پێدەچێت زۆر کەس لەبری دەستەواژەی «Freedom of expression»ی ئینگلیزیی، بە هەڵە دەستەواژەی «ئازادیی بیروڕا» بەکار بهێنن. ئەمە وەرگێڕانێکی هەڵەیە و ئەوە دروستترە کە هەندێک لە نووسەران ئەم ئازادییە بە «ئازادیی دەربڕین» ناو دەبەن.
 
ئەمە لەبەر دوو هۆ:
یەکەم: «ئازادیی بیروڕا» ئەو مافەیە کە هەم لە «جاڕنامەی گەردوونیی مافەکانی مرۆڤ» و هەمیش لە «پەیماننامەی مافە مەدەنیی و سیاسییەکان»ی نەتەوەیەکگرتووەکاندا وەک ماددەی هەژدە هاتووە و بە «Freedom of thought» ناو دەبرێت. ماددەی هەژدە باسی ئەو مافە دەکات کە هەموو تاکێک مافی خۆیەتی ئەو ''ڕا'' و ئەو ''باوەڕ''ەی هەبێت کە هەیەتی و، نابێت گوشاری بۆ بهێنرێت بۆ گۆڕینی.
ئەم ماددەیە، بۆ نموونە، دژ بەوە دەوەستێتەوە کە هەوڵبدرێت لەڕێگەی مێشکشتنەوە و و دڵترساندن و خورافەت و دەجەڵ و پڕۆپاگەندەی چڕوپڕی سیاسیی و دینیی و وانەوتنەوە و تەبشیر و دەعوای هەڵمەتبەرانە و ئیغرای ماددی و مەعنەوییەوە کارکرد لەسەر قەناعەتەکانی تاکێک دابنرێت. کەواتە لەم ماددەیەدا قسە لەسەر مافی (هەبوونی) بیروڕایە نەک مافی (دەربڕینی) بیروڕا. هەر بۆیەشە دەستەواژەی «ئازادیی بیروڕا» بۆ وەسفی ئەم مافە و وەک تەرجومەی دەستەواژەی «Freedom of thought»ی ئینگلیزیی گونجاوە نەک هەر مافێکی تر.
 
دووەم: «ئازادیی دەربڕین» ئەو مافەیە کە لەو دوو دۆکۆمێنتەی سەرەوەدا وەک ماددەی نۆزدە هاتووە و بە «Freedom of expression» ناو دەبرێت. ماددەی نۆزدە باسی ئەو مافە دەکات کە هەر تاکێک کە بیەوێت شتێک دەرببڕێت، مافی هەبێت دەریببڕێت، ئیتر ئەو شتە هەر ناوەڕۆکێک بێت و کەسەکە بیەوێت بە هەر فۆرمێکەوە دەریببڕێت.
دەستەواژەی «ئازادیی بیروڕا» گونجاو نییە بۆ وەسفی ئەم مافە چونکە ئەم دەستەواژەیە هیچ ئاماژەیەکی تیا نییە بۆ مافی دەربڕینی بیرێک یان ڕایەک یان مەتنێک، بەڵکو تەنها ئاماژەیە بۆ مافی هەبوونی ئەو بیروڕایە. هەر بۆیەشە «ئازادیی بیروڕا» و «ئازادیی دەربڕین» لە پەیماننامە نێودەوڵەتییەکاندا و لە ڕووی حقوقییەوە لە دادگاکاندا وەک دوو مافی سەربەخۆ و جیاواز لەیەکتر چاویان لێدەکرێت.
گرنگە لێرەدا ئەوە بزانین کە ماددەی نۆزدە و هەبوونی «مافی دەربڕین» تەنانەت هەر تەنها سەبارەت بە پارێزراویی مافی دەربڕینی بیر و ڕا و قەناعەت و تێڕوانین نییە، بەڵکو ئەم مافە ئازادیی گەیاندنی هەواڵ و تەنانەت ئازادیی وەرگرتنی هەواڵ و ئازادیی جۆری خۆگۆڕین و قژدانان و تاتۆدروستکردن لەسەر لەش و گۆرانیی-وتن و سەماکردن و، ئیتر لە ئازادیی نووسین و بڵاوکردنەوەی لێکۆڵینەوەی زانستیی بێلایەنەوە بگرە تا تەنانەت ئازادیی بەرهەمهێنانی وێنەی ڕووت و دروستکردنی فیلمی پۆرنۆ و مافی ڕیکلامکردنی بازرگانییش دەگرێتەوە. (بۆ نموونە بڕوانە کەیسی دەزگای چاپ و بڵاوکردنەوەی «Markt Intern»ی ئەڵمانیی کە لە ساڵی ١٩٨٩ لە دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپیی لە کۆماری فیدڕاڵیی ئەڵمانیای بردەوە و بەناوی ئازادیی دەربڕینەوە بێتاوان دەرچوو لە تۆمەتی شکاندنی بازاڕی کۆمپانیا گەورەکان لەڕێگەی ڕیکلامەکانییەوە.)
