمەنی درێژ تر بێت لەو تەمەنەی هەیەتی؟ ،بۆ وای لێ نەكرد ئەویش بۆ ڕاوكردن جەستەو گۆشت وئێسكی پتەو تر نەبێ ؟ مەبەست لەم نموونانە لێكۆڵینەوە نیە لە سەر بیردۆزی ئەسڵی جۆرە ئۆرگانیەكانی بوون ،بەڵكو مەبەست لەوەیە مرۆڤ دیاردەیەكی بوونی تازەیە لە سەر زەوی وهەموو ئەو شارستانێتیانەی هەبوونەو لە ناوچوونە بە یەك ڕیتم ویەك ئیقاع بەرهەمی شارستانێتیی مردنیان چنیوەتەوە ،ئەمەش مەبەستی سەرەكیمان نیە ،بەڵكو مەبەست ئەوەیە ،دیاردەی مردن لە بیری مرۆڤدا دیاردەیەكی سەرەوەیی هوشیاریی ئەوە كە قەتاوقەت نەبۆتە هۆیەك بۆ گەشەسەندنی سروشتیانەی ئەو لە ژیاندا ، مردن لە دەرەوەی گەشەسەندنی سروشتیانەو ئیرادەو خواستی ئەودا بووە ،وەكو دیاردەیەكی سروشتی نەك بە لایەنی مرۆڤەوە بەڵكو بە لایەنی بوون خۆیەوە لە سەرەوەی حەزو خولیاو هیواو گەشەسەندنە عەقڵیەكانی ئەوەوە بووە، لێرەوە ئەگەر مردن دیاردەیەكی سەرەوەیی مرۆڤ بێت قەتاو قەت گۆڕانی بە سەردا نەهاتبێت ،دەشێ بیرمان بۆ ئەوە بچێت كە مردن ئەندازەیەكی خوڵقێندراوی نەگۆڕەو سەرچاوەیەكی نەزانراوی هەیە لە بوونداو مرۆڤ بە ڕازی بوون وژیان بە سەربردنی لە گەڵ مردندا پراكتیكی ئیرادەیەك دەكات لە دەرەوەی بوونی خۆی ومردن وەكو دیاردەیەك دەكەوێتە ڕوو كە مرۆڤ لە پەرلوێزیدا بێت ووەكو چەمكێك مردن هاوئەندازەییە لە گەڵ كۆی بوون وگەردووندا ،ئەمەش مانای وایە مردن كێشەیەكی مرۆڤایەتی نیەو كێشەی مرۆڤ لە گەڵ مردندا كێشەی پەراوێز بوونە نەك هاوبەشی بوون، بەوەی مرۆڤ بە مێژووی هەموو شارستانێتیی خۆیەوە بۆتە پەراوێزێك بۆ دیاردەیەكی زۆر شموولی وزۆر بوونایەتی وزۆر گەردوونی تر لە بوونی ئەو ،كەواتە ئەمە مانای چیە؟ بیركردنەوە لە جاویدانیی مرۆڤ بە جەستەی خۆیەوە بیركردنەوەیەكی ئەگەر نەشیاویش نەبێت دوورە لە بەدی هاتن ،بەڵًكوگەڕان بە دوای جاویدانی ونەمری گەڕان دەبێت بە دوای زانستی هاوشێوە دروست كردنەوەی ئەندامەكانی مرۆڤ ،یاخود دووبارە خەڵق بوونەوەی مرۆڤ ،لەو تەنانەی كە لە ناوناچن ،گریمانی زاڵ بوون بە سەر سنووری تەمەن ،زاڵ بوون نیە بە سەر خودی مردندا ،بەڵكو هەمان جەستەی مرۆڤە كە بەرگریی مانەوەی زیاد دەگرێت و واپێشبینی دەكرێت لە زانستی ئەندازەیی شریتی جینیەوە تەمەنی مرۆڤ زۆر درێژتر بكرێتەوە كە ئەم گریمانە هێشتا لە لێكۆڵینەوەو تاقی كردنەوەی سەرەوتاییدایە ،ئەوەی مەبەستی ئێمەیە ئەوەیە كە مردن وبیری لە ناوچوون كە پەیوەست كراوە بە كۆتایی مانەوەی خانەو شیبوونەوەی خانە ، وێك چوێنراوێكی بوون بوەو هەر لە سەرەتای یەكەمین خانەی بوونەوە مردن هاوپیچی ئەو خانەیە كراوە ،ئەمەش ئەوە دەگەیێنێ ئەگەر بوون سەرەتاو كۆتاییەكی هەبێت ئەوا ئەو سەرەتاو كۆتاییە لە مانای مردندا چڕ دەبێتەوە، مردنە وەكو پێوەرێكی ئەندازەیی بوون لە گەەڵ خودی بووندا هاتۆتە بۆشاییەوە ،بۆشایی بەو مانایانەی هیچ بوونێك مانایەكی هەڵنەگرتووە ،ئەم بیرە زۆر سەرتاییەی دروست بوون ،كاتێك لە گەڵ ئامادەبوونی مرۆڤ وگەردووندا هاتۆتە كایەوە مانایەكی نەدەبوو ئەگەر بە مردن هاوپێچ نەكرایە ،چونكە مەرجی هەموو بوونێك مەرجی مانەوەیەتی بە هۆكاری مردنەوە ،ئەم مانایەش گەوهەرێكی چەسپاوی مرۆڤ بووە كە نە لە فەلسەفەو نە لە كۆی مێًژووی شارستانێتیەكانی مرۆڤ نەبۆتە یادەوەری ،چونكە كاتێك مرۆڤ پراكتیكی ژیان دەكات مەرجی ئەو پراكتیك كردنە كە مردنە لە گەڵیدا ژیاوەو بەرەو ڕووی نەبۆتەوە ،مرۆڤ تاكو لەو ناهوشیاری وسڕینەوەیەی یادەوەریی خۆی بگات ،پێویستیی بە داڕشتنەوەی جەستەی خۆی ومامەڵە كردنێكی نوێ هەیە لە گەڵ ئەو شێوازی بیركردنەوەو بە كارهێنانانەی مادە ، واتە تەنەكان ،هەروەها پێویستیی بە داڕشتنەوەی سیستەمێكی دیكەی فیزیۆنۆمی هەیە بۆ بوونی خۆی كە بتوانێت دەسكاری هەموو بەشێكی جەستەی خۆی بكات ،لەم ڕوەوە زانستی بایۆلۆژی لەم ساڵانەی دوایی بیر لەو ڕێگایانە دەكاتەوەو هێشتا دەرەنجامی گەورەی نەبووە، ئەوەی دەمانەوێ جەختی لە سەر بكەینەوە ، ئەوەیە ئەگەر مردن دیاردەیەكی جیاواز بوایە لە دیاردەی دروست بوون ئەوا بیركردنەوەی مرۆڤ وهوشیاریەكەی بەرامبەر بە بوونی خۆی دەكەوتە ئاستیكی دیكەی بیركردنەوەی ولەو ئاستەی لە دیدێكی دیكەوە سەیری خۆی ومردنی دەكرد ،بەڵام كە مردن دەبێتە مەرجی بوون لەوێدا ئەو هوشیاریە لە بیری هەرە كۆنی مرۆڤەوە تاكو ئێًستا دروست بووە ئەوەیە كە مردن شوێن گرەوەیەكی نۆستالژیایانەی ئەوە بۆ باوەڕ نەبوونی هەرە قووڵی ئەو بە مردن وەكو چەمكی كۆتایی هاتن ، بەڵكو بۆتە هێزێكی نۆستالژیای گەورەی ئەو بۆ گەیشتن بە شوێنێكی دیكەو بوونێكی دیكە ،چونكە لەو مێژوەیدا مرۆڤ بیرێكی لەوە گەورەتری بۆ بوون نەبووە كە دەشێ مرۆڤ هیچ دەسەڵاتێكی هەرە بچووكیشی لە سەر چارەنووسی خۆی پێ بووبێ سەبارەت بە مردن ،
كەواتە مردن یادەوەریەكی هەمیشە نوستوو هەمیشە ئامادەی بوونی مرۆڤ بووە ،دامەزراندنی هەموو شارستانێتیەكانی ئەو لە سەر بناغەی گەشە پێدانێك بووە ،كە ناوی دەنێم گەشەپێدانی ژیان لە گەڵ مردندا ،ساتی ئەو سەرەتایەی هوشیاریی بوون لە مردندا ،ساتی گەشتی مرۆڤە لە نێو مردندا ،ئەمەش ئەوە دەگەیێنێ مردن وەكو مانای كۆتایی هاتن دەبێتە بەشێكی جیا نەكراوە لە دوالیزمەكانی بوون ودژ بە یەكیەكانی بوون كە لێرە بە دواوە باسی دەكەین وهەر ئەو دوالیزمە وەكو سیستەمێكی بیركردنەوەی هەمیشەیی مردن دەخاتەوە قاڵبە مێژوویەكەی خۆی لە نێوان بەرجەستە بوونی بوون وەكو ژیاندن وبەرجەستە نەبوونی بوون وەكو مردن ونەمانی ئەو هێڵە جیاكەرەوەیەی كە مردن لە ژیان جیا دەكاتەوە ،
دووسەرەیی بوون ودووسەرەیی بیركردنەوەی مرۆڤ لە مردن وەكو یادەوەریەك
............................................................................................................
