بۆ كوێ ڕۆیشتی
ئەی هاودەمی مناڵیم و..
بەوری خەیاڵ؟!
خۆ هێشتا لەمانای سەفەر سەر دەرناكەی
تەنها جارێك
سەرنجت لە هەنگاوی موسافیرێكی دڵتەنگ نەدابوو
تا بتوانی ئازاری پەژموردەیەك بخوێنیەوە
بەدەم دەنگی گۆرانی بێژێكی غەریبەوە
برسیەتی بەرچنەیەكت نەشكاندبوو
تا لە برسیەتی جانەوەرەكانی ئەوێ تێبگەی
بۆ كوێ رۆیشتی؟
ئەم سەفەرە..
بەرەو كام بیابان و..
ماڵی كام ماری دووسەرە؟
هێشتا دایە..
لە خوێنە زێی ئەشكی خۆیدا بێحاڵەو ..
لەگەڵ جیڕەی دەرگای هەر ژوورێك و
كردنەوەی هەر پەنجەرەیەكدا
تژی دەبێ لە بێڕەنگی
دەستەكانی بابەـ ش
هەر بە ئاسمانەوە دێن و دەچن
ئەی هەوێردەی روانین
لەم تەمتومانی ژەهرەدا
لە كڵاورۆژنەی كام خانەقاوەبڕوانم
لە میحرابی كام مزگەوتە نزا بكەم
راوی كام جاڵجاڵۆكەی خەیاڵ بنێم
یادگاریەكان، بەكام دەنگ بسپێرم؟
كە هێشتا گوێیان..
بۆ گریانی ئینجانەیەكی رەشپۆش نەگرتووە
بۆ كوێ رۆیشتی؟
وا بەردەبێر دەكەمە هەسانی داس و سەرینی شەو..
لەم وەرزی سەفەرەدا،
هەرچی لێرەوە تێپەڕی
دڵی شاخێكی پێكاو..
كانیاوی نیگەرانكرد!
باگەڕ هات و.. خۆڵبارانی كردە دیاری هەنارستان
شۆرش هات و..
قەلەمی لە نوسینەوەی كڕێوەدا شكا!
سێلاو هات و..
نیشتیمانی لە ڕەنگی بیابان هەڵكێشا
نەسیم هات و..
شوێن پێ جێماوەكانی گەلە گورگی بۆ خوێندمەوە
خەیاڵ هات و..
ئاسمانی وەك شاهید عەیانێك بیر خستمەوە
كەچی ئاسمان..
وەك نابینایەك خۆی ناساند!
تا بەرۆكی ئەزهەرم گرت
بەڕوو زەردییەوە گووتی:
كوێرانە گەواهی نادەم
كێ دەڵێ ئەمە ڕەوی ترس نیە لە تاعون؟!
ئێوە بەری درەختی كام سۆفین و..
وەچەی كام لە یارانی قورەیشن؟
حوشترەوانی كام سارایەن؟
ئاخر ئێوە..
لە سەجەرەی ئێمەدا نین
چۆن بتوانم..
پەنجەرەیەكتان بەڕوودا بكەمەوە؟
ئەی موسافیری ڕەنگ پەڕیوو..
دەبڕۆ.. پشتی رێگات بچەمێنە
تا دەگەیتە قەرسیلی حەقیقەت ..
ئای خودایە..
لەم زەمەنە ڕووزەردەدا..
چۆن بتوانم..
رۆژمێری سەدەیەك هەڵدەمەوە..
چۆن بتوانم..
چریكەیەكی (عبدلباست) بكەمە ناسنامەی خۆم
لاولاوی ئومێد كام پەنجەرە بكاتە پەیژە..
تا ویژدانی (ئەبو نەواس) راِچڵەكێنم،
كەچی وەك حەریفێك گوتی:
مەچریكێنە..
با ماسییەكانی دیجلە نەترسێن
تۆ خەڵكی كام كیشوەری؟!
گوتم:
دەوەنێكی باڵەكایەتیم
نانا ..
ئاتەشگایەكی دڵ بەكوڵی هەورامانم
نانا..
ژێی تارەكەی مەحەمەد عارف و مەقامێكی مەردانم
هاتووم..
هەواڵی نیشتیمانی سوتەمەرۆ
بە (ئەبوسیرین) بگەیەنم
گوتی برۆ..
نیشتیمانی تۆ لە نیشتیمانی من ناچێ
هەر وەك چۆن تۆش لەمن ناچی
ئەو لە خەونی تۆ تێناگا
دەبڕۆ ..
هەوری خەمی خۆت ڕاو بكە ..
لە (رووەیمی بەغدادی)م پرسی
پاسارییەكانت نەبینی؟
گووتی: دان بۆ كەڵەشێرەكان ڕۆمەكەن
با سەیری شەڕە دەنووك بكەین!