 
وەک دەبینین ئەو مافانەی سەرەوە هیچیان ڕاستەوخۆ یان زۆرجار ناڕاستەوخۆش بۆ تەعبیرکردن لە بیروڕایەک نین. ئەمە ئەوە دەگەیەنێت کە مافی دەربڕین تەنها مافی دەربڕینی بیروڕا و قەناعەت و تێڕوانین و جیهانبینیی نییە. هەر لەبەر ئەم هۆیەشە کە تەنانەت دەستەواژەی «ئازادیی بیروڕادەربڕین»یش، کە هەندێک لە نووسەران بەکاری دەهێنن، بۆ وەسفی مافی دەربڕین، دروست نییە مادامێک ئازادیی دەربڕین هەر تەنها ئازادیی دەربڕینی بیروڕا نییە و، دەستەواژەی «ئازادیی بیروڕادەربڕین» مافی دەربڕینی تەنها بەشێکی کەمی ئەو شتانە دەپارێزێت کە «ئازادیی دەربڕین» دەیانگرێتەوە.
بە کورتیی بیڵێم، لە ماددەی نۆزدەی ئەو دوو دۆکۆمێنتە نێودەوڵەتییەی مافەکانی مرۆڤدا قسە لەسەر (هەموو جۆرە دەربڕینێکە) نەک تەنها (دەربڕینی بیروڕا). بۆیە تەنها دەستەواژەی «ئازادیی دەربڕین» بۆ وەسفی ئەم مافە و وەک تەرجومەی دەستەواژەی «Freedom of expression»ی ئینگلیزیی گونجاوە.
شایان بە باسە کە ئازادیی بیروڕا و ماددەی هەژدەی ئەو دوو دۆکۆمێنتە ئازادیی هەبوونی ئاین یان نەبوونی ئاین و بێباوەڕییش دەگرێتەوە. لەبەرامبەردا، ئازادیی دەربڕین و ماددەی نۆزدەی ئەو دوو دۆکۆمێنتە ئازادیی مومارەسەی ئاین و ئازادیی پیشاندانی بێدینیی و بێباوەڕیی دەگرێتەوە. بۆ ڕوونکردنەوەی ئەم جیاوازییە کەسێک دەتواننێت بڵێت بۆ نموونە ڕاوەدوونانی مەسیحییەکان لە باشوری عێراق لەسەر ئینتیمای ئاینییان پێشێلکردنی ماددەی هەژدەی ئەو دوو پەیماننامەیەیە، بەڵام قەدەغەکردنی دەربڕینی ڕای نێگەتیڤ یان نوکتە لەسەر عیسای پێغەمبەر لە کوردستان پێشێلکردنی ماددەی نۆزدەی ئەو دوو پەیماننامەیەیە.
بۆیە ئاگاداربوون لە جیاوازیی نێوان دووچەمکی «ئازادیی بیروڕا» و «ئازادیی دەربڕین» ئەوە نەبێت هەر گرنگییەکی زمانەوانیی هەبێت و هەر تەنها لەبەر ووردەکاریی بێت لە کاری زاراوەسازییدا، بەڵکو دەستەواژەی «ئازادیی بیروڕا» کە لەناوەندی ڕۆشنبیریی کوردییدا باوە، وا ڕۆشن ئەو پێداگرییەی تیا بەرجەستە نییە لەسەر مافی کەسێك بۆ دەربڕینی ئەو بیروڕایەی کە هەیەتی. ئەمەش بۆی هەیە دەرگا بکاتەوە، بۆ نموونە، بۆ دەرکەوتنی جۆرە ڕەخنەیەکی وا کە بووترێت ئازادیت لە بیروڕادا بەڵام دەری مەبڕە. وە بەم ناوەشەوە خەڵکانێک لەسەر مافێکی ڕەوای خۆیان کە مافی دەربڕینی بیروڕاکانیانە، لەلایەن کەسانێکی ترەوە بەر ڕەخنە بخرێن و بەناوی زەرورەتی میانڕەویی و قسەی خێر و ئاشتیی و هەڵکردن و تەبایی کۆمەڵایەتییەوە، لەسەر ئەوە سەرکۆنە بکرێن کە وەک مافێکی خۆیان ڕا و قسەکانی ناو دڵی خۆیان دەکەن.