بوون ڕاستاییەكی نە فیزیكی ونە بەرجەستەیی ونەدەلالەتداریی هەیە ،گەڕانی مرۆڤ بە دوای خواوەندەكاندا گەڕان بووە بۆ ڕاسپاردنی تێنەگەیشتنێك لە مردن ولە ژیان بەو خوداوەندانە كە تواناو ئیرادەی ئەوەیان تێدا بێت ئەو دیاردە گەورانەی لێیان ناگات بیان گەڕێنێتەوە بۆ لای ئەوان ،گەورەترین ئەفسانەی مرۆڤیش خوڵقاندنی ئەو یادەوەریە گەردوونیە مرۆییەیە كە مردن لە دەرەوەی دەسەڵات وتێگەیشتنی ئەودایە ،چونكە بوون بە شێوەیەكی گشتی لە سەر بناغەی دژەكان ونا هاوسەنگیە شێوەییەكان دامەزراوەو ئەمەش بۆتە هۆی ئەوەی ئەم سیما گەوهەریەی ئەو بێتە نێو كەسایەتی ویادەوەری وهوشیاریی وناهوشیاریی زۆر قووڵی ئەوەوە ،
ئەگەر مردن وەكو ئەزموونێكی تاقیگەیی نێو زمان وەرگرین ،ئەوا بەرامبەر بەو چەمكانەی كە دەرچوونێك نیشان دەدەن كە لە گەڵیدا ناتەبا بن ، دووسەرەییەكی دژ بە یەكی بیركردنەوە دەردەخەن ،وەكو (ژیان ،نەمری ،مانەوە ،زیندوێتی ،..هتد) ،كاتێك بوون درێژبوونەوەیەكی لە نێو زمان ومانادا دەبێت ،ئەوا ئەو درێژبوونەوەیە دەبێتە جۆرێك لە جۆرەكانی مانەوە بەرامبەر بەناوەڕۆك وشێوەی بابەتیانەی نەمانەوە ، ،پرسیارەكەش لەوێوەیە ئاخۆ ئێمە دەتوانین لە بوونێكدا بژین كە دژ بە یەكیەكان تێیدا نەمێنن؟
پرسیاری سادەی لەم جۆرە ڕاستیەكی بناغەیی تێدایە ،كە بوون بە هەردوو ڕوە بەرجەستەیی وشاراوەكەی میكانیزمێكی كرداری ناوەكیانەی دوو سەرەبوونەكانن ،نەك وەكو دیاردەیەك بەڵكو وەكو میكانیزمی ناوكۆییانەی كردارێكی بێ سنووری گرتنەوەو دابەش كردنەوەی بوون ، مرۆڤ ئەو كاتە لە فەزایەكی بوونایەتیی تەواودا دەژێت ولە مردن دەگات كە بگاتە بوونێك كە كۆتایی بە جیاوازی وجیابوونەوەی دابەش كردنە دووسەرەییەكانی بوون دێنێت ،ئەو كاتەی سنوورەكانی نێوان ژیان ومردن تێكەڵ بە یەك دەكرێنەوە، وەكو گەِڕانەوەیەك بۆ ساتی هاتنە كایەوەو دابەش بوونە سەرەتاییەكانی بوون ، بیری لەم جۆرە ڕەهەندێكی فانتازیایی بەرجەستە بوون وپێك هاتن ودروست بوونەوەیە ،چونكە ژیان وەكو دیاردەیەكی زیندووبوونەوە ،واتە هاتنە كایەوەی زیندوێتی وبەرجەستە بوونی زیندوێتی بەرامبەر بە مردن وەكو دیاردەیەكی نابەرجەستە بوونی شیاو بۆ ئامادەبوون ، ئەو دوو گۆشە لە یەكتر جیاوازەن كە شوێن وتەنە بەرجەستەو نابەرجەستەییەكان تێكەڵ بە یەكیان دەكات ،ئەمەش مانای وایە مردن وەكو دیاردەیەكی نابەرجەستەیی سەربەخۆییەكی تەواوی لە ماناو بوونایەتیدا هەیە ،بەڵام كە پەیوەست دەكرێت بە بەرجەستە بوونەوە ئەوا سروشتی مردن هەر ئەوە دەبێت كە ئەو سەربەخۆییەی خۆی وابەستە كراوی بوونی بەرجەستەیی بكرێت ،بەمەش گەوهەرێكی شاراوە لە نەبوون وەكو مردن لە دەست چووە ، هەروەها گەوهەرێكی شاراوەی بەرجەستە بوون لە ژیاندا لە دەست چووە هەر ئەو كاتەی كە پەیوەست دەكرێت بە بیری نەمان ونا بەرجەستەیی بوونەوە واتە مردن ،كەواتە بوون بە هەردوو بارە بەرجەستەیی و نابەرجەستەییەكانیەوە واقیعێكی بوونایەتیی دووسەرەیان لە نێو هەموو تەنەكان وبۆشاییەكاندا دروست كردوەو ڕەزامەندین لە سەر نابەرجەستەبوونی كۆمەڵێك گریان وخەیاڵ لە سەر بناغەی نا هوشیاریكی گەردووونیی مرۆڤ داڕشتراوە ،چۆن؟