ئەی خودایە..
ئێمە لەكام چاخی بەردینەدا جێماوین
لەلایەك لەشكری كوللە
گوڵاڵە سوورەم دەكوژێ و..
لەلایەك تەنها بەرماڵێك كۆماندەكاتەوە!
ویژدانی حەللاج گووتی:
بەو موسافیرە بڵێن: گیانی (ئەحمەد) هێشتا سڕە
با بەرۆكی ـ باـ ی سارا بگرێ
ئەوان لەوێ..
وەك ماسی پێكراو سەرئاو كەوتوون
سارا لەچاوەڕوانی ئەو دایە ..
گوتم : ئەی ـ باـ
كوا ڕوانین و..
كوا ستیان و..
كوا ئەڵقەی كیژانی بەدەزگیران
كوا زارۆك و كوا زورهانم؟
دەوەرە وەكو مەردان ..
تەنها گریانی مناڵێكی تینووم بدەوە
ئاخر ئەی ـ با ـ
پشت لە ماڵی ویژدان مەكە
با نمەكی خانەدانیمان نەتگرێ
لەوەتی هەی..
لەنیشتیمانی منا،
بۆنی گەردنی حەبیەو عەنبەر خاتونم دەكەی
لە هەنارستان و..
ڕەزو باخما وچان دەدەی
لێرەش.. لە مەملەكەتی لم و نەڕ
وشكتر..
لە قانگەلاشكی بەربای پایزی لێڕەوارمی ئەی ـ باـ
با نمەكی جوانیمان نەتگرێ
بەنیگەرانیەوە گووتی:
لەو تەپۆلكانە بپرسە بە سورەتەكانی قورعان هەڵچنراون
ئەها ئێرە..
سەراپا نیشتیمانی سیسرك و مار و دووپشكە
دەتۆش بڕۆ..
دەسرۆكەی لاشانی مناڵەكان و..
مێخەكبەندی كەژاڵانت
لە دامێنی درەختی مزگەوتەكانا بنێژە
ئاخر منی ـ با ـ
لەبەر شانەكردنی بسكی خەناوی كیژان
چۆن بتوانم ئەسپەشێی سەفەر زین بكەم؟
ئەوێ رۆژێ..
مێخەكبەندێكم بینی
بە دڕكەزی سەربازگەدا هەڵواسرابوو
لەو لاشەوە، گوێم لە نركەی
تەسبیحێكی سەر بە گوڵینگەو..
كوڵاوێكی بێ جامانە بوو
چاوەڕێی سووری زەوی و ..
گەیشتن بە سێبەری مێخەك بوون..
ئەی موسافیری عاشق..
دەتەوێ ناونیشانی كام چرایەم پێ بدەی؟
هێشتا چراكانی خوا..
لە چاوەڕوانی موسافیرێكدا كز دەسوتێن!
ئای لەخۆم..
چۆن بتوانم لەم وەرزی بێ ئەمەكییەدا
مەكرو نازی فاتمی جیران و..
دەنگی خۆشی حەمەشوان و..
قەرا قەرای شەو درەنگی مناڵانی كوچەو..
دیمەنی بەیانیانی، سەر تەنوروی ژنانی گەڕەكت نیشان بدەم.. ئەی با
چۆن بتوانم موروویەكی شین و كلدانێك
بكەمە ناونیشانی ئاسكی دڵم.. ئەی با
چۆن بتوانم..
ئەو هەموو ڕەنگە لە ئاوێنەی كارێزێكا بشۆمەوە..ئەی با
دەبگەڕێ.. دەبگەڕێ ..
ژێر پێی مێرولە و ماڵی ماریش بگەڕێ
دەبگەڕێ شیتاڵێكم پێ بدەوە
دەبگەڕێ ..
با چیتر دایە لە دەرگا نەڕوانێ و..
بابەش ..
دەستەكانی بە ئاسمانەوە نەبن
ئەی با..
دەبگەڕێ .. دەبگەڕێ
با نمەكی جوانیمان نەتگرێ
* رووەیمی بەغدادی : لەسەردەمی حەللاج گووتی: تا سۆفییەكان خەریكی شەڕەدەنووك بن ، لە سۆفی گەریەتی مەترسن
* ئەحمەد ئەو كەسە بوو لەدژی حەللاج شاهیدی نەدا بۆیە كوژرا
* مەبەست لە عبدلباستی قورعان خوێنە كە بەرەگەز كوردە و خەلكی جەزیرو بۆتانە لە باكوری كوردستان
* ئەبوسیرین .. یەكەم كەس بوو خەوننامەی داهێناو خەڵكی ناوچەی باڵەكایەتی بوو