 
ئەم جۆرە داوایە لە ناوەندی سیاسیی ئێمەدا زیاتر ساڵی پار لە کاتی خۆپیشاندانەکاندا و لە بەردەرکی سەرادا لەناو داکۆکییکەران لە شۆڕشگێڕیی و ئازادییخوازیی هێزە ئیسلامییەکان ڕەواجی پەیدا کرد و ڕۆڵێکی گەورەی بینی لە ناڕەواپیشاندانی «ئازادیی دەربڕین»ی دێباتکاران و لە کۆتکردنی دێباتی ناو فەزای گشتیی و لە بەناحەقپیشاندانی ڕەخنەی ئەوانەی ڕەخنەیان لە کارکردی خراپی هێزە ئیسلامییەکان لەسەر دیموکراتییەت لە کوردستاندا هەیە. ئەو مەیلە مەیلی سوڵحخوازیی و نییەتی باش و پێکهاتنی عەشایەرییە و پێیوایە مومکینە ئاشتیی لەڕێگەی چاوپۆشینی تاکەکان لە مومارەسەی مافەکانی خۆیانەوە بێتە دی. ئەو جۆرە ئاشتییەی ئەو مەیلە باسی دەکات ئاشتیی نییە بەڵکو هودنە و ئاگربەستی نێوان ڕەخنەگران و ڕەخنەکراوان و دێباتکاران و ئەو هێزانەیە کە «بریندارنەکردنی هەست» وەک مافێکی ئینسانیی دیندارەکان پیشان دەدەن. هەر ئەم مەیلەشە کە لەناو هێزە ئیسلامییەکان و دێباتکار و بەرپرسە حکومییە عەلمانییەکاندا گەشەی پێدرا و بووە ئیلهامبەخش و بزوێنەری ئەو هەوڵی پارێزگاریی لە پیرۆزییانە کە زیاتر لە خەمی دڵنەیەشانی خەڵکە ئاینییەکەدایە تا لە خەمی تۆکمەکردنی دیموکراتییەت و بەرفراوانکردنەوەی ڕووبەری ئازادیی دەربڕینی تاکەکان لە کۆمەڵگا.
هەر لەم سیاقەدا بێئەندازە گرنگە ئەو ڕاستییە پیشان بدەین کە کاتێک ئازادیی دەربڕین لە ساڵی ١٩٤٨ لەلایەن نەتەوەیەکگرتووەکانەوە وەک مافێکی گرنگی مرۆڤ ڕەسمییەتی پێدرا، بۆ تەبریرکردنی ئەو ڕەسمییەتپێدانە، ڕێک بەپێچەوانەی ئەو دیدەی سەرەوە، هەبوونی ئەو مافە وەک کەرەستەیەک بۆ کەوتنەوەی دیموکراتییەت و وەک ڕێز بۆ جەوهەری ئینسانیی تاکەکانی کۆمەڵگا و، لە هەمووشی گرنگتر، وەک کەرەستەی دۆزینەوەی ڕاستیی باسی لێ کراوە. دۆزینەوەی ڕاستیی بەو مانایە نا کە تەنها ئەو کەسەی ڕاستیی پێیە مافی دەربڕینی هەبێت، بەڵکو بەو مانایەی کە ڕاستیی تەنها لەو ڕێگەیەوە بە باشترین شێوە دەدۆزرێتەوە کە زەمینەیەک هەبێت بۆ گۆڕینەوە و پێکداتەقانی ڕا و ڕوانگە جیاوازەکان.
هەندێک لەو تەبریرانەی تر کە لە ئەدەبییاتی مافەکانی مرۆڤدا وەک تەبریری پێویستیی هەبوونی ئازادییەکی تەواو بەرفراوانی دەربڕین دەهێنرێنەوە، ئەمانەن: گەشەی دیموکراتییەت و هەبوونی کارکردی دەنگی ژمارەیەکی هەرچی زیاتر و زیاتری خەڵک لەسەر سیاسەت و ئیدارەی دەوڵەتیی؛ گەشەی چلۆنایەتیی تاکەکان و ئۆتۆنۆمبوونیان و بەشداریی کاریگەریان لە دێباتی ناو فەزای گشتییدا؛ کەمکردنەوەی پلەی جیاوازیی چینایەتیی و ڕێگرتن لە خۆفەرزکردنی نوخبەی سیاسیی و فیکریی و ئابوریی و میدیایی بەسەر کۆمەڵگادا و؛ ئینجاش گەشەکردنی ڕۆحی تۆڵێڕانس و تەحەمول بۆ ڕای جیاواز لەناو تاکەکان و هێزە جیاوازەکانی ناو کۆمەڵگادا.
لێرەوەیە کەسێک دەتوانێت بڵێت کە هەبوونی «ئازادیی بیروڕا» بەبێ هەبوونی «ئازادیی دەربڕین»ی ئەو بیروڕایانە هیچ سوودێک و هیچ مانایەکی نییە. وە لەوەش گرنگتر ئەو ڕاستییەیە کە هەبوونی ڕەخنەی توند و دەربڕینی ڕای سەغڵەتکەر و پێکداتەقانی ڕا جیاوازەکان و پشتگوێخستنی ڕێز و موجامەلات و کەوتنەوەی دێباتی تیژ، ئەمانە مەرجی سەرەکیی کەوتنەوەی ئاشتیین لە کۆمەڵگادا، نەک بەپێچەوانەوە.