ئێمە هەموو ڕۆژێك تەلەفۆن دەكەین گوێ لە ڕادیۆو ڕیكۆردو بانگدان دەگرین وهەموو ڕۆژێك سەیری تەلەفزیۆن وسینەماش دەكەین ،ئێمە هەموو ڕۆژێك كارەبا بە كاردێنین وكۆمپیووتەر چۆتە ژیانمانەوە ، هەموو ئەو ئامادەبوونەی ئەو دەنگ ووێنانە لە سەر بناغەی لاسایی كردنەوەو گواستنەوەی بوونی ئێمەن وبوونێكی نابەرجەستەییان هەیە ،ئێمە پرسیاری ، چۆن دەكرێت وێنەو دەنگمان بەو شێوە دووبارە بكرێتەوەو دووبارە نیشان بدرێتەوەو تەنانەت ڕاستەوخۆش نمایش بكرێتەوەو وبنوێنرێتەوە ،دای دەخەین وبە لامانەوە گرنگ نیە چونكە باوەڕێكی ناهوشیاریمان بە نەبوون وشاراوە بوون هەیە كە لە سەرەتای دروست بوونمانەوە ئەو باوەڕەمان لە بیركردنەوەو سروشتی خۆماندا هەڵگرتووە ،باوەڕهێنان بە بوونی خوا ،باوەڕێكە هێزێكی ناهوشیاریی گەردوونیی لە نەست وهەوستماندا دروست كردووە كە تاكو ئەمڕۆش ئێمە پرسیارەكانی ئەو هێزە گەورەو شاراوەیە دوا دەخەین ونایكەینە بەشێك لە خۆمان ،بەڵام لە ناخەوە كە باوەڕدێنین ئێمە لەو ناهوشیاری بوونەی بیركردنەوەماندا هەموو پرسیارە وەڵام نەدراوەكانی ناخ وبیركردنەوەی خۆمان بەو بوونە شاراوەیەی ئەو هێزە دەسپێرین ،لە ئایندا بە گشتی كاتێك بوون ڕوویەكی بە هێزی دروست كردن ولە ناوچوون بە خۆوە دەگرێت ،ئەوا جۆرێكی ناخەكیی دووسەرەبوونی گەردوونیانە بە مرۆڤ وبە شتەكان دەبەخشێت ،گازەكان بزرن لە بەرجەستە بووندا بەڵام هەن ، تەزووی كارەبا بەرجەستە نیە بەڵام ڕاستیەو هەیە ،لەم دواییانەشدا لە ڕووسیاو لە وڵاتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا بە ڤیدیۆ و بەو بەڵگەوە بوونی دیكەی نا بەرجەستەیی تۆمار كراوە كە ئەوان پێی دەڵێن تارمایی ،كەواتە ئەگەر بیر لەوە بكەینەوە هەموو مانایەك هەموو بەرجەستە بوونێك وابەستەی نا بەرجەستە بوونێك كراوە ئەوا دەبێ باوەڕمان بەوە هەبێت كە ئێمە بەشێكی گەورەی بوونمان لە ناهوشیاریەكی گەردوونیدا وابەستەی نابەرجەستە بوونێكی خاوەن بوونایەتیی بزر كراوەوئەمەش بۆتە هۆی ئەوەی مرۆڤ هەر لە سەرتای بوونیەوە نە بە تەواوەتی لە بوونێكی بەرجەستەییدا ژیاوەو نە لە شاراوەیی ونابەرجەستەیی بوونێكدا ژیاوە بەڵكو مرۆڤ لە نێوان بیری بوون ونەبوون ، واتە ژیان ومردن دابەش بوەو هوشیاری وئاگاییەكەی نە لە سەرەتاوە بە تەواوەتی سیفەتێكی ڕەگاژۆی نەبوونایەتیی هەبووە نە بوونایەتیەكی تەواویش ،ئەمەش مانای وایە كاتێك ئێمە دێینە ژیانەوە هەمان كولتووری بیركردنەوە هەڵدەگرینەوەو هەر ئەم هەڵگرتنەوەیەش وێنەیەكی كەسایەتیی دیاری كراومان بۆ دەكێشێ ،واتە دیاردەی هاتنە بوونی مرۆڤەوە دیاردەیەكی خوڵقاندنی خودی ئازاد نیە وئەو خودە لە بناغەوە وابەستەی بوونایەتیەكی بیركەرەوەو یادەوەریەكی حازر كراوە ، ئیتر لەوێوە ئەگەرەكانی چۆنێتی كەوتنەوەی كەسایەتی ئەو خودەو بیركردنەوەكانی دەست پێ دەكەن ،ئەمەش مانای وایە كولتووری بیركردنەوە لە مردن كولتوورێكە لە گەڵ بوونایەتیدا دابەش كراوە ، لە سەر بیری دوو سەرەیی بوونی خودێكی بوونایەتی دووسەرە.
