زۆربا ؛ من نازانم تۆ قەدیسیت یان شۆڕشگێڕ ؟
دەنکی قۆخێکی گەییویت یان فانۆسێکی هەرزانبەها ؟
زۆربا ،
تۆ بە ژمارەی ئەو قامچیانەی بەر جەستەت کەوتوون
ئەوەندە ژنت خۆشویستوون
بە ژمارەی ئەو نامانەشی کە بۆ عەشیقەکانی خۆتت نووسیون
ئەوەندە هەرەست تووش هاتوون .
تۆ لە وڵاتی - میسر - کۆمۆنیست بوویت و
لە وڵاتی – باڵکان – یش ، سەرمایەدار .
کەواتە ، ئەی زۆربا
قەدیسیت ، یان شۆڕشگێڕیت تۆ ؟
ئەو دەمەی ، ئەوان چەکیان دروست ئەکرد
تۆ هەوڵت ئەدا
بێوەژنەکان لە سەربڕین قوتار بکەیت .
ئەو دەمەی ،
ئەوان سەمای ڕۆکیان لەسەر تەرمەکان ئەکرد
تۆ لە کانەکاندا ، بە هێزی 300 ئەسپ ، کارت ئەکرد .
ئەو کاتەی ئەوان گازی فرمێسک ڕێژیان دروست ئەکرد
تۆ گازی شادومانییت دائەهێنا .
لەگەڵ ئەوەش ، ئەی زۆربا ، لێت ئەپرسم :
تۆ قەدیسیت یان شۆڕشگێڕ ؟
تۆ لە زەمەنێکدا ژیایت
بەهای مرۆڤ یەک دۆلار و
نرخی مانگایەک چل دۆلار بوو .
تۆ لە زەمەنێکدا ژیایت
سەیلی ویسکی بە قەد سەیلی خوێنی مرۆڤ بوو .
تۆ بوویت ، شارستانێتییەکانی دنیات دروست کرد و
بۆ چەندین سەدە مرۆڤایەتییت ئاسوودە کرد .
لێ ، ئەو دەمەی کە مردیت
ئەی – زۆربا - ی بێنەوا
جگە لە ئامێرێکی میوزیک
کە نرخەکەی چارەکە جونەیهێکی ئیستەرلینی بوو
چیی ترت بۆ ژنەکەت بەجێ نەهێشت !
 
 
**********
 
* ریاز ساڵح حوسێن ، شاعیرێکی خەڵکی وڵاتی شامە ، لە1954 دا لە شاری – دەرعا – لە دایک بووە و لە تەمەنی 28 ساڵیدا ، واتا لە 1982 دا لە دیمەشق کۆچی دوایی کردووە . بە هۆی گرفتی بیستن و قسەکردنەوە (کەڕیی و لاڵیی ) ، خوێندنی تەواو نەکردووە ، بەڵام خۆی ، خۆی پێگەیاندووە و توانیویەتی ببێتە شاعیرێکی داهێنەر و چوار کۆمەڵە شیعری نووسیوە . ئەگەر کات و تەمەن مەودام بدەن ، لە پلانمدایە ، یەکێک لە دیوانەکانی تەرجەمەی کوردی بکەم . – ج . غەمبار .
لە دیوانی ( أساطير يومیة - مطابع وزارة الثقافة - دمشق 1980) .