بیری دوو سەرەبوونی بوونایەتی هەر لە نێو ئەفسانەكانی مرۆڤ وتەنانەت لە نێو ئاینەكانیشدا ئامادەیە ،ناتوانین بۆ نموونە بە بێ ئامادەیی ئەو دوو سەرەبوونە لە هیچ هێزێكی یامانایەكی نە سەرەوەیی ونە گەردوونی ونە تایبەتمەندی بڕوانینە مردن لە چوارچێوەی بیری هەبوون ونەبوون ،چ لە ئەفسانەو چ لە ئاینەكاندا هێزی دروست كەرو تێك دەر ،هێزی بنیات نان وڕوخاندن ،هێزی بەخشینی ژیان ولێسەندنەوەی ژیان ،هێزی گۆڕان بۆ بوونی دیكەو نەمانی بوونی بناغەیی ،هێزی بزر بوون وئامادە بوونەوە، ..هتد وابەستەی بوونایەتیی مرۆڤ كراوە ،كەواتە ئامادە بوونی مرۆڤ لە ژیاندا ئامادەبوونێك نیە لە دەرەوەی كولتوورێك بۆ بوونایەتی كە خود تیایدا وەكو هێزێكی تازەی ژیان وبوونایەتیی سروشتی ببێتە خاوەنی بیركردنەوەو ئاوەزێكی سەربەخۆ بەڵكو مرۆڤ لەوێوە دێتە ژیانەوە كە بە شێوەیەكی ڕەهاو بێ سنوور هەمان كولتووری بوونایەتیی داسەپاو لە مێژوودا هەڵگرێتەوە ، واتە مرۆڤ بە شێوەیەكی گشتی یەك مرۆڤە كە دروست دەبێ ولە پاشاندا لە ناو دەچێت ،ئەم بیرەی دروست بوون ومردنەی تاك ڕەهەندی وتاك ماناییەی بوونایەتیی مرۆڤ ، بە جارێك دەچێتە نێو دیاردەیەكی بەرفراوانی گەردوونیەوە لە دروست بوونەوە بۆلە ناوچوون ،كۆپی كردنەوەی مرۆڤەكان لە دروست بووندا هەمان كۆپی كردنەوەی مرۆڤەكانە لە مردندا هەمووش هەڵگری یەك بەهای بوونایەتین ،كەواتە مرۆڤ وهەموو ئەو بوونەی كە هەیەتی ،شێوەیەكی نموونە كاریی هەڵًگرتووە ،لە نێو دیاردەیەكی بەرفراوان وبێ سنوور ،كاتێك بیر لە هێزێك دەكەینەوە كە سنووری نیەو هەموو بوون لە یەكایەتیی ئەودا ڕەنگ بداتەوە ،كاتێك هەموو ئەو بوونەو خودی مرۆڤیش یاوی دابەش بوونی دووسەرەییانەی بوون دەبن ،ئەوا ئەو ڕاستیە ڕوونە كە مرۆڤ پێش هاتنە ژیانەوەی وپاش هاتنە ژیانەوەیشی تەنها كاری خۆ دووبارە كردنەوەو خۆ لە ناو بردن بووە لە چوار چێوەی بیری دابەش بوونی مرۆڤ لە سەر بوونایەتیی دووسەرە بەرامبەر بە دابەش نەبوونی بوون لە یەكایەتیەكی یەك سەرە ،ئەمەش نهێنیەكی بیركردنەوەیە كە مرۆڤ لە كولتوورە عەقلًیەكەیدا بزری كردوەو نەیكردۆتە هیچ هێزێكی بیركردنەوە لەو ڕاستیەی كە بوونی ئەو بوونێكی ناكامڵًە وبەڵكو جەستەو عەقڵی ئەویش لە هەموو خانەكانیدا نەخشێندراون ،، كۆپی كردنی مرۆڤ نەك تەنها ئەو ڕاستیەی سەلماند كە مرۆڤ بۆی هەیە ببێتە بوونەوەرێكی تاقیگەیی بەڵكو سەلماندی كە مرۆڤ بریتیە لەو كۆمەڵە ڕەگەزانەی كە لە بووندا هەن وئەمەش پەیوەندیی بەو هەستە دژ بە یەكەوە هەیە كە بوونی ئەو دەخەنە بوونایەتیەكی دووسەرەوە ،لەو كاتەی مرۆڤ لە ڕووكەشدا خۆی بە تاكە بوونەوەری هۆشمەندی خاوەن هوشیاریی گەردوونی دادەنێت ،لەو كاتەدا لە ناخەوە باوەڕێكی دیكەی لە ناخدایە كە ئەو تەنها نموونەیەكی كۆپیكراوی بوونایەتیەكی شیكاری وئەناتۆمیەو زیاتر بە بوونەوەرێكی تاقیگەیی دەچێت ،ئەم یادەوەریە نوێیەی هوشیاریی مرۆڤ وا دەكات مرۆڤ لە بوونی خۆی ولە ناوچوونی خۆی دڵنیا نەبێت ،كاتێك ئەو لە مادەیەكەوە بۆ مادەیەكی دیكە دەگۆڕێت ولە پاشاندا بۆ چەندین مادەی دیكە شیتەڵ دەبێتەوە بیری بۆ ئەوە دەچێ كە ئەو هیچی لە دوای خۆیەوە جێ نەهێشتووە ،ئەم هەستە ئەوەندە تراژیدی ودرامیە كە ئەو ڕاستیە لە بیری دەباتەوە كە ڕووداوی بوونایەتیی ئەو لە گەردوونێكی واڵاو بێ سنووردا وەكو(دڵۆپە ئاوێكە لە دەریادا) كە هاتنی ئەو بۆ زەوی تەنها ئەو دەرفەتەی لە بەردەم دەكاتەوە بە هەموو دژ بە یەكیەكانی بیرو بوونی خۆی ڕازی بێت ولەوە زیاتر بیر لەوە نەكاتەوە كەچیی بە سەردێ لە پاش مردنی ،مرۆڤ لە ژیاندا خۆی لەو یادەوەریە مێژووییە بە پاڵەوان كراوو بە گەورە كراوو سەروەری پێ بەخشراوە دەبینێتەوە كە دەتوانێ گەورەترین پەیوەندی لە گەڵ گەورەترین نهێنییەكانی بووندا دامەزرێنێ لەو كاتەی ئەگەر بە پێی بیری بە دووی یەكدا هاتنی بوونایەتیش بێت كە لە كتێبی بەرجەستە بوونی گەردوونیدا ڕوونمان كردۆتەوە ،واتە گریمانی بوونی دیكەو بوونی دیكە كە مەرج نیە هەستەكانی ئێمە دەركیان پێ بكات وئەو بوونانەش پلەیەكی بەرزترو بەرزتری بوونایەتیان هەیە ،ئەوا ئەم بیرەش ئەو ڕاستیە ناشارێتەوە كە مرۆڤ بەرامبەر بە بوون ولە ناوچوونی خۆی ،لە دڵنیا بوون لە مردنی خۆی وتەنانەت لە زیندووبوونەوەی خۆشی ،هەمیشە ئەو بوونەوەرەیە نامۆیەیە كە مردن تەنها مردن بۆی هەیە لەو كێشە فیكری ودەروونی ومێژووییانەی خۆی بخات ومرۆڤ بوونایەتیە دوو سەرەییەكەی خۆی كە نیوەی لەو دیوی هوشیاریەكانیدا دەژین ونیوەكەی تریشی لەمدیوی بوونایەتیی خۆی وای كردووە كە ئەو لە هیچ یەكێك لەو بوونایەتیانەدا ئامادەییەكی ڕاستەقینەی نەبێت ،بەو پێیەی لە هەر لایەكی بوونایەتیی خۆیدا پراكتیكی ئەو هەستە دەكات ولە خۆی دەپرسێت ئاخۆ ڕاستە من هەم و دەژیم وناوێكم هەیەو خەڵكانی دیكەش لێرەن لە نزیك منەوە؟! هە ر لەو یادەوەریە دووسەرەیەدا پرسار لە خۆی دەكات ،ئاخۆ من هەست بە بوونی خۆم دەكەم یانا؟
ئەم دووسەرەبوونەی مرۆڤ دوو سەرەبوونێكە دەچێتە نێو ئامادەیی كۆی ئۆرگانەكانی بوونەوە ،دەچێتە كۆی مێژووی یادەوەریە ئۆرگانیەكانی بوونەوە ،یاسایەكی گەردوونیی ئۆرگانەكان تەنها ئەركێكی فیزیایی بایۆلۆژیی ئەو گۆڕینی بوونەكان وگۆڕانكایی ڕەگەزەكانی بوونە ،ئەو یاسایانەش لە هێزێكی گەردوونیەوە بەردەوامی ومانەوە بە خۆی دەدات ولەو باوەڕەم ئەو هێزەش لە كۆتاییدا پاساوی ئامادەبوونی كۆی بوونە بەرجەستەو نابەرجەستەییەكانە ،ئەوەی لێرەدا مەبەستمانە ئەوەیە كە بوونی مرۆڤ ڕەوایەتیی بیركردنەوەو مانەوەی خۆی لە دوو سەرەییەكانی بووندا دەدۆزێتەوە چونكە ئەمە مەرجی ئامادەبوونی هەستیاری وهوشیاریی ئەوە بۆ مانەوەو ژیان ولە پاشاندا مردن ،بەم بیرەش ئەگەر دووسەرەییەكانی بوون ڕاستەقینەو دان پێدا نراو بن سروشتیە ڕەوایەتیی مردن بۆی هەیە لە و پرسیارەوە شیی كەینەوە كە ئەگەر ژیان مانای ماناو بەردەوام بوون وئامادەبوون بنوێنێ ئەوا ڕەوایەتی لە ناوچوون لە شیبوونەوەو مردن مانای كۆتاییەك دەگەیێنێت بۆ بیری هەمیشە ئامادەبوون كە پێچەوانەیە لە گەڵ یاساكانی بووندا ،ڕۆژانە بە ملیۆنەها ئەستێرە دروست دەبن وبە سەدان هەزارانی دیكە لە ناو دەچن ،بە هەموو ئەو بوونانەی كە وەكو گریمانێك تیایاندا بن ،كەواتە مردن دوا خستنی لە ناوچوونێكی گشتیی یەك سەرەییانەیە بەرامبەر بە ئامادەبوونێكی دووسەرەییانەی دیكەی بوون ،هەموو پرسارەكانی ئاین گەڕانێكن بە دوای ئەو هێزە یەك سەرەییەی كە یەك گرتنەوەی دووسەرەبییەكانی بوون دەنوێنێ ،لێرەشدا ئاماژە دان بە بیری سۆفیگەرایی گرنگە لەو ڕاستیەوەی هەوڵی سۆفیگەر بۆ ئامادەنەبوون لەم بوونەی ئێستاو تێپەڕ كردنی گەوهەری بوونایەتیی بەرجەستە كراو گەڕانێكە بەرەو ئەو یەك سەرەبوونەی كۆتایی بە كێشەی دووسەرەییەكانی بوون دێنێت ،ئەمەش وا دەكات مرۆڤ خەونەكانی بۆ ئازاد بوون لە چارەنووسێكی دووسەرە وە بگوازێتەوە بۆ چارەنووسێك كە تیایدا هەست بەو ئاسایشە دەروونیە گەورەیە بكات كە ئەویش بەشێكە ، بەشێك لەو نهێنیانەی چوار چێوەی بوونیان پێوە بەستراوە ، بەوەی ژیانی تەنەكان وبەرجەستە بوونیان دەربازبوونیان نیە لە گەوهەری دووسەرەبوون،
كەواتە مرۆڤ لە یادەوەریی هوشیاریەكانیدا ئەو بوونەوەرە هەستیارەیە كە خاوەنی مێژوویەكی درێژ نیە لە گەڕان بە دوای ڕاستیەكانی مردنی خۆیدا چونكە ئەو بەربەستە گەردوونی وبوونگەراییە ئاستەمانەی كە بەرەو ڕووی دەبنەوە ،هەمیشە بەرەو ئەمدیوی ژیانی دەگەڕێننەوە كە بەرجەستەكاری دووسەرەییەكانی بوونە ،لەو كاتەی گەڕان بە دوای ئەو دیوی تەنە بەرجەستەییەكاندا لە بیری هەڵاتنێكدا كۆدەبێتەوە كە هەڵاتنە لە مردن ،كەواتە مردن ئەو بیرە قورس وهەزم نەكراوە هەمیشەییەی مرۆڤە كە لە بەرزترین ئاستەكانی قەبووڵ كردن وخۆدانەوە دەستەوەو هەموو باوەڕە پیرۆزەكانیدا ڕەتی دەكاتەوەو لە ڕووكەشی بوونی ژیاندا قەبووڵی دەكات ،ئەم ڕەت كردنەوەیە خۆی لە خۆیدا باوەڕێكی ناخەكیە بەوەی شتێك هەیە كە مردنەو هەروەكو هاتنە ژیانەوە وایەو ئەو لە نێوانی هەڵبژاردنی مردن وژیاندا بوونێكە كە زیاتر بە دیاردە گەراییەكی بوونایەتیی بێ لایەن كراوو دەستە پاچە كراو دادەنرێ هەر كاتێك ویستی كار لە سەر ئەو ملكەچیەی خۆی بكات ،لە گەڵ ئەوەشدا مرۆڤ لە یادەوەریە هەرە هوشیاریەكانیدا مردن وەكو ڕاستیەك وەرناگرێ ،بەڵكو لە شوێنە هەرە نادیارەكانی خۆیدا ڕەهەندێكی ئەودیویی بوونایەتیی پێ دەبەخشێت وئەگەر ئەو بەخشینەش نەبوایە ژیان پێی دەچوو لە ماوەیەكی كورتدا بگەیشتایەتە تەواوی ماناو كۆتایی خۆی ،كەواتە ئەوە ڕاستیی دووسەرەبوونەكانی ناوەوەی مرۆڤە كە هاوشێوەی دوو سەرەبوونەكانی سروشتەو نموونەیەكیش لەو دوو سەرەبوونانەش دەچێتە ئەو دیوی بوون وسروشتەوە ،ئەم ِڕەزمە بوونگەراییە ئەو ڕیتمە شاراوەیەی بوونە كە لەنگی ونایەكسانیەكانی دوو سەرەبوون دەبێتە هۆی تێك چوون ولەنگ بوونی هەموو بوونە سروشتیەكان ،كە بە بڕوای مێژووی تازەی مرۆڤایەتی بە دوای یەكدا هاتنی شارستانیەتە كۆنەكان زیاتر بۆ ئەوە گەڕاوەتەوە كە مرۆڤ تاكو ئەو سەری كەوتۆتە دووی تێك دانی ئەو ڕەزمە داسەپێنەرانەی كە ئەو وەكو مرۆڤێك لە سەر زەوی دیاری دەكەن نەك وەكو خواوەندێك ،كاتێك مرۆڤ سنوورەكانی دووسەرەیی خۆی تێپەڕ دەكات ئەوا دەچێتە ناواخنێكی لەنگ وناهاوسەنگی ئەو دوو سەرەبوونانەی گەوهەری بوونایەتیی ئەوو شەرعیەتی مانەوەی ئەو دیاری دەكەن لە سەر زەوی هەركاتێك ئەو ڕەوایەتیانەی بوون بە بارە شاراوەو بەرجەستەكاریەكەوەی بەرەو ڕووی سەركێشی وبەربەرەكانێكانی مرۆڤ دەبێتەوە ئەوا ئەو بوونایەتیە دەكەوێتە مەترسیەوە ،بۆچی؟
كاتێك مرۆڤ وزانینەكانی هاوسەنگیەكیان تێدا نامێنێت لە گەڵ گەورەیی كارەساتی هاتنە ژیان وجێ هێشتنی ژیان ،كاتێك مرۆڤ لە خەیاڵ وزانست وئاین وئەفسانەكاندا زیاتر لە سنووری تواناكانی خۆی بەرەو یەك خستنی دوالیزمەكانی بوونی خۆی دەچێت ،كاتێك مرۆڤ دەیەوێ ئەو دیوی شوێنی خۆی تێپەڕكات ،ئەوا ئەو كردارانەی ئەو هەوڵێكن بۆ تێپەڕ كردنی ئەو بوونە سروشتیەی كە شوێن وزەمەنی ئەوی تێدا دیاری كراوە ،كاتێك ئەو شوێن وزەمەنانە تێپەڕ دەكرێن ئەوا بوونێك لە ناو دەچێت ،بۆ نموونە دەرچوون لە زەمەنی چەسپاو بە هۆی جووڵەوە لە جێ هێشتنی شوێندا زەمەنەكانی تاك وكۆ گۆڕانیان بە سەردا دێت ،ئەو گەشتیارە گەردوونیەی بە خێرایی تیشك چەند ساڵێك دەڕواو دەگەڕێتەوە نە بوونی خۆی ونەبوونی ئەوان وەكو خۆی دەبینێتەوە ،گۆِرٍانی زەمەنەكان لای ئەو چەسپاوە بەڵام لای بەرامبەرەكانی ئەو دەگۆڕێن ولەوانەیە بە دەیان ساڵی تێپەڕبوونی زەمەن بگرنە خۆیان ،كەواتە لە هەموو حاڵەتێكی جیابوونەوە لە زەمەن وشوێن لە كردارو بیركردنەوەدا ئەوا مرۆڤ هەمیشە دەگەڕێتەوە سەر یاساكانی دووسەرەبوونی گەردوونیانە ،لە زەمەن ولە سروشت وەكو شوێنێك لە مرۆڤەكان وەكو جۆری ژیان وجۆری بیركردنەوە ،كەواتە مردن ئەگەر وەكو هاوسەنگیەكی ژیان قەبووڵی كەن ئەوا ڕوونە كە هەموو دووسەرەبوونەكانی گەردوون مەرجی بوونایەتیی مرۆڤن.كە مردن گەورەترین شوێنی لە بوونایەتی وچارەنووسی لە خۆ دەگرێ،